دلێر عەبدوڵا حەسەن بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندی هەولێر بۆ گوڵان: مامۆستایان و قوتابیان دەتوانن لەناو پلاتفۆرمی قوتابخانەی ئەلیكترۆنی پەیوەندی بكەن

دلێر عەبدوڵا حەسەن بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندی هەولێر بۆ گوڵان: مامۆستایان و قوتابیان دەتوانن لەناو پلاتفۆرمی قوتابخانەی ئەلیكترۆنی پەیوەندی بكەن
بەهۆی دووبارە بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا و بەپێی بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پۆلەكانی (3تا11) ناچنە قوتابخانە و تەنیا بە رێگەی ئەلیكترۆنی پڕۆگرامەكانی خوێندنی ئەمساڵ دەخوێنن. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم شێوازە ناچارییەی خوێندن، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی مامۆستا دلێر عەبدوڵا حەسەن بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندی هەولێر كرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* پار بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، تێكڕای قۆناخەكانی خوێندن، بێجگە لە پۆلی (12) تەنیا یەك فەسڵیان خوێند و، پاشان لەسەر حیسابی فەسڵیی یەكەم و بەبێ تەواوكردنی مەنهەج، قۆناخێك چوونە پێشەوە، ئایا پار لەگەڵ ئەوەی ناچاری بوو، تاچەند كاریگەریی نەرێنی لە سەر ئاستی خوێندن لە كوردستان هەبووە؟

- دیارە ڤایرۆسێ كۆرۆنا وەك پەتایەكی جیهانی كاریگەری نەرێنی لە سەر تەواوی وڵاتانی جیهان لەسەرجەم سێكتەرەكانی ژیان دروست كردووە، بواری پەروەردەو فێركردنیش بەدەر نییە لە كاریگەریی ئەم پەتایە. بۆیە دواخستنی خوێندن و تەواونەكردنی پڕۆگرام بێگومان كاریگەریی نەرێنی بۆ سەر ئاستی قوتابیان لە سەرجەم قۆناغەكانی خوێندن دەبێت، بەڵام ئاشكرایە هەموو هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی پەروەردە ئەوە بوو كە لەگەڵ مەترسیی زیاتر بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆناش پرۆسەی خوێندن بە شێوازێكی سەركەوتووانە كە بەپێی ستانداردە جیهانییەكان تەواو كرا و مافی قوتابیان و ساڵێكی خوێندنیان بەفیڕۆ نەچوو.
* ئاشكرایە ئەمساڵی خوێندنیش تەنیا پۆلەكانی ( 1و2 لەگەڵ پۆلی 12) لەناو بینایەی قوتابخانە بە شێوەیەكی راستەوخۆ دەخوێنن، نۆ قۆناخەكەی دیكە لە ماڵەوە بە شێوازی ئەلیكترۆنی دەخوێنێن، نەك ئۆن لاین، ئەمەش مانای ئەوەیە بۆشاییەك لەنێوان قوتابی و مامۆستا دروست دەبێت، ئایا ئەمەش هێندەی دیكە پرۆسەی خوێندن تووشی ئیفلیجبوون ناكات؟

- وەزارەتی پەروەردە دوای رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران و هەڵسەنگاندن و رەزامەندیی وەزارەتی تەندروستی و دوای راوێژ و راوەرگرتنی پسپۆڕان بڕیاری دا، بۆ ساڵی خوێندنی 2020/2021 قۆناغ بە فۆناغ خوێندن دەست پێ بكات، بەپێی گرنگیی قۆناغەكە بەرەچاوكردن و جێبەجێكردنی تەواوی رێكارەكانی خۆپارێزیی تەندروستی، بۆیە لە 27/9/2020 زەنگی دەستپێكردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن لەلایەن رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لێ درا، كە هەنگاوی یەكەم تەنیا پۆلی دوازدەی ئامادەیی بە سەرجەم بەشەكانی دەستی پێ كرد، بە هەموو هەستیاری و گرنگیی ئەم قۆناغە و دواتر لە 10/10/2020 هەر دوو پۆلی یەكەم و دووەمی بنەڕەتی كە سەرەتای هاتن و دەستپێكردنی خوێندنە لە قوتابخانە، بەتایبەتی پۆلی یەكەم كە ئاشنا نین بە ژینگەی قوتابخانە و پۆلەكانی دیكە لە (3تا11) بە شێوەی ئەلیكترۆنی (نەوەك ئۆنڵاین) لە رێگای پلاتفۆرمی قوتابخانەی ئەلیكترۆنی بە ناونیشانی (www.ewane.krd) دەست بەخوێندن دەكەن، بە هۆی مەترسیی پەتای كۆرۆنا و پاراستنی گیانی مامۆستایان و قوتابیان و كەمكردنەوەی بەركەوتن و قەرەباڵغی لە ناو قوتابخانەكان، بەڵام بە سێ رێگا دەكرێت قوتابیان پەیوەندیی نێوان قوتابخانە و مامۆستایانیان بەردەوام بێت. یەكەم: لە رێگای خشتەیەك لەلایەن كارگێڕیی قوتابخانە بۆ قوتابیان دیاری دەكات كە بە گرووپی (5تا6) قوتابی دیداری قوتابخانە هەبێت (بە جێبەجێكردنی رێنماییەكانی خۆپارێزی) بۆ شرۆڤەكردنی هەر وانەیەك، یان وەڵامدانەوەی هەر پرسیارێك لەلایەن مامۆستایان. دووەم: لەناو پلاتفۆرمی قوتابخانەی ئەلیكترۆنی مامۆستایان و قوتابیان دەتوانن پەیوەندی بكەن. سێیەم: مامۆستایان و قوتابیان دەتوانن لە رێگای هەر بەرنامەیەكی دیكەی پەیوەندیكردن وەك (ڤایبەر- واتسئاپ – تێلیگرام) لە پەیوەندی بن.


* ئێوە خۆتان دەزانن، بەشێكی زۆری ئەو قوتابییانەی لە قوتابخانەی حكوومی دەخوێێن، خێزانەكانیان لە رووی داراییەوە لە خوار ئاستی مامناوەندین، بۆیە پەیداكردنی مۆبایلی زیرەك و ئایپاد و لاپتۆپ، هەروەها ئەنتەرنێتی بەردەوامیش، بارگرانییەك لەسەر ئەو خێزانانە دروست دەكات، هەر لە ئێستاوە نرخی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان گران بووە، ئایا تا چەند رەچاوی ئەو خێزانانەتان كردووە؟
- پۆلەكانی (3تا11) بۆ دەستپێكردنی خوێندنی لە پلاتفۆرمی قوتابخانەی ئەلیكترۆنی پێویستیان بە تەنیا یەكجار هێڵی ئەنتەرنێت هەیە بۆ دابەزاندنی تەواوی بەرنامەكە، كە سەرجەم وانەكان و پڕۆگرامەكانی خوێندنیان تێدا تۆمار و ئامادە كراوە و، لە ئەگەری نەبوونی ئامێرەكانی زیرەك، دەكرێت قوتابیان لە رێگای تەلەفزێۆنی پەروەردەیی سوود لە وانە تۆمارەكان وەربگرن و لە ئەگەری بوونی پرسیار لەلایەن قوتابیان و پێویستی شرۆڤەی زیاتری بابەتەكان سەردانی قوتابخانە بكەن بە گرووپی جیا و بە رەچاوكردنی رێنماییەكانی خۆپارێزیی تەندروستی.


* لە گوند و ناوچە دوورەدەستەكان نەك هەر خزمەتگوزاریی ئەنتەرێت خراپە، بەڵكو لە هەندێك شوێن باس لەوە دەكەن، تۆڕی ئەنتەرنێت نییە، ئایا ئەو شوێنانە چۆن درێژە بە پرۆسەی خوێندن دەدەن؟
- ئەم ناوچانەی هێڵی ئەنتەرنێتیان نییە و ژمارەی قوتابیانیان زۆر نییە، بەپێی رێنمایەكانی وەزارەتی پەروەردە دەكرێت دەوام لە ناو پۆلەكان بكەن، بە رەچاوكردنی رێنماییەكانی خۆپارێزیی تەندروستی.
* وەك دەزانن قۆناخەكانی (3 تا 11) هەموویان، یان منداڵن، یان نەوجەوان، ئەمانە بە شێوەیەكی خۆبەخشانە لە ناو قوتابخانە پابەند نابن، ئایا پیتان وایە، تەنیا بە دابەزاندن (داونڵۆد)ی وانەكان، دەتوانن مەنهج تەواو بكەن؟



- كارگێڕیی قوتابخانەكان و مامۆستایان دەتوانن لە پەیوەندیدا بن لەگەڵ قوتابیان و چاودێریی بەشداریكردنیان بكەن لە خوێندنی ئەلیكترۆنی، لە هەمان كاتدا رۆڵی خێزان زۆر گرینگە بۆ چاودێریكردنی منداڵەكانیان و جەختكردنەوە لە سوودوەرگرتن لە وانەكان.
* پێشان كۆمپانیاكانی مۆبایل و ئەنتەرێت، خەتێكیان فەراهەم كردبوو بە ناوی (هێڵی قوتابی)، ئێستا كە هەموو قوتابیان لە ماڵەوە دەخوێێن و خوێندنەكەش لە رێگەی ئەنتەرنێتەوەیە، ئایا لە رێگەی وەزارەتی گەیاندنەوە هیچ هەوڵێكتان داوە، كە هاوكاریی قوتابیان بكەن بۆ ئەوەی ئاسانتر دەستیان بە ئەنتەرنێت بگات؟


- وەزارەتی پەروەردە بە هاوكاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بەم شێوازە تازەیەی خوێندن كە بە هۆی ئەم پەتایەی كە سەرجەم وڵاتانی جیهانی گرتۆتەوە، هەموو هەوڵێكی خستۆتەگەر بۆ ئاسانكاری و فەراهەمكردنی هۆیەكانی فێركردن و گەیاندنی زانیاری و وانەكان بە قوتابیانی خۆشەویست، كە لەگەڵ هەموو ئاستەنگەكانی ژیانی مامۆستایان و قوتابیان پارێزراو بێت و خوێندن لە هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت.
Top