كریستۆفەر فێتەویس پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی لە زانكۆی تۆلەین بۆ گوڵان: یان راپرسییەكان بە هەڵەدا چوون، یان جۆ بایدن سەركەوتنێكی گەورە بەدەست دەهێنێت

كریستۆفەر فێتەویس  پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی لە زانكۆی تۆلەین بۆ گوڵان: یان راپرسییەكان بە هەڵەدا چوون، یان جۆ بایدن سەركەوتنێكی گەورە بەدەست دەهێنێت
كریستۆفەر فێتەویس پڕۆفیسۆرە لە بەشی زانستی سیاسی زانكۆی تۆلەین، تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگە وەك سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا، ئاسایشی نێودەوڵەتی، ستراتیژیەت و سیاسەت و سیاسەتی بەراوردكاری. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاتوێ كرد، كە پتر پەیوەست بوون بە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بەگشتی و سیاسەتی ئەم ئیدارەیە لە ئاست ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی و پرسی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكا.
* بە شێوەیەكی گشتی چۆن لەو سیاسەتە دەرەكییە دەڕوانیت كە تا ئێستا ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ گرتوویەتیەبەر و، ئایا لە كوێدا سەركەوتوو بووە و، لە كوێدا شكستی هێناوە؟
- لە راستیدا لە پەیوەندی بە سیاسەتی دەرەوە رەخنەیەكی زۆر لە ئیدارەی سەرۆك ترەمپ دەگیرێت، بەوەی رێچكەیەكی گۆشەگیرانەی گرتۆتەبەر و پتر كار بە دروشمی «ئەمریكا پێش هەموو شتێك» دەكات. هەرچۆنێك بێت، تاوەكو ئێستا ئەم ئیدارەیەی ئەمریكا بەردەوام بووە لە سەر ئەو رەوتەی كە دەكرێت بە رەوتی جاكسۆنی لێك بدرێتەوە، بە واتای ئەوەی كە شارەزاییەكی زۆری لە كاروبارەكانی جیهاندا نییە، بەڵام ئەوەی پێی باشە، ئەوە ئەنجام دەدات، واتە بە چاوپۆشین لەوەی كە راوێژكارەكانی چی پێ دەڵێن، یان ئەوەی شارەزایان پێی دەڵێن، ئەوا ئەو كارە دەكات كە بە باش و بە دروستی دەزانێت. بەڵام سەرۆك تەرمپ بانگەشەی ئەوە دەكات كە دەیەوێت خۆی لە شەڕەكان رزگار بكات و، خۆی لێیان بە دوور بگرێت، بەڵام دەبینێت رەوتێكی سەربازی دەگرێتەبەر، بۆ نموونە لە ئێستادا ژمارەیەكی زیاتری سەربازی ئەمریكی هەن لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە بەراورد بەو سەردەمەی كە دەسەڵاتی نەگرتبووە دەست. كەواتە لە پەیوەندی بە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ترەمپەوە، ئەوا من هەمیشە نائومێد بووم، هێندەی ئەوەی كە هیچ سەرسامیش نەبووم بەم سیاسەتە، بەتایبەتی بڕیاری كشانەوە لە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا. كە من پێم وایە ئەگەر جۆ بایدن سەركەوتن بەدەست بهێنێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ نێو رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، كە ئەو هەمیشە ئەم هەوڵەی داوە.
* ئێوە ئاماژەتان بە ئێران كرد، بەڵام ئەمریكا نەك هەر تەنیا لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە كشاوەتەوە، بەڵكو گوشارێكی ئابووریی دژواریش دژی ئەو وڵاتە مومارەسە دەكات، ئایا بەكارهێنانی ئامراز و فشارە ئابوورییەكان بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا تا چەند سەركەوتوو بوون؟

- بە دڵنیاییەوە سەركەوتوو نەبووە، چونكە ئەگەر ئامانجە خوازراوەكە ئەوە بێت كە دەسەڵاتدارانی ئێران بەو شێوەیە هەڵسوكەوت بكەن، كە ئەمریكا دەیەوێت، یان دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەكە بن، ئەوا دەتوانین بڵێین ئەم سیاسەتە دەرئەنجامی تەواو پێچەوانەی لێكەوتۆتەوە. هەروەها ئەمریكا كارێكی گەمژانەی كرد، كاتێك پەنای بردە بەر كوشتنی قاسم سلێمانی، لە هەمان كاتدا سزادانی خەڵكی ئێران بە هۆی كردەوەكانی دەسەڵاتدارەكانەوە كارێكی گەمژانەیە و دەرئەنجامی پێچەوانەی لێدەكەوێتەوە. واتە ئەم سیاسەتە نەك هەر تەنیا ناموراڵییە بەوەی تەواوی خەڵكی وڵاتێك بكەیتە بارمتە، بەڵكو لە رووی سیاسەتی دەرەوەش دەرهاویشتەی نەخوازراوی لێ كەوتۆتەوە. دواتر ئێمە لە سەر رێی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانمان بووین لەگەڵ ئێراندا، ئیدارەی سەرۆك باراك ئۆباما رێچكەیەكی گرتەبەر كە رەنگە ببوایەتە هۆی ئەوەی چیتر ئێمە و ئێران وەك دوژمن باسی یەكتر نەكەین. بەڵام كەسانێك هەبوون لە ئێران پێیان وابوو ناكرێت متمانە بە ئەمریكا بكرێت و دەیانوت ئەمریكا بەڵێنەكانی خۆی نابەتەسەر و ئێمەش بۆمان كە سەلماندن ئەوان راست بوون و ئێمە قسەی خۆمان نەبردەسەر. كەواتە ئەگەر لەم رووەوە لێی بڕوانین، ئەوا ئەمە مایەی كارەسات بووە و، بەكارهێنانی ئامرازی ئابووری لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا دەیسەلمێنێت كە سەرۆك ترەمپ كەسێكە چەند هۆگری پارەیە. لەبەر ئەوە پێم وایە ئەمە كارەساتێكی مۆراڵی و ستراتیژییە.
* بەڵام ئایا ئەو راستگۆ نەبووە لەگەڵ بەڵێن و بانگەشەكانی بەوەی كە هێزی سەربازیی ئەمریكا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كەم دەكاتەوە؟
- نەخێر، ئەو باسی لە كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكای لە سووریا كرد، بەڵام ئەوەتا ئەو هێزانە لەو وڵاتەدا ماونەتەوە، هەروەها لە ئێستادا هێزێكی زیاتری ئەمریكا لە ناوچەی كەنداودا هەن، بە بەراورد بە سەردەمی پێش دۆناڵد ترەمپ و هێشتا هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستاندان، كە چەند جارێك سەرۆك دۆناڵد ترەمپ باسی لە كشاندنەوەی ئەم هێزانە كردووە و، تا ئێستاش هیچی نەكردووە.
* بەڵام ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ باس لەوە دەكات كە رێچكەیەكی بنیاتنەر و بەرهەمداری گرتۆتەبەر لە ئاست كێشە و تەحەددییەكانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەم رووەوە دەكرێت، ئاماژە بە هێنانەئارای رێككەوتنی ئاشتی لە نێوان ئیسڕائیل لەگەڵ هەردوو وڵاتی ئیمارات و بەحرەیندا بكەین، بۆچوونی ئێوە لەم رووەوە چییە؟


- بەڵێ، بە شێوەیەكی گشتی دەكرێت ستایش بكرێت لەبەر ئەوەی ئەمانە دوو رێككەوتنی باش بوون، ئەگەرچی رەنگە نەتوانین پێیان بڵێین رێككەوتنی ئاشتی، چونكە پێشتر لە نێوان ئیسڕائیل و ئیمارات و بەحرەیندا شەڕ رووی نەداوە، بەڵام ددانپێدانانی دوولایەنە هەنگاوێكی باشە و ئەمە هەنگاوێكی باشە بۆ سەقامگیریی ناوچەكە لە ئایندەی دووردا. هەرچەندە ئەمە رەنگدانەوەی بەرەوپێشچوونی تێڕوانینەكان نییە لە ئاست چارەسەركردنی كێشەی فەلەستیندا، هێندەی ئەوەی بەرەوپێشچوونی تێڕوانینە لە ئاست ئێران لە ناوچەی كەنداو و لە چوارچێوەی شەڕی ساردی نێوان سعودیە و ئێراندا.
* بەڵام هەندێك پێیان وایە بەهۆی ئەگەری كاردانەوەی ئێرانەوە ئەوا ئەم جۆرە رێككەوتنانە زیاتر دەبنەهۆی هەڵكشانی گرژی و ئاڵۆزییەكانی ئەم ناوچەیە، لەلایەكی دیكەوە بۆچوونێك هەیە، پێیان وایە ئەمە پەرە بە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكان دەدات، ئێوە لەم بارەیەوە چی دەڵێن؟
- من پێم وایە كاریگەرییەكی ئەوتۆی نابێت لەسەر تێكڕای پەیوەندییە ئابوورییەكان لەم ناوچەیەدا.



* ئەگەر لە وێنە گەورەكە بڕوانین و ئاماژە بە پێگە و میسداقیەتی ئەمریكا بكەین، ئایا پێت وایە سیاسەتی دەرەوەی سەرۆك ترەمپ زیانی بە پێگەی ئەمریكا گەیاندووە و بگرە دامەزراوە نێودەوڵەتییەكانیشی لاواز كردووە؟
- بەڵێ، ئەوە راستە كە دامەزراوە نێودەوڵەتییەكانی لاواز كردووە، دوایین بەڵگە و نموونە لەم بارەیەوە بریتی بوو لەوەی رەتیكردەوە ئەمریكا ببێتە بەشێك لە هەوڵێكی نێودەوڵەتی بۆ دۆزینەوەی ڤاكسینێك بۆ پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا. لە راستیدا دۆناڵد ترەمپ سەر بە قوتابخانەیەكی فیكرییە كە پێی وایە سیستمی نێودەوڵەتی و كاراكتەرە نێودەوڵەتییەكان جزوڵە و ئازادیی ئەمریكا كەم دەكەنەوە و بگرە زیان بە ئەمریكاش دەگەیەنن. بەڵام ئەگەر لە مێژوی ئەم دامەزراونە بڕوانین، ئەوا ئەو راستییە بەدی دەكەین كە ئەمریكا رۆڵێكی گەورەی بینیوە لە دامەزراندنیاندا. بەڵام لە ئێستادا و لە نێو هەندێ لە ناوەندەكانی ئەمریكادا بێ متمانەییەكی زۆر هەیە، لە ئاست ئەم دامەزراوە نێودەوڵەتییانەدا و دۆناڵد ترەمپیش یەكێكە لەو كەسانەی نێو ئەم ناوەندانە. هەرچۆنێك بێت ئەگەر ترەمپ سیاسەتێكی جێگیری دەرەكی هەبێت، ئەوا ئەوەیە كە پێی وایە هەمووان خراپن و هەمووان دەیانەوێت سوود لە ئەمریكا وەربگرن و، باوەڕی وایە كە دامەزراوە نێودەوڵەتییەكانیش رەمزی ئەم حاڵەتەن. كەواتە ئەو نەتەوە یەكگرتووەكانی لاواز كردووە، رێكخراوی بازرگانیی جیهانی و چەندین رێككەوتنامەی نێودەوڵەتی لاواز كردووە. لەم رووەوە پێم وایە سەرۆكی داهاتوو پشێوییەكی زۆری بە میراتی بۆ جێ دەمێنێت بۆ ئەوەی رێكیان بخاتەوە.

* واتە هاوپەیمانەكانی ئەمریكاشی دوور خستۆتەوە؟
- بەڵێ، بەراورد بە سەردەمی پێش دۆناڵد ترەمپ، لە ئێستادا خراپترین پەیوەندیمان لەگەڵ نزیكەی سەرجەم هاوپەیمانەكانمدا هەیە، تەنیا پەیوەندییەكان نزیكتر بوون لەگەڵ ئیسرائیل و سعودیەدا، بە بەراورد بە پەیوەندییەكان لەسەردەمی ئیدارەی سەرۆك باراك ئۆبامادا. بەڵام هەواڵە خۆشەكە ئەوەیە كە زیانێكی هەمیشەیی بە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ هاوپەیمانەكانمان نەگەیاندووە، واتە دەكرێت زۆربەی ئەم زیانانە پێچەوانە بكرێنەوە و دەكرێت پارچەكان كۆبكرێنەوە. بەڵام دەبێت لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژە بەوە بكەین كە لە سایەی دەسەڵاتی سەرۆك ترەمپدا هیچ جەنگێكی گەورە رووی نەداوە. كەواتە دەكرێت هەڵەكانی بواری سیاسەتی دەرەوە راست بكرێنەوە.
* پرسێكی دیكە لە ئێستادا لە ئەمریكا ئەوەیە كە رۆژ بە رۆژ لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكا نزیك دەبینەوە، ئایا هەڵسەنگاندن و شرۆڤەی ئێوە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان تاوەكو ئێستا چییە؟
- هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنەكان لە كۆتایی نزیك دەبنەوە و لە راستیدا هەڵمەتەكانیش سەیر و سەمەرە بوون و، بگرە بێ پێشینە بوون بە هۆی تەشەنەكردن و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، بەڵام پێم وایە یان ئەوەتا راپرسییەكان گەورەترین هەڵەیان كردووە، یان ئەوەتا جۆ بایدن لە هەڵبژاردنەكاندا بە رێژەیەكی گەورە سەركەوتن بەدەست دەهێنێت.


* ئەی لێكدانەوە و هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ ئەدای ئابووریی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ چییە؟ ئایا پێت وایە ئەدایەكی هێندە باشی هەبووە كە دەنگدەرانی ئەمریكا لەبەرچاوی بگرن لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا؟
- ئەگەر لە زۆرێك لە ئاماژەكانی ئەدای ئابووری بڕوانیت، ئەوا لە هەڵكشاندا بوون و سەرۆك ترەمپیش ئەوە دووبارە دەكاتەوە كە ئەو باشترین ئابووری لە جیهاندا پێكهێناوە. بەڵام ئەوەی ترەمپ ئەنجامی داوە، بریتییە لە ئیدارەدانی ئەو ئابوورییەی كە بە رەوتێكی خاو بەڵام بەردەوام لە گەشەكردندا بوو، واتە راستە لە ئێستادا ئابووریی ئەمریكا باشترە بە بەراورد بە چوار ساڵ پێش ئێستا، بەڵام ئابووریی ئەمریكا لە گەشەكردندا بوو، تەنانەت پێش ئەوەی ترەمپ دەسەڵات بگرێتەدەست، كەواتە مەسەلەكە ئەوە نییە كە ترەمپ جۆرێك لە موعجیزەی خوڵقاندبێت لەم رووەوە.
Top