ھوشیار سیوەیلی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ گوڵان : تەنیا بەیەگرتوویی و سەقامگیری سیاسی بارودۆخی سەختی کۆرۆنا تێدەپەڕێنین

ھوشیار سیوەیلی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ گوڵان : تەنیا بەیەگرتوویی و سەقامگیری سیاسی بارودۆخی سەختی کۆرۆنا تێدەپەڕێنین
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بەمەترسیەکانی بارودۆخی جیھان لەدوای کۆرۆنا و خۆئامادەکردن بۆ ھەموو ئەگەرو دەرھاویشتە مەترسیدارەکانی ، پێی وایە کورد تەنیا یەیەکگرتوویی و تەبایی دەتوانێت ئەم دۆخە ناھەموارە تێپەڕێنێت و پێویستە ئەمڕۆ ھەموو حزب و ھێزە سیاسیەکانی کوردستان ئەو سەقامگیرییە بپارێزن کە بۆ دەربازبوون لەقەیرانەکە پێویستمان . لێرەدا پوختەی قسەکانی بڵاو دەکەینەوە.
ئا: شەماڵ نوری
ھۆشیار سیوەیلی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە گۆڤاری گوڵانی راگەیاند: بارودۆخی جیھان بەھۆی کۆرۆنا و دەرکەوتەکانییەوە کاریگەریی خراپی لەسەر رەوشی تەندروستی و ژیان و ئابووری و سیاسەت کردووە، ئێمەی کوردستانیش بەدەر نین لەو دەرھاویشتە خراپ و مەترسیەکانی خۆ ئەمە ئەگەر تا سەرەتای پایزی ئەمساڵ بتوانرێت ڤاکسینێک یاخود دەرمانێک بۆ چارەسەرکردنی ئەم پەتا مەترسیدارەی کۆڤید ١٩ نەدۆزرێتەوە ئەو کات رەوشەکە زۆر خراپ و مەترسیدار تر دەبێت، بەکورتی و پوختی خۆئامادەکردن بۆ ئەگەرە خراپەکان لە کاریگەریی توندی قەیرانە چاوەڕوانکراوەکان دەمانپارێزێت، لەمەش گرنگتر بۆ ئەم قۆناغە کوردو ککوردستانیان پێویستیان بەوە ھەیە پێکەوە بەیەکگرتوویی دۆخەکە تێپەڕێنین بۆ ئەوەی ھاوڵاتیان و ئەزموونەکەمان نەکەوێتە بەردەم خوانەخواستە گەردەلوولی شوومی کۆرۆناو ئەو پشێوی و نائارامی و ناسەقامگیرییەی ئێستا لەجیھاندا روو دەدات.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی سەبارەت بە گرنگی یەکگرتوویی بۆ چارەسەرکردنی کێشەو کەموکورتیەکان وتی : ( لەم بارودۆخە پڕ لە قەیرانەدا گەر خۆمان یەک نەبین و دۆستی خۆمان نەبیت ، ئەوا ھەرگیز ناتوانین دۆخەکە تێپەڕێنین ، راستە لەرابردوودا زۆر وتراوە و لەداھاتووشدا دەوترێت کە ( ( تەنیا چیاکان دۆستمانن )) ھەمیشە ئەم ڕستەیەمان دوای شکست و نوسشتی گەورە دەڵێینەوە ، بەمەش ھۆکاری شکستەکانمان دەخەینە پاڵ خەڵکی تر و ھۆکاری تر لەدەرەوەی خۆمان و ئیرادەی خۆمان، بەمەش خۆمان لە بەرپرسیارێتی ئەوەی ڕوویداوە داماڵیوە و زۆر کەم ڕێکەوتوە ئاوڕێکمان دابێتەوە و لەسەرخۆ وو بابەتییانە ھەڵسەنگاندنمان بۆ ڕابردوو کردبێت و ھۆکاری سەرکەوتن و ژێرکەوتنەکانمان شیکردبێتەوە. بۆیە تەنانەت وەک چیرۆکیش ئاوڕ لە مێژوو نادەینەوە و میژوو نەک جارێک و دووجار، بەڵکو چەندبارە بۆتەوە.
گەر خۆمان یەک نەبین و دۆستی خۆمان نەبین، بەرزترین لوتکەی چیاکانی کوردستانیش نەفرەت لە دۆستایەتیمان دەکەن. لەشەڕی خۆکوژی دا بەرزترین لوتکەمان کردە سەنگەر دژی یەکتر. چیاکان کاتێک دۆستمانن کە بیانکەینە پشت و سەنگەر بەرامبەر دوژمن.
سەرەڕای کەموکوڕییەکان، تێکدانی ئەم دۆخەی ھەرێمی کوردستان لەبەرژەوەندی کەس نییە، دەبێت ھەموو پێکەوە چارەسەری کێشەو کەموکوڕییەکان بکەین. ھەربۆیە کاتی ئەوە ھاتووە بڕیارە قورسەکان بدەین نەک تەنیا بۆ چارەسەرکردنی کێشەو کەموکورتیەکان و دەرچوون لەم قەیرانە سەختەی کە تێیکەوتووین بەڵکو بۆ بەرەوپێشبردنی حوکمڕانی و بەھێزکردنی دەزگاکانی ھەرێمی کوردستان. ھەرچەندە لە ڕابردوودا چەندین کاری باش کراوە، بەڵام کەموکوڕیش ھەبووە. دەبێت ئەو ھەڵانەی کراون جارێکی تر نەکرێنەوە، ھێشتا درەنگ نییە و گەر خۆمان ھەبین نەک تەنیا چیاکان، بە قەد بەرزایی چیاکان دۆستمان دەبێت.
بۆیە دەبێت لایەنە کاریگەرەکان بە زووترین کات کۆببنەوە و لەسەر بەرنامەیەکی ھاوبەش ڕێبکەون و بە تەمای کەس نەبین ببێتە ناوبژیکار و رێکخەری نێو ماڵی خۆمان.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بەتەواوبوونی کابینە وەزارییەکەی مستەفا کازمی وتی: ھەرێم و بەغدا پێکەوە لەم قۆناغەدا پێویستیان بەیەکترە بۆ تەکامولی ئابووریی و پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان، بەدەستھێنانی پۆستە وەزارییەکان بۆ کوردستانیان بەتایبەتی کە وەزارەتی دەرەوەی عێراق کوردە گرنگی خۆی ھەیە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان ، بوونی مەرجەعێکی گەورەی وەکو سەرۆک بارزانی کە راگرتنی باڵانس و ھاوسەنگی و پێگەی کوردە و لەھەموو ئاستەنگ و بەربەستێکدا رۆڵی خۆی ھەیە، لەم قۆناغەدا پێویستمانە بگەڕێینەوە بۆ فکری پێشمەرگەیەکی دێرین و سەرکردەیەکی کاریزمان کە ھەموو تەمەنی خۆی و خەباتی بۆ ئازادی میللەتەکەیی و سەربەخۆیی و تەبایی نێوماڵی کورد تەرخان کردووە، سەرۆک بارزانی و پارتەکەی سازشی زۆریان بۆ تەبایی و یەکگرتوویی کردووە بەرھەمی گەورەی لێکەوتۆتەوە ، ھەربۆیە کاتی ئەوەھاتووە بەھاوشێوەی شەڕی مان و نەمانی داعش ھەموو ھێزە کوردستانیەکان بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستاندن و گفتوگۆ پێکەوە چونکە ھەمووان لەناو یەک گەشتیدا و پێویستیان بەو سەقامگیری و ئارامی و پشووە درێژییە ھەیە کە بارزانی لەشەڕی داعش و رۆژانی ناسەقامگیریی و پشێوی و ململانێی نێوان حزبەکان و دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر تێیکەوتین و بەسەر بەرزی ئەو قۆناغەکان تێپەڕاند، پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستانیش کاتێک بینیان لەکوردستان یەکگرتوویی و یەک دەنگی ھەیە رووبەرووی دڕندەترین ھێزی چەکداریی تیرۆرستی سەردەم بوونەوە ھەر بەھان شێوەش خەڵک و حکومەت بەیەکگرتوویی و یەک دەنگی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان رووبەرووی قەیرانی کۆرۆنا و لێکەوتەکانی دەبنەوە.
Top