مەحما خەلیل قایمقامی شنگال بۆ گوڵان: رێككەوتنی شنگال خواستی خەڵكی شنگال و بەرهەمی ئیرادەیەكی ناوخۆیی و پشتگیریی نێودەوڵەتییە
October 19, 2020
دیمانەی تایبەت
رێككەوتنی شنگال بە چاودێری و سەرپەرشتیی رێكخراوی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمریكا، لە نێوان حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەرچەرخانێكی گرنگە بۆ دروستبوونەوەی متمانەیەكی پتەو لە نێوان هەردوو حكومەت و زەمینەخۆشكردن بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور، ئەم رێككەوتنە جیا لەوەی بەپێی بڕگەكانی سەقامگیری و ئاسایش دەگێرێتەوە بۆ شنگال، لە هەمانكاتدا ئیدارەیەكی نوێیش بۆ ئەو شارە هەڵدەبژێرێت و، پلانی دووبارە ئاوەدانكردنەوە دەست پێ دەكات، بەوەش ئاوارەكانی دەڤەرەكە دەگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم رێككەوتنە گرنگە، ئەم دیدارەمان لەگەڵ مەحما خەلیل قائیمقامی شنگال ئەنجام دا و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.* رێككەوتنی شنگال بە سەرەتایەكی دڵخۆشكەر دادەنرێت بۆ كۆتاییهاتن بەو بارودۆخە نائاسایی و نایاساییەی شنگال و ناوچەكانی دەوروبەری، ئایا ئەم رێككەوتنە تاچەند بووەتە هۆی دڵخۆشی بۆ كوردانی ئێزدی كە ئێستا لە14 كەمپدا لە پارێزگاكانی دهۆك و هەولێر نیشتەجێن؟
- رێككەوتنی شنگال جگە لەوەی خواست و داواكاریی میللەتی رەسەنی خەڵكی شنگالە، هەنگاوێكی دەستووری و یاساییشە بۆ ئاسایبوونەوەی بارودۆخی ناوچەكە، ئەمە وێڕای ئەوەی ئەم رێككەوتنە بە پاڵپشتی و پیرۆزبایی چڤاتی نێودەوڵەتی و هێزەكانی هاوپەیمانان و ئەمریكا و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان هاتۆتە ئاراوە، لەلایەكی دیكەوە رێككەوتنەكە دەرگایەكی دیكە واڵا دەكات، بۆ بەهێزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و عێراق، جێبەجێكردنی بڕگەكانی رێككەوتنەكەش، سەرەتای هەنگاونانە بەرەو چارەسەركردنی كێشەیەكی زۆر ئاڵۆزی ناوچەیەكی ماددەی 140 كە بە هێزێكی زۆری چەكداری بیانی و نامۆ بە خەڵكی رەسەنی شنگال لەم ناوچە ستراتیژییەدا جێگیر كراون و، مەرام و پلانی ئیقلیمی بەڕێوە دەبەن، بوونی هەموو ئەم هێز و گرووپە چەكدارانە لەم ناوچەیەدا، هۆكاری سەرەكیی تێكچوونی بارودۆخی سەقامگیرن و هۆكاری دروستبوونی نائارامین، بۆ نموونە: بوونی پەكەكە و گرووپەكانی پەیوەندیدار بەم هێزەوە، وای كردووە ناوچەكە ببێتە گۆڕەپانی شەڕێكی خوێناوی و ماڵوێرانكەر، ئەویش لەگەڵ سوپایەكی زەبەلاحی وەك توركیادا، كە بەردەوام فڕۆكە سەربازییەكانی توركیا بەهۆی بوونی پەكەكەوە شنگال بۆردومان دەكەن، لەلایەكی دیكەوە چەندین میلیشیای تایبەت بە ئێران لەم ناوچەیەدا هەن، هەربۆیە جێبەجێكردنی بڕگەكانی ئەم رێككەوتنە سەرەتایەك دەبێت بۆ كۆتاییهاتنی ئازار و مەینەتییەكانی كوردانی ئێزدی و دووبارە دامەزراندنەوەی یەكە ئیدارییەكان و بەهێزبوونی هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق، لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە كە هەرچی ئاڵۆزی و دیاردەی چەكداری و بوونی گرووپی چەكداری نامۆ و بیانی بە ناوچەكە هەیە، لە ناو شنگال و دەوروبەری دوور دەخرێنەوە و، هێزەكانی ناوخۆ لە پۆلیس و دەزگا ئەمنییەكان جێگای ئەو هەموو گرووپە چەكدارە بیانیانییە دەگرنەوە، بەپێی رێككەوتنەكە، حكومەتی عێراق دوو بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس و دوو فەوجی پۆلیسی ئیتحادی دادەنێت و لەسەر داوای خەڵكی شنگالیش 2500 كەس لە خەڵكی شنگال و ئاوارەكانی لە ناو ئەو هێزە نوێیانەدا دادەمەزرێنێت، كە 1500 كەسی لە خەڵكی دەوروبەری شنگالە و 1000 كەسیش لە خەڵكی ناو شنگالە، بەمەش پاراستنی سەروماڵی خەڵكی بە كوردانی ئێزیدی و خەڵكی شنگال دەسپێردرێت و كۆتایی بە پەكەكە و هەموو ئەو گرووپانەی پەیوەندییان پێوەی هەیە، دەهێندرێت.
* راستە چارەسەركردنی گرفتی سەرەكیی شنگال بە ئاساییكردنەوەی بارودۆخەكە و هەماهەنگیی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ دەبێت، بەڵام مەلەفی ئاوەدانكردنەوەی شنگالیش مەلەفێكی ئاڵۆزو قورسە، پێت وایە حكومەتی عێراق كار بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال دەكات و بودجەیەكی بۆ تەرخان دەكات، بەتایبەتی لە ئێستادا كە عێراق بە دۆخێكی دارایی قورسدا تێپەڕ دەبێت؟
- خاڵێكی گرنگی رێككەوتنەكە ئەوەیە كە هەولێر و بەغدا هەماهەنگی بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و ئیدارەكردنی دەكەن، چونكە ئاڵۆزیی بارودۆخی ئابووری و وێرانكردنی ژێرخانی شنگال یارمەتیدەر نییە بۆ گەڕانەوەی كوردانی ئێزیدی بۆ شارەكەیان، شنگال تەنیا كۆمەڵكوژ نەكراوە، بەڵكو جوگرافیا و ژێرخانی تەواوی ئەم قەزایە وێران و خاپوور كراوە، لەو ماوە زۆرەی رابردووشدا هەرچی ئەو گرووپ و چەكدارە بیانی و نایاساییانەی لەم ناوچەیەدا هەبوون، هیچ كارێكیان بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال نەكردووە، ئەوان سەرقاڵی ململانێی ئیداریی نێوخۆیان و ئیستغلالكردنی خەڵكەكە بوون، لەكاتێكدا ئیدارەیەكی شەرعی هەیە لە شنگال، كە لە رووی دەستووری و یاساییەوە و بەپێی ماددەی 121 ی ساڵی2008 ی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەو ئیدارەیە لە رێگەی ئەنجومەنی قەزای شنگال بە هەڵبژاردن و بە ئامادەبوونی دادوەرێكی سەربەخۆی پارێزگای موسڵ و نوێنەری چڤاتی پارێزگای موسڵ دامەزراوە، كە لە 35 دەنگ 27 دەنگ درا بە ئێمە و سێ بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەش بە هەمان شێوە دانران، كەچی لەلایەن پەكەكەوە ئیدارەیەكی تۆزوبای ساختە و نایاسایی و نادەستووری دانراوە و كەسیش ئیعترافی پێ ناكات، بە دانانی ئیدارەیەكی نوێ و ئاوەدانكردنەوەی شنگال ئەو 363 هەزار ئاوارەیەی خەڵكی شنگال كە بەسەر 14 كەمپدا دابەش بوون، دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەتایبەتی كە لە ئێستادا لە 75%ی خەڵكی شنگال نەگەڕاونەتەوە، ئەمەش بێ تەرخانكردنی بودجەیەك بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال جێبەجێ نابێت، بۆ ئەوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بەگەڕ بخرێنەوە، هەرچەندە تا راددەیەك توانیومانە لە ماوەی رابردوودا زۆر پڕۆژە و كار لەم دەڤەرە ئەنجام بدەین، بۆ نموونە لە 50-60%ی گرفتی كارەبامان چارەسەر كردووە، بەڵام هێشتا گەلێك پڕۆژەی خزمەتگوزاری و رێگاوبان و تەندروستی و قوتابخانەش پێویستن، هەروەها لە رووی دروستكردنی خانووشەوە هیچ نەكراوە، بەتایبەتی كە لە شنگال 26 هەزار خانوو وێران بووە و قەرەبووی كەس نەكراوەتەوە.
* لەلایەن هەندێك لایەنی سیاسی و هێزی ئیقلیمی و پەكەكە و گرووپی چەكداری بیانییەوە لە شنگال لێدوانی دژ بەم رێككەوتنە دەدرێت، ئایا ئەگەری هەیە بەبێ بەكارهێنانی هێز ئەم گرووپە چەكدارانە رازی بن لەو ناوچەیەدا بكشێنەوە؟
- ئەمجارە ئیرادە و نییەت لە نێوان هەردوو حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخەكە، هەروەها لەلایەن هێزی نێودەوڵەتیی و هاوپەیمانەكانیشەوە پاڵپشتیی باش لە جێبەجێكردنی بڕگەكانی رێككەوتنەكە هەیە، ئیتر كێ دەتوانێت دژی ئەم رێككەوتنە بوەستێتەوە؟ ئەم رێككەوتنە زۆر گەورەترە لەو كەس و هێزە چەكدارە ناشەرعییانەی كە لە چیای شنگال و ناو شنگال و دەوروبەری بڵاوبوونەتەوە، لەگەڵ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەش ئەو هێزانە لە شنگال نامێنن، تەنانەت هێزەكانی حەشدی شەعبی تا دووریی پێنج كیلۆمەتر لە ناو سەنتەری شنگال دوور دەكەونەوە و دەتوانن بچنە سەر سنوورەكانی نێوان سووریا و عێراق، دوورخستنەوەی هەموو ئەم هێزانە بووەتە بڕگەیەكی سەرەكی لە رێككەوتنەكە و جێبەجێ دەكرێت، مەگەر لایەنی عێراقی لە جێبەجێكردنی رێككەوتن و بەڵێنەكانی كەمتەرخەمی بنوێنێت، هەروەكو چۆن لە بەرامبەر هەرێم لە زۆر رێككەوتن و بەڵێن و ماددەی دەستووری دیكە پاشگەز دەبۆوە و پابەندی جێبەجێكردنی نەدەبوو، راستە مەترسی هەیە، بەڵام لە حكومەتی نوێی عێراقدا ئیرادەیەكی نوێ هەیە بۆ كۆتاییهاتنی هەموو ئاڵۆزی و كێشە كەڵەكەبووەكان. بەشێوەیەكی گشتی چیتر رێگری پەكەكە لە شنگال نامێنێت، كە لە ماوەی رابردوودا رێگرییەكی زۆری كرد بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاوەدانكردنەوەی شاروشارۆچكەكانی كوردانی ئێزیدی، پەكەكە ئازارێكی زۆری خەڵكی رەسەنی شنگالی داوە و لە چیای شنگال تونێل و كونی هەڵكەندووە و زیندانی نهێنیی دروست كردووە و بە دەیان كەسی لە خەڵكی ئێمە كوشتووە و بێسەروشوێنی كردوون، بۆیە دەركردنی پەكەكە ئەركی حكومەتی فیدڕاڵی و ژووری ئۆپەراسیۆنەكانە، چونكە پەكەكە كێشەیەكی گەورەی ئیقلیمییشی بۆ عێراق دروست كردووە، باوەڕ ناكەم عێراق خۆی شەرمەزاری هاوپەیمانان و ئەمریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان و گەورە وڵاتانی ئەوروپا بكات، پێویستە حكومەتی عێراق بە پێی ماددەی 109ی دەستوور خاك و ئاوی هەموو وڵات بپارێزرێت. ئەم رێككەوتنە بە دڵی هەموو ئەوانە نییە كە ئەجندا و مەرامی بیانی و ئیقلیمی لەم ناوچەیەدا جێبەجێ دەكەن، هەروەها ئەوانەی خۆیان بە ئۆپۆزسیۆنی هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق دەزانن، نایانەوێت ئەم رێككەوتنە ببێتە هۆی سەرەتایەك بۆ بەهێزبوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حكومەت و بە چارەسەركردنی كێشەیەكی ئاڵۆزی وەكو شنگال نایانەوێت ئەم دەستكەوت و هەنگاوە، ببێتە لایەنێكی ئیجابی بۆ هەردوو حكومەت، بۆیە دەیانەوێت لە بەرچاوی خەڵك و شەقام لە گرنگیی رێككەوتنەكە كەم بكەنەوە.
* باسی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانت كرد، ئایا ئاژانس و كەناڵەكانی ئەم رێكخراوە توانیویانە لە رووی كردارەوە هەنگاوی پراكتیكی بنێن بۆ یارمەتیدانی كوردانی ئێزیدی و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان و پاڵپشتیكردنی رێككەوتنەكە؟
- هەر لەگەڵ یەكەم رۆژی كۆمەڵكوژیی كوردانی ئێزیدی و دەستپێكردنی مەینەتییەكانیان، نەتەوە یەكگرتووەكان رۆڵی لە كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر گۆڕە بەكۆمەڵەكان و كۆمەڵكوژی و پێشكەشكردنی هاوكاری بۆ كوردانی ئێزیدی هەبووە، جەنابی سەرۆك بارزانی و رێزداران سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەت جگە لەپاڵپشتی و هەوڵەكانی خۆیان، بەردەوامیش داوایان لەو رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە كە بە رۆڵی خۆی هەڵسێت، ئێمەش لە سەردانماندا بۆ واشنتۆن جەختمان لەسەر ئەم داواكارییانە كردبووەوە، بەوەی ئاوەدانكردنەوەی شنگال پێویستی بە بودجەیەكی تایبەت و پاڵپشتیی نێودەوڵەتی هەیە، ئێستا نەتەوە یەكگرتووەكان پاڵپشتیی رێككەوتنەكەی هەولێر و بەغدا دەكات و خواستی ئەویش وایە هەموو گرووپ و هێزە چەكدارە ناشەرعییەكان لە شنگال دەربچن.
* خاڵێك كە لە رێككەوتنەكەدا ناڕوونی تێدایە و بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكانی كوردانی ئێزیدی و بوونی زەمانەتی پاراستنیان زۆر پێویستە، گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە بۆ ئەو ناوچانە، ئایا وردەكاریی ئەم پرسە لە رێككەوتنەكەدا چۆن باس كراوە؟
- هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەشێكی گرنگی مەنزومەی بەرگریی عێراقە و هێزی شنگال و هێزی پێشمەرگەی شنگالیش لە خەڵكی رەسەنی ناوچەكە پێكهاتوون، منیش لەگەڵ ئەو راوبۆچوونەدام كەوا، خەڵكی شنگال ناگەڕێنەوە ناوچەكانیان ئەگەر هێزی پێشمەرگەی كوردستان نەگەڕێتەوە، ئەو هێزەی بەسەدان شەهید و قوربانیی دا، تاوەكو چیای شنگال و شارەكەی ئازاد كرد، لە كوردستان ئاوارەكانی لە ئامێز كردووە، ئێستاكەش خەڵكی چاوەڕوانە ئەم رێككەوتنە لە مەرەكەبی سەركاغەزەوە بكرێتە پراكتیكی و كاری پێ بكرێت، چیتر رێگە نەدەن كوردانی ئێزیدی و خەڵكی رەسەنی شنگال بكرێنە قوربانیی گەمە سیاسییەكان و ململانێ ناوخۆیی و ئیقلیمیەكان.