ئەندازیار كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ( گوڵان) : پرۆژەی پێوەری زیرەك و هاوبەشیكردنی كەرتی تایبەتی لە دابەشكردنی كارەبادا چارەسەری سەرەكی كۆنترۆڵ و بەڕێوەبەردنی

ئەندازیار كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان  بۆ ( گوڵان) :  پرۆژەی پێوەری زیرەك و هاوبەشیكردنی كەرتی تایبەتی لە دابەشكردنی كارەبادا چارەسەری سەرەكی كۆنترۆڵ و بەڕێوەبەردنی
لەلێدوانێکدا بۆ گۆڤاری گوڵان ئەندازیار کەمال محمد ساڵح وەزیری کارەبا جەختی لەسەر رەوشی کارەبا و ئەو دەستکەوتانە کردەوە کە لەکابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەدەستھاتووە بەتایبەتی لەرووی چاکسازیی و ئەنجامدانی کۆمەڵێک پرۆژەو کاری گرنک کە بۆ بەڕێوەبردنی سیستەمی کارەبا پێویستن.
سەرەتا ئەندازیار کەمال محمد ساڵح وەزیری کارەبا سەبارەت بە بارودۆخی بەرھەمھێنانی کارەباو ئەو چاکسازییانەی لەم سێکتەرەدا لەم کابینەیەدا کراوە وتی :( سەرەڕای قەیرانی دارایی و لێکەوتەکانی کۆرۆنا لەماوەی کەمتر لە ساڵێکی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا وەزارەتی کارەبا کاری گەورەو گرنگی ئەنجامداوە، دەمەوێت لێرەدا سەرەتا باسی سێکتەری بەرھەمھێنانی کارەبا بکەم کە پارەیەکی زۆرمان لەم سێکتەرە بۆ گەنجینەی ھەرێم گەڕاندۆتەوەو کاری باش و گەورە کراوە، بۆ نموونە پێداچوونەوە بە گرێبەستی کۆمپانیای ( MEP) لوبنانی کراوە، ھەروەھا کەمکردنەوەی نرخی کڕینی ھەر ( یەک ) مێگاوات کارەبا لە کاتژمێرێکدا جێبەجێ کراوە، ئەمە وێڕای پێداچوونەوە بەقەرەبووکردنەوەی کۆمپانیا ئەگەرھاتوو لەحاڵەتێکدا سوتەمەنی بۆ دابین نەکرا لە شوێنی ( ٣٠ ) دۆلار بۆ یەک مێگاوات بۆ ( ١٤ ) دۆلار بۆ یەک مێگاوات کەم کراوەتەوە ، ھەروەھا گۆڕینی جۆری سوتەمەنی لەگازوایل بۆ نەوتی رەش کە بەھای ھەریەک تەن لە ٧٠٠ دۆلار دەبێتە ٢٠٠ دۆلار واتا تەنیا لە ھەردوو وێستگەی ھەولێر و دھۆک کە بڕی بەکارھێنانی سوتەمەنی لە ١٤٠ تەن X٧٠٠ = ٩٨.٠٠٠ دۆلار ئێستا بووەتە ٢٨.٠٠٠ دۆلار واتە ساڵانە توانراوە ٥١.١٠٠.٠٠٠ دۆلار بگەڕێتەوە خەزێنەی حکومەت، ھەروەھا کۆتایمان بە گرێبەستی سیمنسی ئەڵمانی بە بڕی ٦٤ ملیۆن دۆلار ھێنا بە گوژمەیەکی کەمتر بە ٤٢ ملیۆن دۆلار و نزیکەی ٢٢ ملیۆن دۆلارمان گەڕاندەوە خەزێنەی حکومەت. لەلایەکی دیکەوە بەشێکی زۆری گرێبەستەکان داڕشتنەوەی تێدا کرا لەگەڵ کۆمپانیای کارو قەیوان و ٢٩ مێگاواتی ھەر سێ پارێزگا و لە ئێستادا لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی سەرجەم گرێبەستەکانی وەبەرھێنان بکرێنە ستانداردو بۆ ئەوەی یەک باکێج دابنرێت بۆ ھەموو وێستگەکان.



ئەندازیار کەمال محمد ساڵح وەزیری کارەبا سەبارەت بە یەکەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا و زیادکردنی توانای بەرھەمھێنان لەھەرێمی کوردستاندا بەگۆڤاری گوڵانی راگەیاند: لەدەستپێکی کابینەکەدا دوو یەکەی ھایدرۆپاوەری دەربەندیخان لەکار کەوتبوون، بەخۆشحاڵیەوە سەرۆکی حکومەت رەزامەندی دا بە خەرجکردنی ١٦٨ ملیۆن دینار و ھەردوو یەکەکە بەگەڕخرانەوە ، ئەو دوو یەکەیە یەکێکیان بەتەواوەتی تێکچووبوو ھەربۆیە رەزامەندی درا بە بڕی ٣.٥ ملیۆن دۆلار بۆ دانانی یەکەیەکی نوێ ، ھەروەھا توانیمان چەند گرێبەستێک واژوو بکەین بۆ بەرھەمھێنانی ١٥٤٠ مێگاوات کارەبا بەمشێوەیە لەرێگەی پرۆژەی ھایدرۆپلەس لە ئاوەوە ( ٥٠ مێگاوات راپەرین – ٥٠ گەرمیان – ١٠٠ سۆران -١٠٠ زاخۆ )، ھەروەھا لەرێگەی کۆمباین سایکل ٥٠٠ بازیان و ٥٠٠ خۆرمەڵە) واتا بەرھەمھێنانی کارەبا لەرێگەی سوود وەرگرتن لە گەرمی یەکەکانی پێشووی وێستگەکە بێ ئەوەی سوتەمەنی دیکە بەکاربھێنرێت ، لەمەش گرنگتر بۆ گەرمیان گرێبەستێکمان بەبڕی ١٦٥ مێگاوات کارەبا لەگەڵ کۆمپانیایەکی بەریتانی واژوو کردووە بۆ سوود وەرگرتن لەو غازە بەفیڕۆچووەی کە دەسوتێت، ھەروەھا تەندەرمان ئامادەکردووە بۆ بەرھەمھێنانی ٧٥ مێگاوات کارەبا لەرێگەی وزەی خۆر لەھەر سێ پارێزگای ھەولێرو سلێمانی و دھۆک، ئەمە جگە لەئامادەکردنی دەستپێکردنەوەی بەرھەمھێنانی ٣٠٠ مێگاوات کارەبا لە وێستگەی خەبات. وەزیری کارەبا ئەوەشی خستەڕوو کە تەنیان بەتەحویلکردنی سێ وێستگەی ٢٩ مێگاواتی لە ھەولێر و سلێمانی و دھۆک لە دیزل بۆ Hfo کەپێشتر یەک کیلۆوات لەسەر حکومەت بە ٢٢ سەنت بوو ئێستا بۆ ٧ سەنت کەمبووەتەوە.



سەبارەت بەکەرتی گواستنەوەی کارەبا ئەندازیار کەمال محمد ساڵح وەزیری کارەبا جەختی لەسەر گرنگترین ئەو پرۆژانە کردەوە کە لەم کابینەیەدا جێبەجێ کراوە لەمبارەیەوە وتی : ( لەم کابینەیەدا گرنگیەکی زۆرمان بەکەرتی گواستنەوەی کارەبا دا لەبەر فراوانبوونی شاروشارۆجگەکان و ھەڵکشانی خواست لەسەر کارەبا بۆ نموونە لەدەستکەوتێکی بێ وێنەدا و لەماوەیەکی کەمدا توانرا بەدرێژایی ٣٢ کیلۆمەتر ھێڵی نێوان خەبات – زەنگەنان بۆ پارێزگای دھۆک تەواو بکەین و ھەروەھا گرێبەستمان بۆ راکێشانی ھێڵی دیکە بۆ سۆران و زاخۆو بازیان بکەین و ٣ وێستگەی مۆبایلمان بۆ سلێمانی و ١ وێستگە بۆ گەرمیان ئامادەکردووە، ھەروەھا کێشەی ئیشپێکردنی وێستگەکانی گرد جوتیار و مۆبایلی بارگ و وێستگەی رووناکی لەناو ھەولێر و سویچ گێڕی وێستگەی سەلاحەدینمان ئەنجام داوە ئەمە وێڕای چاککردنەوەی ٤ گۆڕەری KV١١ /٣٣ /٣٢ و MVA٢٥/٥٠/٦٣ لەھەولێر بەگوژمەی ١.١ ملیار دینار و ھێڵی KV٣٣ لەگەرمیان بەگوژمەی ٢٧٥ ھەزار دۆلار.

سەبارەت بەکەرتی دابەشکردنی کارەبا کە لەکابینەکانی پێشوودا گەورەترین گرفت کۆنترۆڵکردنی ئەم سێکتەرە بووە لەم بارەبەوە وەزیری کارەبا وتی : ( پرۆژەی پێوەری زیرەک و بەرەو کەرتی تایبەتی دابەشکردن چارەسەری سەرەکی کۆنترۆڵکردن و بەڕێوەبەردنی سیستەمی کارەبا و رێگاگرتنە لەبەفیڕۆدانی، لەمبارەیەوە تا ئێستا ٢٥٣.٨٠٩ پێوەری زیرەک لەھەرسێ پارێزگای ھەولێر و سلێمانی و دھۆک بەستراوە و ھەنگاوی گرنگیش نراوە بۆ بەرەو کەرتی تایبەتی سێکتەری دابەشکردنی کارەبا کە لەئێستادا بەرێژەیەکی بەرز لەم سێکتەرەدا کارەبا بەفیڕۆ دەچێت، ھەروەھا بۆ پاڵپشتیکردنی باشتر ئیشپێکردنی سیستەمی کارەبا کە تا دێت گەورەترو فراوانترو ئاڵۆزتر دەبێت پرۆژەیەی سکادا دەست بە جێبەجێکردنی دەکەینەوە کە بۆ چاودێریکردنی کارەبا لەوێستگەکانی بەرھەمھێنان و گواستنەوە لەشارەکان گرنگە .

وەزیری کارەبا ئەوەشی خستەڕوو: چاکسازیی لە وەزارەتی کارەبا بەردەوامەو ھەڵمەتەکانی بڕین و سزادانی سەرپێچیکاران و پرۆژەی پێوەری زیرەک کە بەھۆی کۆرۆناو قەیرانی داراییەوە ماوەیەک بوو راگیرابوو دەستمان پێکردۆتەوە و بەپاڵپشتی رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و تیمەکەی لەئەنجومەنی وەزیران سەرەڕای تێکچوونی رەوشی ئابووری و کۆرۆناو قەیرانی دارایی بەڵام توانیمان بەدرێژایی ئەو ماوەیە کارەبایەکی باش بەھاوڵاتیان بدەین و لەرۆژانی پشوو قەدەغەکردنی ھاتوچۆدا بەردەوام ٧٥٠٠ فەرمانبەری ئیشکگر لەخزمەتی ھاوڵاتیاندا بوون، تەنیا لە ناوەڕاستی مانگی نیسان ھەندێک گرفتی تەکنیکی و تایبەت بەچاکسازیی لە وێستگەکان روویاندا ئەویش خۆشبەختانە توانرا یەکەکەیەکی دیکەش لەوێستگەی ھەولێر بخرێتە کارو بەمنزیکانەش ٣٠٠ مێگاوات کارەبای خەبات داخڵ بەسیستەم دەکەین دوای ئەوەی سەرۆکی حکومەت بەفرۆکەیەکی تایبەت تیمی تایبەت بە وێستگەکەیان لەکۆریای باشور بە دوو گروپ گەیاندەوە ھەرێم ، ھەروەھا داوامان لە ئەنجومەنی وەزیران کردووە بەدرێژکردنەوەی ئەو ماوەیەی کەدانرابوو بۆ لێخۆشبوونی بەرێژەی ١٥%ی قەرزی ھاوبەشانی کارەبا بۆ ئەوەی قەڵەباڵغی لەسەر فەرمانگەکانمان لەبەر ھۆکاری تەندروستی و بۆ سوودمەندبوونی زۆرترین ھاوبەشانی کارەبا درێژ بکەینەوە ، سوپاسی ئەنجومەنی وەزیران دەکەم کە بەدەنگ داواکارییەکەمانەوە ھاتن و ئەو ماوەیەیان تاوەکو ١/٩/٢٠٢٠ درێژکردەوە.
Top