مەولەوی جەبار سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان: هەوڵدەدەین ئەمساڵ رێژەی گەشتیاران بگەیەنینە 3 ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار

مەولەوی جەبار  سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان: هەوڵدەدەین ئەمساڵ رێژەی گەشتیاران بگەیەنینە 3 ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار
كەرتی گەشتوگوزار و راكێشانی گەشتیارانی عێراقی و بیانی بە یەكێك لەو هەنگاوانە دادەنرێت كە رۆڵی لە بووژانەوەی ژێرخانی ئابووری و دۆزینەوەی هەلی كار و بەگەڕخستنی جموجووڵی بازاڕدا هەیە، هەوڵی لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ باشكردنی كەرتی گەشتوگوزار و ئامادەكارییەكان بۆ هاتنی گەشتیاران لە وەرزی بەهارو هاوینی ئەمساڵدا، تەوەری سەرەكیی ئەم دیدارەی گوڵان لەگەڵ مەولەوی جەبار سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان پێكدەهێنن.
* زۆرجار باس لە هەنگاوەكانی حكومەت و بەرنامە و پلانەكانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان دەكرێت، ئایا لە ئەمساڵدا پلان و پرۆژەكانتان بۆ پەرەپێدانی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستاندا چین؟
- بووژانەوەی كەرتی گەشتوگوزار بۆ لایەنی ئابووری و بەدەستهێنانی هەلی كارو داهات گرنگییەكی لە رادەبەدەری هەیە، هەربۆیە بە پاڵپشتیی سەرۆكی حكومەت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەتی ناوخۆ و یەكە ئیدارییەكانی شارو شارۆچكەكانی كوردستان، لەهەوڵی ئەوەداین پلان و بەرنامەكانمان بۆ ئەمساڵ جێبەجێ بكەین، كە لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژیی دەستەی گەشتوگوزاردایە، ئەمەش دوای ئەوەی بە هۆی شەڕی داعش و قەیرانی داراییەوە لە هەرسێ ساڵی 2014 و 2015 و 2016 نەمانتوانی ئەو پلانە ستراتیژییە جێبەجێ بكەین كە لە ساڵی 2013 دامانڕشتبوو، تەنیا ئەوە نەبێت لە ساڵی 2017 و 2018 توانیمان ستراتیژیەتەكە بە بەرنامەیەكی ساڵانە جێبەجێی بكەین. بەشێوەیەكی گشتی پلانی ستراتیژیی دەستەی گەشتوگوزار بۆ بووژانەوەی ئەم كەرتە گرنگە دوو ئامانجی هەیە، كە بریتین لە:
1. بەرزكردنەوەی ژمارەی گەشتیاران لە ئەمساڵدا بۆ 3 ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار.
2. زیادكردنی داهاتی گەشتیاری.
بۆ ئەم مەبەستەش لەهەوڵی ئەوەداین هەم ژمارەی گەشتیاران زیاد بكەین، هەمیش رۆژانی مانەوەی گەشتیاران زیاد بكەین، ئەمەش بە پشتبەستن بە پێشكەشكردنی كارئاسانی بۆ هاتوچۆی گەشتیاران و پاراستنی ئارامیی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت، لەمەشدا نابێت ئەرك و ماندووبوونی هێزەكانی ناوخۆ باس نەكەین، كە رۆڵێكی یەكجار گەورەیان لە پاراستنی ئارامی و ئاسایشی كوردستاندا هەیە. سەبارەت بە زیادبوونی مانەوەی رۆژەكانی گەشتیارانیش ئامانج لێی بەرزكردنەوەی داهاتە، بۆ نموونە وەكو بەراوردكارییەك ئەگەر ئێمە تەنیا لە هەوڵی زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران بین، خۆ ئەگەر ئەو ژمارەیە بگەیەنینە حەوت ملیۆن گەشتیاریش، ئەگەر تەنیا بۆ رۆژێك بمێننەوە ئەوا تەنیا حەوت ملیۆن شەو دەكات، لەكاتێكدا ئەگەر ئێمە ژمارەكە 3 ملیۆن گەشتیاریش بێت، بەڵام سێ شەو بمێننەوە ئەوا ژمارەكە دەگاتە نۆ ملیۆن گەشتیار.
* ئایا هەر لەبەر ئەم هۆكارەیە كە دەتانەوێت وەرزەكانی گەشتیاری لەكوردستاندا زیاد بكەن و گەشتیاری زستانە و شوێنەوار و تەندروستی و كولتووریش زیاد بكەن؟
- فراوانكردنی كەرتی گەشتوگوزار و هاندانی پەرەپێدانی گەشتیاریی زستانە مەسەلەیەكی زۆر گرنگە، چونكە بچووككردنەوەی كەرتی گەشتوگوزار بۆ یەك وەرزی ساڵ زیانێكی گەورەی لێدەكەوێتەوە، نەك تەنیا بۆ كەرتەكە و ئابووریی وڵات، بەڵكو بۆ شكستهێنانی خاوەن جێگا گەشتیاری و هۆتێل و ریستۆرانت و مۆڵ و شوێنە گشتییەكانیش مەترسیدارە، ناكرێت گەشتیاری لە سێ وەرزی ساڵدا لاواز بێت و شوێنە گەشتیارییەكان قازانج نەكەن یان دابخرێن، بەوە هەلی كاریش زیانێكی گەورەی بەر دەكەوێت، بۆیە لە پلانی ستراتیژییەتی دەستەكەماندا هەیە كە ژمارەی گەشتیارانی زستانە زیاد بكەین، لە 2017 و 2018 ئەم رێژەیە رووی لە هەڵكشان كردووە و لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا نەبووە ئەو ژمارە زۆرەی گەشتیاران لە وەرزی زستاندا روو لە هەرێمەكەمان بكەن، ئەمەش بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە كە لەسەر راسپاردەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجام دراون، وەك:
1. لە رێگای سۆشیال میدیا و كەناڵەكانی راگەیاندن و كۆمپانیا گەشتیارەكان بازاڕكردنێكی زۆر بەهێز بۆ گەشتوگوزاریی هەرێم كراوە، ئەمەش وایكرد لە وەرزی زستانی ئەمساڵدا لەكاتی كەوتنەوەی بەفر لەسەر چیا بەرزەكانی كوردستان ژمارەیەكی زۆر گەشتیار نەك هەر لە خواروو و ناوەڕاستی عێراقەوە روو لە هەرێمی كوردستان بكەن، بەڵكو لە وڵاتانی دەوروبەریشەوە روویان لە شوێنە گەشتیارییەكان كرد.
2. بەرزكردنەوەی كوالێتیی شوێنە گەشتیارییەكان، هۆكارێكی سەرەكی بووە بۆ بەرزكردنەوەی ژمارەی گەشتیارانی زستانە كە لەگەڵ ژمارەی گەشتیارانی نەورۆز ئەم ژمارەیە بۆ نزیكەی یەك ملیۆن گەشتیار بەرز بووەوە، هاوكات وا چاوەڕوان دەكرێت لە زستانی داهاتوودا ئەم ژمارەیە بۆ پێنج بەرامبەر بەرز بكەینەوە، تا بێت ژمارەكەش روو لەهەڵكشانە، بۆ نموونە: لە ساڵی 2017 لە زستاندا 50-70 هەزار گەشتیارمان هەبووە و لە 2018 بۆ 300 هەزار گەشتیار بەرزبووەتەوە، واچاوەڕوان دەكرێت لە 2019 رێژەكەی زۆر زیاتر بێت.
* باسی زیاتر راكێشانی سەرنجی گەشتیارانت كرد، ئایا هاووڵاتییانی كوردستان كە بەوە ناسراون خاوەنی كەسایەتییەكی میواندۆست و ئاشتیخوازن، تاچەند ئەمە هاوكار بووە بۆ بەرزكردنەوەی لایەنی رۆشنبیریی گەشتیاری؟
- ئەمە خاڵێكی گرنگە، دەبێت بزانین رۆشنبیریی گەشتیاری چییە و بۆ چییە؟ ئەمەش پەیوەندی بە هەردوو لایەنی هاووڵاتیان و دامودەزگا حكوومی و لایەنە فەرمییەكانەوە هەیە، كە هەماهەنگ و هاوكارن بۆ گەشەكردن و برەودان بە كەرتی گەشتوگوزاری و ئابووریی وڵاتەكەمان، ئەم كارەش تەنیا بە دەستەی گەشتوگوزار ناكرێت و پەیوەندییەكی توندوتۆڵی بە هاووڵاتیان و دواتر سەرجەم بوارەكانی ئاسایش و ئارامی و خزمەتگوزاری و رێگاوبان و پاراستنی ژینگەو خاوێن راگرتنی شوێنە گەشتیارییەكان و گرنگیدان بە لایەنی تەندروستی و پێشخستنی هۆیەكانی گواستنەوە و گەیاندنەوە هەیە، پێشوازیی جوان و بەرزراگرتنی سرووشتی رێزگرتن و رۆشنبیریی مرۆڤی كورد هاندەرە بۆ هاتنی گەشتیاران، لەلایەكی دیكەوە لە پێناو زیاتر ئاسانكاری و بەبازاڕكردنی گەشتیاری لە هەندێك لە خاڵە سنوورییەكان و بازگەكاندا نووسینگە و ئۆفیسی تایبەتی گەشتیاریمان داناوە و هێڵی گەرمی تەلەفۆنمان داناوە و رۆڵێكی گەورەی بە بازاڕكردن و برەودان بەگەشتوگوزاری لە هەرێمی كوردستان دراوە. خەڵكی كوردستان باش دەزانن گەشتوگوزار بە پلەی یەكەم لە خزمەتی خەڵكیدایە، بەتایبەتی لە رووی داهات و دۆزینەوەی هەلی كار، هەر بۆیە بە جوانی و لێبوردەییەوە پێشوازی لە گەشتیاران دەكەن و رێگە نادەن كەسانێكی دیكە بە مەرامی جیاجیا زیان بەم كولتوورە جوانەی كوردستان بگەیەنن، چونكە گەشتوگوزار جگە لە رووە دارایی و سوودە ئابوورییەكانی، رێگایەكی گرنگیشە بۆ ناساندنی رووی جوانی كولتوور و سرووشتی نەتەوەیی و نیشتمانیی كوردستان بە گەلانی جیهان و نزیكبوونەوە و تێكەڵبوونی گەلان و نەتەوەكانی جیهان.
* ئەگەر كەمێك بگەڕێینەوە سەر پلانی ستراتیژیی دەستەی گەشتوگوزار، ئایا تاچەند پاڵپشتی دارایی بۆ جێبەجێكردنی ئەم پلانە ستراتیژییە هەیە؟ بەتایبەتی لە كاتی ئێستادا كە قەیرانە داراییەكەی كوردستان تێپەڕ بووە؟
- رۆئیایەكی گەورەو دیاریكراو لە پشت پلانی ستراتیژیی گەشتوگوزارەوە هەیە، ئێمە لە ساڵی 2013 ئامانجمان ئەوە بوو لە ساڵی 2015 كوردستان بكەوێتە ناو ناوچەیەكی گەشتوگوزاریی جیهانییەوە، واتا هەرێمی كوردستان لەسەر نەخشەی جیهانی جێگای ببێتەوە و تا ساڵی 2025 بگاتە ئامانجە گەورەكە، وەكو لە سەرەتای قسەكانمدا ئاماژەم پێ كرد، بەهۆی شەڕی داعش و قەیرانی داراییەوە سێ ساڵ لە جێبەجێكردنی پلانەكە دواكەوتین، تەنانەت نەتوانرا ئەو قەرزە گەشتیارییەی كە لەساڵی 2013 درا بە پرۆژە گەشتیارییەكان بەردەوام بێت، لەكاتێكدا ئەگەر ئەو قەرزە بەردەوام بووایە، ئێستا خاوەنی سەدان پرۆژەی گەورەو جوانی گەشتیاری دەبووین، هەربۆیە داواكارم لەگەڵ باشبوونی دۆخی دارایی و ئابووریدا ئەو پرۆژە قەرزەی گەشتیاری بگەڕێتەوە. لە لایەكی دیكەوە هەر لەناو پلانە ستراتیژییەكەدا گرنگییەكی زۆر بە ناساندن و بە بازاڕكردنی ناوچە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان دراوە، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ بەهێزكردن و باشتركردنی كوالێتیی ناوچە گەشتیارییەكان هەم لە رووی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانەوە، هەم لە رووی بەرزكردنەوەی توانای مرۆیی كارمەندانی ناوچە گەشتیارییەكان، بۆ ئەم مەبەستەش هاوكاریی و پاڵپشتییەكی باشمان لەلایەن رێكخراوی جیهانی یونسكۆوە هەیە و بەرنامەی درێژخایەنمان لەم رووەوە هەیە، ئەمە وێڕای هەمواركردنەوەی یاساو رێنماییەكان و باشتركردنی بوارە خزمەتگوزارییەكان و كۆمەڵێك بواری دیكە. ئێمە دەمانەوێت وڵاتێك بین تەنیا پشت بەداهاتی نەوت نەبەستین و كار بۆ كۆمەڵێك كەرتی دیكە بكەین، چ لە رووی كشتوكاڵ و پیشەسازییەوە بێت، یان لە رووی گەشتیارییەوە بێت، گەشتوگوزار لەم رووەوە دەتوانێت رۆڵێكی گەورەو كاریگەری هەبێت.
* ئاماژەت بە فراوانكردنی كەرتی گەشتوگوزار كرد، ئایا سەبارەت بە گەشتیاریی كولتووری و شوێنەوار و تەندروستی و خوێندندا چی كراوە؟
- هەرێمی كوردستان لە زۆر رووەوە دەوڵەمەندە و ژینگەیەكی لەباری بۆ پەرەپێدانی كەرتی گەشتیاری لە بوارە جۆراوجۆرەكانی تەندروستی و شوێنەوارەوە هەیە، بۆ نموونە: لە مانگی داهاتوودا لە بواری پەرەپێدانی گەشتیاریی تەندروستی لەگەڵ نەخۆشخانەكانی كەرتی تایبەت كۆبوونەوەیەكمان هەیە، تاوەكو پێكەوە هانی كۆمپانیاكانی گەشتیاری بدەین گرووپی گەشتیاریی تەندروستی بهێنن بۆ نەخۆشخانەكانی كوردستان. كەرتی تایبەت بە پاڵپشتی و كارئاسانی حكومەتی هەرێم دەتوانێت رۆڵێكی زیاتری لە بووژانەوەی كەرتی گەشتیاری هەبێت و پرۆژەی جۆراوجۆر لە ناوچە گەشتیارییەكانی كوردستاندا جێبەجێ بكەن، راستە لەم قۆناغەدا ژمارەی هۆتێل و چێشتخانە و ریستۆرانت و مۆڵەكان باشن بەراورد بە ژمارەی گەشتیاران، لە رووی ئۆنلاین و ئەنتەرنێتیشەوە گەشتیاران دەتوانن ئاشنا بن بە شێوازی خزمەت و نرخ و حجزكردن، تەنانەت خۆشبەختانە لە چەند ساڵی رابردوودا توانرا چەند پێشانگایەكی گەشتیاری بكرێتەوە، بەتایبەتی ئەم پێشانگایەی دوایی كە 250 كۆمپانیای گەشتیاری لە 20 وڵاتەوە بەشدار بوون.
Top