پەرلەمانتار گوڵیزار رەشید سندی بۆ گوڵان: تەنیا بە پاڵپشتی و متمانەی نێوان حكومەت و خەڵك لەم بارودۆخە سەختەی كۆرۆنا و ئابووری دەربازمان دەبێت

پەرلەمانتار گوڵیزار رەشید سندی  بۆ گوڵان:  تەنیا بە پاڵپشتی و متمانەی نێوان حكومەت و خەڵك لەم بارودۆخە سەختەی كۆرۆنا و ئابووری دەربازمان دەبێت
پەرلەمانتار گوڵیزار رەشید سندی لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ گوڵان باسى ئەگەری بەردەواميی كۆرۆنا دەكات و پێی وایە خەڵكی پێویستە لەهەموو كات زیاتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆناو لێكەوتەكانی پاڵپشتيی حكومەتەكەیان بكەن و بە قسەی چەواشەكاران فریو نەدرێن، بەتایبەتی دوای ئەوەی زۆر لایەن و كەسانی نابەرپرس كۆرۆنایان كردە ماددەیەكی ئیعلامی و وەكو كارتێكی سیاسی بەكاریان هێنا و ژیانی خەڵكیان خستە مەترسییەوە.
ئامادەكردنی : شەماڵ نوری

گوڵیزار رەشید سندی، پەرلەمانتاره‌ له‌ په‌ر‌له‌مانى كوردستان و، له‌م گفتوگۆيه‌يدا له‌گه‌ڵ گۆڤارى گوڵان، سه‌رتا باسى مەترسييه‌كانی ڤايرۆسى كۆرۆنا ده‌كات و له‌و باره‌يه‌وه‌ ده‌ڵێت: "ژمارەی قوربانیانی كۆرۆنا و لەدەستدانی ئەو ژمارە زۆرەی خەڵكی بووەتە ئامارو داتایەكی مەترسیدار.. ڤایرۆسەكە تا ئەمڕۆ هیچ ڤاكسین و دەرمانێكی بۆ نەدۆزراوەتەوە و گەورە زانا و دكتۆر و تاقیگە پێشكەوتووەكان لەمەڕ كۆرۆنا و لێكەوتەكانی بێ چارەسه‌ر ماونەتەوەو تووشی شۆك بوون، لەم كاتەدا و بە شاهیدی رێكخراوی تەندورستيی جیهانی WHO و بەپێی داتاو ژمارەكان بێت؛ حكومەت لە كابینەكەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتدا و بە هەماهەنگيی نێوان وەزارەتەكان و بەتایبەتی لە رێگەی پاڵەوانەكانی تەندروستی و پێشمەرگە و هێزەكانی ناوخۆ، توانیيان بە رێكارەكانی خۆپارێزی گەورەترین سەركەوتن تۆمار بكەن و، گیانی خەڵكی بپارێزن، لەكاتێكدا ئامارەكانی وڵاتانی دراوسێ و عێراقیش جێگای دڵتەنگی بوون. به‌ڵام ئەوانەی دەروونیان نەخۆشە و رق و قینیان بەرامبەر خەڵكی و حكومەت هەیە، دەستیان كرد بە پڕوپاگەندە بەوەی پەتاكە لە كوردستاندا بوونی نییە، بەپێچەوانەی هەموو زانست و مەنتیق و بگرە دینداریش، زوڵمیان لە خەڵك و حكومەتیش كرد. خەڵكیان هان دا بۆ جێبەجێنەكردنی رێكارەكانی خۆپارێزی و پابەندنەبوون بە قەدەغەی هاتوچۆ، لەمەشدا مەینەتی و ئازارەكانی خەڵكی بەهۆی لێكەوتەكانی كۆرۆناوە بەخراپ بەكار هێنرا و كۆرۆنا بووە ماددەیەكی ئیعلامی و پڕوپاگەندەیەكی سووك و بێ ویژدانانەو دوور لە هەموو یاساكانی ئاسمان و رێسمان. تەنیا پارتی و سەرۆك بارزانی بوو، كە رێنماییەكانی بۆ سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت وابوو پاراستنی گیانی ئازیزانمان لە پێش هەموو شتێكی دیكەوە دێت، ئێستاكەش سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ستافەكەی لە خەمخۆريی باروبژێوی ژیانی خەڵكەوە سەرقاڵی خۆئامادەكردنن بۆ دانانی پلانی مامناوەندو درێژخایەن بەتایبەتی دوای بڵاوبوونەوەی ئەو راپۆرتە تەندروستی و زانستیيانەی كە باس لەئەگەری درێژبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و ئەگەری هاتنەوەی شەپۆلێكی توند لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا ده‌كه‌ن. " وتيشى: " گومانم نییە پارتی و خەمخۆرەكانی دیكە لە حزبە كوردستانیەكان و پاڵەوانەكانی نیشتمان ئەمجارە زۆر ئازایانە بەهاوشێوەی رووبەرووبوونەوەی داعش دەتوانن رووبەڕووی كۆرۆناو لێكەوتەكانی بۆ سەر ئابووری و بژێوی ژیان ببنەوە، بەڵام ئەگەر موزایەدەچیيەكان و دەجالەكانی دژ بەخەڵكی بهێڵن، كە گەراكانیان لەناو تۆڕە كۆمەڵایەتیيەكان و لە تیڤییەكان بڵاوكردووەتەوەو خەڵكی هان دەدەن بەوەی كۆرۆنا نییە... ئەمە چی دەبەنگی و مێشكێكی داخراو و پڕ لە قین و رقە، ئازیزانمان دەخنە ئەم مەترسییە و دەبنەهۆی لەدەستدانی باوك و دایك و ئازیزەكانمان تەنیا لە پێناوی جێبەجێكردنی ئەجیندەكانی دژ بە كورد و كوردستان . "
پەرلەمانتار گوڵیزار رەشید سندی سەبارەت بەوانەی پڕوپاگەندە بڵاودەكەنەوە، جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "كۆرۆنا واقیعێكی نوێی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی دروست كردووە، كە زۆر زەحمەتە پێشبینیەكی ورد بۆ داهاتوو بكرێت، بەتایبەتی لەگەڵ بەردەوامبوونی تەشەنەكردنی ڤایرۆسەكەو نەبوونی ڤاكسین و دەرمانێك بۆ چارەسەركردنی. " وتيشى: "خەڵكی باش دەزانێت بۆ كەمكردنەوەی شوێنەوارەكانی كۆرۆنا پێویستە هەمووان پێكەوە پاڵپشتی لەحكومەت بكەن، چونكە ئەگەری هەیە تا زیاتر لە ساڵێك ئەم ڤایرۆسەو مەترسیيەكانی بەردەوام بێت، بۆیە پێویستە رێگا نەدەین كەسانێك بۆ مەرام و ئەجیندەی دژ بەگەلی كورد متمانەی نێوان حكومەت و خەڵكی كەم بكەنەوە، ئەوەی جێگای خۆشحاڵییە لە رۆژگاری ئەمڕۆدا بوار بۆ درۆ و فێڵكردن و چەواشەكاری زۆر تەسك بووتەوەو دنیا گوندێكی بچووكەو لە رێگەی ئەنتەرنێت و هۆكارەكانی راگەیاندن و پەیوەندییەوە، هەمووان قەیرانەكانی كۆرۆنا و ئابووری باش دەبینن و بە قسەی باقوبریق و چەواشەكاری فریو نادرێن. "
Top