گریگۆری ئەفتاندیلیان تایبەتمەندی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا بۆ گوڵان: ئەگەری ئەوە هەیە لە هەڵبژاردنەكاندا جۆ بایدن سەركەوتن بەدەست بهێنێت

گریگۆری ئەفتاندیلیان  تایبەتمەندی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا بۆ گوڵان: ئەگەری ئەوە هەیە لە هەڵبژاردنەكاندا جۆ بایدن سەركەوتن بەدەست بهێنێت
گریگۆری ئەفتاندیلیان شارەزا و تایبەتمەندی سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكایە، لە ئێستادا لە زانكۆی بۆستۆن وانەبێژە لە سكووڵی پاردی بۆ دیراساتی جیهانی و بۆ ماوەی 20 ساڵ وەك شرۆڤەكاری كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەردوو وەزارەتی بەرگری و دەرەوەی ئەمریكا كاری كردووە. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسیارێكی ئاراستە كرد، كە تەوەرەكانی پەیوەنددار بوون بە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ و پرسی گەرمی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكا و پێشبینییەكانی پەیوەست بە دەرئەنجامی ئەو هەڵبژاردنانەوە.
* سەرەتا دەمانەوێت بزانین تێڕوانین و هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لە ئاست ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چییە؟.
- لە راستیدا بەشێك لە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لە ئاست ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوە بووە كە هێزەكانی ئەمریكا لەم ناوچەیە بكێشێنەوە و بیانگەڕێنێتەوە بۆ وڵات، چونكە ئەو لە سەروەختی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ساڵی 2016دا ئەم بەڵێنەی خستە ڕوو، كەواتە ئەمە بەشێكە لە ستراتیژیەتەكەی. لەلایەكی دیكەوە ئیدارەی سەرۆك ترەمپ گوشارێكی توندی ئابووریی بەسەر ئێراندا سەپاندووە، هەرچەندە نەیگەیاندۆتە هەڵگیرساندنی جەنگ لەگەڵ ئەو وڵاتە. ئەمانە بە شێوەیەكی گشتی خەسڵەتەكانی سیاسەتەكەیەتی ئەمریكان لە ئاست ئەم ناوچەیەدا. دواتر كێشە و ناكۆكیی ئیسڕائیل و فەلەستینیش هەیە، كە لایەنگیرییەكی تەواوی سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل (بنیامین نەتنیاهۆ) دەكات، بە بێ ئەوەی توانیبێتی رێككەوتنی ئاشتی لە نێوان ئیسڕائیل و فەلەستیندا بەدی بهێنێت. هەروەها لەم رووەوە سەرۆك ترەمپ دەیەوێت بانگەشە بۆ ئەوە بكات كە هەردوو وڵاتی ئیمارات و بەحرەین پەیوەندی دیپلۆماسییانەیان لەگەڵ ئیسڕائیلدا دروست كردووە، بەڵام ئەمە نەبۆتەهۆی بەدیهێنانی ئاشتی لە نێوان ئیسڕائیل و فەلەستنیدا.
* ئێوە ئاماژەتان بە دروستبوونی پەیوەندیی دیپلۆماتی كرد لە نێوان ئیسڕائیل و ئیمارات و بەحرەیندا، ئایا پێتان وانییە ئەمە نموونەی مامەڵەیەكی بنیاتنەرانە و بەرهەمداری ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپە لەگەڵ كێشەی ئەم ناوچەیەدا، ئایا ئەم رێككەوتنانە نابنەهۆی باشتركردن و سەقامگیركردنی دۆخی ئەم ناوچە شڵەژاوە؟

- نەخێر من باوەڕم وانییە، هەروەها ئێمە دەزانین كە هەوڵەكانی هێنانەئارای ئاشتی لە نێوان ئیسڕائیل و فەلەستیندا، نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێك، ئەویش بە راددەیەكی زۆر بەهۆی ئەوەی سەرۆك ترەمپ لایەنگیری بۆ ئیسڕائیل دەكات، وەك دانپێدانان بە قودس وەك پایتەختی ئیسڕائیل و گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا بۆ ئەو شارەو، ددانپێدانان بە سەروەریی ئیسڕائیل بەسەر بەرزاییەكانی جۆلاندا، كە هەموو ئەم هەڵوێست و هەنگاوانە بوونەتەهۆی ئەوەی ئەمریكا نەبێتە میانگیرێكی باوەڕپێكراو لە پەیوەندی بە كێشەی ئیسڕائیل و فەلەستینەوە، لەبری ئەوە پەیوەندی دیپلۆماسی لە نێوان ئیسڕائیل و هەندێ وڵاتی كەنداو (ئیمارات و بەحرەین)دا دروست بووە، ئەمەش وەك دەستكەوتێكی گەورە خرایە روو، بەڵام ئەمە سەری نەكێشا بۆ ئاشتییەكی درێژخایەن لە نێوان ئیسڕائیل و فەلەستیندا.
* بە تێڕوانینی ئێوە هۆكار و پاڵنەری سەرەكیی ئەم رێككەوتنەی نێوان ئیسڕائیل و ئەم دوو وڵاتە عەرەبیە چی بوون، جگە لەوە كە ئێران بە هەڕەشەیەكی هاوبەش بۆ سەر خۆیان دەزانن؟.
- لە راستیدا هەندێ بەرژەوەندیی ئابووری هەن بۆ ئیسڕائیل و بۆ ئیماراتیش، بە شێوەیەكی تایبەتی بۆ دروستكردنی پەیوندیی بازرگانی لە نێوانیاندا، بەڵام پێم وایە پرسی ئێران هاوپەیمانێتی و پەیوەندییە دیپلۆماتییەكانی پتەوتر كرد. هەروەها پێش ساڵی 2020یش هەندێ پەیوەندی لە نێوان ئیسڕائیل و ئیماراتدا هەبوون، كە هەمووان دەیانویست ئاشكرا نەبێت. بەڵام بە دڵنیاییەوە رقی هاوبەش لە ئاست ئێراندا هاوكار بووە بۆ ئەوەی ئەو دوو وڵاتە پەیوەندیی دیپلۆماتی لەگەڵ یەكتردا دابمەزرێنن. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم پەیوەندییە لایەنی ئابووری و هەروەها لایەنی گەشتیارییش لەخۆ دەگرێت، بۆ نموونە زۆرێك لە ئیسڕائیلییەكان دەیانەوێت بۆ پشوو رووبكەنە ئیمارات.
* بەڵام تا چ راددەیەك ئەم رێككەوتنە كە (ئیدارەی سەرۆك ترەمپ بانگەشەی ئەوە دەكات سەركەوتنێكی دیپلۆماتی گەورەیە) لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترەمپدا هاوكار دەبێت؟.
- من پێم وانییە هاوكار بێت لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی سەرۆك ترەمپدا، چونكە كاتێك ترەمپ لە ساڵی 2017دا دەسەڵاتی گرتەدەست، بانگەشەی ئەنجامدانی رێككەوتنی سەدەی دەكرد، واتە هێنانەئارای ئاشتی لە نێوان ئیسڕائیل و فەلەستیندا، كە هەروەك ئاماژەم پێكرد، ئەمە بە هیچ دەرئەنجامێك نەگەیشت و نەیتوانی ئەم ئامانجە بەدەست بهێنێت، كەواتە ئەم رێككەوتنە بەدیلانە هاوشان نەبوون لەگەڵ بەدەستهێنانی رێككەوتن لە نێوان ئیسڕائیل و فەلەستیندا، كە ئومێدی ئەوەی هەبوو بەدی بهێنێت كاتێك دەسەڵاتی گرتەدەست، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەو كەسانەی نێو ئەمریكا كە پشتیوانی لە ئیسڕائیل دەكەن، ئەمە بە هەوڵێك دەزانن بۆ هاوكاریكردنی ئیسڕائیل بۆ شكاندنی ئەو گۆشەگیرییەی ئەم وڵاتە بەدەستییەوە دەناڵێنێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، دامەزراندنی پەیوەندیی دیپلۆماتی زیاتر لەگەڵ جیهانی عەرەبیدا، كەواتە لەم رووەوە ئەمە هاوكار دەبێت بۆ بنكە جەماوەرییەكەی لە رووی سیاسیەوە، بەڵام رای گشتی ئەمریكا سەرسام ناكات بەوەی سەرۆك ترەمپ هەنگاوی گەورەی هەڵگرتووە بەرەو ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
* ئایا بە شێوەیەكی گشتی دەتوانین بڵێین كە دۆناڵد ترەمپ راستگۆ بووە لەگەڵ ئەو بەڵێنانەی لە سەروەختی هەڵبژاردنەكانی پێشوودا خستنیە روو؟.
- تا راددەیەك بەڵێ، یەكێك لە بانگەشە سەرەكییەكانی ترەمپ لە سەروەختی هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2016دا ئەوەبوو كە ئەمریكا لە چەندین شەڕەوە گلاوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، كە بارگرانییەكی زۆریان بۆ ئەمریكا دروست كردووە و رایگەیاند كە ئێمە بەم شێوەیە تێوەناگلێین، ئەمەشی كردە بەڵێنی هەڵبژاردنەكان. بەڵام لەلایەكی دیكەوە ترەمپ نەیتوانی ئەوە بەدەست بهێنێت كە بانگەشەی بەدەستهێنانی دەكرد لە پەیوەندی بە هێنانەئارای ئاشتی لە نێوان فەلەستین و ئیسڕائیلدا.
* ئەی هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ هەڕەشەكانی ئەم دواییەی ئیدارەی سەرۆك ترەمپ بۆ كشاندنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەكە لە عێراق چییە؟
- بە تێڕوانینی من ئەمە گەمەیەكی مەترسیداری سیاسی بوو، چونكە كشاندنەوەی سەرجەم هێزەكانی ئەمریكا لەم ساتەوەختەدا و داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق، ئاماژەیەك بە دوژمنەكان دەدات كە ئەمریكا لە باری هەڵاتندایە، پێم وانییە ئەمە خزمەت بە سەقامگیریی وڵاتی عێراق بكات. هەرچەندە باس لەوە كراوە كە قەبارەی بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراقدا كەم بكرێتەوە چونكە فەرماندە سەربازییەكان باسی كەمكردنەوەی ئەم هێزانەیان كردوە، بۆ نموونە لە پێنج هەزار سەربازەوە بۆ سێ هەزار سەرباز، بەڵام بە رای من باسكردن لە داخستنی تەواوی باڵیۆزخانەكە هەڕەشەیەكی بەتاڵ بوو دەرئەنجامێكی زۆریشی بەدەست نەهێنا.
* ئاشكرایە كە ئێران هێزێكی دەستڕۆیشتووی كاریگەرە لە نێو عێراقدا و ئاشكراشە كە ئێران و ئەمریكا چەندین كێشە و ناكۆكییان هەیە، بەڵام ئایا پێت وایە ئەمریكا لەم گەمەی بەدەستهێنانی دەستڕۆیشتووییەدا لە نێو عێراقدا لەبەرامبەر ئێران سەركەوتو بووە؟.
- سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین كە دەبێت حكومەتی عێراق هاوسەنگییەكی هەستیار رابگرێت، واتە دەبێت هەوڵبدات باشترین پەیوەندیی لەگەڵ ئێراندا هەبێت، كە دەوڵەتێكی دراوسێیە، هەروەها باشترین پەیوەندی لەگەڵ ئەمریكادا هەبێت، كە لە رووی سەربازییەوە و تا راددەیەكیش لە رووی ئابوورییەوە هاوكاریی دەكات، بەڵام پێم وایە، هەر لەبەر ئەمەشە كە باوەڕم وایە هەڕەشەی داخستنی باڵیۆزخانە و كشانەوەی یەكجاری لە عێراق لەلایەن ترەمپەوە، هەنگاوێكی ژیرانە نەبوو، چونكە ئەمە زیاتر لە بەرژەوەندیی ئێراندا دەبێت.
* ئاشكرایە كە ئەمریكا گوشارێكی ئابووری و دارایی قورسی بەسەر ئێراندا سەپاندووە، كە هەندێ پێی دەڵێن شەڕێكی ئابووری، ئەگەرچی نەگەیشتۆتە راددەی شەڕی سەربازی، پرسیارەكە ئەوەیە تا چ راددەیەك ئەم رێچكەیەی ئەمریكا لە بەرامبەر ئێراندا ئامانجەكانی خۆی پێكاوە؟.
- رەنگە بتواندرێت مشتومڕی ئەوە بكرێت كە گوشاری ئابووری لەسەر ئێران بۆتەهۆی لاوازكردنی ئەو وڵاتە، بەڵام نەبۆتەهۆی گۆڕینی دەسەڵات و رەفتاری ئێران، راستە رەنگە ئێران داهات و دارایی ئەوتۆی لەبەردەستدا نەبێت بۆ ئەوەی بیداتە حزبوڵا لە لوبنان، یان هەندێ لە گروپەكانی دیكە، لەبەر ئەوەی ناچارە كار لەسەر پرسە ناوخۆییەكان بكات، بەڵام ئومێدی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بەوەی كە گوشاری ئابووری ببێتەهۆی گۆڕینی دەسەڵات لە ئێراندا، بەدی نەهاتووە، كەواتە ئەگەر لەم رووەوە لێی بڕوانین، ئەوا ئەمە شكستە، لەلایەكی دیكەوە كشانەوەی ئیدارەی ترەمپ لە رێككەوتنی ئەتۆمی لە ساڵی 2018 هیچ شتێكی نەگۆڕی، جگە لەوەی لە ئێستادا ئێران زیاتر لەو رێژەیە یۆرانیۆم دەپیتێنێت كە لە رێككەوتنەكەدا رێگەی پێ بوو. كەواتە لە هەندێ رووەوە ئەم سیاسەتەی ترەمپ بۆتەهۆی ئەوەی دۆخەكە مەترسیدار بكات لە پەیوەندیدی بە پرسی ئەتۆمییەوە.
* هەر لەم رووەوە دەتوانین ئاماژە بە یەكێك لەو رەخنانە بكەین كە لە ئیدارەی سەرۆك ترەمپ دەگیرێت، بەوەی نەیتوانیوە، یان نەیستووە كۆدەنگییەكی جیهانی دروست بكات لە ئاست كێشە و تەحەددییە جیهانییە هاوبەشەكاندا، ئەمەش لە ئاست مامەڵەكردنی لەگەڵ ئێرانیشدا راستە، بۆچوونی ئێوە لەم رووەوە چییە؟.
- بە دڵنیاییەوە من هاوڕام لەگەڵ ئەم هەڵسەنگاندنەدا، چونكە ئەگەر ئێمە لە هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لە ئەوروپا و رۆژئاوا بڕوانین وەك بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا، ئەوا هەموویان دژی ئەوە بوون ئەمریكا دەستەبەرداری رێككەوتنە ئەتۆمییەكە بێت و هاوڕا نەبوون لەگەڵ بیرۆكەی مومارەسەركردنی گوشاری ئابووری لە دژی ئێران، بەم دواییەش ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتوەكاندا رایگەیاند كە داوای دووبارە سەپاندنەوەی سزاكان بەسەر ئێراندا دەكەنەوە، بەڵام هیچ وڵاتێكی دیكە ئەم داوایەی نەكردووە، كەواتە لە پەیوەندی بە پرسی ئێرانەوە وا دەردەكەوێت كە ئەمریكا تاكلایەنانە كار بكات. هەروەها ترەمپ رەخنەی لە ناتۆ گرت و گرفتێكی زۆر هەیە لە نێوان ئەمریكا و زۆرێك لە هاوبەشەكانی لە نێو ناتۆدا، لە رێككەوتنی پاریسی تایبەت بە ژینگە كشایەوە، كەواتە لە سایەی ئیدارەی ترەمپدا ئەمریكا لە نزیكەوە كار لەگەڵ هاوپەیمانەكانیدا ناكات.
* ئێمە لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكا نزیك دەبینەوە، ئایا پێت وایە ئەگەر جۆ بایدن سەركەوتن بەدەست بهێنێت، گۆڕانكارییەكی گەورە لە سیاسەتی ئەمریكا لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگرێتەبەر؟
- بە دڵنیاییەوە لە نێوان بەڕێز بایدن و بەڕێز ترەمپدا لەبارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جیاواز دەبێت، پێم وایە جۆ بایدن هەوڵەكانی دەخاتەوەگەڕ لە پەیوەندی بە كێشەی فەلەستین و ئیسڕائیلەوە و سیاسەتێكی تاكلایەنانە ناگرێتەبەر، چونكە تاوەكو ئاشتی لە نێوان ئیسڕائیل و فەلەستیندا دروست نەبێت، ئاستێك لە ناسەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ئارادا دەمێنێت. هەروەها جۆ بایدن سەبارەت بە كێشەی یەمەن و پرسی مافەكانی مرۆڤ بە چەشنی دۆناڵد ترەمپ لە ئاست سعودیەدا نەرم نابێت.
* بەڵام ئایا پێت وایە جۆ بایدن سەركەوتن بەدەست بهێنێت لە هەڵبژاردنەكاندا؟.
- لە راستیدا بەهۆی قەیرانی كۆڤید-19ـەوە ئەگەری سەركەوتنی ترەمپ لە راپرسیەكاندا دابەزیوە و خەڵكی ئەمریكا بە چاوی رەخنەگرانەوە لە چۆنێتیی ئیدارەدانی پەتاكە دەڕوانن، هەروەها نیگەرانییەكی زۆر لەبارەی ئابووریی ئەمریكاوە هەیە. هەروەها دۆناڵد ترەمپ سەرۆكێكی ئاسایی نییە و رای گشتیی ئەمریكاش پەرۆشی ئەوەن سەرۆكێكی ئاساییان هەبێت، لەبەر ئەم هۆكارانە ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە جۆ بایدن سەركەوتوو بێت لە هەڵبژاردنەكاندا.
Top