مایكڵ دێش بەڕێوەبەری سەنتەری نۆتردام بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ گوڵان: هەڕەشەی ئەمریكا بە داخستنی باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا تەنیا بۆ گوشاردروستكردنە

مایكڵ دێش  بەڕێوەبەری سەنتەری نۆتردام بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ گوڵان:  هەڕەشەی ئەمریكا بە داخستنی باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا تەنیا بۆ گوشاردروستكردنە
مایكڵ دێش پڕۆفیسۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانە لە زانكۆی نۆتردام و بەڕێوەبەری سەنتەری ئاسایشی نێودەوڵەتییە لە هەمان زانكۆ، دوو جاریش سەرۆكی بەشی زانستی سیاسی بووە لە زانكۆی ناوبراو. هەروەها بەڕێوەبەر و دامەزرێنەری ئەنستیتوتی سكۆكرافت بۆ كاروبارە نێودەوڵەتییەكانە. بۆ شرۆڤەكردنی چەند پرس و بابەتێكی پەیوەندیدار بە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەند پرس و پەرەسەندنێكی ئەم ناوچەیە گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا.
* چۆن لە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ دەڕوانیت لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە تایبەتی دوای ئەوەی سەركەوتوو بوو لە لێكنزیككردنەوەی هەردوو وڵاتی ئیسڕائیل و ئیمارات و هێنانەئارای رێككەوتنی ئاشتی لە نێوانیاندا؟
- لە راستیدا دەتوانین بڵێین ئەم رێككەوتنەی ئاشتی لە نێوان هەردوو وڵاتی ئیسڕائیل و ئیمارات بە پەرەسەندنێكی ئەرێنی دێتە هەژماركردن، بەڵام لە هەمان كاتدا ناكرێت زیادەڕەوی بكرێت لە گرنگیی ئەم رێككەوتنەدا، لەبەر ئەوەی ئێمە دەزانین كە پێشتر و بە شێوەیەكی نافەرمی هاوهەڵوێستی هەبوو لە نێوان ئیسڕائیل و سعودیە و هەندێ لە وڵاتانی كەنداو لەبارەی نیگەرانییەكی هاوبەشی نێوانیان كە ئەویش ئێرانە. لە هەمان كاتدا ناكرێت زیادەڕەوی بكەین و بڵێین ئەمە پەرەسەندنێكی تەواو نوێیە، چونكە تەنانەت ئەمە هاوشێوەی سەردانە كتوپڕەكەی سەرۆكی ئەو كاتەی میسر ئەنوەر سادات نییە بۆ قودس، ئەگەرچی ئەو سەردانەش هەندێ زەمینەسازی بۆ كرابوو.
* بەڵام ئەمە تا چ راددەیەك دەستكەوت و سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ ئیدارەی سەرۆك ترەمپ لە پەیوەندی بە مامەڵەكردنی لەگەڵ ئەم ناوچەیەدا و تا چ راددەیەك دەتوانین بڵێین جیاوازە لە سیاسەتی ئیدارەكانی پێش خۆی؟
- من پێم وانییە ئیدارەی سەرۆك ترەمپ شایستەی ستایشێكی گەورە بێت لەم رووەوە، ئەگەرچی ئەم رێككەوتنەش بە سەرپەرشتیی ئیدارەكەی رووی دا و مەراسیمەكەشی لە نێو كۆشكی سپیدا بەڕێوەچوو، كە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ترەمپ هەوڵبدات بە خۆهەڵكێشانەوە باسی بكات. بەڵام هەرچۆنێك بێت ئەم پەرەسەندنە دیپلۆماسییانە دەڕژێنە خزمەتی سەرۆك دۆناڵد ترەمپەوە.
* بەڵام ئەم رێككەوتن و پەرەسەندنە بە وەرچەرخانێكی مێژوویی لێكدرایەوە و بە هەنگاوێك لە قەڵەم درا بەرەو بەرفراوانكردنی مەودای ئاشتی و سەقامگیری و كۆتاییهێنان بەوەی ئیدارەی ترەمپ پێی دەڵێت شەڕە بێ كۆتاییەكان لەم ناوچەیە پڕ لە تەنگژەیەدا، ئایا ئێوە لەگەڵ ئەم لێكدانەوەیەدا هاوڕان؟
- من پێم وایە ئەمە زیادەڕەویكردنە لە گرنگیی ئەم رێككەوتنەدا، هەرچەندە لە هەمان كاتدا ناكرێت، نكۆڵی لەوە بكرێت كە ئەمە سەركەوتنێكی گرنگی دیپلۆماسی بووە و ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپیش هەندێ رۆڵی تێیدا هەبووە.
* بەڵام پێت وانییە ئەمە گۆڕانكارییەكە لە شێوازی مامەڵەكردنی ئیدارەی ئەمریكا لەگەڵ كێشەكانی ئەم ناوچەیەدا، واتە ئەمریكا بە شێوازێكی بنیاتنەرتر و بەرهەمدارتر هەڵسوكەوت لەگەڵ كێشەكانی ئەم ناوچەیەدا دەكات؟
- من لەمە دڵنیا نیم، چونكە ئەوەی بەدی دەكرێت هەڵوێستی یەكلایەنەی ئیدارەی ئەمریكایە لە بەرژەوەندیی حكومەتی ئیسڕائیل، بەتایبەتی ئەگەر بەراوردی هەڵوێستی ئەم ئیدارەیە بكەین لە ئاست فەلەستیندا. هەروەها باوەڕم بەوە نییە كە ئەمە بناغەیەكی دوورمەودا و درێژخایەن بێت بۆ هێنانەئارای ئاشتی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هەرچۆنێك بێت، پرسی سەرەكی لێرەدا سیاسەتی ناوخۆی ئیسڕائیلە، چونكە ئەگەرچی ئیسڕائیل لەگەڵ چەند دەوڵەتێكی كەنداودا رێككەوتنی ئاشتی هەیە، بەڵام ئەگەر بەشێكی زۆری ئەو خاكانە كۆنتڕۆڵ بكات كە زۆرینەی دانیشتووانەكەی عەرەبن، ئەوا بە خێرایی دەبێتە حكومەتێكی كەمینە كە زۆرینەی دانیشتووانەكەی نائاسوودە دەبن لە ئاست هەلومەرجە باوەكەی ئەو وڵاتەدا. كە ئەمەش دۆخێك نییە قابیلی بەردەوامبوون بێت. كەواتە ئیدارەی ترەمپ هیچ كارێكی نەكردووە كە ببێتە هۆی ئەوەی دۆخەكە بەرەو سەقامگیرییەكی راستەقینە بڕوات، واتە پێم وایە ئەم سەقامگیرییە تەنیا بەو چارەسەرە دەستەبەر دەبێت كە بوونی دەوڵەت لەخۆ دەگرێت. لەلایەكی دیكەوە روون نییە ئایا چۆن بەرەنگاربوونەوە و رووبەڕووبوونەوەی ئێران لە مەودای دووردا دەبێتەهۆی سەقامگیركردنی ناوچەكە. چونكە هێشتا ئێران چالاكە لە وڵاتی سووریادا، چالاكە لە یەمەن، هەروەها هێزێكی باڵادەستە لە عێراقدا، ئەمەش گۆڕانكاری بەسەردا نایەت بەهۆی گرتنەبەری رێچكەی رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ تاراندا.
* هەروەك ئاشكرایە ئەم رێككەوتنە ئێرانی خستە بارێكی نیگەرانی و ناڕەحەتییەوە، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا پێشبینییەكانت چین بۆ كاردانەوە و پەرچەكرداری ئێران لەم رووەوە؟ ئایا ئێران تا چ راددەیەك دەتوانێت كێشەی جددی بۆ ئەم رێككەوتنە دروست بكات؟
- روونە كە ئێران دژ بەم رێككەوتنەیە و هەرچییەكی لەدەست بێت، بۆ لاوازكردن و بنكۆڵكردنی ئەنجامی دەدات، بەڵام ئەمەش پرسێكی نوێ نییە، چونكە ئێران هۆشیار بوو بە یەكگرتنی بەرژەوەندییەكانی ئیمارات و سعودیە و وڵاتانی كەنداو لەگەڵ ئیسڕائیلدا، بەتایبەتی لە ئاست چالاكییەكانی ئێران لە كەنداو و لە وڵاتی سووریادا. كەواتە ئەمە بە پەرەسەندنێكی دراماتیكی نوێ لێك نەدرایەوە لەلایەن تارانەوە، بەڵكو وەك حاڵەتێكی سرووشتی و هەلومەرجە باوەكە شرۆڤەی بۆ كرا.
* هەر لە پەیوەندی بە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ترەمپ لە ئاست ئەم ناوچەیەدا، ئەوەی بەدی دەكەین بەكارهێنانی فشار و پاداشتی ئابوورییە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ كێشە و تەنگژەكانی ئەم ناوچەیەدا، بۆ نموونە ئیدارەی ترەمپ فشارێكی ئابووری و دارایی دژواری بەسەر ئێراندا سەپاندووە و لەلایەكی دیكەوە پرۆژەی ئابووری و وەبەرهێنان دەخاتەڕوو بۆ چارەسەركردنی كێشەی نێوان ئیسڕائیل و فەلەستین، تێڕوانینی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- لە راستیدا هەردوو حاڵەتی ئێران و فەلەستین ئەوەیان پیشان داین كە بەكارهێنانی ئامرازی ئابووری بۆ هێنانەدی ئامانجی سیاسی كاریگەرییەكی سنوورداری دەبێت. بۆ نموونە لەو باوەڕەدا نیم كە فەلەستینییەكان بە پەرۆشەوە بەرەوپیری سەفقەی سەدە بچن بۆ ئەوەی سازش بۆ ئیسڕائیل بكەن، من هیچ بەڵگەیەك نابینم فەلەستینییەكان بەم ئاراستەیەدا هەنگاو هەڵبگرن. بە هەمان شێوە لە پەیوەندی بە ئێرانەوە، راستە سزا ئابوورییەكان ئازاریان بە ئێران گەیاندووە، بەڵام نەبوونەتە هۆی ئەوەی گۆڕانگاریی گەورە لە نێو حكومەت، یان ئاراستەی كاركردنی حكومەتی ئێراندا دروست بكەن. كەواتە بەكارهێنانی ئامرازی ئابووری بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەكان دەرمانی هەموو دەردەكان نییە.
* ئایا پێت وایە ئەم شێواز و رێچكەی كاركردنە ناكارایە، یان دەرئەنجامی پێچەوانەی لێ دەكەوێتەوە؟
- من پێم وانییە دەرئەنجامی پێچەوانەی لێ بكەوێتەوە، بەڵام باوەڕم وایە ناكارایە.
* پەرەسەندنێكی دیكەی بەرچاو لەم ناوچەیەدا بریتییە لە هەڕەشەی ئیدارەی سەرۆك ترەمپ بە كشاندنەوەی باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا، ئەگەر بێت و حكومەتی عێراق نەتوانێت سەلامەتی و ئاسایشی ئەو باڵیۆزخانەیە دابین بكات، خوێندنەوەی ئێوە بۆ ئەم پەرەسەندنە چییە؟
- لە راستیدا ئەمریكا لە نێوان دوو ئاراستەی جیاوازدایە، لەلایەك نایەوێت بە بێ هێنانەئارای دۆخێكی ئەمنیی ئارام و سەقامگیر- بە تایبەتی لە بەغدا- هەوڵی كشانەوە و جێهێشتنی ئەم وڵاتە بدات، لەلایەكی دیكەوە ئیدارەی ترەمپ لەبەردەم بەڵێنەكانی هەڵبژاردنەكانیدایە كە پەیوەست بوون بە كۆتاییهێنان بەو شەڕانەی دواییان نایەت، راستە لەم رووەوە پتر جەخت لەسەر ئەفغانستان دەكرێتەوە، بەڵام لە هەمان كاتدا پێم وانییە ئامادەییەك هەبێت بۆ ئەوەی ئەمریكا پابەندبوونەكانی خۆی لە عێراقدا زیاد بكات. لە هەمان كاتدا ئێرانیش هێزێكە لە عێراقدا كە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت، ئەمەش پەیوەندی بە دەستەبەركردنی سەقامگیرییەوە هەیە لە عێراقدا. هەرچۆنێك بێت ئەمریكا ناگەڕێتەوە بۆ هەلومەرجی ساڵی 2008، واتە دووبارە ژمارەی هێزەكانی زیاد ناكات لە عێراقدا لە پێناوی جڵەوكردن و ئیحتیواكردنی دەستڕۆیشتوویی ئێران لەم ناوچەیەدا. كەواتە ئێران وەك هێزێكی دەستڕۆیشتوو دەمێنێتەوە، بەلای كەمەوە لە نێو هەندێ لە لایەنە شیعەكانی نێو عێراقدا.
* كەواتە تا چەند ئەمە هەڕەشەیەكی جددییە؟ بە واتایەكی دیكە ئایاپێت وایە ئیدارەی ئەمریكا ئەم بڕیارە بدات و جێبەجێشی بكات؟
- نەخێر لەو باوەڕەدا نیم ئەم كارە بكات.
* كەوابێت ئامانجەكە تەنیا دروستكردنی فشارە لەسەر حكومەتی عێراق؟
- بەڵێ ئەمە راستە.
* ئەگەر پرسیارەكان بگوازینەوە بۆ سەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئایا چ هەڵسەنگاندنێكت بۆ سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ لە ئاست كێشە و كاروبارە نێودەوڵەتییەكاندا هەیە؟
- ئەگەر لە ئەدای ئەم ئیدارەیە لەم رووەوە ورد ببینەوە، ئەوا پێم وایە لە رووی مێژووییەوە هێزە مەزنەكان بەم شێوەیە مامەڵەیان كردووە لە ئاست پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا. واتە رەنگە ئەم هێزانە ئەم جۆرە مامەڵەیان بە پاساوی دیكە پەردەپۆش كردبێت، بەڵام راستییەكەی ئەوەیە كە بەرژەوەندییەكان پاڵنەری رەفتاری هێزە گەورەكانن و لە بنەڕەتیشدا جیهان بەم شێوەیە هەڵدەسووڕێت. بەڵام ئەوەی جێی داخە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لە گرنگیی پەردەپۆشكردنی سیاسەتەكانی بە پاساوی دیپلۆماسی تێ ناگات، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی دژایەتیی وڵاتانی دیكە بورووژێنێت بە شێوەیەك كە پێویست نییە. بەهەرحاڵ جەوهەری سیاسەتەكەی لەگەڵ هەڵسوكەوتی هەر هێزێكی مەزندا یەك دەگرێتەوە.
* بەڵام هەندێ لە شرۆڤەكاران پێیان وایە لە دەرئەنجامی ئەم چەشنە سیاسەتەی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ، ئەوا پێگەی ئەمریكا، یان سەركردایەتیی ئەمریكا لە ئاست جیهاندا زیانی پێ گەیشتووە، هەروەها دامەزراوە نێودەوڵەتییە فرەلایەنەكانیش لاواز بوون، ئەمە تا چ راددەیەك وەسفكردنێكی وردە بۆ ئەوەی روودەدات؟
- لە راستیدا زۆر جار زیادەڕەوی كراوە لە باسكردنی گرنگیی پێگە و رێكخراوە و دامەزراوە فرەلایەنەكان، چونكە پێش ئیدارەی سەرۆك ترەمپیش ئەمریكا ئەو دامەزراوانەی بەكارهێناوە، كاتێك بوونەتە هۆی هێنانەدیی بەرژەوەندییەكانی، فەرامۆشی كردوون و پشتگوێشی خستوون، كاتێك نەیانتوانیوە خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا بكەن. بەڵام جیاوازیی ئیدارەی ترەمپ لەگەڵ ئیدارەكانی پێش خۆی ئەوەیە سەرۆك ترەمپ بێ پێچ و پەنا باسی ئەو هەنگاوانە دەكات كە هەڵیان دەگرێت. واتە لە رووی كردارییەوە جیاوازییەكی زۆری نییە لەگەڵ سەرۆكەكانی دیكەی ئەمریكادا.
Top