دكتۆر ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لێژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان : عێراق كێشەی كەمیی داهاتی نییە، بەڵكو كێشەی سیاسی و خراپ بەڕێوەبردنی دارایی گشتی هەیە

دكتۆر ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لێژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان : عێراق كێشەی كەمیی داهاتی نییە، بەڵكو كێشەی سیاسی و خراپ بەڕێوەبردنی دارایی گشتی هەیە
سەرەڕای ئەوەی حكومەتی عێراق قەرزی دەرەكی كردووە، بەڵام بارودۆخی دارایی رووی لە خراپی كردووە، بە رادەیەك دواكەوتنی مووچە و كشانەوەی پڕۆژە یاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی جیاجیای بۆ دەكرێت. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم بابەتە و ناردنی پارەی بەشە مووچەی هەرێمی كوردستان چەند پرسیارێكمان ئاراستەی دكتۆر ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لێژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كرد.
* ئاشكرایە عێراق بە بارودۆخێكی دارایی سەختدا تێپەڕ دەبێت، بە راددەیەك دواكەوتنی مووچەكانیشی لێكەوتەوە، وەكو بڕیاردەری لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بارودۆخی دارایی عێراق چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
- بارودۆخی دارایی حكومەتی عێراق بە راددەیەك رووی لە خراپی كردووە، تەنانەت دوای وەرگرتنی قەرزیش توانای دابینكردنی مووچەكانی لەكاتی خۆیدا نەماوە، هەروەها ئەو پڕۆژە یاسایەی بودجەی گشتی 2021 كە ناردیانە پەرلەمان، تەنیا یەك شەو لای سەرۆكی پەرلەمان بوو و، نەهاتە لێژنەی دارایی، واتە هەر زوو حكومەت بە هۆكارێكی نادیار پڕۆژە یاساكەی گەڕاندەوە. راستە كۆرۆنا و دابەزینی بەهای نەوت لە نیوەی ئەمساڵدا هۆكارێك بوون بۆ ئەو كورتهێنانەی بودجەیە، بەڵام كێشەی عێراق زیاتر سیاسی و خراپ بەڕێوەبردنی داهاتەكەیەتی. ئێستا چاوەڕوان دەكرێت حكومەت داوایەكی دیكە ئاراستەی پەرلەمان بكات، بۆ وەرگرتنی قەرزێكی دیكەی ناوخۆیی و دەرەكی، بەڵام من بەگومانم لەبەر دوو هۆكاری سەرەكی كە رەزامەندی لەسەر ئەم قەرزە بدرێت، ئەو هۆكارانەش بریتین لە: یەكەم: تا ئێستا دیار و روون نییە قەرزی یەكەم كە 15 تریلیۆن دینار بوو، حكومەتەكەی كازمی چۆن و لەچیدا خەرجی كرد، لە كاتێكدا وا پێویست بوو ئەو قەرزە لەگەڵ داهاتی نەوتی و ناوخۆیی واتە داهاتی نانەوتی بەشی مووچەكانی مانگی 6 تاكو مانگی 10 ی بكردایە، كەچی ئەوان دەڵێن پارەكە تەواو بووە، بێ ئەوەی حكومەت روونكردنەوەی ژمێریاریی لە حساباتی كۆتایی پێشكەش بكات، هەر هیچ نەبێت لە 1/1/2020 تاكو مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ. دووەم: فەرامۆشكردنی ئەو پرۆسەی چاكسازییە بوو كە پێش وەرگرتنی قەرزەكە بەڵێنی پێ دابوو، كەچی ئێستا نەك ئەو پرۆسەیە لە رووی پراكتیكییەوە جێبەجێ نەكراوە، بەڵكو تا دێت بارودۆخی داراییەكەشی روون و شەفاف نییە. بەپێی بەدواداچوونەكانی ئێمە لە لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، داهاتی نەوتی و داهاتی ناوخۆیی پێویستە بەشی 80%ی مووچەی مووچەخۆران و پسوولەی خۆراك و دەرمان بكات.


* لەكاتێكدا نرخی نەوتی خاو بەرزبۆتەوە و تا راددەیەكیش بازاڕەكان كرانەوەی بەخۆوە بینیوە، بۆچی ئەم كێشانە چارەسەر ناكرێن؟
- وەك ئاماژەم پێكرد، بارودۆخی دارایی عێراق روون و ئاشكرا نییە، ئەوەتا لەگەڵ ئەوەی داهاتی نەوت نزیكەی 3.5 ملیار و نیو دۆلارە و داهاتی نانەوتیشی نزیكەی نیو ملیار دۆلارە و ئەو قەرزەی وەرگیراوە 15 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام هێشتا حكومەت نزیكەی 3 تریلیۆن دینار كورتهێنانی هەیە، واتە ئەم داهاتە ناڕوون و ناشەفافە، وا پێویست بوو داهاتی ناوخۆ زۆر زیاتر بێت لەم ژمارەیە، بەڵام ئەم ژمارەیەش كەم نییە، واپێویست بوو بە قەرزی یەكەم كورتهێنانەكە پڕ بكرابایەتەوە، هەربۆیە حكومەت ناچار بوو دابەشكردنی مووچە دوابخات، ئەمە لە كاتێكدا دەبوایە بەو بڕە پارەیە مووچەی مانگی تشرینی یەكەمیشی پێ دابین بكردایە، كەچی بەغدا دەڵێت: (ناتوانین بێ قەرزێكی دیكە مووچە بدەین)، ئەمەش بەو واتایە دێت پارەیەكی زۆر دیار نەماوە. واتە ئەم حكومەتەش نەیتوانیوە ئابووریی وڵات لە ئابوورییەكی بەكارهێنەرەوە بگۆڕێت بۆ ئابوورییەكی بەرهەمهێن
* ئەم كورتهێنانی بودجەیە و دروستبوونی گرفتی دارایی لە بەغدا تا چ راددەیەك كاریگەریی خراپی لەسەر رێككەوتنی ناردنی 320 ملیار دینارەكەی هەرێمی كوردستان هەیە؟
- ناردنی ئەو 320 ملیار دینارەی هەرێمی كوردستان لەلایەن عێراقەوە لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی عێراقە، واتا بەغدا هەر كاتێك بتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی خۆی بدات، بە هەمان شێوە ئەو بڕە پارەیە دەنێرێت بۆ هەرێمی كوردستانیش، بەغدا پابەندە بە ناردنی 320 ملیار دینارەكەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تا ئەو كاتەی پڕۆژە یاسای بودجە دەنێردرێتە پەرلەمان و رێككەوتنەكەی نێوان هەرێم و عێراقی لەو پڕۆژە یاسایەدا جێگای بۆ دەكرێتەوە.
* ئایا لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 تا چەند بەغدا ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی تێدا داناوە؟
- هەرچەندە ئەو پڕۆژە یاسایەی بودجەی 2021 نەگەیشتە دەستی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بەڵام لە كەناڵەكانی راگەیاندنەوە هەندێك زانیاری و داتا بڵاوكراوەتەوە، لەوانە خەرجییە گشتییەكان نزیكەی 148 تریلیۆن دینار بوو، كە كرایە 146 تریلیۆن دینار و داهاتەكان نزیكەی 67 تریلیۆن دینار بوو، واتا كورتهێنانی بودجە نزیكەی 81 تریلیۆن دینارە، دواتر ئەم كورتهێنانە بۆ نزیكەی 76 تریلیۆن دینار كەم كراوەتەوە، لەگەڵ ئەم كەمكردنەوەیەش هێشتا كورتهێنان زۆرە و سەرپێچی رێنمایی و راسپاردەكانی داراییە. خۆ ئەگەر ئەو پڕۆژە یاسای بودجەیە جێبەجێ بكرایە، رێككەوتنی هەرێمیشی تێدا بوو، ئەو كاتە 12.67% پشكی هەرێمی كوردستان دیاری دەكرا لەكۆی بودجەی گشتی عێراق و مووچەی هێزەكانی پێشمەرگەش بەجیا لەناو خەرجییە سەروەرییەكاندا جێگیر دەكرا، ئەمەش بەرامبەر ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت لەگەڵ 50%ی داهاتی گومرگ تەسلیمی عێراق بكات.
* ئەی سەبارهت بە پرۆسەی چاكسازییەكەی حكومەتی ههرێمی كوردستان، ئایا ئەگەر ئەو پرۆسەیە وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، دەتوانێت بەسەر قەیرانە داراییەكەی خۆیدا زاڵ بێت؟
- كاتێك بارودۆخی عێراق لە رووی ئابووری و دارایی و سیاسییەوە روون و سەقامگیر نەبێت و بەرەو ئایندەیەكی نادیارو خراپ بڕوات، ئەوا دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان بیر لە رێگاچارەی دیكە بكاتەوە، واتە ناتوانێت پشت بە حكومەتی عێراق ببەستێت، بۆ ئەمەش دەبێت پرۆسەی چاكسازیی حكومەتی ههرێمی كوردستان پرۆسەیەكی گشتگیری هەمە لایەنە بێت و نابێت تەنیا چاكسازی لە مووچە و دەرماڵەكاندا بكرێت، واتە دەبێت چاكسازییەكی گشتی لە رووی دارایی و ئابوورییەوە ئەنجام بدرێت. دەبێت كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كار بۆ زیادكردنی داهاتەكانی بكات و خەرجیی ناپێویست نەمێنێت.
Top