پڕۆفیسۆر دكتۆر جەوهەر فەتاح سەعید سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین بۆ گوڵان: خوێندنی ئەمساڵ لە زانكۆكان بە شێوەی ئاوێتە دەبێت و، بۆ وانە سەرەكییەكان قوتابیان لەناو هۆڵی خوێندن دەبن
October 21, 2020
دیمانەی تایبەت
بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ ئەمساڵی خوێندن 2020-2021 لەلایەن وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بڕیار درا كە خوێندن بە شێوەی ئەلیكترۆنی و ئۆنلاین بێت، لەگەڵ دەنگۆی ئەو بڕیارە و دەستپێكردنەوەی خوێندن، ئامێرە زیرەكەكان وەك (لاپتۆپ و ئایپات و مۆبایل) تا راددەیەك نرخیان بەرز بۆتەوە. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە و بەتایبەتی خوێندنی ئەلیكترۆنی لە زانكۆكان، ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ پڕۆفیسۆر دكتۆر جەوهەر فەتاح سەعید سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین – هەولێر ئەنجام داو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.* بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا، پار زانكۆكان تەنیا یەك كۆرسیان خوێند و، پاشان لەسەر بنەمای نمرەكانی كۆرسی یەكەم، قوتابیان لە قۆناخێكەوە گواسترانەوە بۆ قۆناخێكی دیكە، ئەمساڵیش كە ئێستا سەرەتای وەزری خوێندنە، دەبینین كە ئەم پەتای كۆرۆنا زیاتر بڵاوبۆتەوە، ئایا پلانی ئەمساڵتان بۆ دەستپێكردنەوەی خوێندنی زانكۆ چۆن دەبێت؟
- پار یەك كۆرسمان نەخوێندووە، بەڵكو خوێندنمان بە دوو شێوە تەواو كرد، یەكەم: بە شێوەیەكی نۆرمەل تا مانگی سێ، دووەم: لە دوای مانگی سێ بە شێوەی ئەلیكترۆنی و ئۆن لاین بۆ ماوەی 4-5 هەفتە و بەم شێوەیەش پڕۆگرامەكان بە قوتابیان تەواو كرا، لە پاشان لە مانگی شەش تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵ ئەنجام درا و هەر قوتابییەكیش بەپێی توانا و ئیستحقاقی خۆی هەقێ خۆی وەرگرت. بۆ پلانی ئەمساڵ پاش ئەوەی لیژنەیەكی تایبەت لە ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پێكهات بە سەرۆكایەتی بریكاری وەزارەت و بە ئەندامیەتی ژمارەیەك لە سەرۆكی زانكۆكان و بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەت، پاش چەند كۆبوونەوەیەك پێشنیار كرا كە پلانی خوێندن بۆ ساڵی 2020و 2021 بە شێوەی ئاوێتە بێت، واتە هەندێك لە بابەت و پڕۆگراكەكان كە تیۆرین و زۆر سەرەكین، بە شێوەی ئەلیكترۆنی و ئۆنلاین جێبەجێ بكرێت و، هەندێك لەو بابەت و ماددانەی كە پراكتیكین لە هۆڵەكانی خوێندن بە ئامادەبوونی قوتابیان ئەنجام بدرێت.
* دیارە مەسەلەی ئامادەبوونی قوتابیان لە ناو هۆڵەكانی خوێندن بۆ ئێستا كارێكی مەترسیدار و مەحاڵە، ئایا ئەو كاتانەی كە قوتابیان پێویستیان دەبێت بێنە هۆڵەكانی خۆیندن، چ رێوشوێنێك وەردەگرن؟
- ساڵی خوێندنی 2020-2021 بەپێی ئەو پلانەی دانراوە بە دوو شێوە جێبەجێ دەكرێت، كە هەندێك لە بابەتەكان كە ئاماژەمان پێ دا، سەرەكی نین، بە ئەلیكترۆنی و ئۆن لاین دەبێت و، بابەتە سەرەكی و پراكتیكییەكانیش لە ناو هۆڵی خوێندن پیادە دەكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك مەرجی تایبەتیش هەیە بۆ ئەوەی كە چۆن قوتابی بۆ ناو هۆڵەكانی خوێندن بگەڕێنەوە، یەكێك لەو مەرجانە ئەگەر ژمارەی قوتابیانی هەر قۆناغێك زۆر بێت، دەبێت گرووپی بچووك، بچووك دروست بكرێت، بۆ ئەوەی هەر گرووپێك ژمارەی قوتابییەكانی كەم بێت، تاوەكو بەریەككەوتن كەم بێت بۆ خۆپارێزی لە پەتای كۆڕۆنا، بەم جۆرەش ماوەی خوێندنی رۆژانە زیاد دەكرێت، لە بری ئەوەی لە 8ی بەیانی بۆ كاتژمێر 3ی بێت، ئەوە ماوەكە درێژ دەكرێتەوە بۆ 5-7 ئێوارە، هاوكات دەبێت هەموو قوتابیان 100% رێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی پەیڕەو بكەن.
* ئایا ئەم شێوازە دەتوانین بڵێین ئەو كەموكورتییانەی لە پرۆسەی خوێندن بە هۆی كۆرۆناوە دروست بوون، تا راددەیەك پڕ دەكەنەوە؟
- روون و ئاشكرایە كە پەتای كۆڕۆنا كاریگەریی خراپی لەسەر هەموو سێكتەرەكانی ژیان دروست كردووە، تادەگاتە بواری پەرەوەردە و خوێندنیش، بەمەش هەندێك كەموكوڕی دروست دەبێت، بەڵام هەموو كات بەپێی رێنمایی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، هەموو هەوڵ و كۆششی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی كاریگەریی ڤایرۆسی كۆڕۆنا لە سەر ئاستی زانست و خوێندن لە زانكۆكان كەم بكەینەوە، لەلایەكی دیكەشەوە قوتابیان دەتوانن بە ئۆنلاین پرسیار و گفتوگۆ لەگەڵ مامۆستایان ئەنجام بدەن، ئەگەرچی بەبێ كەموكورتییش نابێت.
* لە كاتی ئاسایی دەوامی زانكۆ، ئەو قوتابیانە ناویان بە (نەهاتوو) تۆمار دەكرا، كە لەوانەكان ئامادە نەدەبوون، ئەمەش بەو مانایەی جۆرە ئیلزامێك هەبوو كە قوتابی بە ناچاری لە موحازرەكان ئامادە بێت، بەڵام كاتێك تەنیا وانەكانیان بە تۆماركراوی بۆ دەنێرن، چۆن دەتوانرێت ئەوە بزانرێت كە قوتابی وانەكە گوێ لێ دەگرێت؟
- لەم پلان و شێوەیەشدا لە ساڵی خوێندنی 2020-2021 هەمان رێنماییەكانی هاتنی قوتابیان بۆ هۆڵەكانی خوێندن لە هەموو زانكۆكان پەیڕەو دەكرێت، بەڵام هەندێك حاڵەت بە هۆی هەبوونی پەتای كۆڕۆنا رەچاو دەكرێت بەرامبەر قوتابیان و زۆربەی بابەتەكان لەناو هۆڵی خوێندن دەبێت، كە دەبێت قوتابیان پابەندی دەوام و ئیلتیزام بن، هەر وەك هەموو ساڵێكی خوێندن، هاوكات لە كاتی وتنەوەی وانەكان بە ئەلیكترۆنی و ئۆنلاینیش دەردەكەوێت كە قوتابی ئاگادار بووە، یان فەرامۆشی كردووە، بەتایبەتی لە كاتی تاقیكردنەوەكاندا.
* لەوانەیە بۆ دیراساتی ئینسانی رێگەی تۆماركردنی وانەكان بە شێوەی ڤیدیۆ كاریگەریی زۆر نەرێنی نەبێت، بەڵام بۆ دیراساتی زانستی كە بەشێكی وانەكانیان عەمەلین و پێویستیان بە تاقیگە و ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی راستەوخۆ لەناو تاقیگەكان هەیە، ئایا ئەمەیان چۆن چارەسەر دەكەن، خۆ ناكرێت دیراساتی زانستی، دەرسە عەمەلییەكان نەخوێنن؟
- ئەو وانە و بابەتانەی كە لایەنی تیۆری و پراكتیكی هەیە، ئەوە لایەنی پراكتیكی لەناو هۆڵ و تاقیگەكان دەبێت و لایەنی تیۆرییەكەشی مەرج نییە بە ئەلیكترۆنی بێت، بەڵكو ئەوانیش بۆی هەیە لە ناو هۆڵ بگوترێتەوە، بەپێی تایبەتمەندیی هەر بەشێك و بەپێی فەرمانی لێژنەی زانستیی بەشەكە، بۆیە وانەیەكی زانستی و تیۆری جیاوازییەكی وای نییە لەگەڵ كۆلیژەكانی بەشی وێژەیی وەك كۆلیژی زمان و كۆلیژی ئاداب، چونكە تا راددەیەك لێكنزیكبوونەوەیەك هەیە لە نێوان كۆلیژ و بەشەكاندا، بەڵكو كۆلیژە وێژەییەكان تەنیا پراكتیكیان نییە.
* ئێوە دەزانن قوتابیانی زانكۆی سەڵاحەدین هەموویان دانیشتووی هەولێر نین، ساڵانی پێشتر بەشێكی زۆریان لە بەشە ناوخۆییەكان دەمانەوە، ئەگەر خوێندن بەمجۆرە بێت، ئایا بەشە ناوخۆییەكانیش نامێنن؟ ئایا قوتابیانی شارەكانی دیكە چۆن لە پرۆسەی خوێندن بەردەوام دەبن؟
- یەكێك لە بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەوەیە قوتابی بۆی هەیە سوود لە سسیتەمی میوانداری وەربگرێت لە نێوان زانكۆكانی هەرێمی كوردستان، واتە دەتوانێت بچێتە ئەو زانكۆیەی كە لە شوێنی نیشتەجێبوونی نزیكە، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئێمە كە ژمارەی قوتابیان لە بەشە ناوخۆییەكان كەم ببێتەوە، بەشە ناوخۆییەكان داناخەین، بەڵكو بەو قوتابیانەی دەدەین كە سیستەمی میواندارییان لەسەر نەبێت و، چاوەڕوانی رێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستیش دەكەین، بۆ چۆنیەتی كردنەوەی بەشە ناوخۆییەكان، ئەمەش لە دەسەڵاتی ئێمە نییە، بەڵكو دەبێت وەزارەتی خوێندنی باڵا نووسراو بۆ وەزارەتی تەندروستی بكات و، وەزارەتی تەندروستیش بەپێی رێنماییەكان بۆ خۆپارێزی لە پەتای كۆڕۆنا بڕیار بدات بە كردنەوەی بەشە ناوخۆییەكانی قوتابیان.
* ئایا ئەو سیستەم و شێوازە تازەیە لە زانكۆی سەڵاحەدین لە خوێندنی نامەی ماستەر و دكتۆراش پەیڕەو دەكرێت؟
- لە خوێندنی باڵا لە ماستەر و دكتۆراش هەمان سیستەم جێبەجێ دەكرێت، بەڵام ژمارەی قوتابیانی ماستەر، یان دكتۆرا كەمن، بۆیە بە شێوەی گرووپی بچوك كە بۆی هەیە چوار، یان پێنج قوتابی لە یەك گرووپ ئامادە بن، دەتوانرێت لەناو هۆڵەكانی خوێندن جێبەجێ بكرێت.