سەید سدیق كەپرانی بەڕێوەبەری ئەوقافی پارێزگای هەولێر و شارەزا لە بواری شەریعە و یاسا: پێویستە گرنگی بە بەرەنگاربوونەوەی فیكری توندڕەوەی بدرێت
April 1, 2019
دیمانەی تایبەت
فرەئایینی و لێبووردەیی ئایینی مێژوویەكی قووڵ و هاوبەشی لەناو میللەتی كورد هەیە و بەپێچەوانەوە هەموو دیاردەیەكی توندڕۆیی و توندوتیژی رەتكراوەتەوە، لەم چەند ساڵەی دواییدا لەگەڵ دەركەوتنی دیاردەی حزبی ئیسلامی، فكری توندڕەوی و ناكۆكی لەنێوان مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام سەریهەڵداوە، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی (سەید سدیق كەپرانی) بەڕێوەبەری ئەوقافی پارێزگای هەولێر و شارەزا لە بواری شەریعە و یاسا كرد، لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.* ئەوەی لە كوردستان شانازی پێوە دەكەین، دیاردەی فرەئایینییە، لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی خەڵكی كوردستان موسڵمانن، ئەم دیاردەی لێبووردەییە بێجگە لە كوردستان لە هیچ وڵاتێكی دیكەی ئیسلامیدا بوونی نییە، ئایا ئەم گیانی پێكەوە ژیانە تا چەند بۆ زیرەكی و لێهاتوویی زانایانی ئایینیی كوردستان دەگەڕێتەوە؟
-لە راستیدا بوونی ئەو هەموو ئایینە لە كوردستان خۆی لە خۆیدا نیشانەی یەكتر قبووڵكردن و لێبووردەیی و موحیبەتی میللەتی كوردە بە سەرجەم چین و توێژەكانەوە، ئەمەش بۆتە رەمز و خەسڵەتێك بۆ میللەتی ئێمە. بۆ نموونە لە ساڵی 2016 رێكخراوێكی گەورەی ئەڵمانی هاتە لای ئێمە لە وەزارەت و گوتیان: كۆمەڵێك پسپۆڕ و شارەزا لە بابەتی پێكەوەژیان بانگهێشتی ئەڵمانیا دەكەین، بۆ ئەوەی سوودیان لێوە وەربگرین، چونكە نموونەی ئەو پێكەوەژیانەی لە كوردستاندا هەیە، كەم وێنەیە. هەروەها یەكێك لە مەبەستە گەورەكانی شەڕانگێز و چەتەكانی داعش-یش كە بە داخەوە لە ساڵانی رابردوو هێرشیانكردە سەر خاكی پیرۆزی كوردستان، ئەوە بوو كە ئەم پێكەوەژیانەی كوردستان لە ناو ببەن، ئەوان دوور بوون لە ئایینی ئیسلام بەڵام كە هاتن و بە ناوی ئیسلام و لەژێر چەند ئاڵایەك كە دروشمی ئیسلامیان لەسەر بوو، سنووری برا ئێزیدییەكانیان لە كوردستان پێشێل كرد، ویستیان بە برا ئێزیدییەكان بڵێین ئەوە ئیسلامە دژی ئێوەیە و ئەوە ئیسلامە ئێوە قبووڵ ناكات، بەڵام سوپاس بۆ خوا پارێزەرانی پێكەوەژیان كە برا پێشمەرگەكانمانن، توانییان پارێزگاری لە پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتە ئایینییەكان بكەن، هەروەها جەنابی سەرۆك بارزانی هەمیشە رۆڵی سەرەكیی لە پاڵپشتیكردنی ئەم گیانی پێكەوەژیانەدا هەبووە.
* كورد و ئایینی پیرۆزی ئیسلام بوونەتە مێژوویەكی هاوبەش، دەكرێت بڵێین كورد تەنیا نەتەوەیە كە بە شێوەیەكی ئارەزوومەندانە پێشوازیی لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام كردووە و چەندین زانای گەورەی تێدا هەڵكەوتووە، ئایا ئەو نهێنییە چییە كە كورد بە شێوەیەكی ئاشتیخوازانە و ئارەزوومەندانە پێشوازی لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام كردووە؟
- كورد ئارەزومەندانە ئایینی ئیسلامی هەڵبژاردووە و تا ئێستاش بە پاكی سەرقاڵی ئایینپەروەریی خۆیەتی، دواتر ئێمە دەزانین كە تورك سوودی لە ئیسلام وەرگرت و گەوەرترین ئیمپراتۆریەتی پێ دامەزراند، بە هەمان شێوە فارسیش وڵاتێكی گەورەی پێ دامەزراند، عەرەب خۆی پێكردە سەروەری جیهان، بۆیە زۆرجار دەڵێین ئێمە نەمانتوانی سوود لە ئیسلام وەربگرین، بۆ ئەوەی ببینە خاوەن دەوڵەتێك، بەڵام ئێمە ویستمان ئەم ئایینپەروەرییە بە پاكی رابگرین و دوور بێت لە سیاسەت، سەرەڕای ئەوەی مافی خۆشمانە بۆ بەدەستهێنانی مافەكانمان سوودمان لە ئایینی ئیسلام وەربگرتایە، چونكە ئیسلام مافی هەموو تاك و چین و توێژ و میللەتێك دەدات. هەرچۆنێك بێت، پێم وایە كورد ئارەزومەندانە ئایینی ئیسلامی هەڵبژاردووە و بۆ مەبەستی سیاسی، یان بۆ مەبەستی بەرژەوەندیی میللی و تاكەكەسی و شەخسی بەكاریشی نەهێناوە. دواتر من دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە ئایین بۆ رێكخستنی ژیانە و سەرەتا دەبێت خاك و خەڵك هەبێت، تاوەكو رێكی بخات، كەواتە لە پرسی پەیوەندیی نێوان كوردایەتی و ئایینپەروەریدا، كورد هەمیشە شانازی بە موسڵمانبوونی خۆیەوە كردووە، بەڵام ئێمە پێش ئەوەی موسڵمان بین، كورد بووین. لەلایەكی دیكەوە كەڵەپیاوانی هەڵكەوتووی میللەتی ئێمە هەمیشە وا پەروەردە كرابوون كە خۆشویستنی نیشتمان و خوێنڕشتن لە پێناو خاكدا بەشێكە لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و بگرە كۆڵەكەیەكی زۆر گرنگیشە، كەواتە ئەوە ئیسلامە كە فێری تێكەڵكردنی ئایین و نەتەوەی كردووین.
* وەكو ئاماژەت پێدا گەلی كورد بە ویست و ئارەزووی خۆی ئیسلامی وەرگرتووە، بەڵام ئێستا ئەوەتا چەندەها بیروبۆچوونی جیاوازی ئایینی لە دەرەوە دەهێنرێتە كوردستان، تێڕوانین و خوێندنەوەی ئێوە بۆ ئەم پرسە چییە؟
- حكومەتی هەرێمی كوردستان وەزارەتێكی بە ناوی وەزارەتی ئەوقاف هەیە، ئەم وەزارەتەش گەورەترین دامەزراوەی ئایینییە لە كوردستان كە لە ساڵی 2016 كاری لەسەر بابەتی فیكری كردووە، بەڵام بەداخەوە زیاتر كار لەسەر بابەتە رۆتینییەكان دەكات، راستە دەبێت كاروبارە كارگێڕییەكانی رایی بكرێن، بەڵام پێویستیە گرنگی و بایەخ بە بابەتی فیكریش بدرێت، ئێمە دەزانین خەڵكێكی زۆر دەچووە دەرەوە بۆ خوێندن و خەڵكێكی زۆریش دەهاتە وڵاتەكەوە، هەموو ئەمانەش بە بێ پلان دەكران، چونكە لە وڵاتانی دراوسێش ئەم كارە دەكرێت، بەڵام هەمووی لەژێر چاودێریی حكومەتدایە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی فیكری نامۆ لە دەرەوە بێتە كوردستان و تەنانەت مامۆستایانی ئایینییش بەدەر نەبوون لە كاریگەریی ئەم فیكرانە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی كاریگەر بن لەسەر بەشێك لە رۆڵەكانی میللەتی ئێمە و هەندێ لە هاووڵاتی ئێمە چوونە نێو گرووپە توندڕەوەكان، دەبێت ئاماژە بەوەش بكەین، بە شێوەیەكی گشتی هەمیشە مامۆستایانی ئایینی جێی شانازی ئێمەن، ئەوان سەرقافڵەی بەرەنگاربوونەوەی بیرۆكە چەوتەكانی گرووپی وەك داعش بوون، كەواتە دووپاتی دەكەمەوە كە دەبێت گرنگی بە پرسە فیكرییەكان بدرێت، من بۆ مێژوو دەیڵێم، ئەگەر ئێمە ئاگاداری خۆمان نەبین لە پەیوەندی بە بەرەنگاربوونەوەی فیكری توندڕەوی، ئەوا دە ساڵی دیكە منداڵەكانی ئێمە خۆمان سەردەبڕن.
* ئایا بەشێك لەو فكرە توندڕەوییە بۆ دیاردەی حزبی ئیسلامی ناگەڕێتەوە؟ لە كۆمەڵگەیەكی موسڵمانی وەك كۆمەڵگەی كوردستاندا حزبی ئیسلامی چ مانایەكی هەیە؟ مزگەوتەكانی كوردستان هەموویان وەك ئەوەن یەك مامۆستای ئایینی پێشنوێژی تیدا بكات، بەڵام بە درووستبوونی حزبی ئیسلامی ئەم یەكگرتووییە خەریكە پەرتەوازە دەبێت، ئایا تاچەند حزبی ئیسلامی هۆكارە بۆ تەفرەقە لە نێوان موسڵمانانی كوردستاندا؟
- حزبە ئیسلامییەكانی كوردستان لە رێگەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە رێگا پێدراون و مۆڵەتیان هەیە، ئەوانیش بۆخۆیان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات سیاسەت دەكەن، بۆ نموونە یەكێك لە سەركردەكانیان باس لەوە دەكات ئێمە نەگەینە دەسەڵات، ناتوانین كاری خۆمان بكەین، ئەوان دەڵێن دەمانەوێت خزمەت بە خەڵك بكەین، دەڵێن چۆن دەتوانین ئەم خزمەتە بكەین، ئەگەر نەگەین بە لوتكەی دەسەڵات، واتە هەموو مەبەستەكە گەیشتنە بە لوتكەی دەسەڵات. من دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە زۆرجار وتوومانە ئێمە كێشەی ئایینیمان نییە، ئێمە میللەتێكی موسڵمانین، بەڵام كێشەی فیكریمان هەیە. لەم روانگەیەوە پێم وایە ئەم حزبە ئیسلامییانە بە شێوەیەكی گشتی بوونەتە هۆی لێكترازانی مامۆستایانی ئایینی، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە دەبێت لە قەبارەی ئەوان بڕوانین، چونكە قەبارەی ئەوان وەڵامێكە بۆ هەموو بانگەشە و بانگەوازەكانیان. دواتر ئێمە بۆ پەرلەمان نوێنەرێكی ئایینی هەڵنابژێرین، بەڵكو ئەمە مەسەلەیەكی كارگێڕی و یاساییە، ئێمە دەزانین حەزرەتی یوسف دروودی خوای لەسەر بێت لە وڵاتی میسردا پۆستی لە حكومەتەكە وەرگرت، كە سەرۆكی وڵاتەكە باوەڕێكی جیاوازی هەبوو، ئەمە نیشانەی ئەوەیە كە بواری كارگێڕی جیاوازە، بەڵام بۆچی تۆ دێیت و بۆ گەیشتن بە مەرامی خۆت كە دەسەڵاتە، ئایین تێكەڵ بە سیاسەت دەكەیت؟
* ئێوە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات باسی بەكارهێنانی ئایینتان كرد، بەڵام مەسەلەیەكی دیكە هەیە كە پەیوەستە بە بەكارهێنانی دەقە ئایینییەكانەوە بۆ شەرعییەتدان بە كاری توندوتیژی، لێكدانەوەی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
-لە راستیدا شرۆڤەكردنی دەقەكان كێشە بۆ خەڵك درووست دەكات، بۆ نموونە خوای گەورەو میهرەبان دەفەرموێت: ( واعتصموا بحبل الله جمیعا..) بەڵام دەكرێت ئەو وشەی حەبلە بە چەند شێوەیەك شرۆڤە بكەیت، یان ئەوەی خوای گەورە دەفەرموێت لە هەر جێیەك گەیشتنە غەیرە موسڵمان بیانكوژن، بەڵام ئەمە بۆ چ كاتێكە، بۆ كاتی شەڕكردنە، چۆن دەكرێت ئێستا من بە گەنجێكی بێ زانیاری بڵێم ئەمە ئەمر و فەرمانی خوایە و هانی بدەم و بە كوشتی بدەم، خۆیشم لە ناو جێی گەرم پاڵ بدەمەوە؟ سەبارەت بە چۆنێتی كۆنتڕۆڵكردنی ئەو شرۆڤە هەڵانە و بڵاوبوونەوەی وتاری توندڕەوییش ئێمە لەمانگی تشرینی دووەمی 2016 بە ئامادەبوونی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزیرەكان و ئەو كونسوڵانەی لە هەرێمی كوردستانن و بەئامادەبوونی مامۆستایانی ئایینی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان كۆنفرانسێكمان سازكرد، لە كۆنفڕانسەكەدا كۆمەڵێك خاڵی جددی پێشنیار و پەسەندكران، یەكێك لەو بابەتانە رێكخستنەوەی وتاری ئایینی بوو كە پێویستە وتارەكان ناونیشانەكانیان دەستنیشان بكەین، لە ئەنجامدا ئێستا دەتوانین بڵیێن بە شێوەیەكی گشتی پشێوی لە وتارەكاندا زۆر كەم بۆتەوە.