ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان بۆ ( گوڵان ) : گروپەكانی دژ بەچاكسازیی ناتوانن تاسەر ڕاوبۆچوونی خەڵكی بەلاڕێدا ببەن، چونكە چاكسازیی ویست و خواستی
June 9, 2020
دیمانەی تایبەت
ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە دەستپێكردنی یاسای چاكسازیی و ئەو دەنگۆو پروپاگەندانەی كە لەدژی یاساكە لە راگەیاندنەكاندا بڵاودەكرێنەوەو چەند پرسێكی دیكەی تایبەت بەگرنگی یاساكە بەگۆڤاری گوڵانی راگەیاند:ئا: شەماڵ نوری
((چاكسازیی پرۆژە یاسایەكی خەڵكە و لەلایەن پەرلەمانەوە تێپەڕێنراوە ، راستە زۆر لە حزبە سیاسییەكان لەهەڵبژاردنەكان و سیاسەتمەدارەكان و ئەندامانیان لەسەر شاشەی تیڤی یەكان لە رابردوو ئێستاشدا زۆر بانگەشەی بنبڕكردنی گەندەڵی و رێكخستنەوەو چاكسازیی لە سێكتەرە جیاجیاكاندا دەكەن، بەڵام زۆربەیان لەكاتی جێبەجێكردنی یاساكەدا بەپاساوو بیانووی جۆراوجۆر دژی ئەو یاسایە دەوەستنەوە كە لەپەرلەماندا بەدەنگی نوێنەرانی كوردستان تێپەڕێنراوە، ئێمە وەكو فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان هەر پێش ئەوەی پرۆژە یاسای چاكسازیی بێتە پەرلەمان دركمان بەوە كردبوو كە پرۆژەی چاكسازیی رووبەرووی چەندین تەحەدداو ئاستەنگ دەبێتەوە پێش دەنگدان لەسەری و تێپەڕاندنی یاساكە و تەنانەت لەكانی جێبەجێكردنیشیدا رووبەرووی گرفت و كێشە دەبێتەوە . زۆر حزب و خەڵكی سوودمەند هەیە كە لەچەند ساڵی رابردوودا بەنایاسایی خانەنشین بوون یاخود لەدەرەوەی شایستەی خۆیان پلەی سەربازی و ئیدارییان بەرزكراوەتەوەو یاخود چەندین جار سوودمەندن لەموچە و بگرە بەموچەیەكی بەرز پلە باڵاكان خانەنشین بوون ، ئەمە وێڕای ئەوەی باوەڕناكەم خەڵكی ئەم وڵاتە دژی رێكخستنەوەی فەرمانگەكانی خانەنشینی بن ، چونكە ئێستا لەم هەرێمەشدا 6 جێگاو فەرمانگەی خانەنشینی بوونی هەیە كە بووەتە هۆی دروستبوونی لیستی ناڕەوای خانەنشینی، لەلایەكی دیكەوە ئێستا دوای پەسەندكردنی یاساكە حكومەت سەرقاڵی رێكخستنەوەی پاسەوانەكانە ، هەروەها سەرجەم ژمێرەو حسابی سەرجەم هێزە سەربازیی و ئەمنییەكان رێك دەخرێنەوەو دەكەونە ژێر چاودێریی دیوانی چاودێری داراییەوە، ئەمە جگە لەوەی چەندین بڕگەو خاڵی دیكەی تێدایە وەكو رێكخستنەوەی لیستی شەهیدان و كەمئەندامی سەنگەرو زیندانی سیاسی و پێشمەرگەی دێرین لەوانەی شایستە نین. باشە یاسایەكی چاكسازیی لەپەرلەمان پەسەند كراوەو بەدەنگی زۆرینە تێپەڕێنراوە ئیتر بۆ دەبێت ئەو هەموو دەنگۆو هاتوهاواریی ئیعلامیەی لەسەر دروست بێت و راستی یەكان لەخەڵكی پشێوێنن، باشە پەرلەمانتارانی سەرجەم حزبە كوردستانیەكان هەر ئەوانە نەبوون لەبەرنامە هەڵبژاردنەكانیاندا بانگەشەی چاكسازیی و بنبڕكردنی گەندەڵیان دەدا، من لەوە تێدەگەم كە كەسانێك سوودمەند بووە یاخود نایەوێت هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەنی حكومەتێكی بەهێز دژی چاكسازیی رادەوەستێتەوە و هاوڵاتیان و موچە خۆران بەلارێدا دەبەن و باسی بڕینی مووچەكانیان دەكەن، لەكاتێكدا مەسەلەكە هیچ پەیوەندی بە بڕینی موچەوە نییە بەڵكو تەنیا رێكخستنەوەو پاككردنەوەی لیستی مووچەخۆرانە، بەڵام لەوە تێناگەم بۆچی دەبێت حزبێك كە خۆی بە ئۆپۆزسیۆن دەزانێت دژی چاكسازیی بێتەوە. بەمشێوەیە لە جێبەجێكردنی چاكسازیی و رێكخستنەوەی ئابووری و موچە و سەرجەم سێكتەرەكان چەندین گروپ دروست بوون لەدژی جێبەجێكردنی چاكسازین لەوانە گروپەكانی سوودمەندبوون بەنایاسایی یاخود گروپی ناسراو بەبانگەشەكردن دژی حكومەت، بەڵام من دەمەوێت هاوڵاتیان دڵنیا بكەمەوە كە گروپەكانی فشار دژی چاكسازیی و رێكخستنەوەی ئیدارەو ئابووری لەم وڵاتەدا ناتوانن تاسەر ڕاوبۆچوونی خەڵكی بەلاڕێدا ببەن، چونكە چاكسازیی ویست و خواستی گەل و واقیعی ئابووری هەرێمی كوردستانە ، لەهیچ وڵات و هەرێمێكدا هەرگیز رێكخستنەوەی بوارەكانی مووچە و ئابووریی و دژایەتیكردنی گەندەڵی لە دژی خەڵكی و گەل نەبووە، بەڵكو بەهێزبوونی وڵاتەكەیان بەستراوەتەوە بەبەهێزبوونی حكومەت و ئابوورییەكەیان و لەزۆر ناوچەی سەر زەویش بوونی نەتەوەو حكومەتەكان بەستراوەتەوە بەو گۆڕانكارییە بەردەوام و خێرایەی كە لە پرۆسەی ئیدارەو ئابووریی دا جێبەجێ دەكرێت ، ئەمڕۆ كۆرۆنا و قەیرانی دارایی و دابەزینی بەهای نەوت و بڕین و كەمبوونەوەی پشكی كورد لەبودجەی گشتی عێراق هەمووی كۆمەڵێك تەحەددای گەورەن بۆ سەر حكومەت و خەڵك كە بەبێ چاكسازیی و گۆڕانكاریی رووبەرووی قەیرانی نەخوازراوو دژوارتر دەبینەوە، رێكخستنەوەی لیستەكانی موچەخۆران و خانەنشینان و یەكە سەربازی و ئەمنییەكان دەستپێكی پرۆسەیەكی گەورەتری چاكسازییە و پرۆژەكە بووە یاسا و هیچ لەمبەڕ و ئاستەنگێك نییە بیوەستێنێت، وابزانم لەحكومەتیش هەموو رێكارە یاساییەكان گیراوەتە بەر و پەیڕەوی بۆ دەركراوە و لە 1/7/2020 تەواویی بڕگەو ماددەكانی یاسای چاكسازیی دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە و هیچ ئاستەنگ و بەربەستێك نییە رێگری لە سەپاندنی یاساكە بكات تەنیا رێكارو رێوشوێنەكانی جێبەجێكردنی ماوە .
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان ئەوەشی راگەیاند : ( تاكو ئێستا هیچ بەرنامەیەك نییە بۆ ئەوەی یاساكە هەموار بكرێتەوە ، بەڵام لەهەمان كاتیشدا هیچ یاسایەك نییە كە لەكاتی پێویستدا پێویست بكات لە رێوشوێنە یاساییە پەیڕەوكراوەكانی هەموار نەكرێتەوە، بەڵام تا ئێستا سەرنجێكی ئەوتۆ نییە كە یاساكە هەموار بكرێتەوە بۆیە بەدڵنیاییەوە یاساكە جێبەجێ دەكرێت و ئەمەش دەبێتە هەوین و ریزبەندی یەكەمی پرۆسەیەكی گەورەی دیكەی چاكسازیی كە ئیرادەیەكی بەهێزی حكومەتیش بوونی هەیە بەتایبەتی لەلایەن بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە .