شاخەوان عەبدوڵا ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان: پێویستە بۆ چارەسەركردنی دۆخی كەركووك و ناوچەكانی دیكە كۆدەنگییەكی سیاسی دروست بێت
May 28, 2019
دیمانەی تایبەت
ئاشكرایە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و كەركووك بەتایبەتی، بە دۆخێكی نالەباردا دەڕۆن، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی پێشهات و پەرەسەندنەكانی ئەم دواییە، بۆ قسەكردن لەم بارەیە و تاوتوێكردنی چەند پرسێكی پەیوەندیدار، دیدارێكمان لەگەڵ شاخەوان عەبدوڵا پەرلەمانتاری پێشوو لە پەرلەمانی عێراق ئەنجامدا.* دوای 16ی ئۆكتۆبەر و داگیركردنی كەركووك جارێكی دیكە ئەو شارە كەوتووەتەوە بەر هەڵمەتی رەشی تەعریب و تیرۆر، ئەوەتا رووداوەكانی ئەم دواییەی سەرگەڕان و پەلكانە و دوبز مەترسییەكی گەورەی بۆ سەر گوندنشینەكان دروست كردووە، ئایا ئەم ئەمری واقیعە كاریگەریی لەسەر گۆڕینی دیموگرافیای دانیشتووانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هەیە؟
- لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە كەركووك و تەواوی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەدۆخێكی ناسەقامگیردا تێپەڕ دەبن، دوای نەمانی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانەدا و رووخانی هێڵی بەرگریی نێوان باشوورو رۆژئاوای كەركووك و ناوەندی شاری كەركووك، دۆخەكە لە رووی ئەمنی و ئارامییەوە بە تەواوەتی تێكچووە، هەر خۆی لەخۆیدا بە درێژایی 15 ساڵی رابردوو هەرچی ناوچەكانی حەویجە و رەشاد و ریاز و باشوورو رۆژئاوای كەركووك هەیە, لەسەر دانیشتوانی شاری كەركووك سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسییەكانی تەعریب و تیرۆر بوون، ئەو كاتەی پێشمەرگە ئەو هێڵە بەرگرییەی پاراستبوو، شاری كەركووك و پێكهاتەكانی پارێزراو بوون، بەڵام لەدوای فرۆشتنی كەركووك و هاتنی هێزەكانی عێراق و داگیركردنی كەركووك و ناوچەكانی دیكەی ماددەی 140 دۆخەكە ئاڵۆز بووەو سەقامگیری و ئارامی تێدا نەماوە، لەمەشدا خەڵكی رەسەنی پارێزگاكە زیانمەندی سەرەكی بوون، سەرەڕای ئەم دۆخە ناسەقامگیر و نائارامە و مەترسیی تیرۆر بۆ سەر كوردە، هێرشی تەعریبیشی هاتۆتەسەر، ئەوەتا هێرشێكی بەرفراوانی تەعریب لەلایەن پارێزگاری بەزۆر سەپێندراوی كەركووكەوە بۆ سەر ئەو گوندانەی كە هاوسنوورن لەگەڵ باشوورو رۆژئاوای شاری كەركووك وەك ناوچەی (حەوت تەغارو دادودە و تاڵەبانی تا دێتە خوارەوە بۆ سنووری سەرگەڕان و دوبز) دەستی پێكردووە، كە هەرهەموویان مەترسیی تیرۆریستانی داعشیان لەسەرە، ئەمە جگە لەوەی هێرشێكی ناڕەوا و دوژمنكارانەی تەعریبیش لەلایەن ئەو عەرەبە بەعسییانەی كە كاتی خۆی سەدام حوسێن هێنابوونیە سەر ماڵ و حاڵی گوندنشینانی ناوچە كوردییەكان دەستی پێ كردووە، لەدوای رووخانی رژێمی بەعس سەرەڕای ئەوەی ئەو عەرەبە هاوردانە قەرەبوویان وەرگرتووە، كەچی ئێستا دێنەوە سەر ماڵوحاڵی كورد، لەمەشدا ئەو عەرەبە سوننانەی كە لەدوای 16ی ئۆكتۆبەر بە پاڵپشتیی حكومەتی عێراق لە ناو حەشدی عەشائیریدا كۆكراونەتەوە كە لەناو سوپای ئیسناد بوون، هەمیشە بۆ سەر گوندنشینە كوردەكان جێی مەترسی بوون.
* وەكو ئاشكرایە حزبە كوردستانییەكان جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، لەناو شاری كەركووك بارەگایان هەیە، گوندنشینە كوردەكانیش داوای بەهاناوەچوونی جەنابی سەرۆك بارزانی دەكەن تاوەكو شاڵاوی تەعریب راگیرێت، ئایا لەم بارودۆخەكەدا بۆ فریاكەوتنی گوندنشنە كوردەكانی كەركووك چ هەوڵێك هەیە؟
- پارتی دیموكراتی كوردستان لە 16ی ئۆكتۆبەر و دوای 16ی ئۆكتۆبەریش شەڕی ئەو هێزانەی كرد كە هاتبوون شارەكەیان داگیركردو ماڵ و حاڵی كوردیان تاڵان و سوتاند، نەبەردی و سەركەوتنەكانی داستانی پردێ كە پێشمەرگەكانی كوردستان تۆماریان كرد، توانی لە پردێ سنوورێك بۆ داگیركاری و پەلاماردانی ئەو هێزانە دابنێت كە وایان تێگەیاندبوون كورد پاروویەكی ئاسانە، دوای ئەو بەرگریی و پارێزگارییە لە كورد و كوردستان پێگەی پارتی لە كوردستان و عێراق بەشێوەیەك بەرزبۆوە كە دوژمن و ئۆپۆزسیۆنی پارتی ناچاركرد بەرەو كوردستان بێن و رێككەوتن لەگەڵ پارتی و سەركردایەتیی سیاسیی پارتی بكەن، لەو گفتوگۆو دانوستانانەشدا بەردەوام پارتی جەختی لەسەر ئەوە دەكردەوە كە ددان بە دۆخی سەپێندراوی داگیركراوی كەركووكدا نانێت، پارتی دیموكراتی كوردستان دەنگەكانی خۆی لە كەركووك كردە قوربانی لەكاتێكدا ئەگەر لەدوای 16ی ئۆكتۆبەر لە پارێزگای كەركووك بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی بكردایە و تووڕەیی خەڵكی كەركووكی بقۆزتایەتەوە، ئەوا زیاتر لە سێ كورسیی پەرلەمانی لەو پارێزگایەدا دەست دەكەوت، ددان پێدا نەنانی پارتی بە پارێزگار و ئەو هێزانەی كەركووكیان داگیركردووە، جێگای شانازیی هەموو كوردێكە، پارتی لە هەموو گفتوگۆ و دیدارەكانیدا داوای كردووە ئەو گرووپ و هێزە چەكدارانەی ناو شاری كەركووك بچنە دەرەوە، چونكە ئەو هێزانە شارەكەیان داگیركردووە و لە رووی دەستوور و یاساوە پێشێلكارییان كردووەو سەپێندراون بەسەر خەڵكی كەركووك و پێكهاتەكانیدا، تەنانەت قیادەی ئۆپەراسیۆن لەلایەن هێز و چەكداری نامۆ بە شار و خەڵكی كەركووك دروست كراوە، ئەمەش دژ و پێچەوانەی بنەما دەستووری و یاساییەكانە، لەبری ئەوەی پارێزگای كەركووك لە رووی ئیدارەوە لەلایەن دەسەڵاتێكی ئیداریی و مەدەنی بەڕێوەببرێت لەلایەن دەسەڵاتێكی عەسكەرتارییەتەوە بەڕێوە دەبردرێت. لەلایەكی دیكەوە لای هەمووان روون و ئاشكرایە ئەوەی توانی دۆخەكە هێور بكاتەوە سەردانەكەی جەنابی سەرۆك بارزانی بوو بۆ بەغدا و گفتوگۆ و دیدارەكانی لەگەڵ پێكهاتەی حكومەتی تازەی عێراق و سەركردە سوننە و شیعەكان بوو، هەر ئەو كاتیش جەنابی سەرۆك بارزانی دۆخی خراپی كەركووك و پێشهاتەكانی لەگەڵ سەركردە سیاسییەكانی عێراق باسكرد. دۆسێی خاك و كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم گرنگترین دۆسێكانی دانوستاندن بوو لەگەڵ عێراق، جەنابی سەرۆك داوای كرد دۆخی كەركووك و تەواوی ناوچەكانی دیکە بە شێوەیەكی دیپلۆماسی چارەسەر بكرێت، چونكە سەرۆك بارزانی ئامادە نەبوو مامەڵە لەگەڵ دۆخی سەپێندراوی داگیركراوی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكە بكات، ئەوە بوو لە دوای گەڕانەوەی جەنابی سەرۆك بارزانی لە بەغدا راستەوخۆ لێژنەیەكی تایبەت بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك دروست بوو.
* ئەو لێژنە تایبەتەی باسی دەكەیت كە بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخی كەركووك دروست بووە، دەكرێت بزانین كارەكانی بەكوێ گەیشتوون؟
- ئەو لێژنە تایبەتەی كە بە بڕیاری جەنابی سەرۆك بارزانی دامەزراوە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك، لەمانگی 10ی 2018 واتا 7 مانگ بە بەردەوامی لێژنەی تایبەت بە ئاساییبوونەوەی دۆخی كەركووك كاردەكات، ئێستا كە ئەم چاوپێكەوتنە لەگەڵتان ئەنجام دەدەم كۆبوونەوەیەكی چڕوپڕ و گرنگمان لەبەغدا ئەنجام دا لەسەر زەوییە كشتوكاڵییەكان و گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچەكان، هەروەها كۆبوونەوەكانی تایبەت بە دوابارودۆخی سەپێندراوی ناوچە كوردییەكان و شاڵاوی تەعریب بەردەوام دەبێت، بەشێوەیەكی گشتی خەمی پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە خەمی ئاساییكردنەوەی دۆخی شاری كەركووك و سەقامگیریی ئەو پارێزگایە بووە، مێژوو شاهیدە كەوا پارتی بە درێژایی تەمەنی خۆی هەوڵی سەقامگیری و پێكەوەژیان و ئاشتی داوە، پارتی خەمخۆری گەڕانەوەی شكۆ بۆ هاووڵاتیانی كورد و پێكهاتەكانی دیكەی كەركووك بووە، هەمیشە خەمی ئاڵا و رێزگرتن لە كەرامەتی نەتەوەیی بووە. ئێستاكەش پێویست بەوە دەكات كۆدەنگییەكی سیاسی لەسەر ناوچەكانی كەركووك دروست بێت. ئێستا دۆخەكە وادەخوازێ كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بێتە سەر خەت و كاری لەسەر بكات، بۆ نموونە: لە دەستووری عێراقدا وشەی -تنازع – لەسەر ئەو ناوچانە دانراوە واتا كێشە لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا هەیە، هەربۆیە دەبێت ئەمانە بەپێی ماددەی 140ی دەستووری چارەسەر بكرێن، پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆمیتەیەك دروست بكات بۆ بەدواداچوونی ماددەی 140ی دەستووری عێراقی فیدڕاڵ، هەروەها ئەو دەستە مردووەی كە لە ڕابردوودا بەناوی دەستەی ناوچە كوردستانييەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، دووبارە خەڵكانی شارەزاو خاوەن ئەزموون و دڵسۆز و خەمخۆر و نیشتمانپەروەری كوردستان كاری تێدا بكەن، هەروەها كاراكردنەوەی لێژنەی باڵا كە لە رابردوودا جگە لە بارقورسی و تەسلیمبوون بە واقیع هیچیان بۆ كورد نەكردووە، دەبێت ئەوانیش بگۆڕدرێن و خەڵكی دڵسۆزو نیشتمانپەروەر بێنە شوێنیان.
* لەم كاتەدا كە پرۆسەی تەعریب دەستی پێكردووە، هاوكات جموجووڵ و چالاكییەكانی داعشیش دژی كورد و لە ناوچە جێناكۆكەكان زیادی كردووە، ئایا هیچ پەیوەندییەك لەنێوان داعش و عەرەبی سوننەدا بۆ لێدانی كورد هەیە؟
- هەموو جموجووڵ و هێرشە چەكدارییەكانی داعش هەر لە خانەقین تا ناوچەكانی سەلاحەدین و دیالە و كەركووك و موسڵ ئەوە دەسەلمێنن كە داعش تواناو كاریگەری و مەترسیی ماوە، ئەگەر ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لەو ناوچانەدا هەیە، چارەسەر نەكرێن، دووبارە دەست بەسەر زۆر شوێنی ناوچەكەدا دەگرێتەوە، خۆی لەخۆیدا ئێستا زۆر ناوچە هەیە بە شەو بە دەست تیرۆریستانی داعشە، ئەمەش زیانی گەورەی بۆ كوردەكانی ئەم ناوچانە دەبێت، لەلایەكی دیکەوە فكری داعش كە چوار ساڵ حوكمی لەو ناوچانەدا كردووە، لەناو زۆر لە عەرەبی سوننە تەشەنەی كردووە، گەنج هەبووە تەمەنی 14 ساڵ بووە، ئێستا 18 ساڵە لەو ماوەیەدا لە مزگەوت و لەهەندێك قوتابخانەی تایبەت عەقڵیان تێكداوەو نەهجی داعشیان فێر كردووە، هەربۆیە ئێستا لەتەواوی ئەو ناوچانەی پێشتر لەژێر دەستی داعشدا بووە لە رووی ماددی و مەعنەوییەوە داعش ماوە، ئەوەتا لەهەوڵی وەرگرتنی سەرانەن لە خەڵكی و نیازیان هەیە دووبارە بێنەوە سەر قاچی خۆیان و تاوانی گەورەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن.
* رێگاچارەسەر بۆ راوەستانی تەعریب و دەركردنی كورد لە كەركووك چییە، بەتایبەتی دوای ئەوەی پارێزگاری كەركووك بەوەكالەت بەردەوامە لەسەر دەركردنی ئەو بڕیارانەی خەسڵەتێكی تائیفی و شۆڤێنی دژی كوردی پێوە دیارە و تەنانەت تۆمەتباری كورد دەكات بەوەی خەڵكی سووریا و توركیای هێناوەتە پارێزگاكە؟
- هەموومان ئەو راستییە دەزانن لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە پارێزگاری كەركووك بەوەكالەت هەموو بڕیار و وتەكانی لەدژی كوردە، ئەو ناتوانێت داگیركردنی ماڵ و حاڵی كورد و رووخاندنی ماڵی كوردەكان و رووداوەكانی ئەم دواییەی هێنانی عەرەبە هاوردەكان بە تۆمەتباركردنی كورد بشارێتەوە، بەوەی كوردی لەناوچەكانی دیكەی دەرەوەی عێراق و هەرێمەوە هێناوەتە كەركووك، لەبەغدا پاڵەپەستۆمان دروست كردووەو پارێزگاری بەوەكالەتمان تەنگاو كردووە، ئەوان دەڵێن كورد هەموو دونیای پڕكردووە، بەڵێ پێویستە هەموو دنیا بزانێت كە چیتر باوی داگیركردنی ماڵ و حاڵی كورد نەماوە، دنیا دەبێت ئاگاداری ئەو پرۆسەی بە عەرەبكردنەی كەركووك بێت، من بە ئامادەبوونی ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی لەبەغدا ئەو پەیامەم خستەڕوو كە چیتر ئەمە جێگای قبووڵكردن نییە و هەموو ئەو تۆمەتانەش رەت دەكەینەوە و بە دیكۆمێنت و بەڵگە سەلماندوومانە كە ئەو خەڵكانە لەو گوندو ناوچانە خاوەنی راستەقینەی زەوییە كشتوكاڵییەكانیان هەموویان كوردن، بۆیە ئەم بوارە لای ئێمە بەهیچ شێوەیەك موساوەمەی لەسەر ناكەین، لەهەمووشی گرنگتر ئەوەبوو بوارمان نەدا پارێزگار یاری بەكات بكات و لەكارەكانی بەردەوام بێت، تاكو مانگی شەشی ئەمساڵمان داناوە بۆ ئەوەی وتوێژە دیبلۆماسیەكان بەردەوام بێت و لەو بەروارە تێپەڕ نەكات، ئەمەش بۆ ئەوەبوو ئەگەر تا ئەو بەروارە نەگەینە رێكەوتن، ئەو كات لایەنە سیاسییەكان وەكو ئەلتەرناتیڤێكی دیکەی وتوێژ هەوڵی خۆیان بدەن، لە هەمووشی گرنگتر كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانە بەیەكەوە، تاوەكو ئەم هێزە بێگانانە لە كەركووك دەربچن و دۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە، هەروەها هێزە عێراقییەكان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە بەهەماهەنگی لەو ناوچانەدا ئەو بۆشاییە ئەمنییە پڕبكەنەوە كە لەدوای 16ی ئۆكتۆبەر دروست بووە.