مایكڵ دێش پڕۆفیسۆر و بەڕێوەبەری سەنتەری ئاسایشی نێودەوڵەتی لە زانكۆی نۆتردام بۆ گوڵان: سیاسەتی نێودەوڵەتی بە گۆڕانكارییەكی دراماتیكیدا تێدەپەڕێت
March 14, 2019
دیمانەی تایبەت
مایكڵ دێش پڕۆفیسۆر و بەڕێوەبەری سەنتەری ئاسایشی نێودەوڵەتییە لە زانكۆی نۆتردام، هەروەها دامەزرێنەری ئەنستیتیوتی سكۆكرافت بۆ كاروبارە نێودەوڵەتییەكان بووە. پێشتریش پڕۆفیسۆر و بەڕێوەبەری سكوڵی پاتێرسۆن بۆ دیپلۆماسی و بازرگانیی نێودەوڵەتی بووە لە زانكۆی كێنتەكی. بە شێوەیەكی گشتی تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگە، وەك پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا و ئاسایشی نێودەوڵەتی. گوڵان لە دیمانەیەكدا چەند پرسیارێكی ئاراستە كرد كە تەوەرەكانی پەیوەست بوون بە دۆخی سیستمی لیبڕاڵیی نێودەوڵەتی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار.* چ هەڵسەنگاندنێكتان هەیە بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ و پێتانوایە رواڵەتە گشتییەكانی ئەم سیاسەتە چین؟
- لە راستیدا ئەمە پرسیارێكی زۆر گەورەیە، هەندێ لەو بڕیارانەی كە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ دەریكردوون، یان پێدەچێت دەریان بكات، من هاوڕام لەگەڵیاندا، وەك بڕیاری كەمكردنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا، یان ئەفغانستان، كە پێموایە ئەمانە بڕیاری ئەرێنین. هەروەها گفتوگۆكانی بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئەتۆمی لە كۆریای باكوور هەنگاوی مانابەخشن. لە هەمان كاتدا دەتوانین بڵێین بە دڵنیاییەوە هەوڵەكانی بۆ ئەوەی هاوپەیمانە ئەوروپییەكان خەرجی زیاتری بەرگری بگرنەئەستۆ هەنگاوی راست و دروستن. بەڵام ئەو هەنگاوانەی من هاوڕام نیم لەگەڵیاندا بریتییە لە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا، هەروەها من زۆر هاوڕا نەبووم لەگەڵ بڕیارەكەی بۆ گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە تەل ئەبیبەوە بۆ قودس پێش ئەوەی گفتوگۆكانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین بە دەرئەنجامی كۆتایی و یەكلاكەرەوە بگات. لەلایەكی دیكەوە پێموانییە سەرۆك ترەمپ زۆر سەركەوتوو بووبێت لە ئەدای خۆی، مەبەستم ئەوەیە بە تێڕوانینی من ئەو زیاتر وەك بزنسمانێكی نیویۆرك رەفتاری كردووە، نەك وەك دەوڵەتمەدارێك.
* هەندێ لە چاودێران و شرۆڤەكاران پێیانوایە سیاسەتێكی روونی دەرەكی بەدی ناكرێت كە ئیدارەی سەرۆك ترەمپ پیادەی بكات و بگرە هەندێ جار سیاسەتەكانی دژ بە یەكن، ئێوە تا چ راددەیەك لەگەڵ ئەم لێكدانەوەیەدا هاوڕان؟
- بە دڵنیاییەوە ئەوە راستە، واتە لە هەموو حاڵەتەكاندا ئەوەی بە جێگیری ماوەتەوە، ئەوەیە كە فەلسەفەیەك یان چوارچێوەیەك لە ئارادا نییە كە داڕێژەری رەفتار و هەڵسوكەوتەكانی بێت.
* بەڵام ئەوەی ئاشكرایە ئەم ئیدارەیە و خودی ترەمپ زۆر باوەڕیان بە كاركردن نییە لە چوارچێوەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەكاندا، هۆكار و پاڵنەری سەرەكی ئەمە چییە و ئایا ئاكامەكانی چی دەبن؟
- ئەوە ئاشكرایە كە لە پرسی كاری دیپلۆماسیی تاكلایەنانە و فرەلایەنانەدا، ئەوا زۆر خوازیاری كاری فرەلایەنی نییە. بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە ناتۆوە هەبێت، ئەوا سەرۆك دۆناڵد ترەمپ پێیوایە بۆچی دەبێت ئەمریكا خەرجی بەرگریكردن لە وڵاتە ئەوروپییە دەوڵەمەندەكان لەئەستۆ بگرێت، لە كاتێكدا رەنگە ئەو وڵاتانە هێندەی ئەمریكا، رووسیا بە سەرچاوەی هەڕەشە نەزانن، چونكە ئەگەر وا نەبوایە، ئەوا بەو ئاستە بازرگانییان لەگەڵ رووسیا نەدەكرد و خەرجییەكی زیاتری بەرگریكردنیان لە ئەستۆ دەگرت.
* لەلایەكی دیكەوە دەوترێت سیاسەتەكانی ئەمریكا بوونەتە هۆی لاوازكردنی سیستمی لیبڕاڵیی جیهانی، راوبۆچوونی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
- بە تێڕوانینی من سیستمی لیبڕاڵیی جیهانی پێش هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپیش بە دەست كێشەوە گرفتار بوو، تەنانەت ئەگەر هیلاری كلینتۆن-یش سەركەوتبا لە هەڵبژاردنەكاندا، ئەم سیستمە بێ كێشە نەدەبوو. هەرچۆنێك بێت، ئێمە لە نێوەندی گۆڕانكارییەكی دراماتیكیی پەیوەست بە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا دەژین و لە ئێستادا زۆرێك لە سیاسەتە ناوخۆییەكانی وڵاتان، بە ئەمریكاشەوە، هاوسۆز نین لەگەڵ سیستمی دوای جەنگی دووەمی جیهانی، كە ئەمە حاڵەتەكە نەبووە لە 20 ساڵ پێش ئێستادا. من پێموایە ئەمە دۆخەكە دەبێت بە چاوپۆشین لەوەی كێ سەرۆكی ئەمریكا دەبێت.
* هەندێ لە رەخنەگران باس لەوە دەكەن كە ئەمریكا دەستی لە بەرپرسیارێتییە جیهانییەكەی و سەركردایەتییە جیهانییەكەی هەڵگرتووە، ئایا ئێوەش هەمان بۆچوونتان هەیە؟
- نەخێر، من پێموانیە ئەمە راست بێت، چونكە پێگەی ئەمریكا لە دوای رووخانی یەكێتی سۆڤیەتەوە تاوەكو ئەم دواییە حاڵەتێكی دەگمەن و كاتی بوو، كە ئەمریكا بە راددەیەكی گەورە باڵادەست بوو بەسەر زۆرێك لە وڵاتانی دیكەدا، بەڵام ئەوە دۆخێك نەبوو كە درێژە بكێشێت و باوەڕبوونیش بەوەی ئەم دۆخە بەردەوام دەبێت، پێچەوانەیە لەگەڵ هەموو شتێك كە ئاشناین پێی لە بارەی سیاسەتی هێزە مەزنەكانەوە. كەواتە باوەڕم بەوە نییە كە رەوا بێت باسی ئەوە بكەین ئەمریكا پاشەكشە لە سەركردایەتییە جیهانییەكەی دەكات، هەروەها پێموایە كارێكی ناواقیعبینانەیە ئەگەر پێشبینیمان كردبێت كە ئەمریكا دەتوانێت بۆ هەتا هەتایە ئەم ئەدایەی هەبێت.
* وەك بەڕێوەبەری سەنتەرێكی ئەمنی لە یەكێك لە زانكۆ گرنگەكانی جیهان ئایا چۆن وەسفی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان دەكەیت لە ئێستادا و ئایا پێتوایە دووبارە هێزە مەزنەكان كەوتوونەتە ململانێ لەگەڵ یەكتردا؟
- لە راستیدا ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ حاڵەتە ئاساییەكەی سیاسەتی هێزە مەزنەكان، بەتایبەتی ئەگەر ئێمە ئەوە رووداوانە لەبەرچاو بگرین كە لە ماوەی 25 ساڵی رابردودا روویانداوە، هەرچەندە بە دڵنیاییەوە تەحەددیی جیاواز هەبوون، بەڵام لەو باوەڕەدا نیم كە نەتوانین بەسەر ئەو تەحەددییانەدا زاڵ بین.
* ئەی چۆن لە بڕیارەكانی ئەم ئیدارەیە دەروانیت لە ئاست هەندێ لە پرسەكانی پەیوەست بە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، وەك سەپاندنەوەی سزاكان بە سەر ئێران و كشانەوە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە؟
- ئێمە دەزانین ئەوە لە دەرئەنجامی سەپاندنی سزاكانەوە بوو كە ئێران رازی بوو بە ئەنجامدانی رێككەوتنێك بۆ راگرتنی پرۆگرامە ئەتۆمیەكەی، منیش دەڵێم ئەو رێككەوتنە بێ كەموكوڕی نەبوو، بەڵام لە سایەی ئەو هەلومەرجەی ئەو كاتەدا ئەوە باشترین دەرئەنجامێك بوو كە دەتوانرا بەدەست بهێنرێت. بەڵام ئاشكرایە كە سەرۆك ترەمپ و هەندێ لە كەسایەتییەكانی نێو ئیدارەكەی رازی نەبوون بەو رێككەوتنە و پەرۆش بوون بۆ ئەوەی ئەمریكا لێی بكشێتەوە، كە ئەم بڕیارەش ئەمریكا دەخاتە گۆشەیەكەوە، چونكە تۆ لە كاتی گفتوگۆكاندا سیاسەتی سزا و پاداشت دەگریتەبەر، كەچی ئەوەی ئیدارەی ترەمپ دەیكات، تەنیا سەپاندنی سزای ئابوورییە، لە هەمان كاتدا جیهان هاوڕا نییە لەگەڵ تێڕوانینە سلبییەكانی ئێمە لە ئاست ئێراندا. لە دەرئەنجامدا نەبوونی هاوكاریی ئەوروپییەكان، یان رووسی و چینییەكان دەبێتە هۆی لاوازكردنی كاریگەریی ئەم سزایانە.
* بەڵام زۆر باس لەوە دەكرێت كە دەبێت ئەمریكا كار بكات بۆ كەمكردنەوەی رۆڵی ئێران لە ناوچەكەدا، ئێوە چۆن لەم مەسەلەیە دەڕوانن؟
- لە راستیدا من دڵنیانیم لەوەی ئێمە كارێكی زۆرمان پێ بكرێت لەم رووەوە، ئێمە دەزانین بەربەستی سەرەكی بۆ ئیحتیواكردنی دەستڕۆیشتووی ئێران، سەددام حوسێن بوو لە عێراقدا و ئێمەش كۆتاییمان بە دەسەڵاتەكەی هێنا و كاتێكیش شیعە دەسەڵاتیان گرتەدەست ئەوا كاریگەری ئێران بە شێوەیەكی دراماتیكی زیادی لە عێراقدا كرد. لەلایەكی دیكەوە من پێموانییە ئێمە دەمانتوانی كارێكی زۆر بكەین بۆ ئەوەی رێگە نەدەین ئێران پشتیوانی بەشار ئەسەدی بكردایە لە سووریا، كە ئێمە دەزانین ئێران و سووریا بۆ رۆژگارێكی دوور و درێژە پاڵپشتیی حزبوڵا دەكەن. كەواتە ئەمریكا بژارەیەكی زۆری لەبەردەستدا نییە، ئێمە لە ناوچەی كەنداو ویستمان چوارچێوەیەك دروست بكەین بۆ ئیحتیواكردنی ئێران، بەڵام دوچاری كێشە و تەحەددی بووەوە، بەتایبەتی كە دەركەوت قەتەر هێندەی وڵاتانی دیكە دژ بە ئێران نییە. هەروەها روونە كە سعودیە هاوپەیمانێكی مایەی كێشەیە بۆ ئەمریكا، بەو پێیە ئێمە دۆخەكەمان لەو ناوچەیەدا خراپتر كردووە نەك باشتر.
* ئایا پێتوایە بارگرژییەكانی ئێران و ئەمریكا زیاتر هەڵكشێن، بەتایبەتی دوای ئەوەی سەرۆك ترەمپ باسی ئەوەی كرد كە هێزەكانیان بۆ چاودێریكردنی ئێران لە عێراقدا جێگیر دەكەن؟
- ئێمە دەبێت ئەوە بزانین كە ئەمریكا هێزێكی كەمی لە عێراقدا هەیە و ئەم هێزانەش سەرقاڵی پشتیوانیكردنی حكومەتی عێراقن بۆ بەردەوامیدان بە هەوڵەكانیان لە دژی داعش، كەواتە پێموانییە بوونێكی سەربازی هێندە گەورەمان هەبێت لە عێراقدا كە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئێران.
* ئایا پێتوانییە بڕیاری ئیدارەی ئەمریكا بۆ كشاندنەوەی هێزەكانی لە سووریا ناكۆكە لەگەڵ ئامانجی راگەیاندراوی ئەم ئیدارەیە بۆ كەمكردنەوەی دەستڕۆیشتوویی ئێران لە سووریادا؟
- بەڵێ و نەخێر، بەڵێ لەو روانگەیەوە كە ئێمە دەكشێینەوە، بەڵام هێشتا رووسیا و ئێران لەو وڵاتەدا ماون، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین كە ئەوان پێش ئەمریكا لەو وڵاتەدا بوونیان هەبوو، هەروەها سووریا و رووسیاش خوازیاری ئەوەن كە ئێران بوونی هەبێت لەو وڵاتەدا. لەلایەكی دیكەوە ئێمە دەزانین لە بنەڕەتدا ئەمریكا بۆ بەرپاكردنی شەڕی دژ بە داعش لە سووریا بووە و ئێرانیش بە شێوەیەكی لە شێوەكان بەشداربووە لەم شەڕەدا لە رێی پشتیوانیكردنی حكومەتەكەی ئەسەدەوە، كەواتە ئەوەی هەیە دۆخێكی سیاسیی ئاڵۆزە، لەبەر ئەوە من ناتوانم بڵێم ئەوەی ئیدارەی ترەمپ كردی دژ و پێچەوانەیە لەگەڵ ئامانجە راگەیاندراوەكانیدا.
* یەكێك لە لایەنەكانی دیكەی سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ بریتییە لە دەستهەڵگرتن لە پرسی پەرەپێدانی دیموكراسی و بنیاتنانی نەتەوە لە دەرەوەی وڵاتەكەی، لێكدانەوەی ئێوە بۆ ئەم مەسەلەیە چییە؟
- پێموایە هەوڵەكانی ئیدارەی جۆرج بوشی كوڕ- لە میانەی خولی دووەمی سەرۆكایەتییەكەیدا- بۆ بڵاوكردنەوەی دیموكراسی و هەوڵەكانی ئیدارەی ئۆباما بۆ پاڵپشتیكردنی بەهاری عەرەبی هەرگیز ئەگەری سەركەوتنیان لێ نەدەكرا. چونكە بە دەگمەن دەتوانین لە دەرەوەڕا دیموكراسی لە وڵاتێكدا بینێتەدی. بەڵكو دەبێت دیموكراسی لە ناوخۆی وڵاتەكەدا بەرەوپێش بچێت و بگونجێت لەگەڵ سیاسەت و ئابووری و كەلتوری وڵاتەكەدا. كەواتە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستییەی كە هەوڵەكانی ئەمریكا لەم رووەوە شكستیان هێناوە، ئەوا بڕیاری سەرۆك ترەمپ بۆ دەستهەڵگرتن لەم هەوڵانە كارێكی خراپ نییە بە تێڕوانینی من. لەم روانگەیەوە پێموانییە دەستێوەردان، یان بوونێكی بەهێزتری ئەمریكا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببێتە هۆی گۆڕێنی واقیعەكە بە راددەیەكی گەورە و ئەمەش پەند و وانە گەورەكەیە لە مانەوەمان لە ئەفغانستان و عێراقدا، چونكە ئەمریكا ناتوانێت ئەوە جێبەجێ بكات كە خوازیارە و هەوڵەكانیشمان بەم ئاراستەیەدا كارێكی ناواقیعبینانە بوو، چونكە كاتێك ویستمان رژێمە خۆسەپێنەكان لاواز بكەین لە پێناو بە دیموكراتیكردنی ئەو وڵاتەدا، ئەوا دەرئەنجامەكە لە دوو حاڵەت بەدەر نەبوو، یان گرووپەكانی نزیك بە ئێران دەسەڵاتیان گرتەدەست، یان دەوڵەتەكە بووە وڵاتێكی شكستخواردوو، هەروەها پەناگەی گرووپە تیرۆریستییەكانی وەك داعش.