دڵشاد شەھاب راوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ ( گوڵان ) : سیاسەتی نەرم و دیبلۆماسیەتی سەرۆکی ھەرێم رۆڵ و پێگەی ھەرێمی لەناوەندە نێودەوڵەتیەکان و ناوخۆدا بەھێز کردووە
September 9, 2020
دیمانەی تایبەت
دڵشاد شەھاب راوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەم لێدوانێکی تایبەتدا بۆ گۆڤاری ( گوڵان) باسی لەگرنگی کۆبوونەوەو دیدارەکانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی کرد لەگەڵ ھەردوو سەرۆک ماکرۆن و ئەردوغان دەکات، لێرەدا پوختەی قسەکانی بڵاودەکەینەوە.ئا : شەماڵ نوریئا: شەماڵ نوری
دڵشاد شەهاب راوێژكاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە رۆڵ و سیاسەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ناوەندە نێودەوڵەتیيەكان و لە ناوخۆی هەرێم و عێراقدا گوتی: "رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ناوەندە نێودەوڵەتیيەكان و لە عێراقدا نوێنەرایەتی گەلی كوردستان دەكات، سیاسەت و مامەڵەكردنی نەرمی سەرۆكی هەرێم و پەیڕەوكردنی زمانی دیپلۆماسی و دیالۆگی سەردەميیانە و بڕوای جەنابیان بە پێكەوەژیان وای كردووە، وەكو چەتری كۆكەرەوەی سەرجەم لایەنەكان و نەتەوە و پێكهاتە و ئایين و ئایينزاكانی كوردستان دەربكەوێت، ئەوەتا لە ناوخۆی كوردستاندا سەرۆكی هەرێم هەموو هەوڵێكی بەگەڕ خستووە لەپێناو یەكگرتوویی گوتاری كوردستانی و پاراستنی یەكڕیزيی نێوماڵی كوردستان، تاوەكو هەرێمەكە لە مەحافیلە نێودەوڵەتیيەكان و لە نێوخۆی عێراقیشدا بەهێزەوە مامەڵە بكات. سەبارەت بە هەوڵەكانی ئەم دواییەی سەرۆكی هەرێم و لەو زنجیرە كۆبوونەوانەی كە بەڕێزیان لەگەڵ ماكرۆن و ئەردوغان و لایەنە سیاسییە عێراقيیەكان ئەنجامی دا، كە تێیدا كاریگەری و هێزی هەرێمی كوردستانی بە دەركەوت، لە دیداری بەڕێزیان لەگەڵ سەرۆك ماكرۆن و شێوازی سەردانی بەڕێز ماكرۆن بۆ لای جەنابیان لە بەغدا و پرۆتۆكۆل و مەراسیمی ئیدارەكە پەیامێكی بەهێزی فەرەنسا و ئەوروپا بوو بۆ ناوخۆ و دەرەوەی عێراق و ناوچەكە، كەوا هەرێمی كوردستان بەشێكی كاریگەرە لە هاوكێشە سیاسییەكانی ناوچەكە و لە سیستەمی بەڕێوەبردنی عێراق وەكو دەوڵەتێكی ئیتحادی، هەروەها دووپاتی پشتگیريیە بۆ پێگەی یاسایی و دەستووريی هەرێمی كوردستان و فیدڕاڵیەت لە هەرێمی كوردستاندا، هەروەها پەیامێكی گرنگ و بەهێز بوو بۆ لایەنە عێراقیيەكان بەوەی پێویستە كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بە دیالۆگ و لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بكرێن، بێگومان هەموو ئەم هەنگاوانە رەنگدانەوەی ئیجابی دەبێت لە سەر بەڕێوەچوونی گفتوگۆكانی نێوان حكومەتی ئیتحادی و حكومەتی هەرێمی كوردستان."
راوێژكارى سهرۆكى ههرێمى كوردستان له درێژهى ئاخافتنهكهيدا جهختى لهوه كردهوه كه "كۆبوونەوەكانی بەڕێز سهرۆكى ههرێمى كوردستان لەگەڵ سەرۆكایەتیەكانی عێراق و لایەنە سیاسییەكانی عێراق دیسانەوە برەودانە بە هەماهنگی و كاری پێكەوەیی لە پێناوی چارەسەركردنی كێشە و ئاڵۆزییەكانی عێراق و ئەو گرفتانەی كە هەڕەشەن لەسەر عێراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی، لەناویشیاندا هەڕەشەی تیرۆر و لێكەوتەكانی قەیرانی ئابووری و پەتای كۆرۆنا كە پێویستە هەماهەنگی و هاوكاری لەنێوان سەرجەم لایەنەكان و پێكهاتەكاندا هەبێت، ئهوهش له كەمكردنەوەی زیانەكان كاريگهريى تهواوى دهبێت." گوتيشى: "چەندین بواری دیكە لە دیدارەكان و كۆبوونەوەكانی بهڕێز سەرۆكی هەرێم لەگەڵ سەرۆكایەتییەكانی عێراق و لایەنە سیاسییەكانی عێراق باس كران؛ لەوانە شایستە داراییەكانی جووتیارانی هەرێمی كوردستان و مەسەلەی دادگای فیدڕاڵی و هەڵبژاردنەكان، حێگای ئاماژەشە لەو دیدارەی كە لە بەغدا سەرۆكی هەرێم لەگەڵ سەرۆك ماكرۆن ئەنجام درا، دووپاتی ئەوە كرایەوە كە سەرۆكی فەرەنسا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات و لە ئایندەدا بەردەوامی بەو پەیوەندییانە دەدرێت. "
سەبارەت بە سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنقەرە و كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردوغان سەرۆك كۆماری توركیا راوێژكاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان وتی: "هەموومان دەزانین پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا بە چەند قۆناغێكی جیاجیادا تێپەڕیوە، ئەوە سیاسەتی دروستی نێچیرڤان بارزانی بوو، وای كرد سیاسەتی بەكارهێنانی هێز و هەڕەشەی داخستنی سنوور و ئاڵۆزییەكان لەگەڵ توركیا تێپەڕێنین و بیگۆڕین بە قۆناغێكی نوێی لێكتێگەیشتن و گفتوگۆ، تەنانەت بەو سیاسەتە راست و دروستە توانراوە كاریگەریمان لەسەر بەرەوپێشچوونی پرۆسەی ئاشتی لە كوردستانی توركیا هەبێت. سەرۆكی هەرێم لەو سەردانەیدا بۆ توركیا پێكەوە لەگەڵ ئەردوگان جەختیان لەسەر بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا كرد، بەتایبەتی لە رووی فراوانكردنی پەیوەندییە بازرگانیيەكانی نێوان هەردوو لا، هەروەها باسی هاوبەشيی ئابووريی نێوان هەرێم و توركیا كرا، سەرۆك كۆماری توركیا ئامادەیی خۆيشی دەربڕی بۆ هاوكاری و هەماهەنگی لەگشت روویەكەوە."
راوێژكاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە باشی زانی لە رێگەی گۆڤاری گوڵانەوە روونكردنەوەیەك لەسەر سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا بڵاو بكاتەوە. لەمبارەیەوە وتی : "زۆر قسە لەسەر ئەندامانی شاندەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنقەرە كرا، بەوەی كە هەموویان پارتین؛ لەكاتێكدا سەرۆكی هەرێم پەیوەندییەكی نموونەیی و باشی لەگەڵ جێگرەكانی هەیە و، پێكەوە پرس و را دەكەن و سەردانەكەشی بۆ ئەنقەرە بە ئاگاداریی جێگرە بەڕێزەكان و بەرپرسانی بەغدا بووە، ئەم سەردانە لەم كاتەدا كە ناوچەكە بەئاڵۆزییەكی خراپدا تێپەڕ دەبێت، جارێكی دیكە رۆڵ و پێگەی هەرێمی كوردستان دەردەخات، لەمەشدا رۆڵی بهڕێز نێچیرڤان بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان دیار و لەبەرچاوە بۆ پاراستنی پێگە و بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان، هەروەها كاریگەریی لە سەر ئاراميی ناوچەكە هەیە و برەودانەوە بە پرۆسەی ئاشتی و چارەسەركردنی گرفتەكانی ناوچەكە بەگشتی، كه كوردستان تێیدا وەكو یاریزانێكی گرنگ نیشان بدرێت، نەك وەكو تەماشاكار. "