سەڵاح بەدرەدین : گرووپە چەکدارەکانی( کرێکارانی کوردستان) ھەڵگری کلتوورێکی وێرانکەرن بۆ ناوچەکە
September 18, 2020
دیمانەی تایبەت
بەشی یەکەم - سەڵاح بەدەردین سیاسەتمەدارێکی بەرھەڵستکاری کوردی سوریایە، میوانی (سەنتەری حەرموون بۆ توێژینەوەی ھاوچەرخ)- ە، لەم دیمانەیەدا باسمان لە دوا پێشھاتەکانی گۆڕەپانی ئێستای سیاسیی کوردی سوریا و تێڕوانینی لەھەمبەر ئەو پێشھاتانە کرد، ھەروەھا ئەو ڕووداوە نیشتمانی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتییانەی پێشتر کە مێژووی تازەو ھاوچەرخی ناوچەکەی نەخشاندووە، ھاوکات وێنەی جوگرافییەکەی لە سایەی داگیرکارییە جیاجیاکانی سەربازی، وێڕای گفتوگۆکردن لەسەر چەندین دۆسیێی سیاسی و فیکر کە ڕای گشتیی سوریاو کوردی پێوە خەریک کراوە.دیمانە: غەسان ناسر
و: بەھادین جەلال مستەفا
-
بەدرەدین لە ١١ی ئاداری ١٩٤٥ لە گوندی(نیعمەتلی)ی شارۆچکەی قامشلیی باکووری سووریا لەدایک بووە، ھەر زوو چۆتە ڕیز (پارتی دیموکراتی کوردستان- سوریا)، بەشداری کردووە لەگەڵ باڵی چەپی نەتەوەیی لە ساڵی ١٩٦٥ لە دامەزراندنی ڕێبازی نەتەوەیی دیموکراتی لە بزاڤی کوردیدا، چۆتە کۆلیجی ماف لە زانکۆی دیمەشق و پێش دەرچوونی دەستگیرکراوە.
بەشێکی زۆری ژیانی ، لەوەتەی ھاوینی ١٩٦٦ لە کاری نھێنی بەسەر بردووە، ھەروەھا خۆشاردنەوە لە ناوەوە و دواتر بەزۆر کۆچکردن بۆ لوبنان و کوردستانی عێراق و تونس و ئەڵمانیای دیموکرات و فیدراڵ.
ھەروەھا ساڵێک لە زیندانی قەڵا لە دیمەشق بەندکراوە، دواتر دراوەتە دادگای باڵای ئەمنی دەوڵەت لە دیمەشق پاش ئەوەی مافە مەدەنییەکانی لێ سەندراوەتەوە. لەوەتەی کۆنفرانسی ساڵی ١٩٦٨، بووە بە سکرتێری یەکەمی( پارتی دیموکراتی کوردیی چەپ) لە سووریا، دواتر ئەمینداری گشتیی( پارتی یەکێتی گەلی کورد) دوای گۆڕینی ناوەکەی لە کۆنگرەی پێنجەم لە ١٩٨٠.
سەڵاح بەدرەدین بۆ یەکەم جار لە حوزەیرانی ١٩٦٧ لە ناوچەی باڵەکی کوردستانی عێراق چاوی بە خوالێخۆشبوو مەلا مستەفای بارزانی سەرکردەی شۆڕشی ئەیلوول کەوتووە. لە لوبنان( دەزگای کاوە بۆ ڕۆشنبیریی کوردی)ی دامەزراندووە لە ١٩٧٨ تا ١٩٧٥)، لەوەتەی ساڵی ١٩٩٩- سەرۆکی دەزگایەکەیە لە کوردستانی عێراق.
ھەر زوو بەشداری کردووە لە بنیاتنانی دۆستانەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی عەرەبی، بە تایبەتیش بزووتنەوەی نیشتمانیی لوبنانی و ھێزەکانی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین، سەرۆکی کۆچکردوو یاسر عەرەفات بەرزترین میدالیای فەلەستینی( قەڵغانی شۆڕشی فەلەستین)ی پێ بەخشیوە، بەشداری کردووە لە چەندین کۆمەڵەی دۆستایەتیی نێوان کوردو عەرەب، ئەو سەرۆکی (کۆمەڵەی دۆستایەتیی کوردو عەرەب)ە. لەوەتەی ٢٠٠٣ بە ئارەزووی خۆی لە سەرۆکایەتیی حزبەکەی کشایەوە، چالاکیی ڕۆشنبیری و سیاسی وەک بێ لایەن بە قەناعەتەوە پیادەدەکات. چەندین کتێبی چاپکردووە، لەوانە: «الکرد والحرکە التحرریە الکردیە»، بەیروت – برلین ١٩٨٢، (بە زمانی کوردی و عەرەبی و ئەڵمانی) دەرچووە، و«الڕکراد شعبًا وقچیە»، بەیروت ١٩٨٦، و«القچیە الکردیە والنڤام العالمی الجدید»، بەیروت ١٩٩٢، و«الحرکە القومیە الکردیە فی سوریە.. رۆیە نقدیە من الداخل»، ھەولێر ٢٠٠٣( بە کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی) دەرچووە، و«الکرد بین إرھاب الدولە القومیە والإسلام السیاسی»، ھەولێر ٢٠٠٥، و«الێراع فی سوریا.. (النڤام – الکرد – المعارچە)»،ھەولێر ٢٠١٠، و«الحرکە الوگنیە الکردیە السوریە»، -یاداشتنامە- (بەشی یەکەم)، ٢٠٠٠، و«الحرکە الوگنیە الکردیە السوریە»، - یادوەری- (بەشی دووەم) ٢٠١٠، و«الحرکە الوگنیە الکردیە السوریە»، - یادوەری - (بەشی سێیەم ٢٠١٧، و«الحرکە الوگنیە الکردیە السوریە»، - یادوەری- (بەشی چوارەم) ٢٠٢٠، کە بۆ ئێمە نەوەی داھاتوو باس لە وردەکاریی بزاڤی نیشتمانیی کوردی دەکات، پێشھاتەکانی گۆڕەپانی کوردی لە سایەی شۆڕشی سووریا و دەستێوەردانەکانی نێودەوڵەتی و ڕەگەزی جیھانی کە ھاتۆتە نێو ھاوکێشەی ململانێ لە سووریا لەخۆدەگرێت. لە پاڵ پەرەسەندنەکانی دۆزی کورد لە چوارچێوەی ڕێڕەوی نیشتمانیی گشتی لە سووریا لەنێوان ٢٠١٨-٢٠٢٠، ھەروەھا دەست نیشان کردنی شوێنەکانی کەموکوڕی لە پەیوەندییەکانی کورد- سووریا، پەیوەندییەکانی کوردی سووریا بە ھەرێمی کوردستانی عێراق، کە دەستپێکی گفتوگۆکانمان بوو..
ئەمەش دەقی گفتوگۆکەیە:
* بەم دواییە بەشی چوارەم و کۆتایی یاداشتی سیاسیتان بە ناوی(«الحرکە الوگنیە الکردیە السوریە» دەرچوو، چۆن باسی دەکەیت؟
- ئەم بەشە ڕووماڵی پەرەسەندنەکان و ڕووداوەکانی سووریا دەکات بە گشتی لەنێوان ٢٠١٨- ٢٠٢٠، بە تایبەتیش دۆخی کوردی سووریا، ئەو میتۆدەی لە نووسنەوەی یاداشتنامەکەمدا پەیڕەوم کرد، تەنیا تۆمارکردنی ڕووداوی پێشوو و ئێستا نییە، بەڵکو بەندە بە ھەڵسەنگاندنێکی ڕەخنەگرانەی ھەر ڕووداوێک لە دیدی خۆمەوە، زانراوە کە وڵاتەکەمان ساڵانێکە پڕە لە کۆمەڵێک سوڕپڕایس، ئاسان نییە ھەموو پەرەسەندنەکان کۆنتڕۆڵ بکەین، چونکە بە ھۆی میللییەوە نییە بە پێی یاسا ناسراوەکانی ململانێیە، نەک بە ویستی خەڵکەکە لە کەشوھەوای ئاشتییانە، بەڵکو دەستکردی بیانیی نامۆیە، لە داگیرکارو میلیشیاکان، بۆیە ئەرکی بە دواداچوون ئاسان نییەو پڕە لە مەترسی.
زۆر جار، کاتێک بەدواداچوون دەکەیت بۆ سیاسەتەکانی ڕۆژ و ڕەفتاری خاوەن چارەسەرەکان و ئەوانەی یاری بە چارەنووسمان دەکەن لە ئیدارەدانی قەیرانی سووریا، لە ئاستیدا کێشەیەکی زۆر گەورەو ئاڵۆزە، نەک تەنیا گرفتێکەو تێدەپەڕێت و بە بڕیارێکی نێودەوڵەتی چارەسەردەکرێت، لە گەرمەی چاودێریکردنی بارودۆخی ڕۆژ، باس لە چەند ڕووداوێک دەکەم کە بەر لە چەند دەیەیەک ڕوویانداوە، پەیوەستن بە یادوەرییەکانم ،بزاڤی نیشتمانیی کوردیی سووریا.
کێشەیەکی تایبەتیمان لە بزاڤی نیشتمانیی کوردیی سووریادا ھەیە و لەم ساڵانەی دواییدا پەرەی سەندووە، ئەویش مەسەلەی پارێزگاریکردنی کەسایەتیی کوردیی سوریایە، ھەروەھا بێ لایەنی و پاشکۆنەبوون بۆ تەوەرەکانی نەتەوەیی دەوروبەر کە خاوەن ھێزو دەسەڵاتن، وەک(PKK)، کە ھێزە چەکدارەکانی دەستیان بەسەر ناوچەکانماندا گرتووە بەپێی ڕێکەوتننامەیەک کە لەنێوان نێردەی بەشار ئەسەدی سەرۆکی ڕژێم لیوا ئاسف شەوکەت( لەلایەک، و سەرکردەی ھێزەکانی (PKK) موراد قەرایلان لەلایەکی دیکەوە واژۆکراوە) لە ساڵانی ٢٠١١و سەرەتای ٢٠١٢ لە شاری سلێمانی لە ڕێی سەرۆکی ئەوسای عێراق جەلال تاڵەبانی و بە سەرپەرشتیی قاسم سولێمانی، لەسەر بنەمای ڕووبەڕووبوونەوەی تورکیا لە سووریاو ڕێگەگرتن لە کوردانی سووریا کە پەیوەندی بە شۆڕشی سووریاوە نەکەن.
بۆیە بەشی چوارەم توێژینەوەو ماددەی زۆری تێدایە پەیوەست بەم کێشەیە، ھەروەھا باسکردن و خستنەڕووی پێشنیار بۆ چارەسەرو گەڕانەوە بۆ پەیوەندیی سروشتی لەنێوان سەرجەم لایەن و ڕەوتە سیاسییەکانی کوردی لە ھەموو بەشەکان. لەم یادوەرییانەدا بە درێژی باسم لە واقیعی پەیوەندییەکان کردووەو لەگەڵ براکانمان لە ھەرێمی کوردستانی عێراق، لەبەر ئەوەی ٢٦ ساڵە لەوێم، نزیکیشم لە سەنتەری بڕیار، ھەروەھا سەرپەرشتیکردنم لە قۆناغە جیاجیاکاندا لەسەر بەڕێوەچوونی پەیوەندیی نێوان حزبمان- پێشوو( یەکێتی گەل) و براکانمان لە ھەرێم لەوەتەی سەردەمی پێشەوای کۆچکردوو مستەفا بارزانی، بە دیاریکراویش لە ساڵی ١٩٦٥.
ئێمە لە بزاڤی نیشتمانیی کوردیی سووریادا بە شێوەیەکی گشتی لە ڕووی فیکرو ھەڵوێستە سیاسییەکانەوە لە (پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق)ەوە نزیکین، حزبێکی میانڕەو و کراوەیە بۆ ھەموو ڕەوتەکان، بڕوای بە دیالۆگ ھەیە، مێژووی خەباتی ھاوبەشمان بە درێژایی چەندین دەیە ھەیە، پاڵپشتیی شۆڕشی ئەیلوولمان کردووە لە ساڵی ١٩٦١ بە سەرۆکایەتیی بارزانی، ئەوانیش پشتیوانییان لە کوردانی سووریا کردووە دوای ڕاگەیاندنی فیدرالییەت، ئێستا نزیکەی ٣٠٠ ھەزار پەناخوازی کوردی سووریا لە ھەرێمی کوردستاندا دەژین.
* بەشی یەکەمی یادوەرییەکان لە ١٩٨٤ دەرچووە، بەڵام بەشی دووەم لە ٢٠١٠ دەرچووە، واتا ٦ ساڵ بەینیانە، ھۆی ئەو ماوە درێژەی نێوان ھەر دوو بەشەکە چییە ؟
- دواکەوتنەکە لە بەر چەند ھۆیەکی تایبەتی بووە، پەیوەستن بە دەرچوونمان لە بەیروت دوای گەیشتنی ئیسرائیل بۆ ناو بەیروت، ھەروەھا گەیشتنم بۆ تونس، دوای ماوەیەک لەگەڵ خێزانەکەم چوومە ئەڵمانیای دیموکرات، بڕیارم دا لەوی بمێنمەوە کە لەگەڵ بیری چەپم و پەنا نەبردن بۆ دەوڵەتانی ڕۆژئاوا دەگونجێت، دواتر بە ناچاری چوومە ئەڵمانیای ڕۆژئاوا دوای یەکگرتنەوەیان، دوای چەند ساڵێک گەیشتمە کوردستانی عێراق و لەوێ نیشتەجێ بووم، کتێبخانەکەم بەش بەش بوو لەنێوان چەند دەوڵەتێک، زۆر کاغەزو بەڵگەنامەکانم لەدەست چوو.
* ھەڵسەنگاندنتان چییە بۆ گەیشتنی ھەردوو لایەنی کوردی لە قۆناغی یەکەمی وتوێژەکانی یەکێتیی ڕیزی کورد چییە؟ ئایا شتی تازە لە ڕێڕەوی ئەم وتوێژانە ھەیە؟
- ئەو دوو لایەنەی ئاماژەیان بۆ کراوە ھەموو حزبە کوردییەکانی سووریا لەخۆدەگرن، ژمارەیان بە خەمڵاندن دەگاتە نزیکەی سی جزب، کە بەسەر دوو تەوەری سەرەکیی لە بزاڤی نەتەوەیی کوردی بە دراوسێ دابەشکراون، دیارە بزاڤی کوردیی سووریا بە تەنیا ئەو حزبانە ناگرێتەوە کە لەم قۆناغەدا ھەن، بەڵکو حزبەکان بە ھۆی لاوازبوونی ھەندێکیان و بێ لایەنیی نەبوون و مێژووی ھەندێکیان کە جێی گومانن و بێ متمانەن، بە ھۆی پاشکۆبوونی کۆن و ئێستایان بۆ ڕژێم، ھاوکات لادانی ھەندێکیان لە ھێڵی نیشتمانی بە دژایەتیکردنیان بۆ شۆڕشی گەلی سووریا، زۆر لە ئەندام و لایەنگرانیان لە دەست داوە. لەسەر گۆڕەپانی کوردیماندا زۆرینەی نیشتمانپەروەری بێ لایەن لەو حزبانە ھەن، وەک بزاوتی گەنجان و خەباتگێڕانی ئافرەتان و پیاوان، ھەروەھا ھەندێ پرۆرژەی کار لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، کە کتلەیەکی مێژووییە پشتیان پێ دەبەستین لە ئەرکی گەڕاندنەوەی بنیادنانی بزاڤی کوردی و شەرعییەتەکەی، ھەروەھا گەڕاندنەوەی کورد بۆ ڕۆڵی نیشتمانیان لەپاڵ بزووتنەوەی دیموکراسیی سووریادا.
سەیری ھەر پرۆژەیەکی ڕێککەوتن یان یەکێتی و ئامانج و بەرنامەی سیاسی بکە کە پێشکەشی دەکەن، دیارە ئەوەی ڕاگەیاندرا دەربارەی وتوێژی ھەردوو لا بریتییە لە دروشمی بریقەدار، ئەوەی دەیانەوێت لە ناوچەیەکی دیاریکراوی جوگرافی بڕ ناکات، واتا بابەتی ڕێککەوتن - ئەگەر سەری گرت- کێشە نەتەوەییەکانمان ناگرێتەوە، بەڵکو زیاتر جەختە لەسەر بۆشاییەکی جوگرافی سەر بە دەسەڵاتی دەوڵەتێکی داگیرکەر، کە ڕەنگە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی بکات و ھاوکارییان دەکات و چاودێریی دەستپێشخەرییەکە دەگکات ، کە لە ھێزەکانی سووریای دیموکرات( ھەسەدە) دەرچووەو سەر بە ھاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی- ئەمریکایە بە سەرپەرشتیی یەکێک لە ئەفسەرەکانی. بە لایەنی کوردەوە ئەوە ئەو ڕێککەوتنە نییە کە کوردانی سووریا ئامانجیانە، بەڵکو زۆرینەیان لە نیشتمانپەروەرانی بێ لایەن ھەوڵدەدەن بزاڤی کوردیی سووریا بنیادبنێنەوەو شەرعییەتی بۆ بگەڕێننەوە، ئەویش لەمیانی کۆنگرەیەکی سەرتاسەریی کوردی بە زۆرینەی بێ لایەن و دوور لە حزب و تەوەرەکانیان، ئەمەش (بزاڤ) چەند ساڵە خستویەتییە ڕوو، پرۆژەیەکی تەواوی پێشکەش کردووە، ھەوڵی بەدیھێنانی دەدات، لە کاتێکدا سەرکردایەتییەکانی ئەو حزبانە(نەک لایەنگرانی) تا ئێستا ئاستەنگ دەخەنە بەردەم( بزاڤ) و ئەمریکییەکانیش چاوی لێ دەپۆشن، چونکە بە ئاسانی تەنیا بەدوای دەربارو چەکداراندا دەگەڕێن.