دكتۆر سەباح زێباری سەرۆكی لێژنەی تەندروستی و ژینگە و مافی بەكاربەر لە پەرلەمانی كوردستان بۆ گوڵان: پێویستە داواكاریی گشتی بێتە دەنگ و هەڵوێست بەرامبەر كەسانێكی وەربگرن كە لە سۆشیال میدیا و ر

دكتۆر سەباح زێباری سەرۆكی لێژنەی تەندروستی و ژینگە و مافی بەكاربەر لە پەرلەمانی كوردستان بۆ گوڵان:  پێویستە داواكاریی گشتی بێتە دەنگ و هەڵوێست بەرامبەر كەسانێكی وەربگرن كە لە سۆشیال میدیا و ر
سەرۆكی لێژنەی تەندروستی لەپەرلەمانی كوردستان داوا دەكات وەزارەتی تەندروستی و داواكاریی گشتی لێپرسینەوەی یاسایی بەرامبەر ئەو لایەن و كەسانە بگرێتە بەر كە گەمە بە ژیان و سەلامەتی هاووڵاتیانەوە دەكەن و لەمەترسیەكانی كۆرۆنا كەم دەكەنەوەو ئەم پەتا و بەڵا گەورەیە وەكو گەمەیەكی سیاسی بەكاردەهێنن ، دكتۆر سەباح زێباری لە لێدوانێكیدا بۆ گۆڤاری گوڵان چەند زانیارییەكی گرنگی خستەڕوو.
ئامادەكردنی : شەماڵ نوری




دكتۆر سەباح زێباری سەرۆكی لێژنەی تەندروستی و ژینگە و مافی بەكاربەر لە پەرلەمانی كوردستان، له‌ ئاخافتنێكيدا بۆ گۆڤارى گوڵان، سەرەتا باسى ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ "كۆرۆنا، پەتا و قەیرانێكی گەورەی جیهانییە و گەورە وڵاتانی پێشكەوتوو لە توانایاندا نییە رووبەڕووی ببنەوە". هه‌‌روه‌ها جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "زیانەكانی ڤايرۆسى كۆرۆن بۆ مرۆڤایەتی و ئابووری زۆر مەترسیدارە، لە مانگی شوباتی ئەمساڵیشەوە ئەو ڤایرۆسە مەترسیدارە لە هەرێمی كوردستان بڵاوبووەتەوە، ئەو كات بە لێهاتوویی و رێكارەكانی خۆپارێزی و ماندوبوونی دكتۆر و كارمەندانی تەندروستی و هێزەكانی پێشمەرگەو ناوخۆ توانرا رێگا بگیرێت لەتەشەنەكردنی زۆر و خێرای ڤایرۆسەكە و كۆنتڕۆڵی ژمارەی قوربانیان كرا. " هێما بۆ شه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ "هەندێك لایەنی سیاسی و كەسانێكی هەلپەرست دۆخەكەیان قۆزتەوەو ویستیان لە سەركەوتنی حكومەتی هەرێمی كوردستان كەم بكەنەوەو پڕوپاگەندەی نەبوونی حاڵەتی كۆرۆنایان لەهەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە، ئه‌وانه‌ش بوونە هۆی كەمبوونەوەی رێكارەكانی خۆپارێزی لای هاووڵاتیان، بەمەش بوونە هۆی بڵاوبوونەوەی فراوانی نەخۆشی كۆرۆنا و ئێستا لەگەڵ هەڵكشانی زۆری حاڵەتەكان زۆر زەحمەتە دەستنیشانی هەموو حاڵەتەكان و بەركەوتەكانی بكرێت و كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشیەكە قورستر بووە. "



سەرۆكی لێژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی كوردستان رايوايه‌: "دۆخەكە بەرەو مەترسی دەچێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی ژمارەی حاڵەتەكانی كۆرۆنا لەهەڵكشاندایەو نیشانەكانی ڤایرۆسەكە بەسەر نەخۆشەكاندا زۆر كاریگەر و خراپ دەركەوتوون و چەندین حاڵەتێكی ناجێگیری تەندروستیش بوونیان هەیە. " گوتيشى: "بەداخەوە پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان و كەسانی هەلپەرست و نابەرپرس بەرامبەر خەڵكی و نەتەوەكەمان خەریكە هەمان دۆخی ئیتاڵیامان بەسەر دێنن ئەو كات حكومەت و حزبە فەرمانڕەواكان لەژێر گوشارو پروپاگەندەی ئۆپۆزسیۆن زوو رێكارە ئازاربەخشەكانی كۆنتڕۆڵكردنی كۆرۆنایان جێبەجێ نەكرد، كاتێكیش نەخۆشيیەكە بڵاوبووەو خەڵكی ئازیزانیان لەدەست دا، ئەو كات بۆ خۆقورتاركردن لەو دەجالانە ئۆباڵی قوربانیيەكان و دۆخەكەیان خستە ئەستۆی حكومەت، هەر دوێنێ لە سلێمانی 101 حاڵەتی تووشبوو تۆمار كرا، دواتر لە درەنگانی شەو 16 حاڵەتی دیكە هەبوو، تەنانەت حاڵەتی مردنیش تۆمار كرا، لە دهۆكیش 6 حاڵەت هەبوو، دەنگۆی هەڵكشانی زۆر خێرای بەركەوتەكانیش هەیە، چونكە چەند ژمارەی تووشبووان زیاد بكات، بەركەوتەی نەخۆشەكان زۆر زیاتر دەبێت. "
سەرۆكی لێژنەی تەندروستی لەپەرلەمانی كوردستان سەبارەت بەو پڕوپاگەندانەی كە لە چەند كەناڵێكی راگەیاندن و سۆشیال میدیاوە بڵاودەكرێتەوە و گەمە بە ژیانی خەڵكییەوە دەكرێت، وتی: "من پێم سەیرە سیاسەتمەدارو پەرلەمانتارو كەسانێكی وا لەناو كۆمەڵگاكە دروست بووە لە پێناو خۆدەرخستن و بەلاڕێدابردنی هەقیقەتەكان و بەدەستهێنانی ناوبانگی خۆيان، گەمە بە ژیانی ئازیزان و خێزانەكانمان دەكەن، تا دوێنێ بوو لە مانگی ئادار سەرۆكی بزووتنەوەی نەوەی نوێ پڕوپاگەندەی بۆ كردنەوەی نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی بۆ كۆرۆنا دەكرد، كەچی ئێستا دەڵێت قەدەغەكردنی هاتوچۆ لە ترسی خۆپیشاندانە، پەرلەمانتار هەیە گومان لەداتاو ژمارەكانی وەزارەتی تەندروستی دەكات كەچی خۆی ماندوو ناكات لەشارەكەی خۆیدا تا نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆ لە سلێمانی و نەخۆشخانەی ئیماراتی لەهەولێر بچێت ، ئەو لەپێناو ماددەیەكی ئیعلامی و ئەجیندەیەكی تایبەت بەخۆیی و حزبەكەی بابەتی كۆرۆنا بەسیاسی دەكات ، لە كاتێكدا لای پارتی دیموكراتی كوردستان تەندروستی خەڵكی گرنگە و خەمخۆری پاراستنی گەلەكەمانین كەچی ئەوان لە خۆپارێزی و هۆشیاری تەندروستی و پابەندبوون بە رێكارەكانی كەمكردنەوەی بەركەوتەكان خەڵكی سارد دەكەنەوە، سەرۆكی حكومەت لە ئازارو مەینەتيیەكانی خەڵك تێدەگات و دەزانێت، خەڵكی زیانیان بەركەوتووە و بەردەوام لەهەوڵی دابینكردنی مووچە و پاراستنی باروبژێوی ژیانیاندایە لەم قۆناغە مەترسیدارو قەیرانە گەورەیە، كەچی ئەوان دەیانەوێت متمانەی نێوان حكومەت و خەڵك تێك بدەن، گرنگ نییە بەلایەنەوە چەند زیان بە خەڵكی دەكەوێت و، وچەند ماڵ وێران دەبێت و كێ دایك و باوكی لەدەست دەدات و جەرگی كێ دەسووتێت ، گرنگ ئەوەیە كۆرۆنا بگەنە ماددەیەكی ئیعلامی و سیاسی و گەمە بە سەلامەتی و ژیانی خەڵك بكەن." ئه‌وه‌شى دووپات كرده‌وه‌ كه‌ "بەیانەكەی وەزارەتی تەندروستی روون و دیارە كە هەر كەسێك لە سۆشیال میدیا پڕوپاگەندەى ناڕه‌وا بكات، يان خەڵكی هان بدات، دژی رێكارەكانی خۆپارێزی و پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان هه‌نگاو بنێت، پێويسته‌ ئیجرائاتی یاساییان بەرامبەر بكەن. " پێشنياريشى كرد: "داواكاریی گشتی هەڵوێست بەرامبەر كەسانێكی وەربگرن، كە لە سۆشیال میدیا یان لە كەناڵەكانی راگەیاندنەوە گومان لەسەر كۆرۆنا دروست دەكەن." گوتيشى: "هيچ جێگایەك لەماڵی خوا گەورەتر نییە و بۆ موسڵمانان و گەل و حكومەتی سعودییە پیرۆزترین شوێنە بەڵام بەهۆی كۆرۆنا و بۆ پاراستنی موسڵمانان ناچار دایانخست، مەسەلەكە زۆر جددی و مەترسیدارە، لە وڵاتێكی گەورەی وەكو ئەمەریكا 105 هەزار كەس زیاتر بوونە قوربانی و لەجیهاندا چەندین ملیۆن كەس تووشبوون و بەسەدان هەزار كەس مردوون و لای خۆمان تووشبووان 700 كەسی تێپەڕاندو، چەندین كەسیش گیانیان لەدەست دا. وەزارەتی تەندروستی كاری باشیان كردووە و زیاتر لە 75 هەزار پشكنینیان كردووە و خودی وەزیر و دكتۆرو كارمەندانی تەندروستی سڵاوو رێزمان بۆیان هەیە كە شانبەشانی پێشمەرگەو كارمەندانی ئاسایش و پۆلیس و خزمەتگوزارییەكانی دیكەی كارەبا و شارەوانی بە شەو و رۆژ لە خزمەتی هاووڵاتیاندا بوون، نابێت لەلایەن كەسانێكی نادڵسۆزەوە ماندووبوون و شەونخوونی هەموو ئەم خەمخۆرانەی نیشتمان و پاڵەوانانە هەروا بەفیڕۆ بدرێت ، لەلایەكی دیكەوە پێویستە یاسایەك بۆ سۆشیال میدیا دانرێت و بۆ خزمەتی هاووڵاتیان و رۆشنبیری و هوشیاری بەكاربهێنرێت، ئومێدەوارم حزبە كوردستانیەكان پێكەوە بەرژەوەندی و سەلامەتی و تەندروستی میللەتەكەمانیان لەچاو بێت و كۆرۆنا بۆ گەمەكردن و ململانێی حزبی و شكاندنی یەكتر بەكارنەهێنرێت، خۆ ئەگەر ئێمە تووشی حاڵەتی زۆر بینەوە ئەوا نە نەخۆشخانەو نە بواری تەندروستی و نە بارودۆخی ئابووریمان لەو توانایەدا دەبێت كۆنتڕۆڵی بارودۆخەكە بكات و ئەو كات زیان بەر هەمووان دەكەوێت و، لەپێش هەمووشیانەوه‌ ئەوانەی گەمەیان بە كۆرۆنا دەكردو پێیان وابوو درۆیە . "
Top