دیندار دۆسكی سیاسەتمەدار بۆ گوڵان: سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت دوو كەسایەتیی بەهێزو خاوەن ئیرادەن بۆ چاكسازی

دیندار دۆسكی سیاسەتمەدار بۆ گوڵان:  سەرۆكی هەرێم و  سەرۆكی حكومەت دوو كەسایەتیی بەهێزو  خاوەن ئیرادەن بۆ چاكسازی
لەدوای هەڵبژاردنەكانی 30ی ئەیلوولی ساڵی رابردووەوە، خەڵكی كوردستان چاوەڕێی ئەوەبوون كە لایەنە سیاسییەكان بگەنە رێككەوتن و پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت دەست پێ بكات، هەفتەی رابردوو نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم لەبەردەم پەرلەمان سوێندی یاسایی خوارد، رۆژی دواتریش پەرلەمانی كوردستان مسرور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی كوردستان ناوزەد كرد، دوای ئەویش لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە مەرسوومی هەرێمیی بۆ دەركراو بەفەرمی مسرور بارزانی بۆ پێكهێنانی كابینەكەی راسپێردرا. ئەم دوو رووداوە وەرچەرخانێكی گرنگ بوون لە پرۆسەی سیاسیی كوردستاندا و ئێستا خەڵكی كوردستان بە ئومێدەوە چاوەڕێی پێكهینانی حكومەتی تازەی كوردستان دەكەن. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم رەوشە تازەیە، گوڵان ئەم دیمانە تایبەتەی لەگەڵ دیندار نەجمان دۆسكی سیاسەتمەداری كوردستان و وەزیری پێشووتری كۆچ و كۆچبەران لە حكومەتی عێراق ئەنجامداو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* لەم چەند رۆژەی رابردوودا نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەردەم پەرلەمان سوێندی یاسایی خوارد، دوای ئەویش لەلایەن پەرلەمانەوە مسرور بارزانی وەك سەرۆك وەزیران ناوزەدكرا و لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە راسپێردرا بۆ پێكهێنانی كابینەكەی، ئایا چۆن سەیری ئەم قۆناخە تازەیەی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان دەكەیت؟
- ئەمە قۆناخێكی تازەیە لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و یەكەمجارە لەسەر ئاستی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ئاڵوگۆڕی دەسەڵات دەكرێت، راستە ئاڵۆگۆڕەكە لەناو یەك حزبدا بووە، بەڵام هەر كەسایەتییەك رۆڵ و كاریگەریی خۆی هەیە، هەروەها كاك مسرور بارزانی راسپێردراوە بۆ ئەوەی كابینەی داهاتوو پێكبهێنت، بۆیە دەتوانم بڵێم ئەمە پێشكەوتنێكە لە پرۆسەی دیموكراتیی هەرێمی كوردستان و خەڵكیش چاوەڕێی گەورەیان لەم قۆناخە تازەیە هەیە. ئەم ئومێد و چاوەڕێیەش لەوە سەرچاوەی گرتووە كە پارتی دیموكراتی كوردستان دروشمی كوردستانێكی بەهێز و حكومەتێكی بەهێزی لە هەڵبژاردنەكان بەرزكردبووەوە، كوردستانی بەهێز و حكومەتی بەهێزیش، واتە دەبێت ئاستی خزمەتگوزارییەكان باشتر بكرێن، دەرفەتی كار بۆ گەنجان فەراهەم بكرێت، پەیوەندییەكان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی و دەوڵەتانی دەوروبەر و جیهانیش باشتر بچنە پێشەوە، لەلایەكی دیكە هەردوو بەڕێزان (نێچیرڤان بارزانی و مسرور بارزانی) خۆیان دوو كەسایەتیی بەهێزن و لەسەر ئاستی حزب پێگەی گرنگیان هەیە، لەناو حكومەت و ئیدارەش خاوەنی ئەزموونێكی گەورەن و پێشتر پۆستی گرنگیان هەبووە، ئەمەش مانای ئەوەیە لە بواری حوكمڕانی و كارگێڕیدا كەسایەتیی شارەزاو بەئەزموون و پسپۆڕن، لەمانەش گرنگتر بێگومان رۆڵی سەرۆك مسعود بارزانی رۆڵێكی گەورەو گرنگەو پشتیوانێكی گەورەیە بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بۆیە ئومێدی خەڵكی كوردستان بۆ چوار ساڵی داهاتوو ئەوەیە كە بتوانن لە هەموو روویەكەوە كوردستان بەرەوپێشەوە ببەن.
* هاوكات لەگەڵ ئەم بارودۆخە تازەیە، هەست دەكرێت نێوماڵی كوردستانیش جۆرێك لە یەكڕیزی بە خۆیەوە بینیوەتەوە، ئایا تاچەند بۆ ئەم قۆناخە ئەم یەكڕیزییە گرنگە؟
- هەموو خەڵكی كوردستان و تێكڕای سیاسەتمەدار و پسپۆڕان، یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی نێوان هێزە سیاسییەكان بە مەرجی سەرەكیی هەر دەستكەوتێك دەزانن، كە لە كوردستاندا دێتەدی، ئەوجا ئەو دەستكەوتە لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێم بێت، یان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی عێراق، یان دەوڵەتانی دەوربەر و جیهانیش، لەم قۆناخەدا ئومێدیكی گەورە هەیە كە بەڕێز نێچێرڤان بارزانی دەتوانێت ئەم یەكڕیزییە دروست بكات و بیپارێزێت، بەڕێزیان لەم رووەوە ناسراون و پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ كۆی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان هەیە، تەنانەت ئەو پەرلەمانتارانەشی كە لە پەرلەمان دەنگیان بۆ سەرۆكی هەرێم نەدا، یان ئامادەی دانیشتنەكەش نەبوون، ئەوانیش هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ كاك نێچیرڤان نییە، بەپێچەوانەوە خۆشحاڵ و دڵگەش بوون بە كاندیدكردنی ئەو بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بۆیە ئەم پەیوەندییە فراوانەی ئەو جێگەی ئومێدە بۆ یەكڕیزی لە كوردستاندا، هەروەها بەڕێزیان پەیوەندییەكی فراوانیان لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی عێراق و دەوڵەتانی دەوربەریش هەیە، بۆیە لەم لایەنەشەوە مەزندەكان بەو ئاراستەیەن پەیوەندییەكان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ و دەوڵەتانی دەوروبەر و جیهانیش زیاتر بەرەو پێشەو بچن.

* لە دوای راسپاردنەكەیەوە لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە، مسرور بارزانی 30 رۆژی لەبەردەمە بۆ ئەوەی حكومەتەكەی پێكبهێنت، ئایا لەو بڕوایەدای پێش ئەم وادەیە حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان پێكبهێندرێت؟
- من ئومێدەوارم كاك مسرور بارزانی پێش تەواوبوونی ئەم 30 رۆژە كابینەكەی پێكهێنابێت و لەلایەن پەرلەمانەوە متمانەی وەرگرتبێت، بە تێڕوانینی من ئاستەنگێكی ئەوتۆ لەبەردەم پێكهێنانی حكومەت نییە، لەبەر ئەوەی پێشتر لە نێوان ئەو سێ لایەنەی بەشدرای حكومەت دەبن (پارتی و یەكێتی و گۆڕان) لەسەر بەرنامەی حكومەت و پۆستەكان رێككەوتن كراوە، بۆیە ئەگەر ئیشكالێك لە نێوان پارتی و یەكێتی هەبێت، لەسەر كاندیدكردنی كەسێكە بۆ پارێزگاری كەركووك و كەسێك بۆ وەزارەتی داد لە حكومەتی فیدڕاڵیدا، بۆیە لەو قەناعەتەم دەبێت پارتی و یەكێتی رێكبكەون و ئەم پرسانە نەكەنە ئاستەنگ لەبەردەم پێكهێنانی كابینەكە.
* بەڵام پرسی دانانی پارێزگاری كەركووك پەیوەندیی بە هەموو پێكهاتەكانی كەركووكەوە هەیە و تەنیا پەیوەست نییە بە پارتی و یەكێتیەوە، ئایا هەتا بارودۆخی كەركووك ئاسایی نەبێتەوە، ئەم پرسە یەكلایی دەبێتەوە؟
- پێش هەموو شت گرنگە لەنێوان پارتی و یەكێتی رێككەوتن هەبێت لەسەر ئەو كاندیدەی كە یەكێتی بۆ پارێزگاری كەركووك كاندیدی دەكات، هەروەها باشتریشە كە گۆڕانیش رازی بێت لەبەر ئەوەی هێزێكی سەرەكییە كە بەشداری لە حكومەتی هەرێمدا هەیە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەر ئەم رێككەوتنە لەسەر كاندیدی یەكێتی بۆ پارێزگاری كەركووك كرا، ئەوا هەرێمی كوردستان پشتیوانی لە پارێزگاری كەركووك دەكات، بەبێ بوونی ئەم پشتیوانییەی هەرێم، هەركەسێك ببێتە پارێزگاری كەركووك بەتایبەتی لەم بارودۆخەی ئێستای كەركووكدا، هیچ بایەخێكی نابێت و هیچیشی پێ ناكرێت، لەلایەكی دیكە لەبەر ئەوەی پارێزگار لەناو ئەنجومەنی پارێزگا هەڵدەبژێرێت و ئەندامانی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگا زۆرینەن، ئەوا دەبێت پارێزگارەكە كورد بێت، بۆیە كە ئەمە كرا، ئەوا ئەو كات وەك لیستی برایەتی دانوستاندن لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكەی كەركووكیش دەكات، بۆ ئەوەی وەك پارێزگاری ئەو شارە خزمەتی تەواوی خەڵكی كەركووك بكات بە جیاوازی ئایین و نەتەوەوە. ئەم هەنگاوە دەبێتە سەرەتایەك بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك، ئەگەر وەك پێشتر ئاماژەم پێكرد، پارێزگار پشتگیریی تەواوی پارتی و یەكێتی و هەرێمی كوردستانی لەگەڵدا بێت، هەروەها ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركووك دەبێت بە دانوستاندن بێت لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی و نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمریكا، بۆیە لەم حاڵەتەدا كە پرسی ئاساییكردنەوە بە رێگەی دانوستاندن بێتەئاراوە، ئەوا دەبێت پارێزگارێكی كورد لە كەركووك دابنرێت، لەبری ئەو پارێزگارە سەپێندراوەی ئێستا كە جارێكی دیكە پرۆسەی بەعەرەبكردنی شارەكەی دەست پێ كردۆتەوە، ئاشكرایە بە دانانی ئەم پارێزگارە دەتواندرێت پرۆسەی بەعەرەبكردن رابگیرێت، دوای ئەوە هەنگاوەكانی دیكەی ئاساییكردنەوە، وەك گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بە دانوستاندن دەستی پێ بكرێت، راشكاوانەتر ئەگەر تەواوی هێز و لایەنەكانی كوردستان بە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی پڕۆژەیەكی تێروتەسەلیان بۆ دانوستاتدن لەسەر پرسی كەركووك لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی پێ نەبێت، ئەوا ناتوانن لە پڕۆسەی دانوستاندنەكاندا سەركەتوو بن.


* باسی ئومێد و چاوەڕوانیی خەڵكی كوردستانت كرد لە حكومەتی داهاتووی كوردستان، ئایا بە رای ئێوە گرنگە ئەولەوییەتەكانی حكومەت چۆن بن؟
- بەڕێز كاك مسرور بارزانی كە دەبێتە سەرۆك وەزیرانی كابینەی داهاتوو، بەرنامەیەكی هەیە و دەیەوێت لەماوەی چوار ساڵی داهاتوودا جێبەجێی بكات، هەر بۆیە گرنگە ئومێد و چاوەڕوانیی خەڵكیش لە كابینەی داهاتوو ماقووڵ بێت و لەچوارچێوەی بەرنامەی حكومەتەكەدا بێت، نابێت بەوجۆرە سەیری حكومەتی داهاتوو بكرێت كە داری سیحریی بە دەستەوەیە و لەماوەی شەو و رۆژێكدا هەموو كێشەكان چارەسەر دەكات. ئەوجا لێرەوە بۆ ئەوەی چاوەڕوانییەكان ماقووڵ بن، دەكرێت باس لە دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە هەرێمی كوردستان بكرێت، كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی كوردستان دەگرێتەوە، ئەم دوو پۆستە لای بەڕێزان (كاك نێچیرڤان بارزانی و كاك مسرور بارزانی)ین، ئەم دوو كەسایەتییە بۆ سەركەوتنی حوكمڕانی خاڵی بەهێزیان هەیە، لەوانە:
1. هەردووكیان دوو كەسایەتیی بەهێزن لەسەر ئاستی حزب و حكومەت.
2. هەردووكیان ئیرادەیان بۆ چارەسەكردنی كێشەكان هەیە.
جیا لەم دووخاڵە كە پەیوەستە بەو دوو كەسایەتییەوە، لەهەمانكاتدا ئەم حكومەتە بەهێز دەبێت، لەبەر ئەوەی سێ حزبی كوردستانی بەهێز كە بریتین لە (پارتی و یەكێتی و گۆڕان) تێیدا بەشدارن، ئەم سێ لایەنە ئەگەر پێداگرو پابەندبن بەو رێككەوتنانەی ئیمزایان كردووە و بەشێوەیەكی راستەقینە بەشداری لە حكومەتدا بكەن و، وەك پێشان نەبێت، كە پێیەكیان لە حكومەت و پێیەكیان لە ئۆپۆزسیۆن بوو، بە راستی حكومەتێكی بەهێز دەبێت، لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە وەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد، پشتیوانیی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی خاڵێكی بەهێزی دیكەی ئەم حكومەتە دەبێت و سەقامگیرییەكی سیاسییش دێنێتە ئاراوە، كە بۆ سەركەوتنی حكومەت خاڵێكی هێجگار گرنگە.
ئەوجا ئەگەر بەم شێوەیە حكومەتەكە پێكبهێنرێت، ئەوا گرنگە دەسەڵات لە دەست حزبەوە بگۆڕێت بۆ دەسەڵاتێكی نیشتمانی و هەر دوو ئیدارەی پارتی و یەكێتی بە تەواوی یەكبگرنەوە و هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە یەكبخرێن، هەروەها پرسی باشتركردنی خزمەتگوزراییەكان و دۆزینەوەی هەلی كار وەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد، دەبێت ئەولەوییەتی كاری ئەم حكومەتە بێت، هەروەها گرنگە یاسای وەبەرهێنان هەموار بكرێتەوە و كۆمەڵێك مەرج بۆ وبەرهێنان دابنرێت، بەتایبەتی لەبواری دۆزینەوەی هەلی كار كە گرنگە بەپێی یاسای وەبەرهێنان 50%ی هێزی كاری پرۆژەكان بۆ هاووڵاتیانی خەڵكی كوردستان بێت، لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانیش لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی، ئاشكرایە كێشەكان بریتین لە (جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور، كێشەی پێشمەرگە، یاسای نەوت و گاز، پشكی كوردستان لە بودجەی فیدڕاڵی) بۆیە بۆ ئەم پرسانە دەبێت حكومەتی داهاتوو بەرنامەی خۆی هەبێت و لەگەڵ دەستبەكاربوونی بەرنامەی خۆی جێبەجێ بكات.



* ئاماژەت بە پێداگری و پابەندبوون بە رێككەوتنەكانەوە كرد بۆ ئەوەی سەقامگیریی سیاسی لە هەرێمی كوردستان دروست بێت، ئایا نەبوونی گوتارێكی یەكگرتووی سیاسی لەلایەن یەكێتیی نیشتمانییەوە، نایبیتە مەترسی بۆ جێبەجێنەكردنی رێككەوتنەكان و دروستبوونی ناسەقامگیریی سیاسی لە كوردستاندا؟
- ئێمە پێشتریش حكومەتی هاوپەیمانیمان هەبووە، ئەوكات پێنج لایەن بوون، دواتریش لایەنەكان بە رێككەوتنەكانیان پابەند نەبوون، لەلایەك لە حكومەتدا بەشدار بوون، لەلایەكی دیكەوە ئۆپۆزسیۆن بوون، سەبارەت بە گوتاری یەكگرتووش، من ئاماژەم بە یەكگرتنەوەی ئیداری كرد بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتی حزبەوە بگۆڕدرێت بۆ دەسەڵاتێكی دامەزراوەیی نیشتمانی، لە دوای هەڵبژاردنی كاك نێچیرڤان بارزانی باس لەوە دەكرێت سەرۆكایەتیی هەرێم بكرێتە دامەزراوەیەكی نیشتمانی، من دەڵێم ئەمە باشە، بەڵام نەك تەنیا دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم، بەڵكو تەواوی دامەزراوەكانی هەرێم بكرێنە نیشتمانی، هەر بۆیە بوونی دەسەڵاتی حزب بەسەر دەسەڵاتی دامەزراوەكانەوە هەمووی جێگەی هەڕەشە و مەترسییە، هەر بۆ نموونە بەم دواییە ئەو جیاوازییەی لەنێوان پارتی و یەكێتی لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم هاتەئاراوە، بینینمان هەندێك لە سەركردەكانی یەكێتی هەڕەشەی دووئیدارەییان دەكرد، بۆیە ئەگەر ئەم دەسەڵاتە نەبێتە دەسەڵاتێكی نیشتمانی، ئەوا هەر جیاوازییەك، یان كێشەیەك بێتەئاراوە، هەڕەشە لەسەر یەكپارچەیی خاكی هەرێمی كوردستان دروست دەكات. دیارە ئەمە لایەنێكی نەرێنی پرسەكەیە، بەڵام خوازیارم هەموومان بە ئەرێنی و گەشبینییەوە سەیری ئایندە بكەین و ئومێدەوارین پارتی و یەكێتی رێككەوتنی نێوان خۆیان جێبەجێ بكەن و هاوكار و هەماهەنگی یەكتری بن، بۆ ئەوەی بتوانن خزمەتێكی باشی خەڵكی كوردستان بكەن.
* سەبارەت بە رەوشی عێراق و ئەگەرەكانی سەرهەڵدانەوەی داعش، سەرۆك مسعود بارزانی لە گوتارەكەیدا بە بۆنەی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە، هۆشداری ئەوەی دا، كە داعش و هاوبیرانی داعش خەریكی خۆڕیكخستنەون و ئەگەر وریا نەبین، كارەساتی هاوشێوەی ساڵی 2014 دووبارە دەبێتەوە، ئایا ئەم هۆشدارییەی سەرۆك بارزانی چی لێ دەخوێندرێتەوە؟
- ئاشكرایە سەرۆك بارزانی لەدوای ئازادكردنەوەی موسڵیش لە 2016 ئەم هۆشدارییەی بە عێراق و ئەمریكییەكانیش راگەیاند و، راشكاوانە گوتی: ئێمە رێككەوتنێكی سەربازیمان ئیمزا كردووە، مانای ئەوە نییە ئەگەر داعشمان لە رووی سەربازییەوە تێكشكاند، ئیدی لە رووی هزر و بیریشەوە كۆتاییمان بە داعش هێناوە، ئەمەش لەبەر ئەوەی هۆكاری سەرهەڵدانی داعش ئەو كێشە سیاسییانەیە كە زەمینەی سەرهەڵدانی داعشیان دروست كردبوو، ئێستاش ئەو كێشە سیاسییانە هیچیان چارەسەر نەكراون، بۆیە زەمینەی سەرهەڵدانەوەی داعش وەك خۆی ماوەتەوە، ئێستاش لە تەواوی ناوچەكانی عەرەبی سوننە لە رومادی و تكریت و موسڵ، هەموویان كێشەی سیاسییان هەیە و حكومەتی عێراق هیچ چارەسەرێكی بۆ نەدۆزیوەتەوە، هەروەها لە رووی بەشداریكردنی سیاسیشەوە حكومەتی عێراق عەرەبی سوننەی پەراوێز خستووە، بۆیە مادام چارەسەرنەكردنی كێشەكان زەمینە كۆنەكەی وەك خۆی هێشتۆتەوە، ئەوا هیچ سەیر نییە ئەگەر رێكخراوێكی تیرۆریستیی وەك داعش، یان هاوشێوەی داعش و بە ناوێكی دیكە دیسان سەرهەڵبداتەوە. ئەم ترسە بەردەوام دەبێت، هەتا حكومەتی عێراق پرۆژەیەكی سیاسی بۆ چارەسەكردنی ئەو كێشانە ئامادە دەكات، بەڵام نە حكومەتەكانی پێش د.عادل عەبدولمەهدی و نە حكومەتی ئێستای هیچ پرۆژەیەكی سیاسییان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق بەگشتی و كێشەی ناوچەكانی عەرەبی سوننە بەتایبەتی پێ نییە، هەر بۆ نموونە حكومەتی فیدڕاڵ پرۆژەیەكی سیاسیی نییە كە چەند هەرێمێك، یان لە چوارچێوەی مافی ئۆتۆنۆمی كێشەی ناوچەكانی عەرەبی سوننە چارەسەر بكات، بەپێچەوانەوە حكومەتی فیدڕاڵی خۆی دژی یاسای دروستكردنی هەرێمەكانە كە پەرلەمانی عێراق پەسەندی كردووە، بۆیە تا كێشە سیاسییەكان چارەسەر نەكرێن، مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش و هاوشێوەكانی كۆتایی نایەت و ئەمە چەندین جاریشە سەرۆك مسعود بارزانی بە هۆشداریی پێشوەختە ئاگاداری كردوونەتەوە.



* هەر سەبارەت بە چارەسەری سیاسییانەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، مەزندەی ئەوە دەكرێت دوای پێكهێنانی حكومەتی تازە، پرۆسەی دانوستاندن بۆ كێشەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا دەست پێبكاتەوە، ئایا تاچەند حكومەتی داهاتوو دەتوانێت چارەسەری ئەم كێشانە بباتە پێشەوە؟
- كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، هەر لە سەرەتای دروستبوونەوەی دەوڵەتی عێراق لە 2003وە بوونیان هەیە، كێشەكان چەند كێشەی سەرەكین، وەك: (ماددەی 140، پێشمەرگە، بەشە داهاتی كوردستان لە بودجەی عێراق) بۆچوونی من بەو جۆرەیە كە لەگەڵ حكومەتی ئێستای د.عادل عەبدولمەهدی فرسەت هەیە كە چەند هەنگاوێك چارەسەری كێشەكانی بچنە پێشەوە، بەڵام لەسەر پرسی جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق و چارەسەركردنی كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان، هەست ناكەم هیچ هێز و لایەنێكی سیاسیی عەرەبی نییەتی پاكیان بۆ جێبەجێكردنی ئەم ماددە دەستوورییە هەبێت، وەك ئەوەی لە دەستوورەكەدا هاتووە، ئەوكات كە لە ناو حكومەتی فیدڕاڵ وەزیر بووین، هەر بڕیارێك لەلایەن (لیژنەی كاروباری باكووری سەردەمی بەعس) سەبارەت بەو ناوچانە دەركرابوو، ئێمە هەموومان رەتكردەوە و نەمانهێشت، بەڵام لە باری واقیعدا و بۆ جێبەجێكردنی ئەو رەتكردنەوەیە، بینمان ئەوان مانۆڕ لەگەڵ واقیعەكە دەكەن و بڕوبیانوو بۆ جێبەجێكردنی دەدۆزنەوە، بەڵام ئەمەش مانای ئەوەنییە كە ئێمە دەبێت بێدەنگ بین، بەڵكو دەبێت ئێمە وەك هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی بچینە ناو پرۆسەیەكی دانوستاندنی جددییەوە، راستە رێككەوتن ئاسان نییە، بەڵام هەر دەبێت هەوڵی خۆمان بدەین، لە ئێستادا لەگەڵ حكومەتەكەی د.عادل عەبدولمەهدی ئومێدی ئەوە هەیە كە بتواندرێت چەند هەنگاوێك لەسەر چارەسەركردنی هەندێك لە كێشەكان بچینە پێشەوە، بەڵام سەبارەت بە جێبەجێكردنی ماددەی 140 بە قەناعەتی من لەگەڵ حكومەتی ئێستای عێراقیشدا، بەتایبەتی كە حكومەت لە چەند هێزێكی سیاسی پێكهاتووە، هیچ كام لەو هێزە سیاسییانە بۆچوونیان لەسەر جێبەجێكردنی ماددەی 140 باش نییە، بەڵام ئێمە ناچارین و هەر دەبێت ئەو دانوستاندانە بكەین، گرنگە بە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی بچینە ناو دانوستانەكان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی، ئەگەر بەو شێوەیە بچین لەوانەیە بتوانین لەگەڵ حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی چەند هەنگاوێك بچینە پێشەوە.
Top