عەبدوڵا ئەحمەد عەبدولڕەحیم سەرپەرشتیاری لێژنەی پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێری: ئەمساڵ نزیكەی 15 پێشانگا دەكرێتەوە و ئەمەش نیشانەی بووژانەوەی ئابووریی هەرێمی كوردستانە

عەبدوڵا ئەحمەد عەبدولڕەحیم سەرپەرشتیاری لێژنەی پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێری:  ئەمساڵ نزیكەی  15 پێشانگا دەكرێتەوە و ئەمەش نیشانەی بووژانەوەی ئابووریی هەرێمی كوردستانە
لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا زیاتر لە 240 هەزار گەشتیار روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، كە 73%ی لە خوارووی عێراق و 16%ی لە ئێران و 6%ی لە توركیاو 5%ی لە وڵاتانی دیكەوە هاتوون، بەمەش كەرتی گەشتوگوزاری بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی 4% رووی لە بووژانەوە كردووە، لەلایەكی دیكەوە زۆربوونی ژمارەی گوندە گەشتیارییەكان و هۆتێل و مۆتێل و ریستورانت و كافتریا گەشتیارییەكان نیشانەیەكی گرنگە بۆ هەوڵەكانی گەشەكردنی كەرتی گەشتوگوزار، لە ئەمساڵیشدا پێشانگایەكی نێودەوڵەتیی گەشتوگوزار لە هەولێر كرایەوە، بۆ قسەكردن لەسەر گرنگیی كەرتی گەشتوگوزار و راكێشانی گەورە كۆمپانیا گەشتیارییەكانی جیهان چەند پرسیارێكمان لە (عەبدوڵا ئەحمەد عەبدولرەحیم) سەرپەرشتیاری لێژنەی پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر كرد.
* لە ئەمساڵدا حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش گرنگییەكی زۆر بە كەرتی گەشتوگوزار دەدەن و تەنانەت پاڵپشتی و هەماهەنگییەكی باش لە نێوانیاندا هەیە، بیرۆكەی بووژانەوەی ئەم كەرتە و هاندانی راكێشانی گەشتیاران بۆ چی دەگەڕێتەوە؟
- كردنەوەی یەكەمین پێشانگای گەشتوگوزار لە هەولێر و دواتر كردنەوەی پێشانگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەشتوگوزاری لە هەولێر و پێشانگایەكی دیكەی گەشتیاری لە بەغدا، گرنگیی خۆیان هەیە. هەڵبەتە گرنگیدان بە كەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان بۆ ئەو بەرنامەیەی جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە كە دەیەوێت كەرتی گەشتوگوزاری لە كوردستان بكاتە یەكێك لەسەرچاوەكانی داهات و دۆزینەوەی هەلی كار بۆ هەزارەها گەنج و بەگەڕخستنی كاری سەدان هۆتێل و مۆتێل و ریستۆرانت و كافتریای گەشتیاری، لەم روانگەیەوە جەنابی سەرۆكی حكومەت بە ئامادەبوونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار پێشانگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەشتوگوزاری كردەوە و جەختی لەسەر گرنگیی كەرتی گەشتوگوزار كردەوە و ئامادەیی خۆیشی دەربڕی بۆ پێشكەشكردنی هەموو كارئاسانی و هاوكارییەكی كۆمپانیا گەشتیارییەكان. ئەم هەنگاوەی سەرۆكی حكومەت گرنگییەكی زۆری بۆ ئابووریی كوردستان هەیە، بەتایبەتی لەدوای قەیرانی دارایی و شەڕی داعش و داخستنی سنوورەكانی كوردستان كە زیانێكی گەورەی گەیاندە كەرتەكە و سەدان كۆمپانیا و هۆتێل و میوانخانە زیانیان بەركەوت، هەڵبەتە كردنەوەی پێشانگا تەنیا بۆ بەشداریكردنی دەیان كۆمپانیای گەشتیاری نییە، بەڵكو بۆ راكێشانی گەشتیارە، بۆ نموونە ئەگەر لەم پێشانگایەدا كە زیاتر لە 200 كۆمپانیای بیانی بەشدار بوون و هەریەكەیان 3 كەسی هێنابێت، واتا هێنانی 600 میوان و چەند لە كوردستان بمێنێتەوە ئەوەندە خەڵكی كاسب و تەكسی و هۆتێل و شوێنە گەشتیارییەكان سوودمەند دەبن و جموجووڵێكی ئابووری لە بازاڕ دروست دەبێت. وڵاتێكی وەكو ئیمارات ژینگەی جوانی وەكو كوردستان نییە، كەچی توانیویەتی كارێك بكات ساڵانە 25 ملیۆن كەس سەردانی ئەو وڵاتە بكەن، ئەمەش دەستكەوتێكی زۆر گەورەیە، هەڵبەتە بیرۆكەی بایەخدان بە كەرتی گەشتوگوزاری تەنیا بۆ بەگەڕخستنی بازاڕ و دۆزینەوەی هەلی كار و تێكەڵبوونی كولتووری لە نێوان نەتەوەی كورد و نەتەوەكانی دیكەی ناوچەكە و جیهان نییە، بەڵكو بۆ ئەو ستراتیژیەتە دەگەڕێتەوە كە پێویستە حكومەت بە تەنیا پشت یەك سەرچاوەی داهات نەبەستێت، پشتبەستن بە سەرچاوەی فرۆشتنی نەوتی خاو كە نرخی بەرمیلێك نەوت جێگیر نییە، قەیران دروست دەكات. بەتایبەتی دوای ئەوەی لەچەند ساڵی رابردوودا نرخی بەرمیلێك نەوت لە 80 دۆلارەوە بۆ كەمتر لە 28 دۆلار هاتە خوارەوەو هۆكارێكی گەورەی كەوتنەوەی قەیرانی دارایی ساڵانی2016 بۆ 2018 بوو، عێراقیش بەهەمان شێوە لەم چوار ساڵەی كابینەی نوێی حكومەت زیاتر گرنگی بە كەرتی گەشتوگوزاری دەدات، بەتایبەتی هەوڵی ئەوە دەدات لە رێگەی هەرێمی كوردستانەوە لە وڵاتانی دەرەوە گەشتیار بهێنێتە ناوخۆی وڵات و پشتبەستنی بە رێژەی لە 90% بە داهاتی نەوت كەم بكاتەوە، ئەم حاڵەتە وایكرد هەر دوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق بیر لەسەرچاوەی نوێی داهات بكەنەوە و ئەمەش ببێتە هاوكار بۆ دابینكردنی دەرامەت و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵكەكە، بەتایبەتی لە هەرسێ كەرتی گەشتوگوزار و كشتوكاڵ و پیشەسازی. ئەوەی سەرنجی منی راكێشا لە پێشانگاكەدا بوونی 10 كۆمپانیای وڵاتانی عەرەبی بوو، وەكو وڵاتانی كەنداو و میسر و لوبنان و تونس ئەمە جگە لە كۆمپانیاكانی توركیا و ئێران و ئەرمینیا و. هتد، هەموو ئەو وڵاتانەش لە بواری گەشتیاری خاوەنی ئەزموونێكی زۆر پێشكەوتوون، دەتوانین سوود لەو كۆمپانیانە وەربگرین، لە پەراوێزی پێشانگاكەشدا چەندین گرێبەست و رێككەوتن لەنێوان كۆمپانیا گەشتیارییەكان و شوێنە گەشتیارییەكان واژۆ كراوە، ئومێدەواریشین لەداهاتوودا وەزارەتی گەشتوگوزار لەناو پێشانگاكاندا گرێبەست و رێككەوتن لەگەڵ گەورە كۆمپانیا بیانییەكان واژۆ بكات و پەیوەندی نێوانیان توندوتۆڵتر بێت.
* لە پێشانگاكەدا ژمارەیەكی زۆری گەورە كۆمپانیا گەشتیارییەكانی ناوخۆو بیانی بەشدار بوون، ئێوەش لە نزیكەوە دیدار و گفتوگۆتان لەگەڵیاندا كرد، ئایا تاچەند كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان لە ئاستی ژێرخانی گەشتیاری هەرێمی كوردستان رازین؟
- گەشتوگوزار وەكو سەرجەم كەرتەكانی دیكە بێ كەموكورتی نییە، راستە هەرێمی كوردستان خاوەنی ژینگەیەكی لەباری گەشتیاریی بەهارە و هاوینە و زستانەیە، ئەمە وێڕای گەشتیاریی شوێنەوار و ئایینی و تەندروستی و خوێندن و ئەو گرنگیدانە جددییەی كە بە بووژانەوەی گەشتوگوزار دەدرێت، بەڵام هێشتا بواری بەرزكردنەوەی ئاستی گەشتوگوزارو گەشتیاری پێویستی بەكاری زیاتر هەیە، هەوڵەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و یەكە ئیدارییەكان جێگای رێز و پێزانینە و هۆكارێكیش بووە بۆ زیادبوونی شوێنە گەشتیارییەكان و بەرزبوونەوەی ژمارەی هۆتێل و مۆتێل و گوندە گەشتیارییەكان و ریستۆرانت و كافتریاكان، بەڵام رێگاوبان و بەرزكردنەوەی كوالێتی خزمەتگوزارییەكان ئەدای كارمەندانی گەشتیاریی هێشتا هەنگاوی زیاتری پێویستە، بەتایبەتی لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی گەشتیاران كە تەنیا لە مانگی ئاداری ئەمساڵ ژمارەی گەشتیاران بۆ سەرووی 300 هەزار گەشتیار بەرز بووەتەوە، لەهەموو دیدارو گفتوگۆكانماندا كە لەگەڵ بەرپرسان و نوێنەرانی كۆمپانیا گەشتیارییەكان ئەنجاممان دا، باسی ئەو كەموكورتییە زۆرانە كراوە كە لەناو كەرتی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستاندا بوونیان هەیە، لە زاخۆوە تاوەكو خانەقین و لە عێراقیشدا لە ناوەڕاست تا خوارووی سنوورەكانی بە هەزاران شوێنی گەشتیاریی جوان و شوێنەوارمان هەیە كە هیچ بایەخی پێ نەدراوە، پێویستە بوار بە وەبەرهێنەكان و گەورە كۆمپانیامان بدرێت ئەو شوێنە گەشتیارییانە ببووژێننەوە، نەك وەكو ئێستا بە شێوەیەكی زۆر كلاسیكی بەڕێوەدەچن و لە زۆربەی خزمەتگوزارییەكان بێبەشن.
* باسی كەرتی تایبەتت كرد لە بواری گەشتیاری، ئایا ئەو كەرتە حزووری هەیە بۆ بووژانەوەی شوێنە گەشتیارییەكان و ئایا تا چەند كەرتی تایبەت دەتوانێت سوود لەكەرتی تایبەتی عێراقی و نێودەوڵەتی وەربگرێت و پێكەوە ئەم كارە لە ئەستۆ بگرن؟
- دنیا بەرەو كەرتی تایبەت و ئابووریی بازاڕ دەڕوات، كەرتی گەشتوگوزاری و گەشتیارییش یەكێكە لەو بوارانەی كە حكومەت تەنیا دەتوانێت رۆڵی چاودێری و بەدواداچوون بگێڕێت تێیدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەتوانێت یارمەتی خەڵك و كەرتی تایبەت بدات بۆ دروستكردنی شوێنەكانی گەشتوگوزاری و كەرتی تایبەت، ئەگەر ئەم هاوكاری و هەماهەنگییە لەنێوان حكومەت و كەرتی تایبەت هەبێت، بە قەناعەتی من لە یەك دوو ساڵی داهاتوودا كەرتی گەشتوگوزار زۆر پێش دەكەوێت. خاڵێكی دیكەی گرنگ پاڵپشتی رسوماتەكانی خزمەتگوزارییەكانە بەتایبەتی لەو وەرزانەی كە گەشتیاری تێدا كەمە وەكو وەرزی زستان.
* یەكێك لە كێشەكانی بەردەم كەرتی گەشتوگوزار پشت بەستنە زیاتر بەو گەشتیارانەی لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقدا دێن، ئایا دەبێت چی بكرێت بۆ ئەوەی رێژەی گەشتیارانی بیانی لە هەرێمی كوردستان بەرز بكرێتەوە؟
- بێگومان دەبێت زیاتر روو لە هاندانی گەشتیارانی بیانی بكەینەوە، چۆن گرووپەكانی گەشتیاریی ئێمە دەچنە دوبەی و توركیاو ئەزربایجان و لوبنان و میسر و وڵاتانی دیكەی ناوچەكە، بە هەمان شێوە گرووپە گەشتیارەكانی ئەو وڵاتانە روو لە هەرێمی كوردستان بكەن، ئەم خاڵە لە پەراوێزی پێشانگای گەشتیاری باس كراوە. راستە لە هەرێمی كوردستان زۆر كۆمپانیا هەن كە لەبواری گەشتوگوزاری كار دەكەن و ئارامی و ئاسایشی كوردستان سەقامگیرە و خەڵكی كوردستان مرۆڤ دۆستە و گەلێكی ئاشتیخوازە، بەڵام خۆ دەبێت كارەكانی گەورە كۆمپانیاكانی گەشتیاری و ئەو خەڵكەی لە هۆتێل و مۆتێل و میوانخانەكان كار دەكەن، لە ئاست كوالێتیی كەرتی گەشتیاری جیهانیدا بێت. سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كردنەوەی پێشانگاكەدا داوای لە وەبەرهێنەران كرد، بێنە هەرێمی كوردستان و سەرمایەگوزاری لە كەرتی گەشتوگوزاری بكەن و دامودەزگاكانی حكومەت و كۆمپانیا پەیوەندارەكانی گەشتیاریش ئامادەیی پێشكەشكردنی ئاسانكارییان هەیە، لە رێگەی گۆڤارەكەشتانەوە داوا لە بەرپرسانی حكوومی بەتایبەتی لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەم كە سەردانی پێشانگاكە بكەن و لە نزیكەوە دیالۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان ئەنجام بدەن، هەموو كاتێكیش ئێمە دەڵێین هاتنی گەورە بەرپرسانی هەرێم بۆ پێشانگاكە تەنیا گرنگیدان نییە بە پێشانگاكە، بەڵكو نیشانەی گرنگیدانە بە بووژانەوەی كەرتەكان، هەر بۆیە ئێمە لە پێشانگاكە زیاتر لە 10 شوێنمان بێ بەرامبەر بۆ وەزارەتەكان تەرخان كردووە.
* بەڵام پردی پەیوەندیی نێوان كۆمپانیاكانی بیانی و كۆمپانیاكانی ناوخۆ چۆن دروست دەبێت بۆ ئەوەی ئەو كۆمپانیانە بە شێوەی گرووپ گەشتیاری بهێننە كوردستان؟
- دروستكردنی پردی پەیوەندی لە رێگای راكێشانی گەورە كۆمپانیاكانی گەشتیاریی بیانی دەبێت، ناكرێت گەشتیاری بیانی بەراورد بە گەشتیاریی عێراقی و ئێرانی تەنیا بە رێژەی نزیكەی 5%ی بێت، ئەمڕۆ كەرتی گەشتوگوزاری لە جیهاندا بووەتە پرۆژەی گەورە و گرنگ، یەكێكیش لە بنەماكانی پێشكەوتنی كەرتی گەشتوگوزاری كۆمپانیا پێشكەوتووەكانی جیهانە، كە لەگەڵ باشبوونی دۆخی ئابووری و دارایی كوردستان و پێدانی مووچە بێ پاشەكەوت، هەمووی نیشانەی باش و دڵخۆشكەرن بەوەی رەوشەكە روو لە بووژانەوە بكات، ئەوەتا تا كۆتایی ئەمساڵ نزیكەی 15 پێشانگامان هەیە كە ئەوەش نیشانەی بووژانەوەی ئابوورییە لە هەرێمی كوردستان و ساڵ لە دوای ساڵیش ژمارەی كۆمپانیا بیانییەكان كە روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، زیاتر دەبن.
Top