نادر رۆستی وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێم بۆ گوڵان : لەبەرنامەدایە گرنگی بەپەرەپێدانی گەشتیاری لادێ کان بدەین کە رۆڵی لە دۆزینەوەی ھەلی کارو ساخ کردنەوەی بەرھەمەکانیان دەبێت

نادر رۆستی وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێم  بۆ گوڵان :  لەبەرنامەدایە گرنگی بەپەرەپێدانی گەشتیاری لادێ کان بدەین کە رۆڵی لە دۆزینەوەی ھەلی کارو ساخ کردنەوەی بەرھەمەکانیان دەبێت
لەگەڵ ھاتنی گروپە گەشتیارەکان بۆ ھەردوو پارێزگای ھەولێر و سلێمانی و دەنگۆی دەستپێکردنی گەشتە گەشتوگوزارییەکان بۆ پارێزگای دھۆک ؛ کەرتی گەشتیاریی بوژانەوەیەکی بەخۆوە بینی ئەمەش کاریگەریی لەسەر گەشەی کەرتێکی گرنگی ئابووری ھەبوو کە کاریگەریی لەسەر بازاڕ و کاسبکاران دەبێت، لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ گوڵان نادر رۆستی وتەبێژی دەستەی گەشتوگازاری ھەرێم باسی لە گرنگی کردنەوەی دەرگا لەبەردەم گروپە گەشتیارەکان کردوو ئاماژەی بەکۆمەڵێک کاروچالاکی گرنگ کرد کە لەرۆژانی داھاتوودا لەھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.
نادر رۆستی وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێم : دوای ئەوەی کەرتی گەشتیاری لەجیھان و ھەرێمی کوردستان بەھۆی کۆرۆناوە زیانی گەورەی بەرکەوت، لەئێستادا شوێنە گەشتیارەکان کراوەتەوەو رۆژ لەدوای رۆژ بارودۆخەکە روو لەباشی دەکات ، سەرجەم شوێنەگەشتیارەکانی ھەردوو پارێزگای ھەولێر و دھۆک واڵا کراوە لەبەردەم گروپە گەشتیارییەکان و بڕیاریشە بەمنزیکانە گروپە گەشتیارییەکان رێگایان پێ بدرێت روو لە پارێزگای دھۆکیش بکەن. واڵابوونی شوێنە گەشتیارییەکان لەبەردەم گەشتیاران دا لەپێناو باشکردنی باروبژێوی ژیانی ھاوڵاتیان و بەدەستھێنانی ھەلی کار لە ھوتێل و میوانخانەو ریستۆرانت و شوێنە گەشتیارییەکان بوو، چونکە کەرتی گەشتوگوزاریی تەنیا سوودی بۆ شوێنە گەشتیارییەکان نییە بەڵکو جوڵەیەکی باش دەخاتە ناو بازاڕ و کاروکاسبی جوڵەی تێ دەکەوێت ، ھەربۆیە حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام لە رێگای خۆپارێزی و پابەندبوون بەرێنماییەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا کەرتی گەشتوگوزاریی واڵا کردوو رێگای بەھاتنی گروپە گەشتیارییەکان دا ، ئەمەش لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی پێکراوە بەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان نابێت تەنیا پشت بەداھاتی نەوتی خاو ببەستێت بەڵکو دەبێت ھەنگاو بەرەو ھەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داھات بەتایبەتی لەکەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازیی و گەشتیاری بنێت، لەئێستاشدا رۆژانە ٣ تاکو ٥ ھەزار گەشتیار روو لەھەرێمی کوردستان دەکەن، ھەرچەندە ئەم ژمارەیە پێش ھاتنی کۆرۆنا رۆژانە بەتکڕا ژمارەی گەشتیاران دەگەیشتە ٨ ھەزار گەشتیار.

سەبارەت بەبەرنامەی پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار لەھەرێمی کوردستاندا نادر رۆستی وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان وتی: دەستەی گەشتیاری ھەرێمی کوردستان سەرقاڵی جێبەجێکردنی پلانەکانی بۆ ٢٠٢٠ ە کەبەھۆی کۆرۆنا وە پەکی کەوت و کۆمەڵێک کاروچالاکی تێدا بوو لەوانە پەرەپێدانی گەشتوگوزاری لادێ یە بۆ ئەوەی ھەوڵ بدەین ناوچە دوورە دەستەکان و ئەو لادێیانەی زۆر گونجاون بۆ گەشتیاران گەشتیارەکان رووی تێبکەن و ببێتە ھۆی دۆزینەوەی ھەلی کارو بەرھەمە کشتوکاڵیەکان ساخ بکرێنەوە ، ئێمە ئەزموونمان لەم بارەیەوە ھەیە رۆڵێکی گەورەی گێڕاوە بۆ بوژانەوەی گوندەکانمان و رێگرتن لەکۆچکردنی گوندنشینەکان بۆ شارەکان. لەلایەکی دیکەوە کار لەسەر سەرجەم جۆرەکانی گەشتوگوزاریی تەندروستی و ئاینی و کۆنفرانس و کۆنگرە و رۆشنبیریی و نیشتمانی و نەتەوەیی ھونەری دەکەین ، لەمەش گرنگتر خۆمان بۆ گەشتوگوزاریی شاخەوانی و زستانە دەکەین کە لەم بوارەدا ھەنگاوی باش نراوە لەلایەن کەرتی تایبەت و تا ئێستا زیاتر لە ١٠ فیستیڤاڵی زستانە کراوەو ھەوڵ دەدەین لەم ساڵدا گرنگی پێ بدەین.
وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێم سەبارە بە قەیرانی دارایی و کاریگەریی لەسەر جێبەجێکردنی پلانەکانیان وتی: کۆرۆنا و دابەزینی بەھای نەوت و قەیرانی دارایی زیانی گەورەی بەکەرتی گەشتوگوزار گەیاندووە بەڵام لە ئێستادا رەوشەکە ووردە ووردە روو لەئاسایی دەکاتەوەو لەرێگەی جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەکان لەھەوڵی ئەوەداین رێگە نەدەین شوێنە گەشتیارییەکان ببێتە ھۆکارێک بۆ گواستنەوەی پەتاکە ئەمەش بەبەکارھێنانی ماسک و پابەندبوون بە رێنماییەکان، لەلایەکی دیکەوە دەستەکەمان لەرێگەی ھاندانی کەرتی تایبەتەوە لەھەوڵی پڕکردنەوەی ئەو کەلێنەن کە بەھۆی قەیرانی داراییەوە نەتوانراوە پلانەکانمان جێبەجێ بکەین و چونکە لەکارنامەی کابینەکەدایە و لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پاڵپشتی تەواویی دەکرێت.
Top