گوڵیزار رەشید سندی جێگری لێژنەی سامانه‌ سرووشتیيەكان و پیشەسازی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ گوڵان: دەبێت پرۆسەی تەندەرین بۆ گواستنەوەی نەوت و غاز بەپێی یاسا و لە ژێر چاودێريی دیوانی چاودێريی دا

گوڵیزار رەشید سندی جێگری لێژنەی سامانه‌ سرووشتیيەكان و پیشەسازی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ گوڵان:  دەبێت پرۆسەی تەندەرین بۆ گواستنەوەی نەوت و غاز بەپێی یاسا و لە ژێر چاودێريی دیوانی چاودێريی دا
سامانە سرووشتیيەكان و كارەبا، دوو سێكتەری گرنگی بواری وزەن؛ هەنگاوەكانی چاكسازیی حكومەت ئەم دوو سێكتەرەشی گرتەوە و لێژنەی سامانە سرووشتیيەكان لە پەرلەمانی كوردستان سەرقاڵی بەدواداچوون و چاودێریی كەموكوڕییەكانی ئەم بوارە گرنگەیە؛ بۆ قسەكردن لەسەر ئەم بابەتە پەرلەمانتار گوڵیزاری رەشید سندی جێگری سەرۆكی لێژنەی سامانە سرووشتیيەكان و پیشەسازی لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ گوڵان، باسی هەنگاوەكانی چاكسازی و بەدواداچوونی لێژنەكەیان ده‌كات.ئا : شەماڵ نوری
گوڵیزاری رەشید سندی جێگری سەرۆكی لێژنەی سامانە سرووشتیيەكان و پیشەسازی لە پەرلەمانی كوردستان، له‌ لێدوانێكيدا بۆ گۆڤارى گوڵان سه‌ره‌تا باسى رەخنە و تێبینیيەكانیان لەسەر دۆسێی نەوت ده‌كات و ده‌ڵێت: "ئێمە وەكو فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، پاڵپشتيیەكی تەواوی پرۆژەی چاكسازیی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین و، بەردەوامیش چاودێری و بەدواداچوونی وردی دۆسێكانی نەوت و خاڵە سنوورییەكان دەكەین. بە شێوەیەكی گشتی پارتی دیموكراتی كوردستان و كابینەی نۆیەمی حكومەت و فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، پێداگرى له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ چاكسازی پرۆسەیەكی گشتگیرو بەردەوامە لە سەر هەموو بوار و سێكتەرەكان، بەتایبەتی لە بواری نەوت و كۆمپانیاكان و وردەكارییەكانی ئەم بوارەوە، لەم روانگەیەوە بە وردی بەدواداچوون لەسەر ئەو دۆسێ و بابەتانە دەكەین، كە بۆتە هۆی بەفیڕۆدانی سامانی گشتی و داهاتی هەرێم، بێگومان گرێبەستەكانی تایبەت بە سامانی نەوت و دەرهێنان و ناردنە دەرەوە و فرۆشتنەوەی نەوت و گازی سرووشتی و سووتەمەنی بەگشتی، بابەتێكی هەستیارن و به‌ جددى بەدواداچوونيان بۆ ده‌كه‌ين. بۆ نموونە لە هەفتەی رابردوودا بەدواداچوونمان كرد بۆ مەسەلەی گواستنەوەی بەرهەمی سووتەمەنی لە گێڵگەی كۆرمۆرەوە بۆ وێستگەی خۆرمەڵە كە دراوە بە کۆمپانیایەک بە ١٩.٤٥ دۆلار بۆ گواستنەوەی ھەر تەنێک. دوای ئەوەی فەرمانی وەزاری بۆ دەرچووە، ئێستا ھەوڵێک ھەیە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەم فه‌رمانە، بۆ ئەوەی بدرێت بە کۆمپانیایەکی دیکە بۆ گواستنەوەی ھەر تەنێک ٢٣ دۆلار وەربگرێت، بەمەش چوار ملیۆن دۆلار زیان بە داھاتی گشتی دەگات. بۆیە دواکار بووین لە سەرۆکی حکومەت و لێژنەی باڵای نەوت و گاز لە کوردستان، ڕێگری لەم بەھەدەردانە بکەن و ھەوڵ بدرێت، لە رێگای تەندەر و زیادکردنی ئاشکراوه‌ ئەو رێکارانە بگیرێتەبەر، نەک قۆرخکاری بكرێت. پێویستە سەرۆکایەتيی حکومەتيش رێگربن لە ھەر بڕیارێک، کە زیانگەیاندنە بە داھاتی وڵات. "
ئەمە و سەبارەت بە تەندەرو زیادكردنی ئاشكرا، جێگری سەرۆكی لێژنەی سامانە سرووشتیيەكان لەپەرلەمانی كوردستان، راى وابوو؛ "پرۆسەی تەندەرین بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو و غاز و بەرهەمە نەوتییەكانی دیكە و هەر پرۆسەیەكی دیكەی نەوتی، پێویستە بەپێی یاسا و بەركارەكان كۆی ئەم پرۆسانە بە شێوەی تەندەرو كێبڕكێی راستەقینە بێت و لە ژێر چاودێری دیوانی چاودێريی داراییدا بێت"، جه‌ختى له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ "خەرجيیەكانی پرۆژەكانی نەوت زۆر زۆرە و دەكرێت، چاوخشاندنەوەی پێدا بكرێت و، دەبێت خەرجيیەكان كەم بكرێتەوە. " گوتيشى: "ناكرێت ئێمە لە كاتێكدا خاوەنی هێزێكی باشی پێشمەرگەین، كەچی زۆر لە كێڵگە و پرۆژەكانی نەوت لەلایەن كۆمپانیاكانی ئەمنییەوە بە پارەیەكی زۆر بپارێزدرێن، كه‌ به‌وه‌ش پارەیەكی زۆر بۆ ئەو كۆمپانیيانەی پاراستنی كێڵگە و پرۆژە نەوتیيەكان بەهەدەر دەدرێت، یان ئەندازیار و كارمەند هەیە، مووچەكەی لەو سێكتەرانە ئەوەندە زۆرە، هێندەی بەرهەم و كارەكەی نییە، بە شێوەیەكی گشتی لێژنەی سامانە سرووشتیيەكان لە پەرلەمانی كوردستان پاڵپشتی حكومەت دەكات، لە هەنگاونان بەرەو چاكسازی لەكەرتی نەوت و گاز و كارەبا، بەتایبەتی كە ئێمە لە عێراق و كوردستان 90%ی داهاتمان لەم دوو كەرتەوە دەست دەكەوێت، هەربۆیە چۆن چاكسازی لە خەرجیيەكان دەستی پێكردووە، بەهەمان شێوەش پاڵپشتیى چاكسازییەكانی حكومەت دەكەین لەم سێكتەرە گرنگ و هەستیارە. "
Top