ماجید شنگالی ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان: تا پەكەكە و گرووپە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی لە شنگال بمێنن خەڵكی ناگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و شارەكە ئاوەدان ناكرێتەوە
October 10, 2020
دیمانەی تایبەت
لە ناو شنگال هێزەكانی حەشدی شەعبی و پەكەكە وەكو دوو هێزی چەكدار پەنا بۆ زەبری هێز دەبەن، تاوەكو خۆیان بسەپێنن و كاری نایاسایی ئەنجام بدەن، لەمەشدا خەڵكی شنگال بوونەتە قوربانیی ئاوەداننەكردنەوە و ئاسایینەبوونەوەی شارەكەیان. بۆ قسەكردن لەسەر بارودۆخی شنگال و دەڤەرەكە و ئەو كاروكردەوانەی دژ بە خواستی خەڵكی ئەنجام دەدرێت، گوڵان ئەم گفتوگۆیەی لەگەڵ ماجید شنگالی ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق ساز كرد.* بارودۆخی ئێستای شنگال چۆنە، بەتایبەتی كە چەند هێزێكی هەمەڕەنگی ملیشیایی لەناو شارەكەدا هەن؟
- بارودۆخی شنگال زۆر خراپە و تا دێت زیاتر روو لەخراپتر دەكات، ئەمەش دەرئەنجام و حاڵەتێكی پێشبینیكراو بوو، هەرگیز ناكرێت ناوچەیەك بەو هەموو گرووپە چەكدارەی نامۆ بە ناوچەكە و خەڵكەكە ئاخنراو بێت و كار بۆ ئەجیندای دوور لە بەرژەوەندیی گشتی و خەڵكی رەسەنی شنگال بكەین، یان چاوەڕوانی ئاساییبوونەوەی دۆخەكە بین، ئەو هەموو هێزو گرووپە چەكدارانە كە لە ناوچەكەدا بڵاوەیان پێ كراوە، بێ هیچ لێپرسینەوە و چاودێرییەك چەندین كاری نایاسایی و خراپ ئەنجام دەدەن و بوونەتە هۆی زیادبوونی حاڵەتی كوشتن و رفاندن و چەكداركردنی كچ و منداڵی ئێزیدی، بۆیە هەرگیز لە دۆخێكی وادا سەقامگیری دروست نابێت و تا دێت زیاتر دۆخی ئاسایشی تەواوی دەڤەرەكە تێك دەچێت. بوونی پەكەكە و هێزە چەكدارەكانی جیاجیای سەر بە حەشدی شەعبی و حەشدی عەشائیری كە چەندین چەكداری بیانی لەناو ڕیزەكانیاندایە شنگالیان كردووەتە شوێنێكی ناسەقامگیر و نائارام و ئایندەی ناوچەكە دیار نییە، تەنانەت هێزە ئەمنییەكانی عێراق و سوپای عێراق و پۆلیسی ناوچەكە هیچ دەسەڵاتێكیان بەسەر ئەم ناوچەیە و كاروكردەوەكانی ئەو هەموو گرووپە چەكدارانەدا نییە، ئەم هێزانە هەریەكەو بەپێی ویست و خواستی خۆی ئیدارەیەكی ناشەرعییان بۆ شنگال داناوە، ئیدارەیەكی ناشەرعی و نایاسایی سەر بە گرووپە چەكدارەكانی پەكەكە و ئیدارەیەكیش سەر بە گرووپە جیاجیاكانی چەكدارەكانی حەشدی شەعبییە، ئەم ئیدارانەش بۆ ئەوە دانەنراون كە شارەكە و دەڤەرەكە ئاوەدان بكەنەوە و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان لەو شارە وێرانەدا دەست پێ بكەنەوە و سەروماڵی هاووڵاتیان بپارێزن، بەڵكو ئیدارەكە تەنیا بۆ هەژموونی دەسەڵات و قۆستنەوەی دۆخەكەیە بۆ بەدەستهێنانی هەندێك سوودی شەخسی و مەرام و مەبەستی دژایەتیكردنی كورد و جێبەجێكردنی ئەجیندەی دەرەكییە. بوونی هێزە چەكدارەكانی پەكەكەو حەشدی شەعبی هۆكاری سەرەكیی نەگەڕانەوەی ئاوارەكانی شنگالە كە تا ئێستا تەنیا لە 20%ی خەڵكی گەڕاونەتەوە ئەوانەش بە تەواوەتی نەگەڕاونەتەوە، بەڵكو بەشێك لە خێزانەكانیان لە ناو ئۆردوگاكانی پارێزگای دهۆكن.
* ئایا لەم بارودۆخەدا دەتوانرێت چی بكرێت بۆ ئەوەی باردۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە؟
- تا هێزی پەكەكە و گرووپە چەكدارەكانی سەر بە حەشدی شەعبی لە ناو شاری شنگال و دەڤەرەكەدا بمێنن و هەتا هێزی پێشمەرگە نەگەڕێنەو،ە ئەو ناوچانە هەرگیز ئاوەدان نابنەوە، ئەوەتا تەنانەت بە هۆی بوونی پەكەكەوە ناو بەناو فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بارەگا و سەربازگەكانی پەكەكە لە شنگال بۆردومان دەكەن و لە ماوەی ساڵێكدا زیاتر لە 20 هاووڵاتی سڤیل بوونەتە قوربانی، ئەم بۆردومان و گورزە ئاسمانییانە بە بیانووی بوونی پەكەكە لە شنگالدا بەردەوامە، باوەڕیش ناكەم شارێك لە ژێر دەسەڵاتی ئەو هەموو گرووپە چەكدارانەدا بێت و خەڵكی بیانی هاتبنە ناو شارەكەوە و شەڕی بەوەكالەت بكەن، ئەو شارە وا بەئاسانی ئاوەدان ببێتەوە و خەڵكەكە بگەڕێنەوە. سەردانە ئیعلامییەكەی كازمی بۆ لای ئاوارەكانی ئێزیدی هیچی بەدوادا نەهات. دەبوایە حكومەتەكەی كازمی بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان كاری بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی شنگال و ئەو ناوچانە بكات و چیتر رێگە نەدات گرووپی چەكداری بیانی تەواوی ئەم ناوچە دەوڵەمەندە بە نەوت و سامانی سرووشتی و كاری بازرگانی لەگەڵ رۆژئاوادا بۆ مەبەست و مەرامی خۆیان بەكار بهێنن.
* تا چەند دەكرێت كێشەكان بە رێگەی دانوستاندن و بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی چارەسەرێكی ئاشتییانەی بۆ بدۆزرێتەوە؟
- پێویستە حكومەتی فیدڕاڵی و شەخسی كازمیی سەرۆك وەزیران لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا پڕۆژەیەكی هاوبەش رابگەیەنن، سەرەتا بۆ دەركردنی ئەو هەموو گرووپە چەكدارەی كە لە شنگالن و بەداخەوە لە بەغدا هەندێك لایەنی سیاسی وایان كردووە حكومەتی ناوەندی مووچە بۆ ئەو هەموو چەكدارە نامۆیە لە شنگال دابین بكات، كە دژی كورد و گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەكە بەكاریان دەهێنن. هەر بۆیە ئەركی هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستانە پڕۆژەیەكی هاوبەش بۆ ئاوەدانكردنەوەی دابڕێژن و پۆلیسی ناوخۆیی و هێزەكانی سەر بە سوپای عێراق بە هەماهەنگی و هاوبەشی لەگەڵ چەند هێزێكی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق ئەركی پارێزگاریكردنی ناوچەكەیان پێ راسپێردرێت. واتا پێكەوە پێشمەرگە و سوپای عێراق ئەركی پاراستنی هاووڵاتیان لەئەستۆ بگرن. ناكرێت حكومەتی ناوەندی ئیدعای ئاوەدانكردنەوە و نەهێشتنی چەك بەدەستی گرووپە چەكدارەكان بكات و دۆخی شنگالیش بەم شێوەیە بمێنێتەوە، من پێم وایە دەستێكی ناحەز لە مەركەز هەیە بە هاندانی دەستی دەرەكی بۆ ئەوەی بارودۆخی ئەم ناوچەیە بەم شێوەیە بمێنێتەوە و كوردی ئێزیدی نەگەڕێنەوە سەر زێدی باوك و باپیرانیان، تاوەكو ئەم ناوچەیە لە رووی مەزهەبییەوە دیموگرافییەتی بگۆڕن.