سەڵاح بەدرەدین : گرووپە چەکدارەکانی( کرێکارانی کوردستان) ھەڵگری کلتوورێکی وێرانکەرن بۆ ناوچەکە
September 20, 2020
دیمانەی تایبەت
سەڵاح بەدەردین سیاسەتمەدارێکی بەرھەڵستکاری کوردی سوریایە، میوانی (سەنتەری حەرموون بۆ توێژینەوەی سەردەم)- ە، لەم دیمانەیەدا باسمان لە دوا پێشھاتەکانی گۆڕەپانی ئێستای سیاسیی کوردی سوریا و تێڕوانینی لەھەمبەر ئەو پێشھاتانە کرد، ھەروەھا ئەو ڕووداوە نیشتمانی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتییانەی پێشتر کە مێژووی تازەو ھاوچەرخی ناوچەکەی نەخشاندووە، ھاوکات وێنەی جوگرافییەکەی لە سایەی داگیرکارییە جیاجیاکانی سەربازی، وێڕای گفتوگۆکردن لەسەر چەندین دۆسیێی سیاسی و فیکر کە ڕای گشتیی سوریاو کوردی پێوە خەریک کراوە.دیمانە: غەسان ناسر
و: بەھادین جەلال مستەفا
- بەشی سێیەم -
* یەکێک بوون لەوانەی رازی نەبوون واژۆ لەسەر بەیاننامەی ( کەسایەتی و پێکھاتە سوورییەکان لە ناوچەی ڕۆژھەڵات) بکەن، تایبەت بە تێکگەیشتنی حزبە کوردییەکان بۆ ئاییندەی دوورگەی سووری(٧ی حوزەیرانی ڕابردوو) ھۆیەکان چین؟ پێشریش ڕاتان بەرانبەر ئەو تێکگەیشتنانە چییە؟
- پێشتر ڕای خۆم لەسەر ڕێکەوتن و تێگەیشتنەکانی نێوان ھەردوو لایەنی جەمسەری حزبی لە گۆڕەپانی کوردی ڕوون کردەوە، ئەوانە دەربارەی کاروباری ناوچەگەرییە لاوەکییەکان بوون، نەک کێشەی نیشتمانیی گشتی، دەربارەی جوگرافیای تایبەت بە ھەژموونی ئەمریکا، بەیاننامەی ( کەسایەتی و پێکھاتە سوورییەکان لە ناوچەی ڕۆژھەڵات) وەک ئەوانی پێشتر بوو، ئەوان زیاتر تێکیان داو چارەسەری دروستی نیشتمانیان بۆ نەبوو، بەڵکو بە عەقڵی پەڕگیریی ناوچەگەری بوو.
* خوێندنەوەتان بۆ ڕووداوەکانی ئێستای گوندو شارەکانی باکووری ڕۆژھەڵاتی سووریا چییە، لە سایەی بوونی سەربازیی ئەمریکی- تورکی - ڕووسی؟ چارەنووسی ئەم ھێزانە لە ئاییندەدا چۆن دەبێت؟
- ئەوەی ڕوودەدات زنجیرە نواندنەکەی ھونەرمەند دورێد لەحام- مان بیر دەخاتەوە«حارە کل من إیدو إلو»، لە ڕاستیدا ڕووداوگەلی گرنگ نین، بەڵکو پێکدادانە، لەنێوان دەوریەکانی داگیرکار لە شوێن و سەرەڕێگاکان، ھەموو کۆکن لەسەر دابەشبوونی ناوچەکانی ھەژموون، سنوورەکانی لەلایەن سەرچاوەو و سەنتەری بڕیاری ھەمووان نەخشەکێشراوە، ئەوان جرت و فڕیانە لەبەردەم ھاووڵاتیانمان بە ئامێرە تازەکانیان و جلە بریقدارەکانیان، ھەروەھا بەو چەکانەی کە دژی لاوانمان بەکاریان دێنن، ڕۆژێک گوێتان لێ بووە نەخۆشخانەیەک یان قوتابخانەیەک یان زانکۆیەکیان بنیادنابێت، یان ئاویان بۆ تینووان دابین کردبێت، یان یارمەتیان بۆ خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا پێشکەش کردبێت، دەبێ ھەموو داگیرکاران و بەکرێگیراوان وڵاتمان بەجێ بھێڵن.
* کەموکوڕیی پەیوەندییەکانی نێوان کوردانی سووریا لەلایەک و نێوان ھێزەکانی شۆڕش و ئۆپۆزسیۆنی سووریا لە لایەکی دیکەوە لە کوێدایە؟ پەیوەندیتان لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد لەم قۆناغەدا چییە؟
- بە داخەوە وامان لێ ھاتووە گومان لە دەستەواژەی(ھێزەکانی شۆڕش و ئۆپۆزسیۆن) بکەین، ئەوان دەمێکە شۆڕشیان لەناوبردووە، ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕی لە بەھاری ٢٠١١ لەلایەن بزاوتی نیشتمانی و ھەماھەنگییەکانی لاوان دەستی پێکرد، ئاشتییانە بوو بەوپەڕی دلێری و پاکی و ڕاستگۆیی، دوای ئەوەی چەند پێکھاتەیەکی سوپای ڕژێم پەیوەندییان کرد و لە ڕژێمی ئەسەد جیابوونەوە، مەرجەکانی ڕاپەڕین بۆ گواستنەوە بۆ قۆناغی شۆڕشی بەرگری و داکۆکی لە خۆمان بەرانبەر تاوانەکانی ڕژێم تەواوبوون، بەڵام ئەوەندەی نەبرد گرووپگەلێکی ئیسلامی سیاسی بە پاڵپشتی ھەندێ لە ڕژێمە عەرەبییە فەرمییەکان دزیان کردە ناویەوە، بۆیە گۆڕا بۆ ھێنانەکایەی ئەجێندای ئەو ڕژێم و لایەنانە، ھەموویان تا ئێستاش دژی داخوازییەکانی گەلن، لە سەرکەوتن بەسەر ڕژێمی ستەمکار.
کۆنتڕۆڵکردنی کایەکانی شۆڕش و ئۆپۆزسیۆن لەلایەن ئیسلامی سیاسی لەوەتەی پێکھێنانی (ئەنجومەنی نیشتمانی) کردەوەیەکی دژ بە ڕاستیی کۆمەڵگای سووریا بوو لە فرە نەتەوەو ئایین و ئایینزاکان، ئەمەش وەک پاڵپشتییەکی ناڕاستەوخۆی ڕژێم بوو، پێشێلکردنی تایبەتمەندیی سوورییەکان بوو، شکست بوو لە کارو ھەڵبژاردنی نوێنەرانی پێکھاتەکان، کە یەکێکی کوردیان دادەناو پەیوەندیی نەبوو بە بزاڤی نیشتمانیی کوردییەوە، تەنانەت مێژووی خەباتی ئەو کەسە، بەم شێوەیە ھانی مەیلخوازەکانی گەندەڵ وھەلپەرستییان دا، بۆیە شەپۆلێکی تازەی ھاوردان ھات لە ناو ڕژێمەوە لە بەرپرسان و ئیداری و ئەمن و حزبی بۆ ناو (الائتلاف الوگنی لقوی الپورە والمعارچە السوریە)، نیشتمانپەروەرانی بێ لایەنی کورد، بەشدارییان دەکرد لە بەرژەوەندیی شۆڕش لەلایەن ھەدوو ئەنجومەنی سووری و کوردی، منیش وەک بێ لایەن لەگەڵ سی کورد لە کۆنگرەی ئەنتاڵیادا کرد، ( ئەنجومەنی کوردی) بە ویستی دەرەکی و ڕەزامەندیی ڕژێمی ئەسەد دامەزرا، لە کۆنگرەی دامەزراندن لە قامیشلی بڕیاردرا بێ لایەن، لەسەر خواستی ڕژێم و لایەنی سەرپەرشتکار جەلال تاڵەبانی کە ھەماھەنگی کرد لەگەڵ لیوا محەمەد ناسیف، پارەی خەرج کرد بۆ کۆنگرەکە لە ڕێی پارتی ڕاست و سەرۆکەکەی حەمید دەروێش کە بەوە ناسرابوو پەیوەندیی لەگەڵ ڕژێمدا ھەبوو، دەبوو وەک بڕیار وا بوو بەشداری بکات لە کۆنگرەی حزبی PYD) – بەڵام لە دوا ساتدا شتێکی دی ھاتە ئاراوەو بەشداریی نەکرد، لە پرسی پەیوەندیی کوردو عەرەب و چارەسەرکردنی کێشەی کوردیی سووریان سێ مەرج پێویستە ھەبن، یەکەمیان کۆدەنگیی نیشتمانی کوردی، دووەمیان سازانی کورد و عەرەبی، سێیەمیان سستەمێکی دیموکراسی، ئەو سێ مەرجە ئێستا نین، پێویستە کوردو عەرەب کار بۆ دابینکردنیان بکەن.
* بە ڕای ئێوە، چن دەگەنە چارەسەرێکی سیاسی کە لەگەڵ بڕیارە نێودەوڵەتییەکاندا بگونجێت، ھەڵ لە بەیاننامەی ژنێڤ و ھەردوو بڕیاری ٢١١٨و ٢٢٥٤، چارەسەری سەربازیش تاکە بژاردەی ڕژێمە کە لەلایەن ھێزەکانی ڕووسیاو ئێران و میلیشیا تیرۆریستییەکانی شیعەوە پاڵپشتی دەکرێت؟
- ئەگەر چارەسەری سیاسی کرا یان سەپێندرا، ئەوا ئامانجەکانی شۆڕش نایەنێتە دی، تەنانەت داخوازیی سوورییەکان، چونکە ھاوسەنگیی ھێز لاربۆتەوە بە ئاراستەی بەرژەوەندیی سەربازی و سیاسی و نێودەوڵەتی و ئیقلیمیی ڕژێم، بە تایبەتیش کە شۆڕش لەباری بردووە، ئێستا ھیچ ئۆپۆزسیۆنێکی یەکگرتوو و پڕۆژەی بەرنامەیەکی ڕوون لە ئارادا نییە، لەوەش مەترسیدارتر دەستەواژەی ( ھاوڕێیانی گەلی سووریا) وەھمێک بوو، ئەو ھەموو ھاوڕێیانە ڕۆژێک لەگەڵ شۆڕش نەبوون، دەیڵێمەوە پێویستە نیشتمانپەروەرانی سووریا لە ھەموو پێکھاتەکان کە بڕوایان بە پرەنسیپە ستەملێکراوەکانی شۆڕش ھێناوە، بگەڕێنەوە خاڵی سەرەتا لە پێناو بنیاتنانەوەی بزاڤی نیشتمانیی سووریا، ھەڵبژاردنی ئەنجومەنێکێی سەرکردایەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەڵنگارییەکانی ئاشتی و بەرگری.
* ھەندێک پێیان وایە کە بەشداریکردنی ئۆپۆزسیۆنی نیشتمانیی سووریا بە (لیژنەی دەستووری) تەنیا پەکخستنی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە تایبەت بە سووریا و لە ڕێ لادانیەتی، چونکە ئەنجومەنی ئاسایش لە بەیاننامەی ژنێڤ ھەنگاوەکانی چارەسەری دیاری کردوو، کۆمێنتنان چییە؟
- پێم وایە ڕێڕەوی (لیژنەی دەستووری) درێژکراوەی بڕیارە نێودەوڵەتییەکانە، چونکە بڕیارەکانی ژنێڤ و ڤیەنناو بڕیارەکانی دیکەی نێودەوڵەتی ڕۆژێک ڕووخانی ڕژێمی ستەمکاری لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵکو داننان بووە بە شەرعیییەتی نێودەوڵەتی ئەو ڕژێمە، تەنیا پینەکردن بووە، لەگەڵ جوانکردنی ڕووی ناشیرینی ڕژێم.
* دوای ئەو ھەموو ژانە، ئایا زەمینەیەکی ھاوبەش ھەیە لەنێوان ھەموو ھێزەکانی شۆڕش و ئۆپۆزسیۆن و حزبە سیاسییەکانی سووریا بە جیاوازیی ڕەوتەکانی نەتەوەیی و ئیسلامی و چەپ؟
- بەڵێ دەکرێت، لەپێناو ئەوەی ھەر لایەنێک یان ڕەوت پێشتر لەسەر ڕەوتی ئیسلامی سیاسی لابدات، یان ئەوانەی لە گرووپ و نەتەوەخوازو چەپەکانی لەگەڵیدا بوو، کە بە قووڵیدا بەخۆدا بچنەوە و ڕەخنە بگرن لەو ھەڵانەی کە دەرحەق شۆڕش و ئۆپۆزسیۆن ئەنجامیان داوە، دواتر ھەمووان گرێدانی کۆنگرەی سووری پەسندبکەن و ملکەچی بڕیارەکانی بن، ئەو کاتە ئاشتبوونەوەو بەشداری کردن دێتە ئاراوە.
* ھەڵوێستانی بەرامبەر (یاسای قەیسەر) چییە، ھەڵسەنگاندتان بۆ ئاسەوارە لاوەکییەکانی بە جێبەجێ کردنی بەسەر سوورییەکان لە ناوەوە، بە تایبەتیش لە ناوچەکانی خۆسەردا ؟
- یاسای قەیسەر، وەک لێی تێبگەم، بە ھیممەتی نیشتمانپەروەرانی سووریاو بە پاڵپشتیی دامەزراوە یاساییەکانی ئەمریکا دەرچووە، لەپێناو خستنەسەری زیاتری گەمارۆ بەسەر ڕژێمی ئەسەد، ئەگەر بە ھەموو بەندەکانی جێبەجێ بکرێت لەم قۆناغەدا شتێکی باشە، بە گشتی لەو ناوچانەی سەر بە ڕژێمن وەک (ناوچەی خۆسەر) جێبەجێ ناکرێت، کە گرێبەست و ڕێککەوتنیان لەگەڵ ڕژێم ھەیە کە نەوتی(رمێلان)ی لە جەزیرە پێ بدەن، ھەروەھا دانەوێڵە، پێش پیادەکردنی ئەم یاسایە.
* دواجار، شێوەی ئەو دەوڵەتە چۆنە کە پێت وایە گونجاو و باشە بۆ سووریای ئاییندە، دوای چەندین دەیە لە پەراوێزخستن و فەرامۆشکردن کە بووە ھۆی سڕینەوەی ناسنامەی نیشتمانیی سووریا؟
- من شێوەی دەوڵەتێکی ئاییندەی دیموکراسی و فرەیی و ھاوبەش و لامەرکەزی و عەلمانی دەبینم، کە دروشمی شۆڕشە، بە تایبەتی لەسەر بناغەی سازانی نیشتمانیی نێوان پێکھاتە نەتەوەییەکانی سووریا، ھەروەھا ئایینی و مەزھەبی بنیادبنرێت، چارەسەری ھەموو کێشەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی بکات، ھەروەھا کێشەی کورد، بە داننان بە بوونی کورد بەو پێیەی گەلێکی ڕەسەنی نیشتەجێن، شایانی ئەوەیە چارەنووسی سیاسی و ئیداری خۆی لە چوارچێوەی دەوڵەتی یەکگرتووی سووریا بڕیاربدات، بە شێوازێکی گونجاو و بە زەمانەتی دەستووری نوێ.