د. خالیدە خەلیل ئەندامى پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان: بەدەستهێنانی هەردوو پۆستی وەزارەتی دەرەوە و داد، پێگە و رۆڵی كوردستانیان لەبەغدا بەهێز دەكات

د. خالیدە خەلیل ئەندامى پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان: بەدەستهێنانی هەردوو پۆستی وەزارەتی دەرەوە و داد،  پێگە و رۆڵی كوردستانیان لەبەغدا بەهێز دەكات
دوای ئەوەی لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق كە 247 ئەندام ئامادەی بوون، متمانە بە حەوت بەربژێرەكە درا و دكتۆر فوئاد حوسێن بۆ وەزیری دەرەوە دەنگی لە سەر درا و كوردێكی دیكەش بۆ وەزیری داد و مستەفا كازمی
هەڵبژاردنی دكتۆر فوئاد حوسێن بۆ راگرتنی باڵانسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی عێراق گرنگە

دوای ئەوەی لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق كە 247 ئەندام ئامادەی بوون، متمانە بە حەوت بەربژێرەكە درا و دكتۆر فوئاد حوسێن بۆ وەزیری دەرەوە دەنگی لە سەر درا و كوردێكی دیكەش بۆ وەزیری داد و مستەفا كازمی سوپاسی پەرلەمانی كرد، كە دووبارە متمانەیان بە حكومەتەكەی بەخشیيەوە. دكتۆر خالیدە خەلیل ئەندام پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكیدا بۆ گوڵان ئەمەی بە هەنگاوێكی گرنگ وەسف كرد، بەتایبەتی بۆ گەلی كورد لەمبارەیەوە وتی: "وەكو یەك پاكێچ دەنگ لەسەر هەر حەوت بەربژێرەكە درا و، كوردیش سەركەوتنێكی گەورەی تۆمار كرد، بەوەی لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا دوو بەربژێری دەرچوو، بەتایبەتی دەرچوونی دكتۆر فوئاد حوسێن بۆ پۆستێكی سیادی و گرنگ، لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆدا هەندێك دەنگەدەنگ دروست بوو، لەلایەن برادەرانی توركمانەوە كە داوای وەزارەتێكیان دەكرد، هەر بۆیە پێشنیارێك دروست بوو بەوەی وەزیرێكیان بە ناوی وەزارەتی دەوڵەت بە توركمانەكان بدرێت، ئەویش بە رێككەوتنی سیاسی دەنگی لەسەر درا. دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان كۆتایى هات. ئێستا بۆ قسەكردن لەسەر مەسەلەیەكی گرنگی تایبەت بە قەرزكردن لەم بارودۆخەی كە ئێستا عێراق بە هۆی كۆرۆنا و دابەزینی بەهای نەوت پێیدا تێپەڕ دەبێت، پەرلەمان دەستی بەدانیشتنەكانی كردەوە، لەمبارەیەوە چەند پێشنیارێك هەیە كە لەلایەن لێژنەی داراییەوە گفتوگۆی لەسەر دەكرێت."
سەبارەت بەهەڵبژاردنی د. فوئاد حوسێن، د. خالیدە خەلیل وتی: "تەوافوقی سیاسیمان هەبوو، بەوەی دكتۆر فوئاد حوسێن بەربژێری كورد لە پەرلەمانی عێراق دەربچێت، چونكە ناوبراو لە كابینەی پێشوو رۆڵی بەرچاو و بوێری هەبووە، چ لە سەر ئاستی عێراق، چ لە سەر ئاستی كوردستان، لە لایەكی دیكەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی زۆر گرنگە هەموو پێكهاتەكانی عێراق بەتایبەتی هەرسێ پێكهاتەی سەرەكی (سوننە و شیعە و كورد) رۆڵیان لەم كابینەیەدا هەبێت، وەكو پارتی دیموكراتی كوردستانیش كە خاوەنی كورسیيەكی زۆرە لە پەرله‌مانی عێراق، ئەو پشكەی بەردەكەوت. لەم قۆناغە هەستیارانەدا پێویستە كەسێكی سیاسی دابنرێت بۆ پۆستێكی وەكو وەزارەتی دەرەوەی عێراق، كه‌ زۆر پسپۆڕایەتی و شارەزایی هەبێت، دكتۆر فوئاد حوسێنيش كەسێكە لە رووی سیاسییەوە كاری كردووە و عێراق پێویستی بە كەسێكە بتوانێت لە رووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانەوە بەهاوسەنگی باڵانسی پەیوەندییەكان بەڕێوە ببات و، لایەنگیری هیچ لایەنێك لەسەر حيسابی لایەنێكی دیكەی نێودەوڵەتی نەكات، لەگەڵ ئەمریكا و دەوڵەتانی دراوسێ و ناوچەكەش بە پێی بەرژەوەندییەكانی عێراق و كوردستانیەكان هەڵسوكەوت بكات. ئەركی ئەو لە مەحافیلە نێودەوڵەتيیەكانەوە قورس و گرنگە لەلایەك، هێشتا شەڕی داعش ماوە و، پاڵپشتی هاوپەیمانەكان بۆ عێراق گرنگە و لەلایەكی دیكەوە عێراق لە بارودۆخێكی دارایی باشدا نییە و، پێویستیمان بە پتەوكردنی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەكانە لەگەڵ وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا و ئەمریكا و وڵاتانی دراوسێ و كەندا و تەنانەت پێويستى بە قەرز وەرگرتن هەیە. "
دكتۆر خالیدە خەلیل ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد كه‌ "ئەمڕۆ كورد دوو سەركەوتنی بەدەست هێنا، یەكێكیان ئەوە بوو پۆستێكی گرنگی لەناو حكومەتەكەی كازمی بەدەستهێنا، كە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان خاوەنی 25 كورسيی پەرلەمانین، ئەمە جگە لە پۆستێكی دیكەی وەزاریش كە ئەویش گرنگيی زۆری هەیە، كە وەزارەتی داد بوو، بۆ برایانی یەكێتی. ئەوەی زۆر گرنگ بوو بەلای ئێمەی پەرلەمانتارەكانەوە، یەكگرتوویی كورد بوو لە بەغدا، بەمەش سەلمێندرا كە ئەگەر هەڵوێستی كورد لە بەغدا یەك بێت و كورد یەكگرتوویی تێدا بێت، گەلێك دەستكەوتی گرنگ بەدەست دەهێنێت و پێگە و رۆڵی كورد لە بەغدا بەهێز دەبێت. "
Top