مەسعود حەیدەر راوێژكاری سەرۆك بارزانی بۆ گوڵان: ئیرادەیەكی بەهێز بۆ چارەسەركردنی هەموو گرفت و كێشەكانی نێوان هەرێم و عێراق هەیە

مەسعود حەیدەر راوێژكاری سەرۆك بارزانی بۆ گوڵان: ئیرادەیەكی بەهێز بۆ چارەسەركردنی هەموو گرفت و كێشەكانی  نێوان هەرێم و عێراق هەیە
سەردانەكەی كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ هەولێر و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك بارزانی و سەرۆكی هەرێم و سەرۆك وەزیران، قسە و باسێكی زۆری لێكەوتەوە، سەبارەت بە گرنگيی ئه‌و سەردانە و لێكەوتەكانی مەسعود حەیدەر راوێژكاری سەرۆك بارزانی لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ گوڵان به‌مجۆره‌ راى خۆى ده‌ربڕى.
مەسعود حەیدەر راوێژكاری سەرۆك بارزانی لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ گوڵان، سه‌ره‌تا باسى ئه‌وه‌ى كرد كه‌ "كورد فاكتەرێكی گرنگە بۆ سەقامگیريی سیاسی لە عێراق و ناوچەكەدا و رۆڵی سەرۆك بارزانی له‌و بواره‌دا زۆر دیارو لەبەرچاوە، هەرێميش پێگەی لاواز نییە و، قەبارەیەكی فیدڕاڵی دەستوورییە و سەنگ و قورسایی خۆی هەیە، لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراقیشدا كورد رۆڵێكی گرنگی هەیە. " هاوكات ده‌ڵێت: " بێگومان لەكاتی دانانی مستەفا كازمی وه‌ك سەرۆك وەزیرانی عێراق، كورد وەكو پێكهاتە و سەركردایەتيی سیاسيی كوردستان رۆڵێكی بەرچاویان هەبوو لە پاڵپشتیكردنی كازمی، لەگەڵ دەستبەكاربوونی كازمیيش دانوستانەكان لەنێوان هەرێم و عێراقدا لەسەر زۆرێك لە دۆسێكان دەستی پێ كردووە، بەتایبەتی لەبواری پێشمەرگە و شایستە داراییەكانی و دۆسێی ئابووری بەگشتی لە رووی دارایی و نەوت و كارەبا و مووچە و پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراقدا، هەموو ئەمانە وای كرد، مستەفا كازمی لە سەردانێكی فرەڕەهەنددا سەردانی هەولێر و كوردستان بكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى پاڵپشتيی كوردی پێویستە لە حكومەتەكەی و لە مەسەلەی هەڵبژاردنەكان و دیاریكردنی ئایندەی حوكمڕانی لە عێراق و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری، هەروەكو جەنابی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكاتی سەردانەكەی كازمی جەختی لەسەر ئەو خاڵە كردەوە كە گرفتەكانی نێوان هەرێم و عێراق، تەنیا مووچە نییە، بەڵكو مافی گەلی كوردستانە وەكو پێكهاتەیەكی سەرەكی لە عێراقدا كە لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا ئاماژەی پێ كراوە و چەسێندراوە، پێویستیشە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا سەرجەم ئەو گرفت و كێشە هەڵپەسێردراوانەی نێوان هەرێم و عێراق كە كەڵەكەبووی دەیان ساڵە هەر لە دروستبوونی دەوڵەتی عێراقیەوە تاوەكو ئەمڕۆ چارەسەر بكرێن، كە جێگای داخە دوای نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق پێكهاتەی شیعە كەمتەرخەمی فەرامۆشكردنێكی له‌ چارەسەری هەموو ئەو دۆسێیانەوە هه‌بووە، چونكە دواجار بەپێی دەستوور و یاسا دەسەڵاتەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دیار و لەبەرچاوە، بۆ نموونە لەماددەی 115 لە دەستووری عێراقدا جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە كە هەر كاتێك بەریەككەوتن هەبێت لەنێوان یاسایەكی فیدڕاڵی و یاسایەكی كوردستاندا، ئەوا یاسای هەرێم ریزبەندی هەیە بەسەر یاساكانی فیدڕاڵدا ، ئەمە وێڕای ئەوەی عێراق زیاتر لە 50 ماددەی دەستووری پێشێل كردووە و، هەوڵی ئەوە دەدات یاساكانی مەركەزی بن. ئەوەتا وەزارەتی نەوتی عێراق تاكو ئەمڕۆ یاساكانی دەوڵەتێكی مەركەزییە و گونجاو نییە بۆ دەوڵەتێكی فیدڕاڵی كە لەدەستووری عێراقدا ئەو مافەی بە هەرێمەكان داوە، لە بواری نەوتدا خۆیان هەنگاو بنێن، چونكە دەسەڵاتەكانی هەرێم دەسەڵاتی شەرعی و دەستوورین و ده‌ستووريش ئەو مافەی داوە بە هەرێمەكان، به‌ڵام لەكۆتادا ئەو ململانێ و گرفتانە بەشێكی هەر دەمێنێت، چونكە ئەمە پەیوەندی بە عەقڵیيەتی هەندێك لە سەركردەو كەسایەتيیە عێراقیەكانەوە هەیە، هەندێكی دیكەشی پەیوەندی بە خوێندنەوەی جیاوازی یاساكانەوە هەیە، گرفتەكە لەوەدایە هەندێك كەس و لایەن لە ناوخۆی كوردستاندا دەچن ئەو مافە دەدەن بە بەغدا كە كورد لە نێوخۆدا كاری نەكردووە و هەڵە و كەمتەرخەمی لەخۆمانە، دەرئەنجام خۆ نابێت كورد هەموو هێڵكەكانی بخاتە سەبەتەكەی بەغداوە و لێرە پشتی لێ بكاتەوە و پشت بە چاكسازی و گۆڕانكاری لە ئابووريی ناوخۆدا نەبەستێت، بە بیانووی ئەوەی نەدەبوو كورد كاری بۆ ئابووريی سەربەخۆ و ریفراندۆم و ئەو بابەتانە بكات و، سەرچاوەكانی داهات هەمەجۆر نەكات و، هەر پشت بە داهاتی نەوتی ببەستێت، لەكاتێكدا ئەم داهاتە هەرگیز لە بازاڕە جیهانیيەكاندا سەقامگیر نەبووە، ئەم پرۆسەیە راستە كاتی دەوێت، بەڵام خۆ دەبێت لە پاڵ ئاسایيكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا كار بۆ ئەم لایەنەش بكرێت كه‌ لە 80%ی داهاتەكانی بۆ خەرجی بەكارخستن دەچێت. "
سەبارەت بەئەگەری چارەسەركردنی هەموو ئەو گرفت و كێشانەی كە لەنێوان هەرێم و عێراقدا هەیە، راوێژكاری سەرۆك بارزانی وتی : "چارەسەری كێشەی هەڵپەسێردراوی زیاتر لە 100 ساڵی حكومەتی عێراق لەگەڵ گەلی كوردستاندا هەروا ئاسان نییە، بەڵام ئاستەمیش نییە، تەنیا پێویستی بە كات هەیە. ئەوەی جێگای ئومێدە بۆ شەقامی كوردستانی و عێراقی ئەوەیە لە ئێستادا ئیرادەیەكی بەهێز هەیە بۆ چارەسەركردنی هەموو گرفت و كێشە هەڵپەسێردراوەكان، بەتایبەتی بەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نەبەسترێتەوە بە بابەت و گرفتە سیاسییەكانەوە، چونكە ئەگەر چارەسەری گرفت و كێشە ئابوورییەكان بكرێت، دەبێتە دەروازەیەكی زۆر باش بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی دیكە، حكومەتی هەرێمی كوردستانيش سوورە لەسەر ئەو خاڵەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نابێت تێكەڵ بە دۆسێی نەوت و ململانێ سیاسییەكان بكرێت و حكومەتی فیدڕاڵی وەكو مافێكی دەستووری و یاسایی ئەو ئیلتزاماتانەی لە سەری هەیە، پێويسته‌ جێبەجێی بكات. راستە هەموو ئەم كێشانەی لە نێوان هەرێم و عێراقدا هەیە، بەسەردانێكی كازمی چارەسەر نابێت، چونكە هەموو ئەم كێشانە كەڵەكەبووی حكومەتەكانی پێشووە و ئێستاكەش زۆر لە كەسایەتی و حزب و لایەنە توندڕەوەكانی ناو سیاسەت لە هەوڵی گەڕانەوەی پرۆسەی تەعریب و برسیكردنی خەڵكی كوردستانن و لە ئێستادا دژایەتیكردنی كورد لەلایەن ئەو لایەن و حزبانەوە وەكو كارتێكی سیاسی و موزایەدەیەك بەكاردەهێنرێت بۆ بەدەستهێنانی دەنگ لە هەڵبژاردنەكاندا، بەڵام سەرەتا و هەنگاوێكی ئومێدبەخشە بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكان، نەك تەنیا لەگەڵ كورد، بەڵكو چارەسەركردنی هەموو ئەو كێشانەی لەلایەن خودی لایەنە سیاسییە شیعەكانەوە لەمپەڕی بۆ دروست دەكرێت. "
ئه‌و راوێژكاره‌ی سەرۆك بارزانی ئه‌وه‌شى راگه‌ياند: "هەرچەندە ئێستا بەدیلی كازمی لە نێوماڵی شیعەدا هەر كازمییە، بەڵام لە نێوماڵی شیعەشدا ململانێیەكی توند هەیە، هەر بۆیە كاری زۆر دەكرێت هەوڵە نەرمەكانی كازمی بەتایبەتی لە پاراستن و گەڕانەوەی هەیبەتی یاسادا سەرنەگرێت، بۆیە كازمی پێویستی بە كوردە بۆ پاڵپشتی حكومەتەكەی و پاراستنی سەقامگیری، هەردوو لاش زۆر جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە، كە پێویستە دەستووری هەمیشەیی عێراق بكرێتە خاڵی سەرەكی بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكان، هەرچەندە دەستووری عێراقیش ئیشكالیاتی زۆری لەسەرە، بەڵام خۆ دەكرێت لەم قۆناغەدا زیاتر جەخت لەسەر خاڵە هاوبەشەكان بكرێنەوە، بۆ ئەوەی لێكنزیكبوونەوەی زیاتر هەبێت، بەتایبەتی لەناو دەستووردا دەسەڵاتی سیادی و دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان دیارە، هەرچۆنێك بێت ئەم سەردانەی كازمی لەم كاتەدا گرنگ بوو، لەبەر ئەوەی هەندێك لە گرێگویرەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دەكاتەوە، بۆ نموونە لە بابەتی ناوچە كوردستانیيەكانی دەرەوەی هەرێم كە بابەتێكی سیاسییە و رەهەندی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی هەیە. ئەوەتا ئەو نەوتەی كە ئاشكرا بووە لە عێراقدا و خەمڵێندراوە بە 150 ملیار بەرمیل نەوتی خاو كە نزیكەی 50 ملیار بەرمیل نەوتی خاوی لە ناوچە كوردستانیيەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمە بە واتایەكی دیكە یەك لەسەر سێی نەوتی عێراق لە كوردستانی عێراقدایە ."
سەبارەت بە بابەتی هەڵبژاردنەكان و ئەو گفتوگۆیانەی سەرۆك وەزیران (كازمی) لەگەڵ سەرۆك بارزانی باسى كردووه‌‌، راوێژكاری سەرۆك بارزانی وتی : "هەڵبژاردن بابەتی گەرمە لە شەقامی عێراقیدا و سەرۆك وەزيرانی عێراقيش پێویستی بە پاڵپشتيی بارزانی و كورد هەیە، بۆ حكومەتەكەی و سەركەوتنی هەموو ئەو ئیجرائاتە یاساییانەی ئەنجامی دەدات. "
Top