برانتلی وۆماك تایبەتمەندی بواری بازرگانی و پرسە ئابوورییەكان لە زانكۆی شیكاگۆ بۆ گوڵان: چین دەیەوێت ببێتە چەقی پێكەوەگرێدانەوەی جیهان

برانتلی وۆماك تایبەتمەندی بواری بازرگانی و پرسە ئابوورییەكان لە زانكۆی شیكاگۆ بۆ گوڵان:  چین دەیەوێت ببێتە چەقی پێكەوەگرێدانەوەی جیهان
برانتلی وۆماك خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە كە لە زانكۆی شیكاگۆ بەدەستی هێناوە و ئێستا پڕۆفیسۆری كاروبارە دەرەكییەكانە لە زانكۆی ڤیرجینیا، تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگە، وەك كاروبارە دەرەكییەكان، پرسە ئابوورییەكان، بازرگانی، هەروەها تایبەتمەندی كاروباری ئاسیایە، بەتایبەتی سیاسەتی نەتەوەیی و نێودەوڵەتیی وڵاتی چین، پێشتریش وانەبێژی زانستی سیاسی و ئابووریی سیاسی بووە لە زانكۆی تێكساس. لە توێژینەوەكانیشدا بایەخ بە چەند پرسێكی گرنگ دەدات، وەك پەیوەندییە نێودەوڵەتییە نابەرامبەرەكان، پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتی گشتی و دەسەڵاتی جەماوەری لە چین، سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەكیی ڤێتنام، پەیوەندییەكانی چین بە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیاوە. بۆ تاوتوێكردنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا بەتایبەتی لە پەیوەندی بە بەكارهێنانی فشار و سزا ئابوورییەكان بۆ هێنانەدی ئامانجەكانی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی، هەروەها ئەو شەڕە بازرگانییەی لەگەڵ چیندا بەرپای كردووە، لەگەڵ ئەگەرەكانی چارەسەربوون یان هەڵكشانی ناكۆكییە بارزگانییەكانی نێوان وڵاتی چین و ئەمریكا، بەتایبەتی دوای بە بنبەستگەیشتنی گفتوگۆكانی نێوان هەردوو وڵات بۆ یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكانیان و رۆڵی رێكخراوی بازرگانیی جیهانی لەم رووەوە، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامدا.
* هەروەك ئاشكرایە ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بە راددەیەكی زۆر پەنا بۆ بەكارهێنان و گرتنەبەری ئامرازە ئابوورییەكان- فشار و سزا ئابوورییەكان- دەبات بۆ هێنانەدی ئامانجەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەكەی و بۆ دروستكردنی كاریگەری لەسەر ركابەر و تەنانەت دۆست و هاوپەیمانەكانیشی، ئایا تا چەند ئەمە ستراتیژیەتێكی سەركەوتووە و تا چەند دەكرێت بەردەوام بێت؟
- ئاشكرایە لە بوونی پەیوەندی و هاوكێشەیەكی نابەرامبەردا، لایەنی بەهێز رووبەڕووی مەترسییەكی كەمتر دەبێت بە بەراورد بە لایەنە لاوازەكە، كەواتە لە كاتی گفتوگۆكاندا لایەنە بەهێزەكە لە پێگەیەكی باشتردایە. بەڵام كێشەكە ئەوەیە كە ئەگەر بێت و لایەنە بەهێزەكە ئەم پێگە بەهێزەی خۆی بە ئاست و ئەندازەیەك بەكار بهێنێت كە ببێتە مایەی زیانگەیاندن بە لایەنە لاوازەكە، ئەوا ئەمە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی دەرفەتەكانی ئەنجامدانی هاوكاری كە لە قازانج و بەرژەوەندیی هەردوولادا دەبێت، لە دەرئەنجامدا رێسا فرەلایەنەكانیش لاواز دەبن، لایەنە لاوازەكەش ناچار دەبێت سڵ بكاتەوە و بە وریاییەوە هەنگاوهەڵبگرێت. ئێمەش دەزانین ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پەیوەندییەكی نابەرامبەری هەیە لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی جیهان و خودی سەرۆك دۆناڵد ترەمپیش گفتوگۆكارێكی سەرسەختە. هەر لەبەر ئەمەشە دەبینین كە هاوبەشەكانی سازشی بۆ دەكەن، كە ئەگەر دۆخەكە بەم شێوەیە نەبوایە، ئەوا ئەم سازشەیان نەدەكرد، بەڵام ئەوەی لەم نێوەندەدا بەدی دەكەین، بریتییە لە فەرامۆشكردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان و هەژان و لەقبوونی سیستمە نێودەوڵەتییەكە، هەروەها وڵاتانی دیكەش خۆیان ئامادەدەكەن بۆ ئەوەی وەك هاوبەشێكی باوەڕپێنەكراو و متمانەپێنەكراو مامەڵە لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بكەن.
* لایەنێكی دیكەی پەیوەست بە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك ترەمپ بریتییە لە خولیای ئەم ئیدارەیە بۆ ئەنجامدانی رێككەوتنی دوو قۆڵی و رەتكردنەوەی رێككەوتن و پەیماننامە چەند قۆڵییەكان، هۆكارەكانی ئەم پێداگرییەی ئیدارەی سەرۆك ترەمپ لەم رووەوە بۆ چی دەگەڕێننەوە؟
- دەتوانین هۆكارەكە بگەڕێنینەوە بۆ دید و قەناعەتی خودی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ كە باوەڕی وایە دەتوانێت دەرئەنجامی باشتر و زیاتر بەدەست بهێنێت لە رووبەڕووبوونەوە دووقۆڵییەكاندا بە بەراورد بە پیادەكردن و پابەندبوون بە رێسا نێودەوڵەتییەكان، یان گفتوگۆ فرەلایەنەكانەوە. بەڵام كێشەی ئەم رێچكەیە ئەوەیە كە تاوەكو زیاتر بیەوێت وەبەرهێنان بكات لە سەركردایەتیكردنی ئەمریكا، ئەوا پتر دەكەوێتە دەرەوەی گەمەكەوە. هەروەها ئەگەر وەك كێشەی جیهان لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بڕوانرێت، نەك وەك چارەسەری كێشەكانی جیهان، ئەو كات ئەمریكا لە مەودای دووردا خۆی دوچاری گۆشەگیری دەكات.
* زۆر باس لە هەڵكشانی هێزی چین دەكرێت، بەتایبەتی كە ئەم وڵاتە چەندین پرۆژە و دەستپێشخەری، وەك دەستپێشخەری پشتێنە و رێگای خستۆتەڕوو، ئایا تا چ راددەیەك ئەم پرۆژە و دەستپێشخەرییانەی وڵاتی چین دەبنە مایەی نیگەرانكردنی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بەتایبەتی كە باس لەوە دەكرێت چین دەتوانێت بیانكاتە ئامرازێك بۆبەدەستهێنانی دەستڕۆیشتوویی سیاسی و فراوانخوازیی سەربازی؟
- لە راستیدا ئەوەی دەتوانین بیڵێین ئەوەیە كە دەستپێشخەریی پشتێنە و رێگا، هەنگاوێكی ستراتیژیی زۆر ژیرانەیە لەلایەن وڵاتی چینەوە، لەبەر ئەوەی ئەم دەستپێشخەرییە دەبێتەهۆی ئەوەی كە ئەو بازاڕانەی لە قۆناغی دەركەوتندان- واتە نەك تەنیا دەوڵەتە دراوسێكانی چین- ئومێدێكیان هەبێت لە نێو ئەم بارودۆخەی ئێستای جیهاندا كە نادڵنیایی و رەشبینی باڵی بەسەردا كێشاوە. كەواتە دەكرێت بڵێین ئەمە چەترێكی سیاسیی گشتییە كە چین لە پێناویدا ئازارێكی زۆری رووبەڕووبۆتەوە، بەڵام لە دەرئەنجامدا دەبێتەهۆی بەهێزكردنی ئەوەی جیهان پتر پێكەوە ببەسترێت و چەقی ئەم پێكەوەگرێدانەش وڵاتی چین بێت. بەڵام ئەم دەستپێشخەرییە مایەی هەڕەشەیەكی راستەوخۆ نییە بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، نە لە رووی سیاسی و نە لە رووی سەربازییشەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، دەكرێت ئاڵوگۆڕی رێژەیی پێگەكان وەك هەڕەشەیەك لێی بڕوانێت لە دژی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا. بەڵام پێم وایە هەوڵی ئەمریكا بۆ ئیحتیواكردنی چین دەرئەنجامی نەخوازراوی لێدەكەوێتەوە
* ئاشكرایە هەر لە دوای گرتنەدەستی دەسەڵاتەوە، سەرۆك دۆناڵد ترەمپ فشارە ئابوورییەكانی دژی وڵاتی چین دەستپێكردووە، بە چەشنێك كە هەندێ لە چاودێران بە شەڕی بازرگانی وەسفی دەكەن، كە لەم شەڕەشدا، هەردوولا چەندین رێكاری سزائامێزیان لە دژی یەكتر گرتۆتەبەر، بەڵام لەم دواییەدا هەردوولا دەستیان بە گفتوگۆ كرد لە پێناو گەیشتن بە چارەسەرێك بۆ ناكۆكییەكانیان، بەڵام ئەم گفتوگۆیانەش بە ئەنجام نەگەیشتن، خوێندنەوەی ئێوە بۆ دۆخەكە چییە لە ئێستادا؟
- بە تێڕوانینی من تەنیا مەسەلەیەك كە جێی بایەخ و گرنگیپێدان بێت لەلایەن بەڕێز ترەمپەوە بریتییە لە دووبارە سەركەوتنی لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیدا. كە ئێمە دەزانین ئەمەش گەمەیەكی گەورەیە. كەواتە ئەگەری ئەوە هەیە كارێك بكات كە بارگرژییەكانی ئێستا درێژ بكاتەوە تا ئەو كاتە دۆخێكی لەبار دەخوڵقێت و دەتوانێت جاڕی گەیشتن بە رێككەوتنێكی سەركەوتوو بدات.
* ئێمە دەزانین كە كێشەی سەرەكی، یان ناكۆكیی سەرەكیی نێوان هەردوو وڵاتی چین و ئەمریكا بریتییە لە پرسەكانی پەیوەست بە بواری بازرگانییەوە، كە لە ئێستادا گفتوگۆكانی پەیوەست بە چارەسەركردن و یەكلاكردنەوەی ناكۆكییە بازرگانییەكان بە بنبەست گەیشتوون لە نێوانیاندا، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەگەری ئەوە نییە كە ناكۆكییەكان بوارەكانی دیكەی غەیرە بازرگانی بگرنەوە؟
- لە راستیدا ئەمە رێی تێدەچێت، بەتایبەتی كە ئەگەر ئەو راستییە لەبەرچاو بگرین كە چین گەمەیەكی جیاواز دەكات، لەم روانگەیەوە دەتوانین بڵێین كە بە دڵنیاییەوە ئەوان هەوڵی ئەوە دەدەن بە چەشنێك كاردانەوە و پەرچەكرداریان هەبێت كە خۆیان رووبەڕووی هیچ زیانێك نەبنەوە، هەروەها بێگومان هەوڵی ئەوە دەدەن كە خاڵە لاوازەكانی خۆیان لە ئاست ئەمریكادا بپارێزن.
* باشە ئەگەر دۆخەكە بە بنبەست گەیشتبێت و تا ئێستا نەتوانرابێت بەتایبەتی لە رێی گفتوگۆوە چارەسەرێك بۆ ناكۆكییەكانیان بدۆزرێتەوە، ئایا ئەو هەنگاوە كردارییانە چین كە هەردوولا دەتوانن و دەبێت بیگرنەبەر بۆ ئەوەی بگەنە چەشنێك لە سازش و رێككەوتن؟
- لە راستیدا دەبێت ئەو راستییە بۆ هەردوو وڵاتەكە روون بێت كە هاوكاریكردن لە نێوانیاندا لەبارەی بەرژەوەندییە هاوبەشەكانەوە بیرۆكە و هەنگاوێكی باشە، بەڵام كێشەكە ئەوەیە كە بەڕێز ترەمپ كراوە نییە بە رووی ئەم پرسەدا و چینیش پاساوی باشی هەیە بۆ ئەوەی متمانە بە ئەمریكا نەكات. كەواتە ئومێدەكە ئەوەیە هەردوو وڵات بتوانن بەلای كەمەوە هەوڵی ئەوە بدەن ئەو مەترسییانە كەم بكەنەوە كە ئەگەری ئەوە هەیە لەو بارودۆخانەوە سەرچاوە بگرن كە زیان بە هەردوولایەن دەگەیەنێت، بۆ نموونە لە بواری ئاسایشی ئەلیكترۆنی.
* ئێستا مشتومڕێكی زۆر دەكرێت لەبارەی رێكخراوی بازرگانی جیهانییەوە، كە ئێمە دەزانین یەكێك لە ئەركەكانی ئەم رێكخراوە بریتییە لە دەستەبەركردنی میكانیزمێك بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكانی پەیوەست بە بواری بازرگانی لە نێوان دەوڵەتە ئەندامەكانیدا، پێت وانییە ئەم رێكخراوە بتوانێت هیچ رۆڵێك ببینێت لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان ئەمریكا و چیندا؟
- بە دڵنیاییەوە ئەمە ساتەوەختێكی سەخت و دژوارە بۆ رێكخراوی بازرگانی جیهانی. كە ئێمە دەزانین ئەم رێكخراوە چاودێری جێبەجێبوونی رێساكانی گەمەكە دەكات لە بواری بازرگانیدا، بەڵام كێشەكە ئەوەیە ئەمە ئەو گەمەیە نییە كە بەڕێز ترەمپ دەیكات، هەروەها ئەو لە هیچ حاڵەتێكدا بە پێی رێساكان گەمە ناكات.
Top