دکتۆر محمد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی کوردستان بۆ گوڵان: • بەھۆی کەمتەرخەمی وەبەرھێنەر بڕیاردراوە چەندین پرۆژە مۆڵەتەکانیان ھەڵبوەشێنرێتەوەو زەوییەکانیان بگەڕێتەوە بۆ حکومەت.

دکتۆر محمد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی کوردستان بۆ گوڵان: •	بەھۆی کەمتەرخەمی وەبەرھێنەر بڕیاردراوە چەندین پرۆژە مۆڵەتەکانیان ھەڵبوەشێنرێتەوەو زەوییەکانیان بگەڕێتەوە بۆ حکومەت.
دەستەی وەبەرھێنانی کوردستان ستراتیژییەتی کارکردنی لەبواری وەبەرھێنان گۆڕیوەو زیاتر وەبەرھێنان بەرەو ھەمەجۆرکردنی ئابووری و گرنگیدان بەسێکتەرەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازیی دراوە، لەم دیمانەیەدا دکتۆر محمد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی کوردستان جەخت لەگرنگترین کاروچالاکییەکانی وەبەرھێنان دەکاتەوەو چەند ھەنگاوێکی نوێی دەستەکەش دەخاتەروو.دیمانە : شەماڵ نوری
• لەکابینەی نۆیەمدا مۆڵەت بە ٤٣ پرۆژە دراوە بەسەرمایەی ٩٠٥ ملیۆن دۆلار

• بەڕێزت وەکو سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی کوردستان ؛ ئایا دەکرێت سەرەتا باسێکی رەوشی وەبەرھێنانمان بۆ بکەیت لەم قۆناغە ھەستیارەی کۆرۆنا و قەیرانی دارایی؟
- لەکابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا دەستەی وەبەرھێنان مۆڵەتی بە (٤٣ ) پرۆژەی وەبەرھێنان داوە کە سەرمایەکەی نزیکەی ٩٠٥ ملیۆن دۆلارەو لەسەر رووبەری ٨٧٥ دۆنم زەوییە، بەشێوەیەکی گشتی سەرەڕای قەیرانی کۆرۆنا و قەیرانی دارایی و ئەم بارودۆخە ھەستیارە کە رووی لە جیھان و ناوچەکەو ئێمەش کردووە، بەڵام خۆشبەختانە رەورەوەی ئابووری و وەبەرھێنان رانەوەستاوەو کاری باش ئەنجام دراوە و لەداھاتوویەکی نزیکدا کاری باشتریش ئەنجام دەدرێت.
• باست لەمۆڵەتی وەبەرھێنان کرد بەسەرمایەی ٩٠٥ ملیۆن دۆلار؛ ئایا دەکرێت بزانین گرنگترین ئەو سێکتەرانە چین کە وەبەرھێنانی تێدا ئەنجام دراوە؟
- وەکو ئاشکرایە کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ پشکی شێریان بەرکەوتووە، ئەمەش لە کاروبەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا ھاتووە، بۆ نموونە ئێمە لەدەستەی وەبەرھێنان توانیمان مۆڵەت بە ١٢ پرۆژەی پشەسازیی بدەین بە بڕی ٣٥٧ ملیۆن دۆلار، ھەروەھا پرۆژەکانی نیشتەجێبوون و فێرکردن و گەشتیاری و بازرگانی و تەندروستی و کشتوکاڵیش گرنگیمان پێداوە ، کۆی ئەو پرۆژانەی لە ٢٨/٧/٢٠١٩ ەوە تاکو ٧/٧/٢٠٢٠ پێشکەش بەدەستەی وەبەرھێنان کراوە ٢٥٩ پرۆژە بووە و تا ئێستا ٤٠ پرۆژەیان پەسەندنەکراوە و ٢١٩ پرۆژەیان پەسەندکراوە کە لەناویاندا ٥٤ پرۆژەی پیشەسازیی و ١٠ پرۆژەی کشتوکاڵی ھەیە.
• چاکسازیی یەکێکە لە کاروبەرنامەکانی دەستەی وەبەرھێنان ئایا دەکرێت بزانین لەم بوارەدا چی ھەنگاوێکتان ناوە بەتایبەتی کە جێگای داخە پێشتر لەم کەرتە کەمتەرخەمی و گەندەڵی بەشێوەیەکی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ بوونی ھەبووە؟
- لەسەر داوای دەستەکەمان ٥ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای وەبەرھێنان ئەنجامدراوە کە ٢٦ بڕیاری لێ دەرکراوە ، ئەمەش ھەمووی بەمەبەستی ئەنجامدانی چاکسازیی و پێداچوونەوە بەبەشێک لەو رێنماییانەی کە کەلێن و پۆشایی تێدابووە، ئێمە توانیومانە گۆڕانکاریی لەزۆر لەو رێنماییانە بکەین وەکو بڕیاری ژمارە ٣٩٤ لە ٧/١١/ ٢٠١٧ دەرچووەو تایبەت بووە بە نەخشەی وەبەرھێنان ھەروەھا بڕیاری ژمارە ٥٤٦ لە ٢٦/١١/٢٠١٩ کە تایبەتە بە دامەزراندنی بۆردی سیستەمی یەک پەنچەرە بەمەبەستی کەمکردنەوەی رۆتین .
جگە لەمەش بەھۆی کەمتەرخەمی وەبەرھێنەر بڕیاردراوە چەندین پرۆژە مۆڵەتەکانیان ھەڵبوەشێنرێتەوەو زەوییەکانیان بگەڕێتەوە بۆ حکومەت. ھەروەھا کار بۆ بەدواداچوون و چارەسەری کێشەی بەشە خزمەتگوزارییەکانی ناو پرۆژەکانی نیشتەجێبوونیش کراوە بەتایبەتی بۆ ئەو پرۆژانەی کە بەشە خزمەتگوزارییەکانیان تێدا دروست نەکراوە و بۆ ئەم مەبەستەش سێ لێژنەی دامەزراوەو بەووردی کاری خۆیان ئەنجام دەدەن و داوامان لەوەبەرھێنەکان کردووە ھەرچی زووە و پێویستە بەشە خزمەتگوزارییەکانی ناو پرۆژەکانی نیشتەجێبوون بکەن.
لەلایەکی دیکەوە بۆ کارئاسانی بۆ مۆڵەتپێدانی پرۆژەکانی وەبەرھێنان دەستکراوە بەئەنجامدانی رێکارەکانی کاراکردنی سیستەمی یەک پەنچەرەیی و لێژنەمان بۆ داناوەو لێژنەکە دەست بەکارە و چەند کۆبوونەوەیەکی ئەنجامداوە.
• بڕیاردانی تەملیکردنی یەکە نیشتەجێبووەکانی ناو پرۆژەکانی وەبەرھێنان دەستکەوتێکی گرنگە دەکرێت بزانین لەم رووەوە ئەم بڕیارە بەکوێ گەیشتووە؟
- لەبواری تەملیکردنی یەکە نیشتەجێبووەکان ھەنگاوی باشمان ناوەو بڕیاردراوە پەلە بکرێت بۆ تەملیکردنی ئەو یەکە نیشتەجێبووانەی ناو پرۆژەکانی وەبەرھێنان و لێژنەی ( متفرغ)ی بۆ پێکھێراوەو بڕیارەکان بۆ بەرژەوەندی ھاوڵاتیان دەبێت. لەلایەکی دیکەوە توانیمان کێشەی ھەرسێ پرۆژەی نیشتەجێبوونی ( چاودێر ستی و مەم و زین و وەرین ستی ) چارەسەر بکەین. ھاوکات بڕیاریشمان داوە کە قەرەبووی ئەو خاوەن زەویانە بکەین کە زەوییانەیان بەر پرۆژەکانی وەبەرھێنان کەوتووەو بەھۆی قەیرانی داراییەوە قەرەبووکردنەوەیان دواکەوتووە.
ھەر لەبواری پێداچوونەوە بەنرخی خزمەتگوزارییەکان بۆ پرۆژەکانی نیشتەجێبوون کاری باشمان کرد لەبەرژەوەندی ھاوڵاتیاندا بەجۆرێک نرخمان بۆ چەند پرۆژەیەک داناوە داشکانەکە گەیشتۆتە لە ٦٠%.
• پێشتر دەستەی وەبەرھێنانی کوردستان پلانی وەبەرھێنانی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ دەرکرد ئایا لەم بوارەدا چی کراوە؟
- ئامادەکردنی پلانی وەبەرھێنان بۆ ساڵی ٢٠٢٠ بەسوود وەرگرتن بووە لە پلانی وەزارەت پەیوەندارەکان کە زیاتر لە ١٠٠٠ پرۆژە لەخۆ دەگرێت، ئەمە وەکو ئامادەکارییەکە بۆ دروستکردنی نەخشەی وەبەرھێنان، پلانەکە ئامادەکراوەو تەنانەت راشمان گەیاند ئێستا لەبەردەستە بەھەرسێ زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی .
دەمەوێت لێرەدا ئاماژە بەوە بکەم ئێمە بەپێی راسپاردەو رێنماییەکانی سەرۆکی حکومەت و ئەنجومەنی وەزیران کار دەکەین کە زۆر تەئکید لەسەر نەمانی گەندەڵی و چارەسەرکردنی کەموکورتیەکان دەکاتەوە بەشێوەیەک کە لەبەرژەوەندی ھاوڵاتیان بێت.. وەنەبێت لەمەشدا گوێ بە وەبەرھێنەران نەدرێت بەڵکو لەچەندین دیدارو چاوپێکەوتنی رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە لەگەڵ وەبەرھێنەران کۆبووەتەوەو لەنزیکەوە گوێبستی راوسەرنج و تێبینیەکانی وەبەرھێنەران بووەو بۆچوونەکانیان بەھەند وەرگیراوە.
• ئایا میکانیزمێکتان داناوە بۆ کارکردن لەبواری ( ھاوبەشیکردنی نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت؟
- بەڵێ رێنمایی تایبەت بە بابەتی دانانی میکانیزمەکانی ھاوبەشی نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت PPP>BOT… لەلایەن وەزارەتی پلاندانان دانراوەو رەزامەندی لەسەر دراوە.
Top