دكتۆر ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی كوردستان بۆ گوڵان: شەپۆلی دووەمی پەتای كۆرۆنا ترسناكترە، لەبەر ئەوەی مەترسیی پەتای وەرزییش هەیە
November 16, 2020
دیمانەی تایبەت
لەگەڵ نزیكبوونەوەمان لە وەرزی سەرما، ئەگەری بڵاوبوونەوەی شەپۆلێكی دیكەی كۆرۆنا زیاتر و مەترسیدارتر دەبێت و، رێژەی زیاتری هاووڵاتیان رۆژانە تووشی ئەم پەتایە دەبن، ئەمە جگە لەوەی مەترسیی پەتای وەرزییش هەیە، بۆ قسەكردن لەسەر رێنماییەكان و بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری كۆرۆنا، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی (دكتۆر ئاسۆ حەوێزی) وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.* لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی سەرمادا حكومەتی هەرێم بۆ ماوەی مانگێك دەوامی قوتابخانەكانی راگرت، لە ئێستادا پێشبینییەكانی ئێوە بۆ بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە چۆنە و تا چەند مەترسی لەسەر تەندروستیی هاووڵاتیان دروست دەكات؟
- لەو ماوەیەی كە دەوامی قوتابیانی قۆناخەكانی یەكەم و دووەمی بنەڕەتی دەستی پێكرد، هەڵسەنگاندنمان بۆ بارودۆخەكە كرد، هەستمان كرد لەو ماوەیەدا بە پێی پێویست خۆپارێزی نەكراوە و رێژەی بڵاوبوونەوەی پەتاكە زیاتر بووە، ئەمەش لەبەر ئەوەی قوتابیان لەو تەمەنەدا دەبنە هەڵگری ڤایرۆسەكە بە بێ ئەوەی نیشانەكانیان لێ دەربكەوێت، خەڵكی دیكەش تووشی كۆرۆنا دەكەن، هەروەها هەڵسەنگاندنی دیكەش لە چەند رۆژی داهاتوو لەسەر داخستنی قوتابخانەكان ئەنجام دەدرێت و، ئێمە راپۆرتی خۆمان ئامادە دەكەین بۆ ئەوەی بزانین داخستنی قوتابخانەكان كاریگەری لەسەر كەمبوونەوەی بڵاوبوونەوەی پەتاكە هەبووە، یان نا، بە دڵنیاییەوە لە وەرزی زستاندا شەپۆلێكی بەهێزتر لەو ڤایرۆسە دەست پێ دەكات، هاوكات لە وەرزی زستاندا جۆرەكانی ڤایرۆسی دیكەش هەیە، كە وەرزیین و بڵاودەبنەوە، بەمەش بەرگریی لەشی مرۆڤەكان بەرامبەر دوو ڤایرۆس لەیەك كاتدا كەمتر دەبێتەوە، هەر بۆیە شەپۆلی دووەمی كۆرۆنا مەترسیدارترە، هەر لەبەر ئەمەشە هۆشیاریی تەندروستی لەم قۆناغەدا، بەتایبەتی لێك جیاكردنەوەی نیشانەی پەتاكان و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ نەخۆشانی كۆرۆنا و ئەوانەی چاكیش بوونەتەوە زۆر گرنگە.
* وێڕای شەپۆلی دووەم، بەڵام هەست دەكرێت كە هەڵمەتەكانی هۆشیاركردنەوە بە رێگەی میدیا، بۆ خۆپارێزی لەم پەتایە زۆر كەمە و تا راددەیەك پشتگوێ خراوە، بۆچی ئەم لایەنە گرنگە لە میدیاكان فەرامۆش كراوە؟ ئایا ناتوانن لەگەڵ میدیاكان هەماهەنگی بكەن، بۆ ئەوەی بەردەوام خەڵك لە مەترسیی ئەم ڤایرۆسە ئاگادار بكەنەوە؟
- بۆ هەڵمەتی هۆشیاری لە میدیاكانەوە، ئێمە لە كۆبوونەوەكانماندا لەگەڵ وتەبێژی حكومەتی كوردستان هەموو كات باس لەوە دەكەین كە پەرە بە هەڵمەتەكانی هۆشیاری بدرێت، من خۆم گلەییم لەسەر كەمیی بڵاوكردنەوەی بابەتەكانی هۆشیاریی تەندروستی هەیە كە لە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێم دەردەچێت، ئەگەرچی ئەوەی لەسەر ئەوانە كردوویانە، لەوانە ئەو راپۆرت و ڤیدیۆیانەی كە پێویستە بە رێكوپێكی و بە ستانداردێكی بەهێز ئامادەی دەكەن، بەڵام بەداخەوە هەندێك كەناڵ لە بڵاوكردنەوەی رێنمایی و هۆشیارییە تەندروستییەكان كەمتەرخەمن.
* ئایا ئەو رێوشوێنە پێویستانە چین كە دەبێ بگیرێنەبەر، بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ ئەم پەتایە دابنرێت و هاووڵاتیان سەلامەت بن؟
- لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایەوە، قەدەخەی هاتوچۆ كاریگەریی لەسەر رێژەی كەمبوونەوەی بەركەوتن و تووشبوون بە ڤایرۆسەكە هەبوو، بەڵام بەداخەوە دەتوانین بڵێین ئێستا هەموو كۆمەڵگە، یان بەركەوتەیە، یانیش ڤایرۆسەكە لەجەستەیدایە، بۆیە لە بری قەدەغەی هاتوچۆ پێمان باش بوو كە توندكردنی رێنماییەكانی تەندروستی لەم كاتەدا پیادە بكەین، چونكە جگە لە بازاڕ و شوێنە گشتییەكان دیتمان فەرمانگە حكومییەكانیش وەك جاران و سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە پابەندی رێنماییە تەندروستییەكان نین، هەر بۆیە رێنمایی و رێوشوێنەكان توندكرانەوە، بەمەش تا راددەیەك هەست بە پابەندبوون بە خۆپارێزی دەكرێت.
* ئێستا فەرمانگەكانی حكومەت دەوامی ئاسایی خۆیان دەكەن و هاووڵاتیان رۆژانە روودەكەن ئەو فەرمانگانە و لە هەندێك فەرمانگەش قەرەباڵغی هەیە، ئایا ئەو رێوشوێنانە چین كە بە ئیجباری گرتووتانەتە بەر بۆ ئەوەی هەم فەرمانبەر و هەمیش هاووڵاتی لەكاتی دەوامی فەرمیدا پێوەی پابەند بن؟
- هەموو فەرمانگەو دەمودەزگاكانی حكومەت پێویستە رێنماییە خۆپارێزییەكان كە دیاری كراون، بەتایبەتی بەستنی ماسك و دەستەوانە و دروستنەكردنی قەرەباڵخی جێبەجێ بكەن، دەبێت لە فەرمانگەكان لە ژوورەكانیشدا فەرمانبەران لانیكەم دوو مەتر لەیەكتر دووربن، هاوكات بۆ راییكردنی مامەڵەی هاووڵاتیان جگە لەوەی كە دەبێت هاووڵاتی رێنماییە خۆپارێزییەكان جێبەجێ بكات، هاوكات لە پرسگە، یان لەلایەن یەكەو فەرمانبەری تایبەتەوە مامەڵە لە هاووڵاتیان وەربگیرێت و ناونیشان و تەلفۆنیان لێ وەربگیرێت، كە مامەڵەكانیان تەواو بوو، ئینجا مامەڵەكان بە خاوێنی بدرێتەوە بە هاووڵاتیان، بەبێ ئەوەی قەرەباڵخی و بەركەوتن دروست ببێت، هاوكات لەو فەرمانگانەی هاووڵاتیان زیاتر سەردانی دەكەن، دەبێت هاووڵاتیان ماسك و دەستەوانە بەكاربێنن و هەر یەكەی دوو مەتر لە دوای یەكتر راوەستن و لە هەر ژوورێكی فەرمانگەیەكیش كە هاووڵاتی سەردانی دەكات، شریتێك دانراوە دەبێت لەدوای ئەو شریتەوە مامەڵەكەی تەسلیم بكات، كە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو رێنماییانە، بەتەئكید هەستمان كردووە رێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە كەمترە.
* لە شوێنە گشتییەكان، بە تایبەتی شوێنە میللییەكان وەك بازاڕی شێخەڵا و لەنگە و زۆر شوێنی دیكە زۆر قەرەباڵغی هەیە، ئایا بۆ ئەم شوێنانە چ رێنماییەكتان دەركردووە؟
- لە دوابڕیاری لێژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا چەندین بڕیاری پێویست دراوە، كە یەكێك لەو بڕیارانە بەستنی ماسكە بە شێوەیەكی ئیجباری لەلایەن هاووڵاتیانەوە، ئەوەی ماسك نەبەستێت سزادەدرێت، هەرچەندە پێمان خۆشە رێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەكان ببێتە كولتوور و، پەنا بۆ سزادان نەبەین، بەڵام دیارە هەندێ كەس بڕیاری خۆیانداوە كە هەر پابەندی خۆپارێزی و رێنماییەكانی تەندروستی نەبن، ئەمەش كاریگەریی خراپ و مەترسیداری لەسەر ژیانی خەڵكی دیكە لە بازاڕ و شوێنە گشتییەكان دروست دەكات و دەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتاكە و تووشبوونی خۆشیان، بۆیە نابێت ئێمەش دەستەوەستان بین و ئەم لایەنە گرنگە فەرامۆش بكەین.
* سەبارەت بە شوێنە گەشتیارییەكان، ئەمانەش زۆر هەستیارن، بەتایبەتی كە بەردەوام گەشتیاری تازەیان بۆ دێت، ئایا ئەم شوێنانە سنووردار دەكرێن، یان تەنیا رێوشوێنەكانیان لەسەر توندتر دەكەن؟
- ئێمە وەك وەزارەتی تەندروستی نامانەوێت بگاتە حاڵەتی سزادانی هاووڵاتی، هەر بۆیە هەڵمەتی هوشیاریی گشتی و هۆشیاریی تەندروستی بڵاودەكەینەوە، بۆ ئەوەی خەڵك زیاتر لە مەترسیی ڤایرۆسەكە تێبگات، كە رۆژانە ئازیزانمان لەدەست دەدەین. لەلایەكی دیكەوە قەت ئێمە نەمان وتووە شوێنەكان دادەناخەین، خۆشتان دەزانن نازانرێت ئەم پەتایە كەی تەواو دەبێت، بۆیە لەسەر بارودۆخ و هەڵسەنگاندن دەڕۆین، بەتەئكید بزانین هەر شوێنێك چەقی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەیە، ئەوە بڕیاری داخستنی دەدەین، مەرجیش نییە شوێنێك دانەخراوە، ماوەیەكی دیكە دانەخرێت، یان شوێنێك داخراوە، ئیدی نەكرێتەوە. بڕیارەكان بەپێی پابەندبوون و هەڵسەنگاندن دەبێت و هەر شوێنێك بزانین دەبێتە هۆی زیاتر بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا ئەوا دادەخرێت.
* ئایا تاچەند ئامادەكاری بۆ ئەم حاڵەتی پێشبینی نەكراو هەیە، ئەمە لەحاڵەتێكدا ئەگەر خوانەخواستە لەگەڵ دەركەوتنی سەرما بارودۆخەكە خراپتر بوو؟
- زۆربەی نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان لە وەرگرتنی نەخۆش زۆر زۆر سنووردار بوون، بەڵام ئێمە وەك وەزارەتی تەندروستی بەردەوام شوێنی نەخۆش و چاودێریی چڕ و ئامێری هەناسەدانی دەستكرد لە هەموو نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستاندا زیاد دەكەین، بەڵام ئەگەر تووشبوونی پەتاكە بەو لێشاوە بێت، ئەوە پێڕاناگەین، بۆیە دەبێت خەڵك هەست بە بەرپرسیارێتی بكات، ئەو بەرپرسیارێتییە گەورەیەش تەنیا ئەركی وەزارەتی تەندروستی نییە، بەڵكو دەبێ هاووڵاتیان لە هەموو روویەكەوە هاوكاربن، بۆ ئەوەی پێكەوە بتوانین سنوورێك بۆ ئەم پەتایە دابنێین.