نەوزاد کامل سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای ئابووریناسانی کوردستان بۆ گوڵان : لایەنە سیاسییەکان بەرپرسیارن پاڵپشتی حکومەت بکەن بۆ ئەوەی ئەم گەلە بگاتە کەناری ئارامی

نەوزاد کامل سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای ئابووریناسانی کوردستان بۆ گوڵان :  لایەنە سیاسییەکان بەرپرسیارن پاڵپشتی حکومەت بکەن بۆ ئەوەی ئەم گەلە بگاتە کەناری ئارامی
وتارەکەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان پەیامێک بوو بۆ ئەو میللەتەی کە پاڵپشتی و پشتگیریی حکومەت دەکات راستە بەھۆی قەیرانی کۆرۆنا و خراپبوونی دۆخی دارایی و دواکەوتنی موچەوە گلەیی و رەخنەی زۆر ھەیە ، بەڵام دەرئەنجام نەتەوەی کورد و ھەموو نەتەوەکانی دیکەی کوردستانی ئەو راستی یە باش دەزانن تەنیا خەمخۆرو کەسایەتی راستگۆ بۆ دەربازبوون لەقەیرانەکە خودی جەنابی سەرۆکی حکومەت و حکومەتەکەیە نەک موزایەدەو قسەی باق و بریق و بێ کردار، ھەربۆیە ھەمووان بەپەڕۆشەوە گوێبستی قسەکانی بووین من وەکو شارەزایەکی ئابووری ئەم راستیانەم لەپەیامەکەی رێزدار مەسرور بارزانی بۆ نەتەوەکەی بەدی کرد.
دۆخی دارایی و ئابووری ھەرێمی کوردستان بەھۆی بلاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دەرکەوتەکانی و قەیرانی دارایی و دابەزینی بەھای نەوت و بڕینی بودجە و ھەموو ئەو قەرزارییەی ساڵانی پێشوو کە بە ٢٧ ملیار دۆلار دادەنرێت ، وایکردووە ھیچ پاشەکەوتێکی دارایی و یەدەگی دراو نەبێت ، لەگەڵ ئەمەشدا لایەنە سیاسییەکانی بەشداربوو لەحکومەت لەبری ئەوەی ھاوکار بن و راستگۆ بن لەگەڵ لایەنگرانی و ئەندامانی خۆیانداو خەمخۆری تێپەڕاندنی دۆخەکە بن و چیتر خەڵکی ئەوەندە ئازار و مەینەتییان نەبێت کەچی کەوتوونەتە بەکارھێنانی کارتی گوشاری موچە و دۆخی بژێوی خەڵک بۆ مەرام و مەبەستی سیاسی نەک بۆ بەرژەوەندی خەڵکەکە، زۆرجار وەکو بەناو ئیسلامیەکان و پارتە ئیسلامەوییەکان پاڵپشتی و پشتگیری بڕینی موچەو بودجەی کوردستانیش دەکەن کە لەبەغداوە بێ ھیچ پاساوێک بەردەوام دەبڕدرێت ، ھەڵە ئابوورییەکانی زەمانی رابردووی دامەزراندنی ئەو ژمارە زۆرەی فەرمانبەران و پلە بەرزکردنەوەی پلە باڵاکان و موچەی پەرلەمانتارانیش دەخەنە ئە ستۆی ئەم کابینەیە ، تەنانەت پاڵپشتی ئەو چاکسازییەش ناکەن کە خۆیان وەکو دروشم و پەیام ھەڵگری بوون و دەنگ و کورسیان لەپەرلەمان بێ بەدەستھێنا .
سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای ئابووریناسانی کوردستان زیاتر بە گوڵانی راگەیاند: لەگەڵ ئەو ھەموو ململانێ سیاسی و ناسەقامگیریی و دژایەتیکردنەش سەرۆکی حکومەت دڵنەوایی گەلەکەی دەدات و ئومێدو بەڵێنیان پێ دەدات کە سوورە لەسەر چاکسازیی و ئەم رۆژە سەختانەش تێدەپەڕێنرێت ، چەند جوانە ئەم وتانە کە بەکردار نەک تەنیا لە ٩ مانگی رابردوودا سەرقاڵی جێبەجێکردنیەتی بەڵکو بەدرێژایی مێژووی ژیانی پێشمەرگایەتی و شەڕی دژی داعش جێبەجێیان دەکات ، لەبیرمە لەگەرمەی ترس و دڵەراوکێی بلاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەڵێنی پێداین کە پێکەوە رووبەرووی ئەم مەترسییە دەبینەوە، ھەرواش دەرچوو خەڵک و حکومەت پێکەوە ھاوکار بوون و پاڵپشتی رێکارەکانی قەدەغەکردنی ھاتوچۆ بوون و دەرگای قوتابخانەو مزگەوت و شوێنە گشتیەکان و فەرمانگەکانیان داخست و ئەو رۆژانەشمان تێپەڕاند، ئێستاش ھەروەکو خۆی فەرمووی رۆژەکان تێدەپەڕێنین و ئەو کاتە شەریکی سەرکەوتنەکانمان زۆر دەبن . کاتی ئەوە ھاتووە لەناوخۆدا ناو ماڵی کورد رێک بخەین و لایەنە سیاسییەکانی ناو حکومەت بەتایبەتی یەکێتی و پارتی کە فەرمانڕەوایی دوو زۆنی ھەرێمی کوردستان دەکەن پێکەوە دۆخەکە تێپەڕێنن و رێگا بە کەسانی موزایەدەچی و بەرژەوەندیخواز نەدەن گەمە بەخوێنی شەھیدان بکەن ، دواتر کار بۆ جێبەجێکردنی دەقی رێکەوتنەکانی نێوانیان بکەن ، میللەت لەچاوەڕوانی لایەنە سیاسییەکانە پاڵپشتی حکومەت بکەن و دۆخی سەختی ئابووری بەھاوشێوەی پەتای کۆرۆنا تێپەڕێنین . مەترسییەکان ئەوەندە زۆرن لەسەر خەڵکی بەش مەینەتی بوارێک بۆ ململانێ و موزایەدە نەماوەتەوە ، ھەمووان رێگا چارەسەرمان دەوێت نەک پۆڵەپۆڵ و خۆدزینەوە لە چارەسەرەکان و بەخشینەوەی تۆمەت ، بیرکردنەوە لەئایندەی منداڵەکانمان بیرکردنەوەیە لەئایندەی نەوەکانی کوردستان و ئایندەمان ، سەرۆکی حکومەتیش لەپەیامەکەی بۆ خەڵکی ھەر وایگوت ، گرنگ نییە بەمەرکەزی دەیکەین یاخود بە نامەرکەزی ئیداریی گرنگ ئەوەیە لەناو گێژاوی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان و رق و قینی وڵاتانی دەوربەر و پلان و مەرامە شەڕانگێژەکانی تیرۆرستان و خەڵکانی قین لەدڵ ئەم میللەتە بگەیەنینە کەناری ئارامی ، ئەمەش بە ئابوورییەکی بەھێز و سەقامگیر دەبێت نەک بە تۆمەت بەخشینەوەو ھەڵدانەوەی ھەڵەکانی رابردوو کە ھەمووان تێیدا بەشدار بوون بە رێژەو پشکی جیاجیا.
لەکۆتایی دا ھیوادارم ھەموو لایەک بەگیانی بەرپرسیارێتی ئەم دۆخە تێپەڕێنین و ھاوکار بین بۆ تێپەڕاندنی بارودۆخە سەختەکەی ئابووری و بەھاوشێوەی سەرۆکی حکومەت گەشبین بین بەئایندە و شانازیی بەکورد و کوردستانەوە بکەین.
Top