بەشار كیكی جێگری سەرۆكی فراكسێۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان: * سەردانی ڕێزدار سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا زۆر گرنگ و ئه‌رێنى بوو

بەشار كیكی جێگری سەرۆكی فراكسێۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان: * سەردانی ڕێزدار سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا زۆر گرنگ و ئه‌رێنى بوو
بۆ ئەوەی بزانین پەیوەندیەكانی كابینەی مستەفا كازمی و حكومەتی هەرێم له‌ ئێستادا چۆنە، هەروەها سەردانەكه‌ی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ چ مەبەستێك بووه‌ و ئایا پرۆژە یاسای قەرزی دەرەكی و ناوخۆ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پەسند دەكرێت و لەو قەرزانەدا هەرێمی كوردستان بەشی هەیە؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانه‌ و چەند پرسێكی دێكە، گوڵان ئه‌م گفتوگۆيه‌ى له‌گه‌ڵ بەشار كیكی جێگری سەرۆكی فراكسێۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ساز كرد و بەمجۆرە وەڵامی داینەوە.
* هەر قەرزێك حكومەتی عێراقی وەری بگرێت، ئەوە بەشی هەرێمی كوردستانیشی تێدایە بە پێی دەستوور و یاسا رێكخراوە


دیمانە: سالح عومەر

• پەیوەنديی ئێستای حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ لە چ ئاستێكدایە و چ خوێندنه‌وه‌يه‌كتان بۆ سەردانه‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا هه‌يه‌؟
- ئێستا كاتێكی باشە هەرێمی كوردستان لەگەڵ مستەفا كازمی و كابینەكەی بگاتە رێككەوتنێكی سەقامگیر، تاوەكو ئەو كێشانەی لە نێوانیان هەیە و بە هەڵواسراوی ماوەته‌وه‌، چارەسەری بكەن، بێگومان بەڕێز كازمی ئامادەیە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەپێی دەستوور بگەنە رێككەوتن و ئێستا دەرفەتێكی باش هەیە بۆ چارەسەری كێشە هەڵواسراوەكان و گەیشتن بە رێككەوتن، چونكە نابێت ئەو كێشە هەڵواسراوانە هەر بەو شێوەیە بەبێ چارەسەر و رێككەوتن بمێنن. من تەئكید دەكەم كە هەردوو لا (هەرێم و بەغدا) جددین بۆ رێككەوتنێكی تەواو سەقامگیر بەپێی دەستووری هەمیشەی عێراق و دەبێت هەردوو لا و هەر یەك لە لای خۆیانەوە بێنە پێش بۆ كۆتايیهاتن بەو كێشانەی هەیە و بەپێی دەستووریش دەتوانن چارەسەری كێشە هەڵواسراوەكان بكه‌ن، كێشەكانیش زیاتر كێشەی هونەری و تەكنیكین و كێشەی سیاسی نین، بەڵام نەناردنی بودجە و مووچەو شایستە داراییەكانی هەرێم لەلایەن عێراقەوە، ئەمە بڕیارو كارو فشارێكی سیاسیيە و نابێت بەردەوام بێت. لەم دوایيانە كازمی 388 میلیار دیناری بۆ هەرێمی كوردستان نارد، كە ئەمەش بەشی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ناكات، بەڵكو مووچەخۆرانی هەرێم مانگانە پێویستیان بە 900 ملیار دینار هەیە، لەلایەكی دیكەوە پێویستە حكومەتی عێراق بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆڕۆنا و دابەزینی نەوت لەبەرچاو بگرێت و، بۆ ماوەی دوو مانگی دیكە بەشە مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت و لە ماوەی ئەو دوو مانگەش هەردوو حكومەت بە جددی كار بكەن بۆ چارەسەری كێشەكان و گەیشتن بە رێككەوتنی یەكجارەكی و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لەلای خۆیەوە ئامادەیە كە دۆسێی نەوت و داهاتەكانی ناوخۆ بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی ته‌سلیم بە عێراق بكەن. هەرێم دەیەوێت بگاتە ئەنجام و رێككەوتن لەگەڵ بەغدا. بێگومان سەردانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا زۆر گرنگ و ئێجابیە و دەیەوێت لە نزیكەوە پیرۆزبايی لە كابینە تازەكەی كازمی بكات و چوونی جەنابی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ هەردوو جێگرەكەی بۆ بەغدا خۆی لەخۆیدا زۆر گرنگە كە سەڵماندیان ناوماڵی كورد یەكڕێز و یەكدەنگە و بەو سەردانەش تەنیا پەیامێكی حكووميیان بۆ بەغدا پێ نیيە، بەڵكو پەیامێكی سیاسیشە و لەم سەردانەدا بێگومان باسی هەندێ پرسی گرنگ دەكەن، لەوانە بودجە و مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێم و باس لەوەش دەكرێت كە تەدەخولاتی سەربازی لەلایەن توركیا و ئێران بۆ سەر سنووری هەرێمی كوردستان رابگیرێت، چونكە ئەو بابەتە پێویستی بە هەماهەنگيی نێوان هەولێر و بەغدا هەیە، ئەو دوو بابەتە سەرەكین كە رێزدار سەرۆكی هەرێم لەگەڵ كازمی هەموو سەركردە سیاسی و حكووميیەكان باسی دەكەن بە مەبەستی رێككەوتن و چارەسەری كێشە هەڵواسراوەكانی نێوانمان.
• وه‌ك ده‌زانن، بەردەوام غەدر لە هاووڵاتیانی كوردی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم دەكرێت، بەتایبەتی لە سنووری كەركووك، ئایا ئەم كارو رەفتارانە پێشێلی دەستوورو ماددەی 140 نییە؟
- بێگومان هەموو ئەو كارو رەفتارانەی دەرهەق بە خەڵك و هاووڵاتیانی كورد لە ناوچە كوردستانییەكان دەكرێت، لە ئەنجامی ئەوەیە حكومەتی عێراقی كابینە لەدوای كابینە نەیانتوانی ماددەی 140 وەك ئەوەی هەیە، جێبەجێى بكەن و، حكومەتی بەغدا جددی نەبووە لە جێبەجێكردنی ماددەی 140 كە هەموو كێشەكان چارەسەر دەكات و هەموو كات حكومەتی بەغدا ئیستیسماری ئەو ماددەی كردووە، تاوەكو فشار لەسەر حكومەتی هەرێم دروست بكەن و هەموو ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم هەر هەموویان لە رووی ئەمنیيەوە ناسەقامگیرن و داعش و زۆر گرووپی دیكە كە توندڕەون، بەردەوام هێرش دەكەنە سەر دانیشتووانی ئەو ناوچانە كە كوردی رەسەنن و دەغڵ و دانیان دەسووتێنن، چەندین هاووڵاتيشيان شەهید كردووه‌، يان رفاندوويانن، هەموو ئەو كردەوانەش و ئەو بارودۆخەی لەو ناوچانە دەگوزەرێت، بۆ جێبەجێنەكردنی دەستوور ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، بەتایبەتی قۆناغ بە قۆناغەكانی ماددەی 140 و ئەو بابەت و ماددەیەش زۆر گرنگە، هەر بۆیە حكومەتی هەرێم لە رێككەوتن و چارەسەری كێشەكان لەگەڵ بەغدا باسی دەكات و ناكرێت ئەو بارودۆخەی لەو ناوچانە هەیە، بە كراوەیی و بێ چارەسەر بمێنێت و پێویستە بۆ ئەو ناوچانە سوود لە توانا و قارەمانیەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان وەربگیرێت، كە بە هەبوونی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە سەقامگیری و هێمنی بۆ دەگەڕێتەوە و سەروماڵی دانیشتووانی ناوچەكان بە تەواوی پارێزراو دەبێت، بەتایبەتی لەچەندین ناوچەی گرنگ و ستراتیژیدا.
• تاوەكو ئێستا زەمانی كوردی شان بەشانی زمانی عەرەبی لە چوارچێوە و كلێشەو نووسراوەكانی حكومەتی عێراقی هەیە، كە ئەمەش بە دەستوور رێك خراوە، ئايا لەم رووەشەوە پێشێلی دەستوور و یاسا كراوە لەلایەن عێراقەوە؟
- ماوەیەكە نووسراوی فەرمی دامودەزگاكانی حكومەتی فیدڕاڵی كە دەردەچن، لۆگۆ و ئەدریسی كوردی كە پێویستە لەسەری هەبێت، نابيندرێت، كە بەپێی ماددەی دەستووری ژمارە 4 هاتووە كە كلێشەو نووسراوەكانی حكومەتی فیدڕاڵی دەبێت لۆگۆ و ئەدرێسی كوردی شان بەشانی عەرەبی لەسەر هەبێت، بەڵام حكومەتی عێراقی و داموده‌زگاكانیان بە پێچەوانەی یاساو دەستوور لەسەر كلێشەی نووسراوەكانیان لۆگۆ و ئەدرێسی كوردیيان لاداوە، ئەمەش پێچەوانەی یاسای زمانەكان ژمارە 7ی ساڵی 2014یە كە لە ماددەكانی ( 2 و 3 و 5 و 6 و 7) ئاماژەی پێ كراوە كە پێویستە لە دامودەزگاكانی حكومەتی فیدڕاڵی و هەرێمی كوردستان لۆگۆ و كلێشەی نووسراوی فەرمی دامودەزگاكانی حكومەت بە زمانی كوردی و عەرەبی بێت، بەڵام حكومەتی فیدڕاڵی لەمەش فرسەتی وەرگرتووە و پێشێلی دەستوور و ماددە یاسایەكانی دەرهەق بە كورد كردووە، ئەم پێشێلكارییە هەر ئێستا نییە، بەڵكو لە كابینەكانی دیكەش نووسینگەكانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەو یاسایەیان پێشێل كردووە، لەلایەكی دیكەوه‌ نووسراوی پەرلەمان و ئەندام پەرلەمانەكانی غەیرە كوردی لە پەرلەمانی عێراق لە بری ئەوەی بە عەرەبی و كوردی بێت، ئەوە بە عەرەبی و ئینگلیزيیە، هەر بۆیە من بەنووسراوێكی فەرمی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵم ئاگادار كردەوە لەسەر ئەو پێشێلكاريیە دەستوورییە بێته‌ ده‌نگ، ئەمەش ماف و هەقێكی خۆمانە كە چۆن لە دەستوور هاتووە كە زمانی كوردی هاوتای زمانی عەرەبی بێت، دەمانەوێت ئەو هەقەش بۆمان پارێزراو بێت، كە نوسخەیەكم لەو نووسراوەش بە رێزەوە بۆ گوڵان ناردووە.
• پرۆژە یاسای بودجە لە عێراق بە كوێ گەیشتووه‌؟
- ئێستا حكومەتی عێراق نیيەتی ئەوەیە كە پرۆژە یاسای بودجەی 2020 نەنێریت و كار بۆ پرۆژە یاسای بودجەی 2021 بكەن و ئەو پرۆژە یاسایەی 2021 بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بنێرن، هەروەها قەرزی دەرەكی و ناوخۆیان پێشكەش بە ئەنجومەنی نوێنەران كردووە، كە دانیشتنێكی لەسەر ئەنجام درا لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی لێژنەی دارایی، بەڵام دواخرا بۆ دانیشتنێكی دیكە و داوای سەرەكيی ئێستای حكومەتی عێراقی ئەوەیە كە یاسای قەرزی ناوخۆ و دەرەكی پەسند بكات، ئەمەش بۆیە وایە چونكە حكومەتی عێراق كەوتۆتە تەنگاويیەكی دارایی و لەمەودوا توانای دابینكردنی مووچەی مووچەخۆرانی نییە. لەلایەكی دیكەوە هەر قەرزێك حكومەتی عێراقی وەری بگرێت، ئەوە بەشی هەرێمی كوردستانیشی تێدایە بە پێی دەستوور و یاسا رێكخراوە.
Top