شێروان دووبردانی ئەندامی لێژنەی ھەرێمەکان و پارێزگاکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان: بەرزکردنەوەی سەقفی داواکاریی حکومەتی کازمی لە شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەیە رێککەوتن نەکرێت

شێروان دووبردانی ئەندامی لێژنەی ھەرێمەکان و پارێزگاکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان:  بەرزکردنەوەی سەقفی داواکاریی حکومەتی کازمی لە شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەیە رێککەوتن نەکرێت
بۆ ئەوەی بزانین لە دوای ھاتنی شاندی ھەرێم بۆ بەغدا چی کراوە و، بۆچی سەقفی داواکارییەکان بەرز کراوەتەوە و، ئایا قەرزی دەرەکی و ناوخۆ بەشی کوردستانی لەگەڵە و، بۆچی بەشە گەنمی جووتیارنی ھەرێم کەم وەردەگیرێت، بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە و چەندین پرسیاری دی، گوڵان ئەم دیمانەیەی لەگەڵ شێروان دووبەردانی ئەندامی ھەرێمەکان و پارێزگاکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ساز کرد.
ھیچ سەرۆک وەزیرانێکی عێراق دەسەڵاتی نییە سنوورێک بۆ ھەندێ گرووپ و میلیشیا دابنێت

زیاتر لە ٥٠ ماددەی دەستووریان بەرامبەر گەلی کوردستان پێشێل کردووە


دیمانە: سالح عومەر

• ئایا یاسا و ماددەکانی دەستووری ھەمیشەیی عێراقی فیدڕاڵ وەک یەک لە ھەموو شار و پارێزگاکانی عێراق و ھەرێم جێبەجێ دەکرێت؟
- بێگومان لە دوای ٢٠٠٥ـەوە تا ئێستاکە بڕگە و ماددەکانی یاسایی دەستوور وەک خۆی جێبەجێ ناکرێن و جیاوازییەکی زۆر ھەیە لە نێوان ھەرێم و پارێزگاکان، بەتایبەتی ئەو ماددانەی کە پەیوەندی بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەبێت و، یەکێک لەو ماددەیانەی کە دادگای فیدڕاڵی مولزەمی کرد بەوەی جێبەجێ بکرێت، ماددەی ١٤٠ بووە کە تایبەتە بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان، لەو کاتەی کە بڕیاری لەسەر درا، دەبووایە بۆ ماوەیەکی زەمەنی کە بۆی دیاری کرابوو، بە سێ قۆناغ جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئەو یاساییە تا ئێستا ھەر وەک خۆی ماوەو جێبەجێ نەکراوە و، ئەو کێشانەی ئێستا لە ھەر روویێک لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم ھەیە، دەگەڕێتەوە بۆ جێبەجێ نەکردنی ماددەی ١٤٠ ئەمەش ھەر بۆ ئەو عەقڵییەتە شۆڤینییەی عێراق دەگەڕێتەوە لە ھەموو ئەو کابینانەی کە لە ٢٠٠٥ـەوە تا ئێستا لە عێراق دروست بووە و، بەشێوەیەکی گشتی حکومەتەکانی عێراق زیاتر لە ٥٠ ماددەی دەستووریان بەرامبەر گەلی کوردستان پێشێل کردووە، جگە لەچ ەندین یاسا کە ئێستا وەک فشارێکی سیاسی و ئابووری بەرامبەر ھەرێمی کوردستان بەکاری دەھێنن.
• حکومەتی عێراقی مەبەستی لە نانەوەی کێشە چییە کە بەرامبەر ھەرێمی کوردستان دروستی دەکات؟
- لەسەرەتای رزگاربوونی عێراق و بەتایبەتی لە دوای دامەزراندنی سیستەم و حوکمێکی دیموکرات لە عێراقدا، کوردو کوردستان بە دڵ و نییەتێکی پاک بەشداری لە سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی دەوڵەت و حوکمڕانیی عێراقی فیدڕاڵ کرد، وەک گەلی دووەمی ھاوبەش لەپاڵ پێکھاتەی عەرەبی شیعە و سوننەدا، بەڵام جێگای داخە ئەوان کورد بە ھاوبەش دانانێن، بەڵکو کوردیان بۆ پێکھێنانی کابینەکانی حکومەتی عێراقی بەکارھێناوە، تا ئەو ھەنگاو و کاتەی کە کابینەکەیان دەکەوێتە کار، لە پاشان وەک مێوان لە عێراق سەیرمان دەکەن، لەھەموو بارەکانی دەوڵەت و حوکمڕانی مافەکانی کوردستان دەخۆن و ئێستاش بەداخەوە کازمی سەقفی داواکارییەکانی بەرامبەر شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ رێککەوتن و چارەسەری کێشە ھەڵواسراوەکان زۆر بەرزکردۆتەوە، ئەمەش بیانووە بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان ھەر لە ئەزمە و بەتایبەتی لە ئەزمەی ئابووری بمێنێتەوە.
• پەیوەندیی ئێستای حکومەتی کازمی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان لەچ ئاستێکدایە و ئایا دەکرێ ھیوامان بە ھاوکاریی ئەو حکومەتە ھەبێت؟
- بێگومان لەو کاتەی جەنابی سەرۆک بارزانی بڕیاری ریفراندۆمی بۆ گەلی کوردستان دا، کە لە پرۆسەیەکی دیموکراتی زیاتر لە ٩٣%ی خەڵک دەنگی بۆ سەربەخۆیی کوردستان دا، لەو کاتەوە تا ئێستاش مامەڵەی عێراق بە جۆرێکە کە مەجبوورمان دەکات ھەنگاو بنێین بەرەو سەربەخۆیی، چونکە ئێستا ھەرچی دۆسێ ھەیە، کە عێراق لە کوردی داوا کردووە، لەلایەن شاندی ھەرێمی کوردستانەوە بە وردی و دەقیقی تەسلیم بە عێراق کراوە، ھەتا دەگاتە لیستی مووچەخۆرانی ھەرێمیش، بەڵام دواجار کە شاندی ھەرێم ھاتە بەغدا، ئەوا سەقفی داواکاریی لە ھەرێم لەلایەن کازمی زۆر زیاتر و بەرزتر کرایەوە، کە ئەمە دەیسەلمێنێت بە ھیچ شێوەیە عێراق نایەوێت بەپێی دەستوور و یاسا لەگەڵ کورد بە ھاوبەشی بژێت و کێشەکان چارەسەر بکات، ھەر بۆیەش ئەو سەقفە بەرزەی داواکاریی کازمی لە کوردی کردووە، لەلایەن سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و ھەموو لایەن و کەس و ئێمەشەوە رەفز کراوەتەوە، چونکە ئێمە قبووڵ ناکەین بەو جۆرو شێوە تەعامولانەی عێراق بەرامبەر گەلی کوردستان دەیکات. ئێمە بە کازمی-مان گوتووە، لەگەڵ بەند و ماددەکانی دەستوورین و ھەرێمی کوردستان پابەندی خاڵ بە خاڵ و بڕگەکانی دەستوور و یاسایە بۆ رێککەوتن و چارەسەری ھەموو کێشە ھەڵواسراوەکانی نێوانمان، لەدوا سەردانی شاندی ھەرێمیش بۆ بەغدا کە داواکارییە زۆرەکانیان وەرگرتووە لە کوردستان، لەگەڵ سەرۆکایەتی ھەرێم و حکومەت کۆدەبنەوە، ئێنجا چاوەڕوانی بڕیارەکانی سەرکردایەتیی سیاسی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین.
• لە نێوان فراکسیۆنە کوردستانیەکان راوبۆچوونی جیاواز ھەیە، بەڵام ھۆکاری لێکترازانەکان چین؟
- ئەمە پرسیارێکی زۆر گرنگە، بەداخەوە ھەندێ لایەن و ئەندام پەرلەمانی کوردستان دژی کوردو کوردستانن، دەنگی ئەوان دژی یەکڕێزی و یەکدەنگیی کوردستانە و ئەوەش زیانی بە دەستکەتەکانی کورد گەیاندووە. ئەو دەنگە نەشازانەش بۆمان ئاشکران کێن. بەڵام ئێمە بە بەغدامان گوتووە بۆ ھەر دڵنیایی و تەئکیدێک لە دۆسێکان سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن و زۆر بە روونی و شەفافانە دۆسێکان پێداچوونەوەی بۆ بکەن، لەسەر ھەموو ئەو دۆسێیانەی لەلایەن شاندی ھەرێم بۆ بەغدا ھێنراون.
• سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا تا چەند گرنگی و کاردانەوەی لەسەر بەرەوپێشوەچوونی رێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا ھەیە؟
- خۆی ئەندازیاری ئەو رێککەوتنە جەنابی سەرۆکی ھەرێمە و سەردانەکەشی بۆ بەغدا زۆر گرنگ بوو، بەتایبەتی کە دیتیان سەرۆکایەتیی ھەرێم بە ھەموو دەنگ و رەنگەکان بە یەک وتارو بە یەکڕێز ھاتوونەتە بەغدا، کە لەلایەن ھەر سێ سەرۆکایەتیی بەغدا پێشوازی کران و کۆبوونەوە. جەنابی سەرۆکی ھەرێم چەندین لایەن و کەسایەتی یاساییشی دیت و لەگەڵیان کۆبووەوە، بەو مەبەستەی کە کێشە ھەڵواسراوەکان کۆتایی بێت و بە یکجاری بگەنە رێککەوتن، لێرەدا شتێک زۆر پێویستە روون بکرێتەوە، ئەویش ئەوەیە کە فەرمانبەران و زۆر لە خەڵکی کوردستان بە تەواوی ئاگاداری ھەندێ وردەکاری نێن، کە لێرە ئاماژەی پێ دەکەم، ئەویش بریتییە لەوەی کە حکومەتی عێراق ٤٥٣ ملیار دینار کە رێژەکەی دەکاتە ٥١%ی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم و ٤٩%ی تر ھەرێم لە داھاتی ناوخۆ تەواوی دەکات، ئێنجا دەتوانێت مووچە دابەش بکات، ئەگەرچی ئێستا حکومەتی عێراقی دەیەوێت ھەرێم نەوت و داھاتی خاڵە سنووری و ناوخۆ ھەر ھەمووی تەسلیم بکات، ئەنجا ھەر ٤٥٣ ملیار دینارەکە بنێرێت، لەو کاتەشدا کوردستان ناتوانێت مووچە دابەش بکات، چونکە داھاتەکەشی ھەمووی دەدات بە بەغدا، لەو کاتە پارە لە کۆی بێنێت، بۆیە ئەمەی بەغدا داوای دەکات، بۆ کوردستان کارەساتە، ھەر بۆیە ئەگەر ئەو عەقڵییەتە شۆڤینییەی بەغدا بەرامبەر بە کوردو کوردستان بەردەوام بێت، ئەوە کێشەی گەورەترمان لەگەڵ بەغدا بۆ دروست دەبێت. لەلایەکی دیکەوە بڕیاری سیاسی و پێکھاتن دیارە لەدەستی بەغدا نییە، بەڵکو وڵاتانی ھەرێمی رۆڵ و دەستی دیارو کاریگەریان لەسەر یرۆسەی حوکمڕانیی عێراق ھەیە و کێشەکانی ھەرێم لەگەڵ بەغدا زیاتر سیاسییە لەوەی ئێداری و ئابووری بێت.
• ئایا نەتوانراوە ئەمساڵ لەوەی بڕیار دراوە بەشە گەنمی جووتیارانی کوردستان لەلایەن عێراقەوە وەربگیرێت، چونکە جووتیارنی ھەرێم زۆر گلەییان ھەیە لەوەی زۆر کەمیان لێ وەردەگیرێت؟
- بێگومان جووتیارن ھەرێم ھەقی خۆیانە گلەیی بکەن، بەپێی ئەو بڕە گەنمەی لە کوردستان بەرھەم دێت، بەڵام بۆ ھەموو عێراق رێککەوتن ھەیە لە نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانیی عێراق کە نرخی گەنمی پلە یەک و دوو و سێ چەند بێت و چەندی وەربگیرێت، خۆی زیاتر وەرگرتنی گەنم و نرخەکانیش پەیوەندی بە وەزارەتی بارزگانیی عێراقەوە ھەیە و ھیچ پەیوەندی بە حکومەتی ھەرێمەوە نییە، بۆ ئەوە مەبەستەش پشت بە سایلۆیەکانی دەبەستێت کە تا چەند توانای وەرگرتنی بڕی گەنمیان ھەیە.
• ئایا پرۆژە یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢٠ پەسند دەکرێت؟
- زەحمەتە پرۆژە یاسای بوودجەی ٢٠٢٠ بێتە پەرلەمان، چونکە کات گرنگە، بەڵام ئێستا کار دەکەن بۆ ئامادەکردنی پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢١، لەلایەکی دیکەوە ماوەیەک پێش ئێستا کارمان کرد و پرۆژە یاسای قەرزی ناوخۆیی و دەرەکیمان پەسند کرد کە بەگشتی بڕی قەرزەکە ٦٥ملیار دۆلارە، بەڵام ئێستا تەنیا بۆ ١٥ملیار دۆڵار بۆ ماوەی ٦٠ رۆژ بڕیار دراوە، وەک بەشی یەکەم کە لەم قەرزەشدا بەشی ھەرێمی کوردستانی تێدایە کە ئەنجومەنی نوێنەران چاودێری و بەدواداچوون دەکات لە چۆنیەتی خەرجکردنی ئەوە قەرزە لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە بۆ ئەوەی بتوانرێت سوود لە قەرزەکەی وەربگیردرێت. پاشان بڕیار لەسەر بەشی دووەمی قەرزەکە دەدرێت.
• ئایا کار لەسەر پرۆژە یاسای ھەلبژاردن دەکرێت؟
- ئێستا کێشەی سیاسی لە سەر پرۆژە یاسای ھەڵبژاردن ھەیە و، ئێمە دەنگمان دا لەسەر سیستەمی بازنەی قەزاکان، بەڵام ئێستا دەنگێک ھەیە کە ھەڵبژاردن لەسەر ئاستی قەزاکان ئەنجام نادرێت و داواکارییش ھەیە، پرۆژەی یاسای ھەلبژادن یەک ، دوو ماددەی ھەموار بکرێتەوە بۆ کەمکردنەوەی ئەو کێشەو کۆسپانەی لەبەردەمیدایە کە سیستەمی ھەلبژادن بێتە سەر ئاستی پارێزگاکان و کار لەسەر ھەموارکردنی کۆتای ئافرەتانیش بکرێت.
• ئەو بارگرژییەی لە نێوان دژە تیرۆری عێراق و ھەندێ میلیشیای حەشدی شەعبی ھەیە بۆ چی دەگەڕێتەوە؟
- لە ھەموو لایەکمان ئاشکرایە ھەر کەسێک ببێتە سەرۆک وەزیران دەسەڵاتی نییە بتوانێت ھەندێک لەو گرووپ و میلیشیایانە سنووریان بۆ دابنێت، چونکە وڵاتانی دەرەوە بەتایبەتی ھەرێمایەتی دەستیان لە پشت دەدەن و سەرکردایەتییان دەکەن، بۆیە لەکاتێکدا ھەوڵ بدرێت ئەو چەکانەی لەدەستی گرووپ و میلیشیاکانە بکەوێتەوە دەست حکومەت، زۆ زەحمەتە و کێشەی گەورەی لێ دروست دەبێت.
Top