نادر هاشمی بەڕێوەبەری دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی دەنڤەر بۆ گوڵان: ترەمپ هەوڵی مانەوە لە دەسەڵاتدا دەدات، ئەگەر هەڵبژاردنەكانیش بدۆڕێنێت
November 1, 2020
دیمانەی تایبەت
نادر هاشمی بەڕێوەبەری دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سكووڵی جۆزێف كۆربێڵ لە زانكۆی دەنڤەر، تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگە وەك تیۆری سیاسی، سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاین و سیاسەت، سیاسەتی بەراوردكاری، پەیوەندییەكانی رۆژئاوای و ئیسلام و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا، گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵ شرۆڤە كرد، كە تەوەرە سەرەكییەكانی پەیوەست بوون بە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمەریكا و سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ لە ئاست ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.* سەرەتا دەمانەوێت لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكاوە دەست پێ بكەین، كە مشتومڕ و قسەوباسێكی زۆری لەبارەوە دەكرێت، بە گشتی هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی ئێوە بۆ ئەم هەڵبژاردنانە چییە؟
- هەڵسەنگاندنی من ئەوەیە كە ئەمە گرنگترین هەڵبژاردنە، نەك تەنیا لە ئەمریكا، بەڵكو لە مێژوی جیهاندا، و بە تێڕوانینی من دەرئەنجامەكانی لێكنزیك دەبن و لەم ساتەوەختەدا دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان روون نیین، ترس و نیگەرانیی گەورەی من ئەوەیە كە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لە رێی بانگەشەكردنی ئەوەی پێویستە دەنگی ئەو كەسانە پوچەڵ بكرێتەوە كە لە رێی ئێمەیڵەوە دەنگیان داوە، هەوڵی دزینی هەڵبژاردنەكان بدات، هەروەها هەوڵی ئەوە بدات كە ئەم پرسە بگەیەنێتە دادگا، بۆ ئەوەی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان لە دادگا یەكلابكرێتەوە و بڕیاری لەسەر بدرێت، نەك دەنگدەر و خەڵكی ئەمریكا ئەم بڕیارە بدەن. لەم روانگەیەوە من پێم وایە لە دوای هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەوە لە سێ-ی نۆڤەمبەر پشێویی و شڵەژانێكی زۆر لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا روودەدات و لە ئێستادا دیار نییە كە كێ براوە دەبێت.
* كەواتە باوەڕت وایە ئەگەر بێتو سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەكاندا بدۆڕێت، ئەوا بە ئاسانی دەستەبەرداری دەسەڵات نابێت؟
- دەقا و دەق وایە، بە باوەڕی من، ئەگەر سەرۆك ترەمپ هەڵبژاردنەكان بدۆڕێنێت، ئەوا لە رێی بانگەشەكردنی ئەوەی كە هەڵبژاردنەكان ئازاد و دادپەروەرانە نەبوون، هەر كارێك كە مومكین بێت ئەنجامی دەدات، بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. وەك ئاماژەم پێ كرد، ئەویش لە رێی پەنابردنەبەر دادگاو بە ئامانجی ئەوەی دادگا پرسی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكانی یەكلابكاتەوە، هەروەك ئاشكرایە كە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ توانی كاندیدەكەی بۆ ئەندامێتیی دادگای باڵای ئەمریكا تێپەڕێنێت، ئەم كارەشی لەبەر ئەوەكرد كە پێی وایە رەنگە پرسی هەڵبژاردنەكان لە دادگای باڵا یەكلا بكرێتەوە. لەبەر ئەوە پێم وایە سەرسەختانە شەڕی مانەوە لە دەسەڵاتدا دەكات تەنانەت ئەگەر بە پێی ئەنجامی دەنگدانەكەش هەڵبژاردنەكە بدۆڕێنێت.
* ئەی چۆن لە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ دەڕوانیت، بە تایبەتی لە ئاست ناوچەیەكی ستراتیژی وەك رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؟
- بە باوەڕی من دەكرێت سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ لە ئاست ئەم ناوچەیەدا بە كارەساتبار ناوزدە بكەین، دوایین كارەساتیش بریتیە لەو رێككەوتنە نهێنییانەی كە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ رێكیخست لە نێوان سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نەتانیاهۆ و دوو دەوڵەتانی عەرەبی، لە ئێستاشدا سودانیش هاتۆتە نێو ئەم هاوكێشەیەوە، كە محەمەد بن سەلمان شازادی جێنشینی سعودیە رۆڵی سەرەكیی هەبووە لە رێكخستن و زەمینەسازكردن بۆ ئەم پەرەسەندنانە.
* بەڵام بۆچی ئێوە ئەم رێككەوتنانە و ئەم ئاساییبوونەوەی پەیوەندییانە لە نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبیدا بە كارەسات ناو دەبەن؟
- لەبەر ئەوەی ئەمە ئاشتییەكی ساختەیە و هیچ شتێك پێشكەش بە فەلەستینییەكان ناكات و دەبێتەهۆی باسك ئەستوربوونی دەوڵەتە دیكتاتۆرییەكانی ناوچەكە، هەروەها داگیركاریی ئیسرائیلیش لە ناوچەكەدا بەهێز دەكات، واتە لە كاتێكدا ئەم رێككەوتن و پەرەسەندنانە وەك بەرەوپێشچوونێكی گەورە بەرەو ئاشتی و سەقامگیری وێنا كراون، بەڵام لە واقیعدا پێچەوانەكەی راستە. خاڵێكی دیكە ئەوەیە كە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ گەورەترین دۆستی دیكتاتۆر و تاكڕەوەكانی ناوچەكەیە و بە ژەنەڕاڵ عەبدولفەتاح ئەل سیسی دەڵێت دیكتاتۆرە دڵخوازەكەم، لە هەمان كاتدا سزای خەڵكی ئێران دەدات و برسییان دەكات لە رێی ئابڵۆقە سەختەكەیەوە بەسەر ئەو وڵاتەدا، كە ئێش و ئازار و نەهامەتییەكانی خەڵكی ئێران قوڵتر كردۆتەوە، لە كاتێكدا كاریگەریی نەبووە لەسەر دەسەڵاتی حوكمڕان لە ئێراندا. لە روانگەی هەموو ئەوانەوە دەتوانین بڵێین زۆر زەحمەتە ئاماژە بە دەستكەوتێك، یان خاڵێكی ئیجابی بكەین كە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدی هێنابێت، خۆ ئەگەر بێتو سەركەوتن بەدەست بهێنێتەوە لە هەڵبژاردنەكان و لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، ئەوا بەردەوامبوونی ئەم رەوتی كاركردنە بەدی دەكەین.
* ئێوە تێڕوانینێكی نەرێنیتان لەسەر ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل و دەوڵەتانی عەرەبی هەیە و پێتان وایە كە كێشەكان چارەسەر ناكات و مایەی ناسەقامگیری زیاتر دەبن، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا هۆكار و پاڵنەری سەرەكیی پشت ئەم رێكەوتنانە چین؟
- هۆكارە سەرەكییەكە ئەوەیە كە خزمەت بە دەوڵەتە دیكتاتۆرییە عەرەبییەكان دەكات، هەروەها پاڵنەرەكەی هەوڵی ئیسرائیلە بۆ ئەوەی خاكی زیاتری فەلەستین داگیربكات، هەروەها هۆكارێكی دیكە ئەوەیە كە دۆناڵد ترەمپ پێویستی بەوە هەبوو بانگەشەی ئەوە بكات لە سیاسەتی دەرەوەدا دەستكەوت و سەركەوتنی بەدەست هێناوە، لە رێی ئەوەی پێی دەڵێن رێككەوتنی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و دەوڵەتە عەرەبییەكاندا.
* بەڵام پێت وانییە ناوچەكە پێویستی بە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان دەوڵەتەكانی هەبێت؟
- لە راستیدا زۆربەی خەڵكی عاقڵمەند لەگەڵ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكاندان، بەڵام ئاساییكردنەوە بە مەرجی ئەوەی گەلی فەلەستینیش هەندێ دادپەروەری بەدەست بهێنن، ئەوەی تائێستا كراوە ئاشتی نییە لە نێوان ئیسرائیل و گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵكو ئاشتییە لە نێوان ئیسرائیل و حوكمڕانەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەبەر ئەم هۆكارە پێم وانییە درێژە بكێشێت.
* ئێوە ئاماژەتان بە سەپاندنی سزای سەخت كرد لەلایەن ئیدارەی سەرۆك ترەمپەوە لە ئاست ئێران، ئایا پێت وایە تا چ راددەیەك بەكارهێنانی گوشاری ئابووری بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەكانی سیاسەتی دەرەوە، كاریگەرییان دەبێت؟
- لە راستیدا ئەوەی پەیوەست بێت بە ئێرانەوە ئەوا ئەم رێگاچارەیە سەركەوتنی بەدەست نەهێناوە، چونكە سەرۆك ترەمپ بانگەشەی ئەوەی دەكرد كە ئێران چۆك دادەدات و دەپاڕێتەوە بۆ ئەوەی رێككەوتنێكی نوێی ئاشتی بكرێت، بەڵام هیچ ئاماژەیەك لە ئارادا نییە بەوەی ئێران لە خۆبەدەستەوەدان بە ئەمریكا هیچ بەرژەوەندییەكی هەبێت، ئەمە شكستێك، شكستێكی دیكە ئەوەیە سەرۆك ترەمپ پێی وابوو ئەم سزا سەختانە دەبنەهۆی لاوازكردنی خەون و دەستێوەردانی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكانی دیكەی جیهان، هەرچەندە ئەمە لە بەشێكیدا راستە، بەڵام دەبینین هێشتا ئێران لە عێراقدا چالاكە، هێشتا ئێران پشتیوانی لە حوسییەكانی یەمەن دەكات و تا ئێستاش ئێران پاڵپشتی لە بەشار ئەسەد دەكات، هەروەها هاوكاریی حزبوڵای لوبنانیش دەكات، كەواتە هیچ بەڵگەیەك نییە ئاماژە بەوە بكات كە خەونەكانی ئێران لە ناوچەكەدا بە راددەیەكی گەورە لاواز بوبن، لەوەش زیاتر ئێران دەستیكردۆتەوە بە پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی، ئەو پرۆگرامەی لە ژێر چاودێریی نێودەوڵەتیدا بوو. لەبەر ئەوە من نازانم كامە سەركەوتنی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپە لە ئاست ئێراندا، بەڵكو من تەواو پێچەوانەی ئەمە دەبینم.
* ئایا ئەگەر جۆ بایدن لە هەڵبژاردنەكاندا سەركەوتن بەدەست بهێنێت، هیچ گۆڕانكارییەكی گەورە لە سیاسەتی ئەمەریكا لە ئاست ئەم ناوچەیەدا روودەدات؟
- نەخێر گۆڕانكاریی گەورە، یان جددی لە سیاسەتی ئەمریكا لە ئاست ناوچەكەدا روونادات، ئەگەر بایدن سەركەوتن بەدەست بهێنێت ئەوا هەندێ گۆڕانكاری لە گوتاری ئەمریكا روودەدات و هەندێ رەخنە لەلایەن سەرۆكی ئەمەریكاوە لە دیكتاتۆرەكانی ناوچەكە دەگیرێت، هەروەها رەخنە لە سیاسەتی توركیا لە ناوچەكە و رەخنە لە سعودیە و نەرمە رەخنەش لە ئیسرائیل دەگیرێت، بەڵام گۆڕانكاری گەورە روونادات.
* ئەی سیاسەتی جۆبایدن لە ئاست ئێراندا چۆن دەبینی؟
- حاڵەتی ئێران جیاوازە، واتە ئەگەر بایدن سەركەوتن بەدەست بهێنێت، ئەوا گۆڕانكاریی گەورە لە ئاست ئەم وڵاتەدا روودەدات، بە حوكمی ئەوەی بایدن خۆی پابەند كردووە بەوەی ئەگەر ببێتە سەرۆكی ئەمریكا، ئەوا دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێراندا. چونكە دەبێت ئەوەمان لەیاد بێت كە بایدن جێگری سەرۆك باراك ئۆباما بوو، ئەم رێككەوتنەش لە سەردەمی سەرۆك ئۆبامادا كرا و بایدنیش پشتیوانیی لێ كرد، كەواتە ئەگەر بایدن ببێتە سەرۆك تاكە گۆڕانكاریی جدی لە ئاست ئێراندا روودەدات و سیاسەتی ئەمەریكا لە ئاست پرسەكانی دیكەدا وەك خۆی دەمێنێتەوە، ئەگەر گۆڕانكاریش بكرێت ئەوا رواڵەتی دەبن.
* ئێوە رەخنەیەكی زۆرتان لە سیاسەتی ئەمریكا لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گرت، بەڵام چۆن دەكرێت ئەمەریكا بە شێوەیەكی بنیاتنەرانە مامەڵە لەگەڵ ئەم ناوچەیەدا بكات؟
- ئەمە پرسیارێكی زۆر باشە، من پێم وایە پێویستە ئەمریكا وەبەرهێنان لە گەلانی ناوچەكەدا بكات، نەك لە دیكتاتۆرەكانی ناوچەكەدا، هەروەها پێویستە ئەمریكا سیاسەتێكی هەبێت كە پشتیوانی لە كۆمەڵگەی مەدەنی و بە دیموكراتیبون و مافەكانی مرۆڤ بكات، نەك لە رژێمە خۆسەپێن و تاكڕەوەكان، واتە بە شێوەیەكی گشتی دەبێت ئەمە سیاسەتی ئەمەریكا لە ئاست ئەم ناوچەیەدا، بەڵام بە دڵنیاییەوە هەر وڵاتێكیش تایبەتمەندی هەلومەرجی تایبەتی خۆی هەیە. بەڵام كێشەكە لەوەدایە ئەمریكا لە سەردەمی هەردوو ئیدارەی باراك ئۆباما و دۆناڵد ترەمپدا هەوڵیداوە لە رێی فرۆشتنی چەكەوە داهات لەم ناوچەیە بەدەست بهێنێت، ئەمەش نابێتەهۆی هێنانەئارای سەقامگیری لەم ناوچەیەدا، بەڵكو ناسەقامگیریی زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
* ئایا دواجار بەرپرسیارێتیی گەلانی ئەم ناوچەیە چی دەبێت؟
- لە راستیدا كاتێك باسی بەرپرسیارێتی گەلان دەكەین، ئەوا پێویستە سەرەتا ئەم گەلانە ئازادی هەڵبژاردن و ئازادیی خۆرێكخستن و ئازادایی بیركردنەوەیان هەبێت و توانای رەخنەگرتنیان هەبێت، كەواتە راستە گەلانی ئەم ناوچەیە بەرپرسیارێتییان لە ئەستۆیە، بەڵام دەبێت سەرەتا ئازادیی ئەوەیان هەبێت كە مومارەسەی ئەو بەرپرسیارێتییە بكەن.