د. ڤیان محهمهد جاف بەڕێوەبەری گشتيی پلاندانان لە وەزارەتی پلاندانان بۆ گوڵان: - داوا لە هاووڵاتیان دەكەین خۆیان بپارێزن و رێنماییەكان جێبەجێ بكەن، بۆ ئەوەی لە لوتكەی دووەمی شەپۆلی یەكەمی ڤا
June 17, 2020
دیمانەی تایبەت
لە لێدوانێكی تایبەتیدا بۆ گۆڤاری گوڵان، د. ڤیان محهمهد جاف بەڕێوەبەری گشتيی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بە مەترسيیەكانی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا داو، باسی لە ئەگەری هەڵكشانی تووشبووان كرد. لێرەدا دەقی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.• ئاشكرایە دكتۆر و كارمەندانی تەندروستی بارگرانیيەكی زۆری رووبەڕووبوونەوەی پەتای كۆرۆنایان لەسەرە؛ ئێوە وەكو دكتۆرو كەسێكی شارەزا چۆن دەڕواننە بارودۆخەكە، بەتایبەتی لەگەڵ هەڵكشانی ژمارەی تووشبووان و قوربانیيەكان لە هەرێمی كوردستان؟
- كۆرۆنا وەكو ڤایرۆسێكی نوێی جیهان و پەتایەكی سەرتاسەری كە سەرجەم كیشوەرو وڵاتەكانی گرتۆتەوە، خۆی لەخۆیدا ڤایرۆسێكی مەترسیدار و كوشندەشە، ئەوەتا ئەگەر سەیری داتاو ژمارەی تووشبووان و قوربانیەكان لەسەرانسەری جیهان و تەنانەت وڵاتانی رۆژهەڵتی ناوەڕاست و دراوسێ و عێراقیش بكەین لەو هەقیقەتە تێدەگەین كە مرۆڤایەتی لەبەردەم چی ڤایرۆسێكی مەترسیداردایە ، بێگومان خۆ ئەگەر رێكارە تەندروستییەكانی خۆپارێزی و داخستنی دەوامی قوتابخانەو فەرمانگە حكومییەكان و شوێنە گشتیەكان و دواتریش قەدەغەكردنی هاتوچۆ نەبووایە ئەوا ئەم ڤایرۆسە هەر زۆر زووتر زیانی گەورەی بەكەرتی تەندروستی و ژیانی هاووڵاتیان دەگەیاند. كاتێكیش لەهەرێمی كوردستان بۆجاری دووەم ڤایرۆسەكە بڵاوبووەوەو ئەمجارە بەشێوەیەكی زۆر خێراترو بەربڵاوتر زیانی بەقوربانیان گەیاند بۆ كەمبوونەوەی رێكارەكانی خۆپارێزی و پابەندنەبوون بە رێنماییە تەندروستیەكان دەگەڕێتەوە، ئێمە وەكو وەزارەتی تەندروستی زۆر بەووردی چاودێری و بەدواداچوونی بارودۆخەكە دەكەین، بەردەوام پەیوەندیی توندمان لەگەڵ رێكخراوی تەندروستی جیهانی هەیە و هەموو پێشهات و رێنمایی و راسپاردەكانمان پێ دەڵێن كە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم پەتا جیهانی یە و ڤایرۆسەكەدا بكەین ، بەداخەوە لەبەر ئەوەی پەتاكە نوێیە و تا ئێستا چارەسەری دەرمان و ڤاكسینێك نەدۆزراوەتەوەو توێژینەوەكان لەسەری بەردەوامە هەربۆیە تا دێت، مەترسییەكانی زیاتر دەبێت و مەترسیيەكانی بۆ ئێمەو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زۆر گەورەو مەترسیدارەو بگرە رۆڵی خراپی لە تێكچوونی هەناسەو بۆری قورگ و هەناسەدان و كۆئەندامی هەناسەدان و سيیەكان ههيه، زیانی گەورەشی بۆ سەر ئەو هاووڵاتیانە هەیە كە باری تەندروستیان خراپە یاخود بەتەمەنن، هەربۆیە لێرە بەهەموو شێوازێك داوا لەهاووڵاتیان دەكەین، خۆیان بپارێزن و رێنماییەكان جێبەجێ بكەن، چونكە لەجیهان وەكو یەك باكێج نە دەرمانی هەیە، نە ڤاكسینێكی بۆ دۆزراوەتەوە.
• تا چ راددەیەك هەست دەكرێت هاووڵاتیان پابەندن بە رێنماییە تەندروستیەكان و رێكارەكانی خۆپارێزی؟
- ئەمە پرسیارێكی گرنگە؛ چونكە ڤایرۆس و پەتایەك دەرمان و ڤاكسینی بۆ نەدۆزرابێتەوەو بەپێی رێنمایی و راسپاردەكانی تەندروستيی جیهانی تەنیا پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستیەكان تاكه رێگایە بۆ خۆپارێزی، ئیتر بۆچی پابەندی نەبین و هەڵمەتێكی هوشیاریی و جەماوەری بۆ بەستنی دەمامك و دەستەوانە و پاكوخاوێن ڕاگرتنی دەستوكەلوپەلەكانمان جێبەجێ نەكەین. حكومەتی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی وەزارەتی تەندروستی لە دابینكردنی ئامێری هەناسەدان و دروستكردنی بەپەلەی نەخۆشخانەی كۆرۆناو تەرخانكردنی دەیان نەخۆشخانەی دیكە چی لەتوانايدا بوو، كردی ، وەزارەتەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە بەناچاری لەپێناو بژێوی ژیانی خەڵك و كردنەوەی كاروكاسبی قەدەغەكردنی هاتوچۆیان هەڵگرت كە رێگەیەكی كاریگەرو گرنگە بۆ رێگرتن لەتەشەنەكردنی نەخۆشی یەكە و دەستنیشانكردنی بەركەوتەكانی ، هەربۆیە ئێستا تۆپەكە لەگۆڕەپانی خەڵكدایە بەوەی رێكارەكانی خۆپارێزی و تەندروستی رەچاو بكەن و حكومەتیش ناچار نابێت قەدەغەكردنی هاتوچۆو كەرەنتینەی شاروشارۆجگەكان رابگەیەنێت و هاووڵاتیش ئەوەندە زیانی ئابووری و بژێوی ژیانی بەرناكەوێت .
• زۆرجار ئەم بابەتە تێكەڵ بەسیاسەت و موزایەدەی ناو سۆشیال میدیا كراوەو خەڵكی هاندراوە پابەندی رێنماییە تەندروستی یەكان نەبن، ئێوە لەوەزارەتی تەندروستی چۆن دەڕواننە ئەم حاڵەتە نامۆیانە؟
- زۆر بەداخەوە هەرگیز نەدەبوو زۆر لە حزبەكانی كوردستان و سیاسەتمەدارەكان لە بری ئێمەی پزیشك و شارەزایانی كەرتی تەندروستی قسە لەسەر كۆرۆنا و مەترسيیەكانی بكەن، ئەوەی ئەمڕۆ لەهەرێمی كوردستان روو دەدات دوای ئەو هەموو ماندوبوون و مانەوەی خەڵكی لەماڵەكانیاندا كەسانێك هەموویان تێكداو بگرە بوونە هۆی كوشتنی ژمارەیەكی زۆری تووشبووانی كۆرۆنا ، پێم سەیرە لەسەردەمی ئەمڕۆدا میدیاو سۆشیال میدیا ئەوەندە فراوانە خەڵكی دەتوانن مەترسی گەورەی ڤایرۆسەكەو كاریگەرییەكانی بۆ سەر ژیانی ئابووری و كۆمەڵایەتی لەسەرانسەری جیهاندا ببینن، كۆرۆنا نە رەچەڵەك نە رەگەز نە نەتەوەو نە كۆمەڵگای هەژارو دەوڵەمەند دەناسێت رووی گرتۆتە هەموو جیهان و بەشەرییەتی خستۆتە بەردەم قەیرانێكی گەورەی تەندروستی و ئابوورییەوە ئیتر نازانم بۆ دەبێت لێرە لەكوردستان كەسانێك زیان بە تەندروستی خەڵكی بگەیەنن و پروپاگەندەو قسەی درۆ بڵاوبكەنەوەو خەڵكی لەخۆپارێزی سارد بكەنەوە، بەداخەوە لەهەندێك ناوچە كۆرۆنا و مەترسیەكانی بۆ سەر مرۆڤ تێكەڵ بە موزایەدەی سیاسی كرا و تێكەڵاویەك لەنێوان زانستی پزیشكی و سیاسەت روویداو خەڵكی وایلێهات باوەڕی بە كۆرۆنا نەماو خۆیان نەپاراست.
• لەگەڵ هەڵكشانی ژمارەی تووشبووان و زیادبوونی قوربانیەكان ئێوە وەكو بەڕێوەبەرایەتی گشتی پلاندانان لەوەزارەتی تەندروستی چی پلان و بەرنامەیەكتان داناوە؟
- لای هەمووان ئاشكرایە كۆمەڵگا پێشكەوتووەكان و دەوڵەتە دەوڵەمەندەكان بەدەست كۆرۆناو لێكەوتەكانیەوە دووچاری قەیران و كێشەی سەخت بوون ، ئەی دەبێت لە وڵاتێكی وەكو عێراق كە ژێرخانی تەندروستی و ئابووری باش نییە هەڵكشانی ژمارەی توشبووان و قوربانیەكان چی مەترسیەكی گەورەمان لەسەر دروست بكات، ئەوەتا دۆخی دارایی و تەندروستی لەم هەرێمەدا دیارولەبەرچاوە. ئێمە سەرەتا پێش ئەوەی ڤایرۆسەكە لەهەرێمی كوردستان بڵاوبێتەوە ئەو كات لەوڵاتی دراوسێمان لە ئێران تەشەنەی كرد هەر لەو كاتەوە وەكو وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ فەرمانگەكانی تەندروستی كۆبووینەوەو 3 پلانمان دانا؛ پلانی A كە چۆن خۆمان بپارێزین و رێكارەكانی تەندروستی پەیڕەو بكەین و ژمارەیەك نەخۆشخانەو ئامێری هناسەدانی دەستكردوو قەرەوێڵەمان بۆ ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشيیەكە دابین كرد ن ئەوەبوو ژمارەیەك لەنەخۆشخانەكان تەرخانكرد بۆ كۆرۆنا چونكە سروشتی نەخۆشی و پەتاكە وایە نەخۆشەكانی كۆرۆنا نابێت تێكەڵ بەنەخۆشی دیكە بكرێت ، پلانی B ئەوەبوو لەئەگەری زۆربوونی ژمارەی نەخۆشەكانی كۆرۆنا چی بكەین ؟ ئەوەبوو تیمی پزیشكی و كارمەندی تەندروستیمان ئامادە كردوو مەشق و راهێنانمان پێكردن و پروتۆكۆڵی تەندروستی لەگەڵ بەغداو رێكخراوی تەندروستی جیهانیمان واژوو كرد ، بەهاوشێوەی هەموو پروتۆكۆلەكانی دیكەی وڵاتان و جیهان و گشتاندنمان پێكرد لەسەر هەموو نەخۆشخانەكانی تایبەت بەپەتای كۆرۆنا ، هەروەها پلانی C مان داناوە خوانەخواستە لەئەگەری زیاتر بڵاوبوونەوەی نەخۆشی یەكە.
• ئێستا لەگەڵ هەڵكشانی ژمارەی تووشبووان و قوربانیەكان رێنمایت بۆ هاووڵاتیانی خۆشەویست چی یە؟
- ئەركی ئێمە بڵاوكردنەوەی هوشیاریی و خۆپارێزییە، ئەركی هاووڵاتیانیش پابەندبوونە بە رێكارەكانی خۆپارێزی و جێبەجێكردنی هەموو ئەو رێنمایی و راسپاردە جیهانیانەی كە رێكخراوە نێودەوڵەتییە تەندروستیەكان لەسەرانسەری جیهان بڵاوی دەكەنەوە ، بۆنموونە ئاهەنگ و كۆبوونەوەو پرسە و قەرەباڵغی لەم سەردەمەی كۆرۆنادا دژی یاساكانی ئاسمان و رێسمانە ، ناكرێت زیان بەخۆت و ماڵ و منداڵ و خانەوادەو هاونیشتمانیان بگەیەنیت بەهۆی ملهوری سیاسی و گوێنەدان بەئایندەی منداڵەكانت، پابەندبوون بەرێنماییەكان بەتایبەتی بەستنی دەمامك و دەستەوانەو دەست شتن و پاكوخاوێن راگرتنی خۆت و خانەوادەكەت كارێكی ئەوەندە قورس نییە بەتایبەتی لەئێستادا كە بەداخەوە خەڵكێكی زۆری هەڵگریی ڤایرۆسەكە كە نیشانەكانیان تێدا دەرنەكەوتووە بەئارەزووی خۆیان تێكەڵ بەخەڵكی دەبن و لەبازاڕ و شوێنە گشتیەكان و دەوامی فەرمانگەكاندا تێكەڵ بەفەرمانبەر و خەڵكی دەبن ، گوێ بەو خەڵكانە نادەن كە بەرگری لەشیان بێ هێزە یاخود نەخۆشی درێژخایەن و مەترسیداریان هەیە و ناتوانن بەرگەی ڤایرۆسەكە بگرن، ئێستا ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لەهەرێمی كوردستان لە نەخۆشخانەكانی كوردستان روو لەزیادبوونە و لەم حاڵەتەدا ئامێرەكانی هەناسەی دەستكردوو نەخۆشخانەكان دەبێت تەرخان بكەین بەوەی ئەوانەی لەبارودۆخێكی باش دا نین و باری تەندروستیان ناجێگیرە ، ئێمە تەنیا چەند سەد ئامێرێكی هەناسەدانی دەستكردمان هەیە و خوانەخواستە لەگەڵ هەڵكشانی خێرای تووشبووان لەتواناماندا نابێت ئەو ئامێرانە بۆ هەموو نەخۆشەكان بەكاربهێنین كە پێویستیانە ، وەزارەتی تەندروستی زۆر هەوڵی داوە ئامێری نوێ بكڕێت چونكە لەكوردستان و عێراق دروست ناكرێت ، بەڵام ئەمجۆرە ئامێرانە لەلایەن زۆربەی وڵاتانەوە نافرۆشرێت و هەمووان خۆیان پێویستیان پێی هەیە ، لەگەڵ هەڵكشانی ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا بۆ 8 ملیۆن هاووڵاتی و نزیكبوونەوەی ژمارەی مردووان بۆ نیو ملیۆن كەس وڵاتان هەموویان تەنیا دەتوانن ئەو جۆرە ئامێرە پێشكەوتووانە تەنیا بۆ خۆیان دابین بكەن.
• هەرچەندە پێشبینیكردنی ئەگەری ژمارەی تووشبووان بەكۆرۆنا لەكوردستان یاخود كەمبوونەوەی ژمارەو داتاكان كارێكی ئاستەمە بەڵام هەڵبەتە ئێوە لەوەزارەتی تەندروستی پێشبی خۆتان هەیە؛ دەكرێت بزانین دوا پێشبینی ئێوە چی یە؟
- ڤایرۆسی كۆرۆنا وەكو زایرۆسەكانی دیكەی ئەنفلۆنزا ساڵانە دوو شەپۆلی هەیە، سەرەتا ووردە ووردە بڵاودەبێتەوە تا دەگاتە لوتكەی خۆی و تووشبوونی ژمارەیەكی زۆری خەڵك، ئێمە بەهۆی رێكارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەو لوتكەی یەكەممان زۆر بەسەلامەتی بەڕێكردوو كەمترین قوربانی لێكەوتەوە ، بەڵام ئێستا رێژەكە بەهۆی تێكەڵبوون و كرانەوەی سنوورەكان لە وڵاتی ئێران كە زۆر ڤایرۆسەكە لێی تەشەنەكردووەو خۆمان ناپارێزین، هەربۆیە دووبارە نەخۆشيیەكە لە لوتكەی دووەمی شەپۆلی یەكەم زۆر بەخراپی تەشەنەی كردەوە، بەڵام هێشتا ئێمە لەشەپۆلی یەكەمین بەو ئومێدەی لەشەپۆلی دووەمی ڤایرۆسەكە بتوانین خۆپارێزی زیاتر بكەین، بۆ ئەوەی ئەو ژمارەیە زۆر لەمەی زیاتر روو لە هەڵكشان و تەشەنەكردن نەكات .