ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان: • بەرزبوونەوەی بەهای نەوت ئومێدەكانی عێراق بۆ دابینكردنی مووچە باش دەكات

ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان:  •	بەرزبوونەوەی بەهای نەوت ئومێدەكانی عێراق بۆ دابینكردنی مووچە باش دەكات
• لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ دكتۆر ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بودجە و ئایندەی بارودۆخی دارایی عێراق بە گۆڤاری گوڵانی راگەیاند: حكومەتی عێراق بۆ دابینكردنی مووچە دەبێت لە رێگەی قەرز و چاپكردنی سەنەداتەوە چارەسەری دۆخەكە بكات، هه‌روه‌ها روانگه‌ى خۆى له‌ باره‌ى كۆمه‌ڵێك پرسى ئابووريى عێراق و كوردستانه‌وه‌ خسته‌
ڕوو.

گفتوگۆ: شەماڵ نوری
لەگفتوگۆیەكدا دكتۆر ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە قەیرانی دارایی و گرفتی دابینكردنی مووچە بە گۆڤاری گوڵانی راگەیاند: "عێراق بە خراپترین بارودۆخە دارایی و ئابوورییەكانیدا تێپەڕ دەبێت، رەنگە ئەم قەیرانە كاتی بێت، بەڵام بۆ ئەمساڵ و لەگەڵ بەردەوامبوونی كۆرۆنا و لێكەوتەكانی لە دابەزینی بەهای نەوت بۆ عێراق زۆر سەخت دەبێت، لەگەڵ دواكەتنی گفتوگۆو پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراقیش بۆ ئەمساڵ پێشبینی ئەوە دەكەم لە كۆتایی مانگی حوزەیراندا بودجەیەكی نیوساڵی ئامادە دەكرێت، ئەمەش ئەو وادەیەیە كە پەرلەمان بۆ حكومەتی دیاری كردووە، كە تایبەت دەبێت بە خەرجیەكانی بەكارخستن نەك وەبەرهێنان." ئەوەشی خستەڕوو كە ناكرێت حكومەت لەسەر بنەمای 1/12 ی ساڵی 2019 واتا بەپێی مانگەكانی ساڵی رابردوو مانگانە كاروبارەكانی بودجە بەڕێوەببات، وا چاوەڕوان دەكرێت تا كۆتایی ئەم مانگانە بودجەیەكی بەكارخستن ئامادە بكرێت، ئەمەش لەبەرئەوەی داهاتەكانی عێراق بەشی وەبەرهێنان ناكات، لەلایەكی دیكەوە بەمنزیكانە لێژنەی دارایی پەرلەمان كۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دارایی دەكات بۆ گفتوگۆكردن لەسەر توانا داراییەكانی حكومەت و بەتێروتەسەل باس لەسەرجەم بوارەكان دەكرێت لەناویشیاندا مەسەلەی قەرزە دەرەكییەكان ، كە رەنگە پەرلەمان دژی پرۆژە یاسای قەرز بێت چونكە ئەو قەرزە تەنیا بۆ دابینكردنی مووچەیە و بەقەرزی بێ بەرهەم دادەنرێت چونكە لەبواری بەرهەمهێنان و بونیاتنانی ژێرخانی ئابووری خەرج ناكرێت بەڵكو بۆ بوارێكی بێ بەرهەم دەڕوات. "
دكتۆر ئەحمەد سەفار سەبارەت بە حيساباتی ختامی بۆ ساڵی 2019 وتی : "یەكێك لەو گرفتە داراییانەی رووبەرووی حكومەت و پەرلەمان بووەتەوە نەبوونی حساباتی ختامی یە بۆ ساڵی 2019 بەتایبەتی لەكاتێكدا كەچەندنی پرۆژە هەبوو جێبەجێ نەكراوەو پێویستە قسەی لەسەر بكرێت بزانرێت ئەو زیادەیە لەبودجەكەدا چی بەسەر هاتووە . "
بڕیاردەری لێژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "لە وڵاتێكدا لە 93%ی داهاتەكانی پشتی بە هەناردەی نەوت بەستبێت و بەهای ئەو سامانە لەبازاڕە جیهانیەكاندا ناسەقامگیر بێت و رووبەڕووی گەورەترین داڕمان بووبێتەوە لە مێژووی خۆیدا، زۆر زەحمەتە بتوانین وا بە ئاسانی لە لێكەوتەو شوێنەوارەكانی دەربازمان بێت، بەتایبەتی كە حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق نەیانتوانیوە خۆیان لەپشتبەستن بە داهاتی نەوت دەرباز بكەن و خاوەنی فەلسەفەیەكی روونی ئابووری نەبوون، ئەوەتا لە دواجاردا لە غیابی فەلسەفەیەكی دارایی بۆ دەوڵەت حكومەت دوچاری گرفتی دابینكردنی مووچەكانیش بووەوە. "
سەبارەت بە چۆنیەتی چارەسەركردنی گرفتی دابینكردنی مووچەكان، بڕیاردەری لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق وتی : "لەماوەیەكی كورتدا و بەپەلە تەنیا لە دوو رێگا حكومەتی عێراق دەتوانێت چارەسەری گرفتی دابینكردنی مووچەكان ببێتەوە ئەویش لە رێگەی چاپكردن و دابەشكردنی سەنەداتە بۆ ماوەیەكی كورت هەر مانگەی بەبڕی چوار تریلیۆن دینار ، هەروەها لەرێگەی قەرزكردنە لە بانكە حكومییەكان. لەبەرامبەر ئەم رەشبینی و پێشبینی یە خراپانەشدا ئەگەری باشبوونی دۆخەكە هەیە بەتایبەتی لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەهای نەوت، بەڵام پشت بەستن بە باشبوونی بەهای نەوت چارەسەری كۆتایی نییە بەڵكو دەمانباتەوە هەمان هەڵەكانی رابردوو كە حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق تێكەوتوون، چارەسەر تەنیا بە پشتبەستن بە بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری و سوودوەرگرتن لەو هەموو توانا سروشتی و مرۆییە دەبێت كە عێراق جیا لەوڵاتانی دیكەی ناوچەكە هەیەتی، گرفتی سەرەكی عێراق و هەموو حكومەتەكانی پێشوو گرفتی بەڕێوەبردنی حوكمڕانی بووە لەرووی كارگێڕی و رێكخستنی ئابوورییەوە ، هەربۆیە حكومەتەكەی كازمی پێویستی بە شۆڕشێكی ئابووری هەیە كە سەرجەم كەرتەكان لەخۆ بگرێت ئەمەش لەرێگەی پلانێكی ستراتیژیی یەوە، لەم رێگایەوە عێراق لەماوەیەكی مامناوەندا دەتوانێت جگە لەداهاتی نەوتی بەرێژەی 50% ی بەهای هەناردەكردنەكانی ئێستای نەوتەوە داهاتی ناوخۆ لەكەرتەكانی دیكە دابین بكات بۆ نموونە لەرێگەی رێكخستنەوەو چاودێریكردنی باج و پاڵپشتیكردنی كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازیی و جێبەجێكردنی سیاسەتێكی ژیری دارایی، من پێم سەیرە لەوڵاتێكدا كە هەموو بنەماكانی گەشەی كشتوكاڵی تێدا بێت و ژینگەیەكی لەبار بۆ پەرەپێدانی كشتوكاڵی هەبێت كەچی نەتوانرێت بەلانی كەمەوە پێداویستیە خۆراكی و كشتوكاڵیەكانی ناوخۆ دابین بكرێت . "
سەبارەت بەكەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی وڵاتانی ئەندام لەئۆپێك و وڵاتانی دەرەوەی ئەو رێكخراوەو كەمبوونەوەی پشكی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق دكتۆر ئەحمەد سەفار وتی: "كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق كێشەیەكی گەورەو هەقیقی بۆ ئەم وڵاتە دروستكردووە، چونكە بەپێی رێكەوتنەكەی ئۆپێك دەبێت سەرجەم وڵاتانی بەرهەمهێنانی نەوت پابەندی ئەو كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان بن بەڵام عێراق خاوەنی سندوقێكی سیادی نییە كە پارە خەرج بكات لە سندوقەكە تاوەكو نرخەكانی نەوت یاخود كەمكردنەوەی پشكی بەرهەمهێنانی نەوت وەكو خۆی لێ دێتەوە ، پێویستە حكومەتی عێراق بەزووترین كات سندوقێكی سیادی بۆ نەوت دابمەزرێنێت و بۆ هەر بەرمیلێك تەنیا یەك دۆلار دابنێت ئەم رێگایە لەلایەن زۆر وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتەوە پەیڕەو كراوە . "
Top