د. ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان: رێزدار سەرۆكی هەرێم پەیامی ئامادەیی هەرێمی كوردستانی بۆ چارەسەركردنی سەرجەم دۆسێ و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی گەیاندە لایەنە سیاس
June 22, 2020
دیمانەی تایبەت
سەردانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بهغدا و پەیوەندییەكانی ههرێمى كوردستان لەگەڵ عێراقدا، تەوەرەی سەرەكيی ئهم ديدارهى گۆڤاری گوڵان لەگەڵ د. ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێك دههێنێت.د. ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەبارەت بە سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا وتی: "رێزدار نێچیرڤان بارزانی لە قۆناغێكی هەستیارو گرنگدا سەردانی بەغدای كردو لەگەڵ هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق و سەركردە و لایەنە عێراقییەكان كۆبووەوە، ئەوە بوو لە یەكەم رۆژی سەردانەكەی بە ئامادهبوونى جێگرانى سهرۆكی هەرێمی کوردستان لهگهڵ ههر يهك له مستەفا کازمی (سهرۆك وهزيران)، بەرهەم ساڵح (سهرۆك کۆمار) و محهمهد حەلبووسی (سهرۆكى ئهنجومهنى نوێنهران) و نوێنهرى سكرتێرى گشتيى نهتهوه يهكگرتووهكان له عێراق كۆبووهوه. هەروەها بەجیا لهگهڵ عهمار حهكيم (سهرۆكى رهوتى حيكمهى نيشتمانى) و هادى عامرى، كۆبووەوە، ئەمەش هەمووی لەپێناو نزیكبوونەوەی لایەنەكان و یەكلاكردنەوەی دۆسێ هەڵپەسێردراوەكان بووه." وتيشى: "ئەم سەردانەی رێزدار سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بهغدا، بۆ ئێمەی پەرلەمانتارانی كوردستانی و دانوستانە چاوەڕوانكراوەكانی حكومەت زۆر گرنگە، چونكە لای هەمووان ئاشكرایە لایەنە سیاسییەكان رۆڵی گرنگیان لە یەكلاكردنەوەی دۆسێ و چارەسەركردنی زۆر لە كێشەكان هەیە."
فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، له درێژهى ئاخافتنهكهيدا هێماى بۆ ئهوه كرد: "كۆرۆنا و دابەزینی بەهای نەوت و قەیرانی دارایی بەرۆكی هەموو عێراقییەكان و كوردستانيیەكانی گرتووە، ههر بۆيه نزیكبوونەوە و لێكتێگەیشتنی نێوان عێراقییەكان و كوردستانییەكان رۆڵی ئەرێنی لە چارەسەركردنی قەیرانەكان و دەربازبوون لەم هەموو نەهامەتی و كێشانە هەیە. "
دكتۆر ڤیان سەبری سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكان زیاتر گوتی: "هەروەكو جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەغدا گوتی (( دەكرێت قەیرانەكان بكەینە دەرفەتێك بۆ هاوكاری و پێكەوەكاركردن چونكە بەرپرسیارێتی سەرشانی هەموومانە..)) لەم سەردانەشیدا پەیامی لێكتێگەیشتن و كاركردنی هاوبەشی نێوان عێراقییەكان و كوردستانییەكانی بۆ بەغدا برد، بەتایبەتی كاتێك جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە بەردەوامبوونی كێشەكان لە بەرژەوەنديی هیچ لایەنێكی سیاسيی عێراقی و كوردستانیدا نییە، هەربۆیە لە زۆربەی دیدارو دانیشتنەكانیدا لەگەڵ سەركردە عێراقییەكان جەختی لەسەر ئەو خاڵە كردەوە كە هەرێمی كوردستان ئامادەیی تەواویی تێدایە بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەسەر بنەمای دەستوور و بە رەچاوكردنی سیستمی فیدڕاڵی، لەلایەن خۆشیانەوە سەركردە عێراقییەكان سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان بە گرنگ زانی. ئێمەی پەرلەمانتارانی كوردستانی لە بەغدا ئەم نزیكبوونەوە و لێكتێگەیشتنانە بە گرنگ دەزانین، چونكە هەوێنی یەكڕیزی و تەبایی نێوماڵی كوردە، هەروەها لە كاتێكیدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات، كە عێراق و كوردستان بە دۆخێكی خراپی ئابووریدا تێپەڕ دەبن، ئەمە وێڕای ئەوەی ئەم سەردانەی لە كاتێكدا دێت كە فڕۆكە و تۆپخانەكانی هەردوو وڵاتی توركیا و ئێران و شەهیدبوونی هاووڵاتیانی مەدەنی لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان روویان داوە. " وتيشى: "هەرچۆنێك بێت كورد و عێراقییەكان بە چاوی ئومێدەوە سەیری دیدارو گفتوگۆكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق دەكەن و، لە چاوەڕوانيی دەستپێكردنی دانوستان و گفتوگۆكانی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵین، بەتایبەتی لەسەر چەند دۆسێیەكی هەستیار و گرنگی تایبەت بە پشكی بودجە لە بودجەی گشتيی عێراق و مەسەلەی یەكلاكردنەوەی كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان بەپێی دەستوور و ماددەی 140ی دەستووری و پتەوكردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانیەكانی نێوان هەرێم و بەغداین، ئەوەی دەمێنێتەوە زیاتر دەكەوێتە سەرشانی لایەنی عێراقی، چونكە كورد هەموو نیيەتپاكی و ئامادەییەكی دەربڕیوە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە. "