سەڵاح بەدرەدین : گرووپە چەکدارەکانی( کرێکارانی کوردستان) ھەڵگری کلتوورێکی وێرانکەرن بۆ ناوچەکە

سەڵاح بەدرەدین : گرووپە چەکدارەکانی( کرێکارانی کوردستان) ھەڵگری کلتوورێکی وێرانکەرن بۆ ناوچەکە
سەڵاح بەدرەدین سیاسەتمەدارێکی بەرھەڵستکاری کوردی سوریایە، میوانی (سەنتەری حەرموون بۆ توێژینەوەی سەردەم)- ە، لەم دیمانەیەدا باسمان لە دوا پێشھاتەکانی گۆڕەپانی ئێستای سیاسیی کوردی سوریا و تێڕوانینی لەھەمبەر ئەو پێشھاتانە کرد، ھەروەھا ئەو ڕووداوە نیشتمانی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتییانەی پێشتر کە مێژووی تازەو ھاوچەرخی ناوچەکەی نەخشاندووە، ھاوکات وێنەی جوگرافییەکەی لە سایەی داگیرکارییە جیاجیاکانی سەربازی، وێڕای گفتوگۆکردن لەسەر چەندین دۆسیێی سیاسی و فیکر کە ڕای گشتیی سوریاو کوردی پێوە خەریک کراوە.
دیمانە: غەسان ناسر

و: بەھادین جەلال مستەفا



بەشی دووەم

* لە دەست نیشان کردنی قەیرانی بزاڤی کوردیی سووریا، کە لە ھەڵکشاندایە و بەرەو دابەشبوونی زیاتر دەچێت، ھەروەھا لابردنی ڕۆڵی ناوخۆو نیشتمانی و کوردستانیی کورد، ھەروەھا ڕەوشی ئەوان لە پەراوێزی قۆناغی داھاتووی شایستەکانیان، دەلینن کە چارەسەر لە کوردستانی عێراقە، لەوێش سەرکردایەتیش ڕۆڵی جوداخوازی دەبینێت لە چارەنووسی بزاڤەکەدا. دەتوانیت زیاترمان بۆ باس بکەیت؟
بەڵێ ھەروەک گوتم، چەندین دەیەیە پەیوەندیی تایبەت لەنێوان بزاڤی کوردیی سووریا و ھاوشێوە کوردییە عێراقییەکە ھەیە، ڕێزی تایبەت ھەیە بە لای ئێمەوە بۆ سونبل پێشەوای کۆچکردوو مستەفا بارزانی، کوردانی سووریا لەوتەی شۆڕشی ئەیلوولی ١٩٦١ بەشدارییان لە بەرگری کردن لە ھەرێم کردووە بە خۆبەخسیی زۆریان لەنێو ھێزەکانی پێشمەرگەدا، ھەروەھا بەڵگەی مێژوویی ھەیە لە ڕۆڵی ھاوکاریکردنی برایان بۆ چاکسازیی نێوان ڕەوتە سیاسییەکانی کوردیی سووریا، وەک لە ساڵی ١٩٧٠ ڕوویدا کاتێک بارزانی ھەوڵی دا ھەردوو باڵی بزاڤی کوردیی سووریا، چەپ و ڕاست، یەکبخات.
لەوەتەی بەرپابوونی شۆڕشی سووریا ئەم ھەوڵانە دووبارە بوونەوە، سەرۆک مسعود بارزانی سەرپەرشتیی ( ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی) کرد لە ھەولێر، ھەروەھا ھەوڵی دا ناوبژی بکات لەنێوان ئەم ئەنجومەنەو (PKK)، ھەروەھا سەرپەرشتیی چەند ڕێکەوتنێکی نێوانیانی کرد، لە ھەولێرو دھۆک، بەڵام جێبەجێ نەکرا، ڕەنگە ڕاو تێبینیی دیکەمان ھەبێت، بەڵام چەندین جار بە زارەکی و بە نووسین پێمان گوتوون، خۆم قسەم لەگەڵ سەرۆک مسعود بارزانی کردووە کە تاکە ڕێگا ئەوەیە پشتیوانیی لە بیرۆکەی بەستنی کۆنگرەی سەرتاسەریی کوردیی سووریا بکرێت لە ھەولێر، لەبەر ئەوەی ئەمن و سەقامگیریی ھەیە و ئاسانە ئامادەی بن، بەڵام، بە داخەوەو تا ئێستا ھەڵوێستی فەرمییان دەربارەی داخوازییەکەمان نەبووە.
* دوا پێشھاتەکان چین لە ڕووی پەیوەندییەکانی کوردی سووریا بە ھەرێمی کوردستانی عێراقەوە، لە سایەی زیادبوونی داخوازییەکانی دەستەبژێریی کوردیی سووریا تا میللی، بە سەربەخۆییەکی زیاتری بزاڤی کوردیی سووریا؟ ئایا ئێوە لەگەڵ دابەشبوونی یەکێتیی جوگرافیای نیشتمانیی سووریادان کە بە ھۆی شەڕەوە پارچەپارچە بووە؟
باسم کرد کێشەمان لەگەڵ برایانمان لە ھەرێمی کوردستانی عێراق نییە سەبارەت بە سەربەخۆیی، ئەوان ھێزی سەربازییان نەناردووە بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەکانمان و گوێڕایەڵکردنی خەڵک بە زەبری چەک و توندوتیژی شێوەی (PKK)، ڕۆژێک نەیانگوتووە پاشکۆیان بین لە ڕووی سیاسییەوە، سۆزێکی گشتیی نەتەوەیی ھەیە، ھەست و خۆشەویستی بۆ سەرکردەی کۆچکردوو مستەفا بارزانی وەک سونبلێکی نەتەوەیی ڕێزی لێ دەگیرێت، ڕێزیشمان بۆ ڕۆڵەکانی و حزبەکەی ھەیە، لە ڕووی سیاسییەوە ھەموو ھاونیشتمانییەکی کوردی سووریا ڕێبازی برایان لە ھەرێم بە تایبەتیش ئەو حزبەی کە کاک مسعود سەرۆکییەتی دەکات وەک گوزارشتێک لە گیانی ڕاستەقینەی نیشتمانی و میانڕەوی و مامەڵەکردنی دیموکراتی دەزانن، بەڵێ، ھەندێ گروپ یان حزب یان تاقمێک لە کوردانی سووریا درێژدادڕی لە ھەست و لایەنگرییاندا دەکەن، بەڵام ئەمە شەپۆلی کاتییە و بەدوای بەرژەوەندیی تایبەتیدا دەگەڕێن، وێڕای ئەم ڕاستییەش لە میانی ڕێڕەوی ژیانی سیاسیدا ھەڵە لای ھەموو لایەنێک ڕوودەدات، ئێمەش لە وردەکارییەکاندا لەگەڵ براکانمان سەبارەت بە ڕەوشی کوردانی سووریا و باشترین ڕێگای یەکێتیی بزاڤەکەمان جیاوازین، بۆیە بە ڕاشکاوی سەرنج و قەناعەتی خۆمان لە ھەموو قۆناغێکدا دەردەخەین، بە تایبەتیش ئێستا تایبەت بە بەستنی کۆنگرەی کوردیی سووریا.
* بەشی سێیەمی یادوەرییەکەتان کە لە ساڵی ٢٠١٨ دەرچوو، باس لە ڕووداوەکانی قۆناغی ھەڵگیرسانی شۆڕشی سووریا دەکات، ھەروەھا پەیدابوونی دەسەڵاتی گرووپە حزبییەکانی سەر بە (PKK)، کە ھەڵوێستی ڕەخنەگرانەتان بەرامبەریان ھەیە، ئایا بۆمان ڕوون دەکەیتەوە؟ پەیامتان بۆ سەرکردەکانی چییە تا خۆیان ڕاست بکەنەوە؟
- دیارە بەپێی دەرھاویشتەکان، ڕژێمی ئەسەد لە سەرەتای سەرھەڵدانی شۆڕشەکانی بەھارەوە، ھەستی بە ڕوودانی شتێک دەکرد، بۆیە ڕێکاری خۆی گرتەبەر، چونکە شۆڕشەکانی بەھار سەرتاپاگیر بوو بۆ ھەموو وڵاتانی ناوچەکە، مۆرکە میللییەکەشی سنووری ئیقلیمی تێدەپەڕاند، کاریگەریی ھەبوو بۆسەر سیاسەتی نێودەوڵەتی و بەرژەوەندییەکانی گەورەو بچووک، لەبەر ئەوەی ڕژێمی وڵاتمان بەشێکە لە تەوەری دیماگۆجییەت، بۆیە پەنای بردە بەر دۆستە ئێرانییەکانی و میلیشیاکانی چەکداری مەزھەبی، بە تایبەتیش حزبوڵای لوبنانی، لەگەڵ سەرۆکی پێشووتری عێراق جەلال تاڵەبانی، کە میانگیریی کرد لەنێوان ئەوو(PKK) لە قەندیل، بۆیە گرووپگەلێکی ئەو حزبە چەکدارە لە شەقامەکانی قامشلی و کۆبانێ و ئەفرین پەیدابوون، کرداری ڕادەست کردن و وەرگرتن ئەنجام درا، بە بڕیاری ئیقلیمی و نێو دەوڵەتی، ئەو گرووپانە بەشێک نەبوون لە بزاڤی کوردیی سووریا، بەڵکو کلتوورێکی وێرانکەریان پێ بوو بۆ ھەموو نەریتەکانی بزاڤەکەمان، کاتێ ھاتن ناوچەکان چۆڵ بوون، ھاووڵاتیان کۆچیان کرد، دابەشبوون و ململانێ سەریان ھەڵدا، چالاکوانان کوژران، ھەندێکیان دەستگیرکران، ململانێ لە شەقامی کوردی سەری ھەڵدا، ئاشووبی ڕەگەزپەرستی لەنێوان کوردو عەرەب لە ناوچە تێکەڵەکان ھاتە ئاراوە.
ئێمە دەنگمان دەگەیەنینە ھەمووان، لەوانە (PYD) و ( ھەسەدە)و ھەموو حزبەکان، کە ئەو سیاسەتە وێرانکەرە ڕابگرن و گوێ لە دەنگی عەقڵ بگرن، بگەڕێنەوە بۆ دیالۆگ و چی دیکە چەک بەکارنەھێنن دوای لەناوبردنی ڕێکخراوی داعش، لەگەڵ خۆ ئاشت بنەوەو لەگەڵ ئەوانی دیکەش کە ناکۆکن، چەکدارانی (PKK) ش بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان پێش ساڵی ٢٠١١ و سووریا بەجێ بھێڵن، (PYD) بەو پێیەی لایەنی سیاسییە بەپیر بانگەوازی بەستنی کۆنگرەی کوردیی سوریاوە بێت.
* لە جەرگەی پێداچوونەوەی فیکری و سیاسی کە پێویستە ناو بەناو بکرێت، دەپرسم، حزبە کوردییەکانی سووریا چییان بۆ کێشەی کوردی سووریا کردووە؟ تێبینییەکانتان لەسەر ئەدای ئەو حزبانە لە ساڵی ٢٠٢٠ چییە؟
- تا ساڵی ١٩٦٥ دوو حزبی چەپ و ڕاست ھەبوون، لەو مێژووەوە دەڵێم چیمان کردووە، دوای کۆنفرانس لە پێنجی ئابی ١٩٦٥ و ھەڵبژاردنی ( سەرکردایەتیی قۆناغبەندی)لە پێشەوەی کارەکانمان بەھێزکردنی پەیوەندییەکان بوو لەگەڵ ھێزو حزب و ڕێکخراوە عەرەبییەکان لەسەر ئاستی سووریا، دواتر لەچوارچێوەی عەرەبیدا، گەڕان بە دوای شتە ھاوبەشەکانی نیشتمانی بۆ بەرەوڕووبوونەوەی حکومەت و ڕژێمە ستەمکارو دیکتاتۆرییەکان، پرۆژەی (بەرەی نیشتمانیی دیموکراسیی سووریا) مان خستەڕوو، کە لە یادوەرییەکانمدا بڵاووبووەتەوە، سەرەتا پەیوەندیمان لەگەڵ حزبی شیوعی پێش دابەشبوون، دواتر لەگەڵ باڵەکانی( خالد بەکداش، ریاز ئەلتورک، موراد یوسف، یوسف فەیسەڵ)، دواتر(حرکە القومیین العرب) ڕێکخستنەکانی لە سووریا بە ناوی(الحزب الاشتراکی).. تاد. لەناو سووریاش دیدارمان ھەبوو لەگەڵ (حرکە التحرر الوگنی الفلسگینی – فتح) الولیدە، دواتر (الجبھە الدیمقراگیە لتحریر فلسگین) دوای ماوەیەک لەگەڵ (رابگە العمل الشیوعی) لە سووریا.
ناوبەناو دەچووینە بەیروت، سەرەتای شەستەکان، سەردانی نوسینگەکانی حزبە سیاسییەکانمان دەکرد، دوای نیشتەجێ بوون لە ١٩٧٢- ١٩٨٣ پەیوەندیمان دابەش بوو لەگەڵ(الحزب الشیوعی اللبنانی) و(منڤمە العمل الشیوعی) و(الحزب الاشتراکی التقدمی) بە سەرۆکایەتیی شەھید کەمال جونبولات، بەشداریمان کرد لە دامەزراندنی (الحرکە الوگنیە اللبنانیە)، ئەرکی ئێمە باسکردنی رەوشی کورد بوو لە سووریاو کێشەی کوردی سووریا، ھەروەھا برادەری باشمان پەیداکرد بۆ پشتیوانیکردن لە دۆزی گەلەکەمان، ئێمە چاومان بە(منڤمە حزب البعپ) لە لوبنان کەوت بەیاننامەیەکی ھاوبەشمان دەرکرد و سووربوون کە (پشتیوانی مافی چارەنووسی کوردانی سووریا)ی تێدا بێت، شەندین وتاریشمان لە گۆڤارو ڕۆژنامەکان بڵاوکردەوە.
لەسەر ئاستی فەلەستین و بە ھەبوونی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین و باڵەکانی لە لوبنان، پەیوەندیمان ھەبوو، لەگەڵمان بوون لەلایەن (حرکە فتح) وسەرکردەکانی، ھەروەھا ھەردوو بەرەی (الشعبیە) و(الدیمقراگیە)، و (الشیوعیون الفلسگینیون)، فەلەستینییەکان بە ئاسانی لە کێشەکانی ئێمە دەگەیشتن، پەیوەندیمان فەرمی بوو لەگەڵ ڕێکخراوەکە بە ناوی حزبێکی کوردیی سووریا، گۆڤاری“الحریە” و”الھدف”، بۆ ئێمە بەردەست بوون، ئەو کاتە دەیان نوێنەری بزووتنەوەکانی عەرەبی و تورکی و ئێرانی و ئەمریکی و لاتینی و ئەفریقی و ھێزی شۆڕشگێڕی ئۆپۆزسیۆنی ژاپۆنی و ئەڵمانی لە بەیروت بوون، ھەروھھا پەیوەندیمان ھەبوو لەگەڵ ، نوێنەرانی حکومەتی یەمەنی باشوور، و(جبھە التحریر) لە بەحرەین، و(مجاھدی خلق) لە ئێران، و(الحزب الشیوعی العراقی)، و(الحرکە الپوریە) لە ترکیا، و(حزب العمال الترکی)، و(الجبھە الشعبیە الإریتریەباسی کێشەی کوردمان بۆ دەکردن.
دەزگای کاوەی ڕۆشنبیریی کوردی دەیان کتێبی وەرگێڕدراوی دەردەکرد، سەبارەت بە کێشەی کورد، ھەروەھا کتێبەکانم دەربارەی کوردانی سووریاو کێشەکانیان، بەسەر حزب و دامەزراوەکانی میدیا دابەشمان دەکرد، ھەروەھا چەندین کۆمەڵەی دۆستایەتیمان لەنێوان کوردو عەرەب دامەزراند، نۆبەرەیان(جمعیە الێداقە الفلسگینیە – الکردیە) لە ڕامەڵا سالی ١٩٩٩ بە چاودێریی سەرۆکی کۆچکردوو یاسر عەرەفات، و(جمعیە الێداقە الکردیە العربیە) لە ھەولێر ساڵی ٢٠٠٠ بە چاودێریی سەرۆک مسعود بارزانی و خۆم شەرەفی سەرۆکایەتیم پێ بڕا، ھەروەھا لە ھەولێر (منتدی الحوار الپقافی الکردی العربی)مان لە ساڵی ٢٠٠٤ سازکرد.
ئێمە لایەنی یەکەم بووین کە سنوورمان بەزاند لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە، لەگەڵ شەریکە سوورییەکان و دۆستانی عەرەب و جیھانی پەیوەندیمان ھەبوو، بە ئاشکرا باسمان کرد کە گەلێکین مافی چارەی خۆنووسینمان ھەیە لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوو، دروشمێکی ڕۆژنامە ناوەندییەکەمان( اتحاد الشعب) داننان بوو بە مافی چارەی خۆنووسین، نابێ کێشەی ئێمە لە کێشەی دیموکراسی سووریا جیابکرێتەوە، بەڵێ ئێمە سەرکەوتین بە ھەموو پێوەرێک لە باسکردنی کێشەکەمان بەو پەڕی ڕوونی لە چوارچێوەی سووریا، بۆ یەکەم جار لە مێژووی سیاسیی بزاڤەکەمان سەرکەوتین لەسەر ھەردوو ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، ئەمەش وای لە ڕژێمی ئەسەد(باوک) کرد پەنا بباتە بەر دەزگا ئەمنییەکانی بۆ لەناوبردنی حزبەکەمان، نەک لەبەر ئەوەی شۆڕشێکی چەکداری بەرپاکردووە یان بەشداری کردووە لە کودەتایەکی سەربازی یان سەربەخۆیی کوردی ڕاگەیاندبێت، بەڵکو زۆر بە ئاسانی(سەرکردایەتیی خستنەڕوو و وردەکاری و ڕوونکردنەوەو دیالۆگی)ی کردووە، خودی ئەسەد ئەفسەری ئەمن محەمەد مەنسووری نارد و توانی (الاتّحاد الشعبی) پەرت بکات و ھەندێ دەروون لاواز بێنێتە ژێر سەرکرداەتیی خۆی لە ناوچەی جەزیرە.
Top