دکتۆر سەباح زێباری سەرۆکی لێژنەی تەندروستی و ژینگە و مافی بەکاربەر لە پەرلەمانی کوردستان بۆ گوڵان: ئۆباڵی ھەڵکشانی ژمارەی تووشبووان و مردووان بە کۆرۆنا لەھەرێم دەکەوێتە سەرشانی ئەوانەی خەڵک
June 29, 2020
دیمانەی تایبەت
دوای حەوت مانگ لە سەرھەڵدانی کۆرۆنا نزیکەی ١٠ ملیۆن کەس و تووش بوون و نزیکەی ٥٠٠ ھەزار مرۆڤیش گیانیان لە دەست دا، لەھەرێمی کوردستانیش دوای ھەڵگرتنی رێکارەکانی خۆپارێزی و قەدەغەکردنی ھاتوچۆ کە بەناچاری لەبەر باروگوزەرانی خەڵک بوو، ئێستاکە تووشبووانی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان گەیشتۆتە ٥ ھەزار و ٥٣٣ کەس، ئەمە وێڕای گیان لەدەستدانی ١٨٢ ھاووڵاتی، ئەم ژمارەیەش زەنگێکی مەترسیدارەو پێویستە ھەرسێ دەزگا فەرمییەکەی ھەرێم (سەرۆکایەتیی ھەرێم و حکومەت و پەرلەمان) رێکاری نوێ بگرنەبەر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسەکە، بۆ ئەم مەبەستە چەند پرسیارێکمان ئاراستەی دکتۆر سەباح زێباری سەرۆکی لێژنەی تەندروستی و ژینگە و مافی بەکاربەر لەپەرلەمانی کوردستان کرد، لێرەدا پوختەی قسەکانی بڵاودەکەینەوە.ئا: شەماڵ نوری
• سەرەتا دکتۆر سەباح زێباری سەرۆکی لێژنەی تەندروستی و ژینگە و مافی بەکاربەر لە پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە دۆخی ھەرێم و پەتای کۆرۆنا وتی : "ھەرێمی کوردستان لەبەردەم ھەڕەشەیەکی جددی کۆرۆنادایە بەتایبەتی دوای ھەڵکشانی ژمارەی تووشبووان بۆ نزیکەی ٥٠٠٠ کەس و مردنی ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتیان، ئەمەش بەھۆی تێکەڵکردنی سیاسەت بەم پەتا جیھانیە رووی دا، کە بەداخەوە لەھەرێمی کوردستانیش بە ھاوشێوەی ئەو وڵاتانەی ئۆپۆزسیۆنێکی ناتەندروستیان ھەبوو، مەینەتی و ئازاری خەڵکیان بەشێوەیەک بەکارھێنا بەوەی حکومەت زیاد لەپێویست رێکارە ئازار بەخشەکانیان گرتۆتەبەر و زیانیان لەخەڵکی داوە، لەکاتێکدا حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەپێی پێوەرو بنەماو راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی رێکخراوە جیھانیەکان ھەڵسوکەوتی کردوو سەرەتا تا ڕادەیەکی باش توانی مەترسی نەخۆشی یە کوشندەیە لەکۆمەڵگە دوور بخاتەوە ، ئێستاکە راگرتنی بارودۆخەکەو کۆنترۆڵکردنەوەی لەدەستی ھاووڵاتیاندایە بەوەی پابەندی رێکارەکانی خۆپارێزی بن و پابەندی رێنماییە تەندروستیەکان بن و بەرکەوتەیان لەگەڵ خەڵکی کەم بکەنەوە ، بەتایبەتی دوای ئەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لەھەرێمی کوردستان لەکۆنترۆڵ دەرچوو، بەوەی پێشتر حکومەت دەیتوانی گەڕەک و شوێنە گشتیەکان و تەنانەت قەزاو ناحیەکان کەرەنتینە بکات و رێگا لە فراوانبوونی تووشبووان بگرێت، ئێستا ئەم حاڵەتە زەحمەتە دوای تووشبوونی ئەو ژمارە زۆرە و نەبوونی توانای دارایی و تەندروستی ھەرێم ، بەمەش کاتێک نەخۆشیەکە کەوتە ناو کۆمەڵگە و بەرکەوتەکان زیاد بوو، زۆر زەحمەتە کۆنتڕۆڵ بکرێت و رێژەی تووشبووان کەم بکرێتەوە؛ بەمەش زیانەکانی کۆرۆنا لەھەرێمی کوردستان زۆر مەترسیدار دەبێت، بەتایبەتی کە لە کوردستان ژێرخانێکی تەندروستی پێشکەوتوومان نییە و تەختی نەخۆشمان کەم ھەیە کە لەگەڵ پڕبوونی نەخۆشخانەکان بە تووشبووانی کۆرۆنا مەترسیی ئەوە ھەیە، ھەرچی تووشبووانی کۆرۆنا ھەیە ئەوەی نیشانەکانی کەمە لەماڵەوە خۆی کەرەنتینە بکات، ھەمووشمان دەزانین کۆمەڵگەی کوردستان و خانەوادەکانمان لەرووی کۆمەڵایەتی و قەڵەبالغی ناو ماڵەکانەوە بەھاوشێوەی ئەوروبا نییە تاکپارێزی پیادە بکرێت ، واتا تووشبوونی ئەندامانی خێزانەکەش مەترسییەکەی گەورەترە، بەتایبەتی ئەوانەی خەڵکانی بەتەمەن و نەخۆشیان ھەیە، من ئەمڕۆ قسەم لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەولێر کردووە نەخۆشخانەکانیان پڕ بووەو لەتوانایدا نەماوە ژمارەیەکی زیاتر وەربگرن، گەرچی چەندین شوێن دەستنیشان کراوە بکرێتە نەخۆشخانە بەڵام ئێمە پێویستیمان بەچاودێری چڕ ھەیە کە پارەو تواناو شارەزایی بەتوانا ھەیە، لەوێش بەھۆی دواکەوتنی موچەو بارودۆخەکەوە ژمارەی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی زۆر کەم بووەتەوە بۆیە پاراستن و تاکپارێزی چاکترین رێکاچارەسەریی کۆرۆنایە. "
• سەرۆکی لێژنەی تەندروستی و ژینگە و مافی بەکاربەر لە پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بەو کەسانەی موزایەدە و پڕوپاگەندەی نکۆڵی لە بوونی کۆرۆنایان لە کوردستان بڵاودەکردەوە وتی: "ئەرکی ھەمووانە لەھوشیاری و رێنمایکردنی ھاووڵاتیان بەشداربین، بەوەی چۆن خۆیان لەو بەڵا مەترسیدارە بپارێزن، بەڵام ئەرکی ھەمووان نییە بەتایبەتی پەرلەمانتار و سیاسەتمەدارو رۆژنامەنووس و ھونەرمەند بچنە ناو قووڵایی مەسەلە تەندروستیەکانەوە و شیکاریی و تێڕوانینی سیاسی و بۆچوونی تایبەتی تێکەڵ بکەن، پێم سەیرە لەک وردستان کەسانێکی سیاسەتمەدارو پەرلەمانتار و مامۆستای ئایینی و سەرۆکی حزب و رۆژنامەنووس بە گومانەوە دەیانڕوانیە نەخۆشییەکە و گومانیان دەخستە دڵی خەڵکەوە وەکو ئەوەی ئاگایان لە بارودۆخی مرۆڤایەتی و وڵاتانی زلھێزو پێشکەوتووەکانی ئەم جیھانە نەبن ئەوان نەخۆشی و پەتایەکی کوشندەی مەترسیداریان لەسەر خەڵکی کردە بابەتێکی سیاسی و بەکاریان ھێنا لەدژی حکومەتێک کە کەوتووەتە بارودۆخێکی خراپی ئابوورییەوە، نامتمانەیان خستە نێوان وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ لەگەڵ ھاونیشتمانیان، بەمەش تاوانێکی گەورەیان دەرھەق بەخەڵکی ئەنجام دا ، ھەربۆیە تا ٤/٥/٢٠٢٠ تەنیا سێ چوار حاڵەتی مردن لەھەرێمی کوردستان ھەبوو ئێستا لە ٢٠٠ کەس نزیک دەبینەوە ئۆباڵی ئەو گوناحەو ئازاردانی خەڵکە بەشێکی زۆری دەکەوێتە سەرشانی ئەو جۆرە کەسانە ، چونکە ئێمە لەتواناماندا نییە ئەو ھەموو دەزگایەی ھەناسەی دەستکرد دروست بکەین ، بەسوپاسەوە ژووری بازرگانی و پیشەسازی ھەولێر چەند دەزگایەکی ئامادەکرد لێرەوە داوا لە بیزنسمان و سەرمایەدارانی کورد دەکەم ھاوکاریی دەزگا تەندروستی شارەکانیان بکەن بەھاوکاریی دارایی بێت یاخود بەئامادەکردنی دەزگای ھەناسەی دەستکرد چونکە ئەمە خێرێکی گەورەیەو نیشانەی نیشتمانپەروەریی و خەمخۆری ئەوانە بەرامبەر بەھاونیشتمانیان. "
سەبارەت بە گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر بەو کەسانەی گەمەیان بە کۆرۆنا کردو درۆیان لەناو خەڵکیدا بڵاوکردەوە، دکتۆر سەباح زێباری وتی: "پێویستە داواکاریی گشتی و دادگاکانمان رۆڵی گەورەی خۆیان بگێڕن دەرھەق بەوانەی ژیانی خەڵکی دەخەنە مەترسی یەوەو کۆرۆنا بۆ دژایەتیکردنی حکومەت و بڵاوکردنەوەی نامتمانە لەنێوان دەزگا تەندروستیەکان و خەڵکی بڵاودەکەنەوە، خۆ ھیچ نەبێت لەعێراق یاسایەک ھەیە بەناوی ( یاسای تەندروستی گشتی ) و ئێمەش بەشێکین لەعێراق دەتوانین سوود لەو یاسایە وەربگرین بۆ دەستگیرکردن و ئاراستەکردنی سکاڵا بەرامبەر بەو کەسانەی زیان بە تەندروستیی گشتی دەگەیەنن. "