جەیمس رەسڵ تایبەتمەندی كاروبارە ئەمنییەكان بۆ گوڵان: رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێستادا گرنگییەكی ستراتیژیی كەمتری بۆ ئەمریكا هەیە

جەیمس رەسڵ   تایبەتمەندی كاروبارە ئەمنییەكان بۆ گوڵان:  رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێستادا گرنگییەكی ستراتیژیی كەمتری بۆ ئەمریكا هەیە
جەیمس رەسڵ پڕۆفیسۆرە لە بەشی كاروبارە ئەمنییەكان لە سكووڵی (naval postgraduate) و وانەبێژی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ستراتیژیەتی ئاسایشی نەتەوەییە، بە شێوەیەكی گشتی شارەزا و تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگە، وەك: ستراتیژیی ناوكی، سیاسەت و ئاسایش لە وڵاتانی كەنداو، ستراتیژیەتی ئەمنیی ئەمریكا لە ناوچەی كەنداو و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پەیوەست بوون بەو گۆڕانكارییانەی لە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپدا بەدی هاتوون، بەتایبەتی لەو بابەتانەی كە پەیوەندییان بە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە.
* وەك كەسێكی شارەزا و تایبەتمەند لە بواری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، چۆن لەم سیاسەتە دەڕوانیت و چ هەڵسەنگاندنێكت بۆی هەیە؟
- بە تێڕوانینی من ناتوانین بڵێین سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ئەمریكا بە سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ لە ئاست ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جیاوازییەكی بنەڕەتی هەیە و لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەكانی پێش خۆی لە ئاست ئەم ناوچەیەدا بەرجەستەبوونی دابڕانێكی دراماتیكییە، ئیدی سیاسەتەكانی ئیدارەی باراك ئۆباما بێت، یان جۆرج بوشی كوڕ. لەم روانگەیەوە دەتوانین بڵێین درێژەپێدان و بەردەوامییەك بەدی دەكرێت لەو سیاسەتەی لە دوای كۆتاییهاتنی شەڕی ساردەوە پیادەكراوە و گیراوەتەبەر، كەواتە دووپاتی دەكەمەوە، من پێموانییە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ زۆر دووركەوتبێتەوە لەو سیاسەتانەی لەلایەن ئیدارەكانی پێش خۆیەوە پێشتر پەیڕەكراون.
* تێڕوانینی ئێوە بۆ دۆخی ناوچەكە چییە، بەتایبەتی لەبەر رۆشنایی چەندین پەرەسەندن و رووداوی گەورە كە لە وڵاتانی ئەم ناوچەیەدا روویانداوە و روودەدەن، ئایا ئەمە لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لە ئاست ئەم ناوچەیەدا هیچ رەنگدانەوەیەكی نەبووە؟
- هەڵبەتە ئەوەی نكۆڵی لێ ناكرێت، ئەوەیە كە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی دەیەی رابردوودا ئاڵوگۆڕی گەورەی بەسەردا هاتووە و گۆڕانكاریی گەورەی بەخۆوە بینیوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێموانییە پایە بنەڕەتییەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لە ئاست ئەم ناوچەیەدا بە ئەندازەی ئەو ئاڵوگۆڕانە، گۆڕانكارییان بەسەردا هاتبێت.
* ئایا دەكرێت زیاتر مەبەستەكەتان روون بكەنەوە، كاتێك دەڵێن سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لە ئاست ئەم ناوچەیەدا گۆڕانكارییەكی بەرچاوی بەسەردا نەهاتووە؟
- لە راستیدا دەكرێت ئاماژە بە سیاسەتی جێگیری ئەمریكا بكەین، لە پەیوەندی بە پشتیوانیكردنی هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا، وەك سعودیە و وڵاتانی كەنداو بەگشتی، هەروەها ئاشكرایە كە ئەمریكا پشتیوانییەكی بەهێز لە ئیسرائیل دەكات، لە هەمان كاتدا سەرسەختانە بەرهەڵستیی ئامانج و مەرامەكانی ئێرانیش دەكات، كەواتە دەكرێت بڵێین هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی ئیدارەی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ درێژە بە هەمان ئەو سیاسەتانە دەدات كە ئیدارەی پێش خۆی لە ئاست ئەم ناوچەیەدا پیادەی كردووە، كەواتە پوختەی مەسەلەكە ئەوەیە كە من پتر بەردەوامی بەدی دەكەم لەم سیاسەتەدا نەك گۆڕانكاری.
* بەڵام زۆر باس لەوە دەكرێت كە ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ مەیلی زیاتری هەیە بۆ خۆبەدوورگرتن لە دەستێوەردان و تێوەگلان لە كاروباری وڵاتانی ئەم ناوچەیە، ئایا ئەم مەیلە لە سیاسەت و بڕیارەكانی ئەمریكادا بەرجەستە بووە؟
-ئەو لایەنەی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك ترەمپ كە جێی سەرنجە ئەوەیە، كە خودی ترەمپ لە سەروەختی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا باسی لەوە دەكرد، ئەگەر دەسەڵات بگرێتەدەست ئەوا سنوورێك بۆ دەستێوەردانی سەربازیی ئەمریكا لە هەندێ ناوچەی وەك رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنێ. بەڵام ئەوەی لە واقیعدا بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە ئەمریكا بەردەوامە لە ئەنجامدانی ئەو دەستێوەردانە سەربازییانە. لێرەدا دەتوانین ئاماژە بە بڕیارەكەی سەرۆك ترەمپ بكەین، بۆ كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا، بەڵام دواتر بینیمان كە كەوتە ژێر باری فشارەكانی لایەنە سەربازییەكانەوە و لە كۆتاییدا لەسەر هێشتنەوەی هێزێكی كەم لەسەر خاكی سووریا رەزامەندیی نیشان دا، لەلایەكی دیكەوە ئێمە دەتوانین ئەوە بڵێین، كە ئەمریكا هۆكارێكی پشتیوانە بۆ دەستێوەردانی سعودیە و وڵاتانی دیكەی كەنداو لە یەمەندا، چونكە لەو شەڕەدا كەلوپەل و چەكی سەربازیی ئەمریكی بەكار دەهێنرێن، واتە ئەوە چەكەكانی ئەمریكایە كە بە هۆیەوە سعودیە دەتوانێت لە یەمەن ئەو هێرشە ئاسمانییانە ئەنجام بدات، كە دەرئەنجامی خراپ و كارەساتباری لێكەوتۆتەوە و لێ دەكەوێتەوە. لەبەر ئەوە دەتوانین بڵێین ئەمریكا بەردەوامیی داوە بەم دەستێوەردانانە و بگرە لە هەندێ لە ناوچەكانی ئەفریقا چالاكییە سەربازییەكانی زیاتر كردووە، ئەوەتا هێرشی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی لە سۆماڵ زیاتر كردووە، كە لەوێدا بە چڕی گرووپە تیرۆریستییەكانی سەر بە ئەلقاعیدە دەكرێنە ئامانج، كەواتە، راستە ترەمپ لە كاتی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا بەڵێنی ئەوەی دا كە دەستێوەردانە سەربازییەكان كەم بكاتەوە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە كە بە زەحمەت شوێنێك بەدی دەكەین كە ئەم بەڵێنەی تێدا جێبەجێ كردبێت.
* لەلایەكی دیكەوە بۆچوونێك هەیە، كە پێیوایە لە ئێستادا ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگی و بایەخێكی كەمتری بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا هەیە، لەم روانگەیەشەوە پێویستە ئەمریكا رۆڵ و دەستێوەردانەكانی خۆی لە كاروبارەكانی ئەم ناوچەیەدا كەمتر بكاتەوە، بۆچوونی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
- من هاوڕام لەگەڵ ئەو لێكدانەوەیەدا و بۆچوونی منیش ئەوەیە كە لە ئێستادا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەراورد بەو گرنگییەی هەیبوو لە سەروەخت و رۆژگاری شەڕی سارددا گرنگیەكی ستراتیژی كەمتری بۆ ئەمریكا هەیە، لەسەر ئەم بنەمایەش پێموایە كە ئاڵوگۆڕێكی ستراتیژی لە بایەخپێدان و جەختكردنەوەی ئەمریكا روویداوە بۆ ناوچەی دیكە لە ئاسیا، بۆ نموونە، لەم ماوەیەدا باس لەوە دەكرا كە هێزی دەریایی ئەمریكا نەیتوانیوە لە هەندێ ناوچەی دیكەی ئاسیادا بە بەردەوامی كەشتیی فڕۆكەهەڵگری هەبێت، كەواتە دەتوانین بڵێین ئەمریكا بە رەوتێكی لەسەرخۆ گۆڕانكاری لە بایەخپێدانی ستراتیژی خۆیدا دەكات بە ئاراستە و ئاقاری هەندێ كێشە و قەیرانی دیكە لە ئاسیادا، وەك هەوڵ و كۆششەكانی بۆ ئیحتیواكردنی كۆریای باكوور.
* كەواتە لەبەر رۆشنایی ئەم لێكدانەوەیەدا كە لە وەڵامەكەدا روونت كردەوە، ئایا دەكرێت بڵێین ئەولەوییاتە ستراتیژییەكانی ئەمریكا لە ئێستادا چین؟
- سەرەڕای ئەو ئاڵوگۆڕەی لە بایەخپێدان و تەركیزكردنی ئەمریكادا روویداوە، یەكێك لە ئەولەوییاتە ستراتیژییەكانی ئەمریكا كە بە جێگیری ماوەتەوە، بریتییە لە هەوڵەكانی بۆ ئیحتیواكردنی ئێران، كە هەندێ جار پێی دەوترێت شەڕێكی رانەگەیەندراو، هەرچەندە من نامەوێت بەم شێوەیە وەسفی بكەم، بەڵام ئەوەی روونە ئەوەیە، ئەمریكا قورسایی زۆری خستۆتەسەر ئیحتیواكردنی ئێران، بەو پێیە لە ناوچەكەدا ئەم وڵاتە بە كاراكتەرێكی خراپ دادەنێت، هەر لەبەر ئەوەشە پێموایە ئەمریكا سەبارەت بەو ئەولەوییاتەكانی خۆی لە بارێكی ناكۆكدا دەبینێتەوە.
* ئایا پێشبینیی ئەوە دەكەن كە ئەمریكا لە ئاسیادا بەردەوام بێت لەسەر ئەم ئاڵوگۆڕە و بایەخی زیاتر بە هەندێ ناوچەی دیكە بدات؟
-پێشبینی من ئەوەیە كە لە ماوەی دەیەی داهاتوو، یان 15 ساڵی داهاتوودا ئەمریكا درێژە بەم ئاڵوگۆڕە دەدات، واتە كات و كۆششی خۆی پتر بۆ كێشە و قەیرانی ئەو ناوچەیە تەرخان دەكات، لە دەرئەنجامدا ئەمریكا دەستێوەردانێكی كەمتر دەكات لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بەراورد لەگەڵ رابردوو.
* ئایا لە ئێستادا هیچ كەمبوونەوە و داكشانی رۆڵی ئەمریكا لەم ناوچەیەدا بەدی دەكرێت؟
- بەڵێ، لە واقیعی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەمە رەنگدانەوەی هەبووە، مەبەستم ئەوەیە لە ئێستادا دۆخێكی جیاواز باڵی بەسەر ئەم ناوچەیەدا كێشاوە، بەڵگەی ئەم حاڵەتەش ئەوەیە كە ئێستا هەندێ لە وڵاتانی ناوچەكە، وەك ئێران، سعودیە، توركیا، میسر، لە ناوچەكەدا رۆڵی زیاتر دەبینن، من دەمەوێت ئەوەش بڵێم كە كاتێك دەبینین هەندێ لە وڵاتانی ناوچەكە بەرپرسیارێتیی كاروبارەكانی ناوچەكە دەگرنەئەستۆ، ئەوا ئەمە هەم لە بەرژەوەندیی ناوچەكە و هەم لە بەرژەوەندی خودی ئەمریكاشە، كەواتە ئەوەی لە ئێستادا بەدی دەكرێت، بریتییە لە دۆخێك كە بە ئاراستەی ئەوەدا دەڕوات، جۆرێك لە هاوسەنگی لەنێوان ئەم وڵاتانەدا بێنێتەئاراوە، من ئومێد دەكەم ئەو هاوسەنگییە دروست بێت و لە ئەنجامدا هەلومەرجێكی دروست بێتەئاراوە كە بوار بە هاتنەئارای ئاشتی بدات، كەواتە دەتوانین بڵێین لە ئێستادا هێزە ناوچەییەكان پتر لە ئەمریكا مومارەسەی دەستڕۆیشتوویی و كاریگەریی خۆیان دەكەن، هەروەها ئەم بارودۆخەش كە هاتۆتەئاراوە هۆكارێك دەبێت بۆ ئەوەی بە تێپەڕبوونی كات ئەمریكا رۆڵی خۆی كەمتر بكاتەوە، ئەمەش بواری ئەوەی بۆ دەڕەخسێنێت كە كات و كۆششی خۆی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دۆخە ستراتیژییەكانی ناوچەكانی دیكە تەرخان بكات.
* لە یەكێك لە وەڵامەكانتدا ئاماژەت بەوەكرد، كە یەكێك لە ئەولەوییەتە جێگیرەكانی ئەمریكا لەم ناوچەیەدا بریتییە لە هەوڵەكانی بۆ ئیحتیواكردنی ئێران، ئەوەندی تێبینی بكرێت ئەوەیە كە ستراتیژییەتی ئەمریكا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران دوو رەهەندی هەیە، یەكەمیان سەپاندنی سزای ئابوورییە لە دژی ئەو وڵاتە و دووەمیان دروستكردنی بەرەیەكە لە هەندێ لە وڵاتانی ناوچەكە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران، تێڕوانینی ئێوە لەسەر ئەم ستراتیژیەتە چییە؟
- ئەم چەشنە ستراتیژیەتە بێهودەیە و بگرە دەرئەنجامی پێچەوانەشی لێدەكەوێتەوە، هەروەها پێموایە ئیدارەی ئەمریكا هەڵەیەكی گەورەی كرد كاتێك لەو رێككەوتنە ئەتۆمییە كشایەوە كە ئێران لەگەڵ كۆمەڵەی 5+1 بۆ سنوورداركردنی پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی واژۆی كرد. بە باوەڕی من ئەم بڕیاری كشانەوەیە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە كاریگەریی زۆر خراپی لێدەكەوێتەوە، هەم لەسەر ناوچەكە و هەم لەسەر پرسی پەیوەست بە رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەكی ناوكی، دواتر من پێموایە دووبارە سەپاندنەوەی سزاكان بەسەر ئێراندا، دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو وڵاتە بخرێتە گۆشەیەكەوە، ئەمەش رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر ئەو ستراتیژیەت و سیاسەتە دەرەكییەی كە ئەمریكا لە ناوچەكەدا دەیگرێتەبەر.
* بەڵام ئاشكرایە كە سەرەڕای كشانەوەی تاكلایەنەی ئەمریكا لەم رێككەوتنە، هێشتا ئێران بڕیاری نەداوە دەستبەرداری ئەم رێككەوتنە ببێت، بگرە لایەنەكانی دیكەی رێككەوتنەكەش رایانگەیاندووە كە پێوەی پابەند دەبن، تێڕوانینی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- لە راستیدا ئەوەی من نیگەران دەكات ئەگەری كشانەوەی ئێرانە لەم رێككەوتنە ئەتۆمییە، لەبەر ئەوەی كە هەروەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد، كاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر پرسی پەیوەست بە رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەكی ناوكی، چونكە ئەمە سەردەكێشێت بۆ دروستبوونی دۆخێك كە ئەو باوەڕە دروست دەكات كە ئێران بە رەوتێكی خێرا دەست بە پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی دەكاتەوە، لە دەرئەنجامدا وڵاتانی دیكەی ناوچەكەش هەنگاوی هاوشێوە هەڵدەگرن، كە ئەمەش دەرئەنجامی زۆر خراپی لێدەكەوێتەوە لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە، كەواتە بڕیاری ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بۆ دووبارە سەپاندنەوەی سزاكان بەسەر ئێراندا كاریگەریی پێچەوانە و دەرئەنجامی نەخوازراوی لێدەكەوێتەوە.
* ئەگەر تا ئێستا ئەو سیاسەت و ستراتیژیەتەی پیادە دەكرێت، كاریگەریی نەخوازراویان لێ بكەوێتەوە و پتر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە بخەنە مەترسییەوە، ئایا رێگاچارە چییە و دەبێت چی بكرێت بۆ گەڕاندنەوە ئارامی بۆ ناوچەكە؟
-من هیوادارام وڵاتانی دەستڕۆیشتووی ناوچەكە (كە پێشتر ئاماژەم پێكردن)، بتوانن بگەنە جۆرێك لە لێكتێگەیشتن و رێككەوتن لە نێو خۆیاندا، كە پێموایە كارێكی لەم چەشنە لە بەرژەوەندیی خودی ئەمریكاشدایە، هەرچەندە من دڵنیا نیم كە ئەمریكا چۆن دەتوانێت رۆڵێكی بنیاتنەر لەم پرسەدا ببینێت، واتە لە پرسی هێنانەئارای جۆرێك لە تێگەیشتن و رێككەوتن لەنێوان ئێران و سعودیەدا، كە توركیا و ئیسرائیل و وڵاتانی كەنداو لەخۆ بگرێت، كە بە رای من ئەمە هەنگاوێكی سەرەكییە بۆ هێنانەئارای سەقامگیری لە مەودای دووردا، هەروەها بۆ خۆلادان لە دەرئەنجامە كارەساتبارەكانی ئەو شەڕە ناوخۆییانەی لە وڵاتە شكستخواردووەكانی ناوچەكەدا لە ئارادان، وەك: سووریا، عێراق، یەمەن و لیبیا. كەواتە دووپاتی دەكەمەوە، گرنگە وڵاتانی ناوچەكە پێكەوە كۆببنەوە و بتوانن چوارچێوەیەك دابڕێژن بۆ ئەوەی هەر كاتێك پێویست بوو، بتوانن هاوكاریی یەكتر بكەن، ئەگەرچی دەبێت ئەو راستییەشیان لەبەرچاو بێت، كە هەمیشە ناكرێت بەرژەوەندییەكان هاوبەش بن و یەكبگرنەوە، واتە ئەم رێگاچارەیە تێكەڵێك دەبێت لە هاوكاریكردنی یەكتری و لە هەمان كاتدا ململانێكردن لەگەڵ یەكتردا، هەروەها دەمەوێت ئەوەش بڵێم كە پێویستە وڵاتانی ناوچەكە خۆیان سروشت و ناوەرۆكی ئەم چوارچێوەیە دابڕێژن و هەتا زووتر ئەم كارە بكەن، باشترە.
* هەر لە پەیوەندی بە كاریگەریی سەپاندنەوەی سزاكان بەسەر ئێراندا، هەندێ لە چاودێران و شرۆڤەكاران پێیانوایە ئەم سزایانە ئێران ناچار بە سازشكردن ناكات، تا چ راددەیەك ئێوە لەگەڵ ئەم لێكدانەوەیەدا هاوڕان؟
-من خۆم بە كەسێكی مێژوونووس نازانم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیچ حاڵەتێك بەدی ناكەم لە مێژووی هاوچەرخدا كە تێیدا فشار لەسەر ئێران دروست كرابێت و لە دەرئەنجامی ئەو فشارەدا ئێران سازشێكی كردبێت، بە واتایەكی دیكە سازشكردنەكەی ئێران رەنگدانەوەی فشارەكە بووبێت، دواتر ئێمە دەبێت ئەو راستییەمان لەبەرچاو بێت كە ئێران لە بارەی مێژووی خۆیەوە هەستێكی بەهێزی هەیە، هەروەها شانازییەكی نەتەوەیی بەهێزی هەیە، لە هەمان كاتدا یەكێكە لە دێرینترین دەوڵەتەكان لە تەواوی ناوچەكەدا، لە دەرئەنجامی هەمووو ئەوانەوە دەتوانین بڵێین كە دەبێت چوارچێوەیەكی ناوچەیی هەبێت كە رەنگدانەوەی ئەو راستییە بێت كە ئێران رۆڵێكی گرنگ دەبینێت لە ناوچەكە، بەڵام لە هەمان كاتدا دەبێت كار بكرێت لەسەر ئەوەی ئەم رۆڵەی ئێران بە رێگایەكەی بنیاتنەردا ببردرێت، مەبەستم ئەوەیە ئێران هێز و دەستڕۆیشتوویی هەیە لە ناوچەكەدا، بەڵام دەبێت هێزەكانی ناوچەكە كار لەسەر ئەوە بكەن كە ئەم هێزەی ئێران بە ئاراستەی ئیجابی و بۆ بەرژەوەندیی ناوچەكە بەكار بهێنرێت، ئەمەش دەرئەنجامی باشی لەسەر بەرژەوەندی و گوزەرانی خەڵك دەبێت. كەواتە دووبارەی دەكەمەوە كە كاركردن بۆ گۆشەگیركردنی ئێران لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و سەپاندنی سزای قورس و پڕووكێنەر بەسەر ئەو وڵاتەدا، كاریگەریی پێچەوانەوە و نەخوازراوی لێدەكەوێتەوە.
* باس لەوە دەكەن كە رێككەوتن بكرێت و چوارچێوەیەكی ئیقلیمی دابڕێژدرێت كە ئێران رۆڵێكی ئیجابی تێدا ببینێت، ئایا پێتوانییە پێویستە سەرەتا ئەمریكا و ئێران بگەنە جۆرێك لە لێكتێگەیشتن و رێككەوتن بۆ ئەوەی ئەمە رەنگدانەوەی ئەرێنیی هەبێت لەسەر پەیوەندی ئێران بە وڵاتانی دیكەی ناوچەكەوە، بەتایبەتی هەندێ بۆچوون هەیە، كە پێیوایە ئەمە یەكێك لە ئامانجەكانی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە بوو لەگەڵ ئێراندا؟
- ئەگەر بە راشكاوی بدوێم، من هەرگیز یەكێك نەبووم لەو كەسانەی پێموابووبێت كە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە راستەوخۆ دەبێتە هۆی ئەوەی ئێران بە شێوەیەكی جیاوازتر لە رابردوو رەفتار بكات، چونكە ئێمە دەزانین لە لوتكەی شەڕی سارددا ئەمریكا و یەكێتی سۆڤیەت توانییان بگەنە رێككەوتنی كۆنتڕۆڵكردنی چەك، بە بێ ئەوەی لە دەرئەنجامی ئەم رێككەوتنەدا سیاسەت و رەفتارەكانی یەكێتیی سۆڤیەت گۆڕانكارییەكی گەورەیان بەدوادا بێت. لەم روانگەیەوە دەتوانم بڵێم كە كارێكی واقیعبینانە نییە ئەگەر پێشبینی ئەوە كرابێت كە گەیشتن بەم رێككەوتنە كۆنتڕۆڵكردنی چەكە، كە پێشتر رێككەوتنی لەم چەشنەی لەگەڵدا واژۆ نەكرابوو، ئاشتی و پێكەوەكاركردنی هەردوولای لێدەكەوێتەوە، هەرچەندە دەبێت ئەوە بڵێین كە ئەگەر بهاتایە ئەم پرۆگرامە بەردەوام بوایە، ئەوا دەرئەنجامی كارەساتباری لێدەكەوتەوە لەسەر سەقامگیریی ناوچەكە، كەواتە ئەو پرسەی پەیوەستە بە رەفتارەكانی ئێران لە ناوچەكەدا ئەوا دەبێت لەو چوارچێوە ئیقلیمییەدا چارەسەر بكرێت كە پێویستە لە نێو وڵاتانی ناوچەكەدا بەدی بێت، نەك درێژە بەو بنبەستگەیشتنە بدرێت، كە لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا هەیە و نەك ئەو شەڕە رانەگەیەندراوەی بۆ رۆژگارێكی دوورو درێژە لەنێوان ئەم دوو وڵاتەدا هەیە و كاتی ئەوە هاتووە ئەمە كۆتایی پێ بێت.
* ئەگەر بێینە سەر باسی پرسی تیرۆر و توندڕەوی لەم ناوچەیەدا، ئەوا ئێوە چەندین وتار و توێژینەوەتان لەبارەی چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی یاخیبوون نووسیوە، كە پەیوەستن بە عێراق و سووریاوە، پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا بۆچی دوای هەمووو سەركەوتنێكی سەربازی بەسەر تیرۆریستاندا مەترسیی لەدەستدانی ئاشتی لە ئارادایە؟
- لە راستیدا هەر كاتێك من پرسیارم لێدەكرێت لەم بارەیەوە یان هەر كاتێك لەم بارەیەوە دەنووسم، ئەوا پێموایە هەر كاتێك ئێمە باسی ئەلقاعیدە دەكەین، یان هەر كاتێك قسە لەبارەی داعش، یان بەرەی نوسرەوە دەكەین، ئەوا دەبێت ئەو راستییە بزانین كە هەمووو ئەم گرووپانە گرووپی سیاسین، بەڵام توندوتیژی بەكار دەهێنن بۆ بەدیهێنانی ئامانجە سیاسییەكانیان، ئێمە دەبێت ئەوەشمان لەیاد بێت كە هەمووو ئەمانە لە ناوچەیەكدا روودەدەن كە هێشتا گفتوگۆیەكی یەكلانەكراوە هەیە لەبارەی چەندین پرسی گرنگەوە، وەك ناسنامەی تاكەكەس، شوناسی دەوڵەت، پەیوەندیی نێوان هاووڵاتی و دەوڵەت، رۆڵی ئایین لە كۆمەڵگەدا و سەرچاوەی یاسا، ئەمە ئەگەر گوزارشتەكە راست بێت. مەبەستم ئەوەیە هێشتا مشتومڕەكانی پەیوەست بەم بوارانە نەگەیشتوونەتە دەرئەنجام و یەكلا نەبوونەتەوە، هەرچەندە دەبێت ئەوەش بڵێین، كە لە هیچ كۆمەڵگەیەكدا گفتوگۆی پەیوەست بەم پرسانە بە یەكجاری یەكلا نەبۆتەوە، بەڵام جیاوازییەكە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، یان لە بەشە عەرەبییەكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەوەیە كە ئەم گفتوگۆیە بەرەوپێش نەچووە، واتە بەرەوپێشچوون لە كۆمەڵگەدا لە بواری چارەسەركردن و ئیدارەدانی جیاوازییەكانەوە بە شێوەیەكی ئاشتییانە رووی نەداوە. هەروەها تاوەكو ئەم كۆمەڵگە و دەوڵەتانە نەتوانن سیستمێكی سیاسی بنیات بنێن كە بتوانێت بە شێوەیەكی ئاشتییانە ئیدارەی جیاوازییەكان بكات، ئەوا هەمیشە ئەگەری ئەوە لە ئارادا دەبێت كە بەرهەڵستیی چەكداری لە شێوەی گرووپی تیرۆریستدا سەرهەڵبدات، لەبەر ئەوەی ئەو بەرهەڵستكارییە بواری بەشداریكردنی پێنەدراوە و بگرە بە شێوەیەكی داپڵۆسێنەرانە لەلایەن رژێمە دەسەڵاتدارەكەوە سەركوت كراوە. لەم روانگەیەوە پێموایە ئەو جۆرە بەرهەڵستییە بەردەوام دەبێت و درێژە دەكێشێت، تا ئەو كاتەی سیستمێكی سیاسی بنیات دەنرێت، كە بتوانێت بە شێوەیەكی ئاشتییانە ئیدارەی جیاوازییەكان بدات.
* زۆرجار دەوترێت كە یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی كێشە و ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە بریتییە لە دەستێوەردانی بەردەوامی هێزە دەرەكییەكان، ئەگەرچی هەندێ جاریش دەوترێت پێویستە هێزێكی دەستڕۆیشتووی وەك ئەمریكا رۆڵێكی بەرچاو و بنیاتنەر ببینێت لەم ناوچەیەدا، بۆچوونی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
- بۆچوونی من ئەوەیە كە ئەمریكا ناتوانێت و نابێت كارێكی زۆر بكات بۆ ئەوەی كاریگەر بێت لەسەر ئەم پرسە، چونكە پێموایە لە بنەڕەتدا ئەم بەرپرسیارێتییە دەكەوێتە ئەستۆی كۆمەڵگەكانی ناوچەكە بۆ ئەوەی خۆیان رێگاچارەیەك بدۆزنەوە، كە دەبێت ئەوەش بڵێین ئەوە بێتوانایی و شكستی ئەم كۆمەڵگەیانەیە لە گەیشتن بەو رێگاچارەیە، كە بۆتە هۆی دروستبوونی گرووپی توندڕەو لەنێو ئەو كۆمەڵگە موسڵمانانەدا، لە شێوەی گرووپەكانی وەك ئەلقاعیدە و داعش و بەرەی ئەلنوسرە و گرووپە جیاوازەكانی دیكە. كەواتە ئەگەر پێشبینی بكەین لە بارەی ئایندە و ئەگەری دووبارە دروستبوونەوە و سەرهەڵدانەوەی گرووپە تیرۆریستییەكانەوە كە پاڵنەر و خەونی سیاسییان هەیە، ئەوە پەیوەست و گرێدراوە بە بێتوانایی ئەو كۆمەڵگە و دەوڵەتانە بۆ پەرەپێدانی سیستمێكی حكومڕانی كە بتوانێت رێگاچارەیەكی ئاشتییانە بۆ پرسی جیاوازییەكان پیادە بكات. بە گوزارشتێكی دیكە هەر كاتێك ئەم كۆمەڵگە و دەوڵەتانە توانییان ئەو سیستمی حكومڕانییە بنیات بنێین، ئەوا چیتر ئەم چەشنە گرووپانە سەرهەڵنادەن كە ئامانجیان بریتی بێت لەوەی سیستمەكە بە رێگاچارەیەكی شۆڕشگێڕانە و بە شێوەیەكی بنەڕەتی بگۆڕن. كەواتە ئەمە پرسیارێكی ئاڵۆزە و بە هەمان شێوە وەڵامەكەش ئاڵۆزە.
* وەك ئاشكرایە سیستمی حوكمڕانی لە زۆرێك لە وڵاتانی ئەم ناوچەیەدا ناكاران و لە ئاستی خواست و چاوەڕوانیی خەڵكەكەدا نین، بگرە زۆرێك لە دەوڵەتانی ئەم ناوچەیەش بە شكستخواردە و تەنانەت ناوچەكەش بە شكستخواردە دادەنرێت، ئایا پێتوایە ئەم ناوچەیە مەحكوومە بە نائارامی و سەقامگیرییەكی درێژخایەن؟
- من پێموانییە بتوانین بڵێین ناوچەكە مەحكوومە بەو مانایەی كە ئیدی ئێمە دەسەڵاتمان نییە و بە شێوەیەكی حەتمی رەوتی رووداوەكان بەو ئاراستەیەدا دەڕۆن، لەبەر ئەوەی ئەگەر ئێمە لە هەندێ لە وڵاتانی ناوچەكە بڕوانین ئەو راستییەمان بۆ روون دەبێتەوە كە بەشێكی زۆری دانیشتووانی ئەم وڵاتانە خاوەن ئاستێكی بەرزی خوێندەوارين، مەبەستم ئەوەیە لێرەدا ئەركەكە دەكەوێتە سەر شانی دەوڵەت كە چۆن كار بكات بۆ سوودوەرگرتن لەم خەڵكانە و لەم سەرچاوە مرۆییە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی لەگەڵیاندا رووبەڕوو بۆتەوە. واتە راستە هێز و رێكخراوە دەرەكییەكان دەتوانن هاوكاریی ئەم وڵاتانە بكەن، بەڵام من دووپاتی دەكەمەوە كە ئەم وڵاتانە سامانێكی گەورەی مرۆییان لەبەردەستدایە، واتە خەڵكی خوێندەوار كە دەكرێت لە چوارچێوەی هەوڵەكاندا بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی ئەم وڵاتانە بخرێنەگەڕ. كەواتە نەخێر من باوەڕم وانییە كە بە شێوەیەكی حەتمی ئەم دەوڵەتانە بۆ هەتا هەتایە بە شكستخواردوویی دەمێننەوە، لە راستیدا پێش سوودوەرگرتن لەم سامان و سەرچاوە مرۆییە، دەبێت بڕیار و بژارەی سیاسی هەبێت، بۆ بەكارهێنانی ئەو توانا مرۆییە بۆ ئەو مەبەستە.
* مەسەلەیەكی دیكە كە دەبێت ئاماژەی پێ بكرێت، بریتییە لەوەی كە ئەم ناوچەیە، یان با بڵێین هەندێ لە وڵاتانی ئەم ناوچەیە بۆتە گۆڕەپانی ململانێ و ركابەریی نێوان هێزە ئیقلیمی و هێزە جیهانییەكان، بۆ نموونە، بەم دواییە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند: كە ئێمە هێزەكانمان بۆ چاودێریكردنی ئێران لە عێراق دەهێڵینەوە، راوبۆچوونی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
- لە ساڵی (2003)ـەوە عێراق بۆتە گۆڕەپانی ململانێ و ركابەری، هەروەها ئێمە دەزانین پتر لە دوو ملیۆن عێراقی ئاوارەن و لە كەمپەكاندا لە وڵاتی ئەردەن و شوێنەكانی دیكە دەژین، بە هەمان شێوە بە دەیان هەزار لە خەڵكی بێتاوانی عێراق كوژران و بوونە قوربانی، كە ئەمە یەكێك بووە لە گەورەترین تراژیدیاكانی سەدەی بیست و یەك، ئەمریكاش لەم رووەوە بەرپرسیارێتی دەكەوێتە ئەستۆ، كەواتە كاركردن بۆ باشتركردنی دۆخەكە لە عێراق بە ئامانجی ئەوەی ئاشتی باڵ بكێشێت بەسەر ئەم وڵاتەدا بە بەشێكی دانەبڕاوی ئەو هەوڵانە دادەنرێت كە دەبێت بخرێنەتەگەڕ، بۆ ئەوەی تەواوی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشتی تێدا بەدی بێت، دەبێت ئەمریكاش لەم رووەوە هاوكاریی عێراق بكات لەسەر بنەمای ئەوەی كە بەشێكی بەرپرسیارێتی بارودۆخە خراپەكەی دەكەوێتە ئەستۆ.
* بە شێوەیەكی گشتی چۆن لە ئایندەی ئەم ناوچەیە دەڕوانی؟ ئایا باشترین و خراپترین سیناریۆ چین كە چاوەڕوانی ئایندەی ئەم ناوچەیە دەكەن، لەم رووەوە ئێوە گەشبینن، یان رەشبینن؟
- بە تێڕوانینی من باشترین سیناریۆ ئەوەیە كە ناوچەكە، یان گەلانی ناوچەكە لە شەڕكردن لەگەڵ یەكتردا هەست بە شەكەتی و ماندوویی بكەن و لە كۆتاییدا دەست لە چەك هەڵگرن و رێگای ئاشتییانە بۆ یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكانیان بگرنەبەر. واتە ئەوەی لێرەدا تەمەننای دەكەین ئەوەیە كە بەلای كەمەوە هەست بە شەكەتی بكەن، بەتایبەتی كاتێك ئێمە دەبینین لە چەندین وڵاتی ئەم ناوچەیەدا بارێكی ئەمنیی دژوار هەیە، وەك عێراق و سووریا و یەمەن و لیبیا، واتە ئومێدەكە ئەوەیە ئەم بارودۆخە خراپانە درێژە نەكێشن، بەتایبەتی ئەوەی لە لیبیادا دەگوزەرێت، هێزە رۆژئاواییەكانیش كاتێك هاوكاریی رووخاندن دەسەڵاتی قەزافی-یان كرد، پێشبینییان نەدەكرد دۆخەكە بەم ئاستە بگات، بەڵام ئێستا ئەوەتا لیبیا بۆتە هۆكاری ناسەقامگیری بۆ تەواوی ناوچەكە، بۆ نموونە رەنگدانەوەی خراپ و نەرێنیی دۆخی لیبیا لە وڵاتێكی وەك مالی بەدی دەكرێت، كە تەحەددییەكی دژواری بۆ ئەو وڵاتە دروست كردووە، بەتایبەتی كە وڵاتی مالی بە دەست دابەشبوونێكی ناوخۆیی گەورەوە دەناڵێنێت و فشاری زۆری لەسەر شیرازەی كۆمەڵگەكە دروست كردووە، كەواتە سیناریۆ خراپەكە بریتیە لە بەردەوامبوونی دۆخی شكستخواردوویی و باڵكێشانی نائارامی و ناسەقامگیری لە چەندین وڵاتی ئەم ناوچەیەدا، چونكە ئێمە دەزانین كاتێك وڵاتێك و كۆمەڵگەیەك بەرەو لاوازی دەڕوات، ئەوا گرووپە توندڕەوەكان رووی تێدەكەن. بەڵام هەروەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد دەبێت وڵاتانی ئەم ناوچەیە بڕیار بدەن بۆ بەكارهێنانی سامانی مرۆیی كۆمەڵگەكەیان بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكان، لەم رووەوە من هیوای ئەوە دەخوازم كە وڵاتانی ئەم ناوچەیە بتوانن پەرە بە سیستمێك بدەن، كە بتوانێت بە باشترین شێوە ئەو توانا و سەرچاوە مرۆییە بەكار بهێنێت.
Top