كریستۆفەر فێتەویس پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی بۆ گوڵان: ترەمپ لە روانگەی بزنس و داراییەوە لە جیهان دەڕوانێت

كریستۆفەر فێتەویس  پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی بۆ گوڵان:  ترەمپ لە روانگەی  بزنس و داراییەوە لە جیهان دەڕوانێت
كریستۆفەر فێتەویس پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە زانكۆی تۆلانە، پێشتریش وانەبێژی كاروبارەكانی ئاسایشی نەتەوەیی بووە لە كۆلێژی جەنگی دەریایی، تایبەتمەندی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانە، گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێكرد كە پتر پەیوەست بوون بە سیاسەتی دەرەكیی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ و پەیوەندیی ئەمریكا لەگەڵ هێزە جیهانییەكانی دیكە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار.
* نكۆڵی لەوە ناكرێت كە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ مایەی مشتومڕە و بگرە باس لەوە دەكرێت سیاسەتەكانی هاوئاواز نین، راوبۆچوونی ئێوە لەم بارەیەوە چییە و چ هەڵسەنگاندنێكتان بۆ ئەدای ئەم ئیدارەیە لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا هەیە؟
- لە راستیدا زۆر زەحمەتە بزانین رواڵەكاتەكانی ئەم سیاسەتە چین، لەبەر ئەوەی پێناچێت یەكگرتووییەك لە نێو سیاسەتی دەرەوەی ئەم ئیدارەیەدا هەبێت، چونكە مەسەلەكە كورت بۆتەوە لەوەی ئایا مەیل و خواستی سەرۆك لەو رۆژەدا چییە. بەڵام من هەمیشە ئەوە دەڵێم كە یەكێك لە وانە بنەڕەتییەكانی پەیوەست بە شیكردنەوەی سیاسەتی دەرەوەی هەر وڵاتێك ئەوەیە كە دەبێت لەو هەنگاوانە بڕوانین كە وڵاتەكە دەیانگرێتەبەر، نەك لەو لێدوانانەی كە سەركردەكانیان گوزارشتیان لێدەكەن. بۆ نموونە ئێوە بڕواننە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ، كە چەندین لێدوانی داوە لە بارەی جووڵەپێكردن و كشاندنەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە ناوچەكەی ئێوەدا، وەك سووریا، بەڵام تا ئێستا هیچ یەكێك لەوانە جێبەجێ نەكراون. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە زۆرجار سەركردەكان رووی قسەكانیان لە لایەنگرانی نێو وڵاتەكەی خۆیانەوە و لێدوانەكانیان پەیوەندی نییە، یان ئاماژە نییە بەوەی كە چی روودەدات. لەم روانگەیەوە دەتوانین بڵێین زەحمەتە بزانین سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا بە چ ئاراستەیەكدا دەڕوات و بگرە زۆر دژوارە بزانین كە ئایا لە مانگی داهاتوودا چی دەكات، چ جای ئەوەی باسی ئەو دوو ساڵە دەسەڵاتەكەی بكەین كە ماوە. بەڵام سەرەڕای بوونی نیگەرانییەكان، هیچ شەڕێكی هەڵنەگیرساندووە، كەواتە هۆكاری ئەوەش هەیە كە گەشبین بین.
* كەواتە لەگەڵ ئەو لێكدانەوەیەدا هاوڕایت كە پێیوایە ئەم ئیدارەیە سیاسەتی دژ بەیەكی گرتۆتەبەر لە بواری دەرەكیدا؟
- من پێموایە ئەگەر هەندێ سیاسەتی جێگیریش پیادە كرابێت، ئەوا بە راستی هیچ مانایەكیان نەبووە و چەندین كەسایەتی نێو بواری سیاسەتی دەرەوە ترسیان لێ نیشتووە. من خۆم پێشبینیم نەدەكرد كە كۆدەنگییەك دروست بێت لە نێو كەسایەتییەكانی نێو سیاسەتی دەرەوە، بەڵام ئەوەتا ترس و نیگەرانی لە سیاسەتەكانی ترەمپ كۆدەنگییان دروست كردووە. بەڵام ئەو ترس و نیگەرانییەش هۆكاری جیاوازیان هەیە، بۆ نموونە، نیوموحافیزكارەكان پێیانوایە پێویستە ئەمریكا دەستتێوەردانی زیاتر بكات لە دەرەوە، لە كاتێكیدا ریالیستەكان باوەڕیان وایە كە هەڵسەكەوتەكانی نابەرپرسیارانەیە و پتر عەسكەرتارییە و كەسانێكی كەم هەن كە خۆشحاڵ بن بە واقیعەكە. من تەمەننا دەكەم كە ئەم دوو ساڵەی سەرۆكایەتییەكەی بێ كارەسات و قەیران تێپەڕێ و دووبارە سیاسەتێكی دەرەكیی ئاسایی و پێشبینیكراو بگیرێتەبەر.
* لایەنێكی دیكەی زەقی سیاسەتەكانی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵ ترەمپ بریتیە لە بەدگومانی لەبەرامبەر دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان و تەنانەت ناتۆشدا، تێڕوانینی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- من پێموایە رێگاچارەیەكی كارەساتباری گرتۆتەبەر لە پەیوەندی بە دامەزراوە و رێككەوتن و هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەكانەوە. هەروەها یەكێك لە سیاسەتە جێگیرەكانی بریتی بووە لە بەدگومانی بەرامبەر جیهان، بۆ نموونە نایەوێت كار لەگەڵ هاوپەیمانەكان و بگرە دۆستەكانماندا بكات و لەوەش زیاتر رەخنەیان لێدەگرێت. ئەوە بوو لە دەرئەنجاندا لە چەندین رێككەوتننامەی نێودەوڵەتی كشایەوە، وەك رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا، كە پێموایە باشترین رێككەوتنی كۆنتڕۆڵكردنی چەك بوو، بە هەمان شێوە لە چەندین پەیماننامەی ئابووری كشایەوە، لەگەڵ پەیماننامەی پاریسی تایبەتی بە ژینگە. تاكە وڵاتێك كە مابێتەوە و بەردەوام هاوهەڵوێستی بێت، بریتییە لە ئیسرائیل و ترەمپ زۆرترین لایەنگری هەیە بۆ ئیسرائیل بە بەراورد بە سەرۆكەكانی دیكە، واتە راستە پێشتریش ئەمریكا ناوبژیوانێكی بێلایەن نەبوو، بەڵام هێندەی ئێستاش مەیلی بۆ ئیسرائیل نەبوو. كەواتە هەروەك پێشتریش وتم رێگاچارەیەكی كارەساتباری گرتۆتەبەر لە پەیوەندی بە دامەزراوە و كاركردنی فرەلایەنییەوە.
* ئێمە دەزانین ئەم ئیدارەیە و خودی دۆناڵد ترەمپ چەندین جار رایانگەیاندووە كە چیتر ئەمریكا كار لەسەر پەرەپێدانی مافەكانی مرۆڤ و دیموكراسی ناكات لە وڵاتانی دیكە، ئایا دەرهاویشتەكانی ئەم سیاسەتە لە روانگەی ئێوەوە چی دەبن؟
- ئێمە دەزانین سەرۆك دۆناڵد ترەمپ مەیلی بۆ لای سەركردە خۆسەپێنەكان هەیە و خۆیشی لە ناخدا كەسێكی خۆسەپێنە و مەیلی دیكتاتۆری هەیە، بەڵام ئەوە دامەزراوەكانی ئەمریكان كە كۆنتڕۆڵی ئەم مەیلە دیكتاتۆری و خۆسەپێنیانەیان كردووە. بەڵام ئەو كەسێكە لەگەڵ ڤلادمیر پوتین و كیم جۆن ئۆن و شی جینگ پینگ و محەمەد بن سەلمان دەگونجێت، كە ئێمە دەزانین ئەمانە كەسانێكی دیموكراتی نین. كەواتە دیكتاتۆرەكان بە مامەڵەكردن لەگەڵ یەكدا ئاسوودەن، هیتلەر ئاسوودە بوو بە مۆسۆلۆنی، ترەمپیش بە پوتین و كیم جۆن ئاسوودەیە و ئەمەش كارێكی شێتانەیە.
* لایەنێكی دیكەی سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ بریتییە لە بەكارهێنانی سزای ئابووری بۆ ئەنجامدانی كاروبارەكانی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی، تەنانەت ئەم فشارانە لە دژی هاوپەیمانەكانیشی دەگرێتەبەر، هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ ئەم شێوەكاركردنەی چییە؟
- رەنگە هۆكارەكە ئەوە بێت كە كەسێكی بزنسمانە و لە روانگەیەكی داراییەوە لە سیاسەتی دەرەكی دەڕوانێت، بۆ نموونە ئەگەر ئێمە باس لە ئێران بكەین- كە سزای سەختی بەسەردا سەپاندووە- ئەوا ئەو كەسانەی لە دامەزراوەی سیاسەتی دەرەوەدا كۆكردۆتەوە، كە زۆر سەختگیرن لە ئاست ئێراندا، ئەمەش مایەی نیگەرانیی منە، كە پێموایە ئەم رێگاچارەیە دەرئەنجامی پێچەوانەی لێدەكەوێتەوە و باوەڕم وایە كارێكی نادادپەروەرانە و ناڕەوایەتییەكە كە لەگەڵ خەڵكی ئێراندا دەكرێت. هەروەها ئەوە لەبەرچاو ناگرێت كە ئێران چ كارێكی كردووە بۆ كەمكردنەوەی پرۆگرامە ئەتۆمییەكەی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا. كەواتە دەبینین ئەو كەسانێكی وەك جۆن بۆڵتۆن، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی و مایك پومپیۆ، وەزیری دەرەوە، لە كابینەكەیدا كۆكردۆتەوە، تەنانەت جەیم ماتیس، كە وەزیری بەرگری بوو، یەكێك بوو لە هەرە سەختگیرەكان لە ئاست ئێراندا. كەواتە ئەمە ئەو بەشەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكایە كە من نیگەرانم لەبارەیەوە، نیگەرانم لەو ماوەیەی كە ماویەتی لە دەسەڵاتدا كارێكی گەمژانە و كارەساتبارانە رووبدات لەو ناوچەیەدا. دووبارەی دەكەمەوە ئەو لە روانگەی دارایی و بزنسەوە لە جیهان دەڕوانێت و ئەمەش كارێكی یارمەتیدەرانە نییە، هەروەها ترەمپ كەسێكە ناتوانیت هیچی فێر بكەیت، چونكە هەمیشە پێیوایە ئەو لە هەموو كەس باشتر دەزانێت، ئەمەش مایەی كێشەیە. دواتر من دەمەوێت ئەوە بڵێم كە تاوەكو ئێستا دەسەڵاتدارانی ئێران بەرپرسیارانەتر هەڵسوكەوتیان كردووە بە بەراورد بە ئەمریكا، تا ئێستا ئەوان پابەندن بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە. هەروەها من پێموانییە ئێرانییەكان سازش بكەن و باوەڕم وانییە هیچ پاڵنەرێكیان بۆ ئەو سازشكردنە هەبێت.
* بەڵام ئەوەی روونە ئیدارەی ئەمریكا هەنگاوی تاكلایەنانە هەڵدەگرێت، ئایا پێتوانییە ئەمە لە كۆتاییدا ببێتەهۆی ئەوەی هێزە جیهانییەكانی دیكە بە هەمان شێوە هەڵسوكەوت بكەن و ئەمەش سەربكێشێت بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی ململانێی نێوان هێزە گەورەكان؟
- من نازانم، بەڵام من كەمتر رەشبینم لەبارەی ئایندەی دوورەوە، مەبەستم بەرەوپێشچوونی سیاسەتی نێودەوڵەتییە لە مەودای دووردا. چونكە لە ئێستادا جیهان لە هەر كاتێكی دیكە زیاتر ئاشتی باڵی بەسەردا كێشاوە، ئەگەرچی زۆر كەس درك بەمە ناكەن، واتە ناكۆكییەكی كەمتر لە ئارادایە بە بەراورد بە رۆژگاری رابردوو، هەروەها من گومانم هەیە لەوەی سەرۆكێك بە تەنیا بتوانێت ئەم رەوتە بگۆڕێت، بەتایبەتی ئەگەر دووبارە هەڵنەبژێردرێتەوە، بەڵام لە ئێستادا جیهان و بەتایبەتی ئەوروپییەكان پێیانوایە ئەمریكا رەفتاری شێتانە دەكات، بە ئومێدی ئەوەشن لە كۆتایی ئەم چوار ساڵەدا ئەمریكا كەمێك هۆش بێنێتەوەبەر خۆی، بەڵام ئەگەر دووبارە دۆناڵد ترەمپ هەڵببژێردرێتەوە، ئەوا كێ دەزانێت، ئەوا رەنگە جیهان متمانە بە ئەمریكا لە دەست بدات و مافی خۆشیانە.
* بەڵام زۆر كەس باس لەوە دەكەن كە ئێستا چین وەك هێزێكی هەڵكشاو بۆتە تەحەددییەكی راستەقینە بۆ پێگەی باڵادەستیی ئەمریكا؟
- راستە زۆر كەس نیگەرانە لە بارەی ئەم پرسەوە، ئاشكرایە ئابووریی چین لە گەشەكردندایە و خەڵكێكی داینامیكی هەیە، بەڵام من پێموانییە ئێمە ناكۆكییەكی گەورەمان هەبێت لەگەڵ چیندا، ئەو لێكچوواندنەی بەلای منەوە پەسەندە، ئەوە بوو كە رۆژنامەنووسێك لە ساڵانی چلەكاندا كردی و باسی لەوە كرد كە ئەمریكا و یەكێتی سۆڤیەت هاوشێوەی فیل و نەهەنگێكن، واتە لە ناوچەكەی خۆیاندا باڵادەستن، بەڵام ناتوانن زاڵبن بەسەر ناكۆكییەكەدا. كە پێموایە دەكرێت چین و ئەمریكاش هاوشێوەی ئەم حاڵەتە بن. واتە راستە ئێستا ناكۆكیی ئابووری هەیە لە نێوان ئەمریكا و چیندا، یان شەڕی بازرگانی هەیە، بەڵام تا ئێستا كەس نەبۆتە قوربانی. ئومێد دەكەین بتوانین بۆ هەردوولا رێگای بەرەوپێشچوون بدۆزینەوە، چونكە هەردوولامان بەرژەوەندیی بەهێزمان هەیە لە گرتنەبەری بازرگانیی ئازاددا. راستە لە ئێستادا پەیوەندییەكانمان لەگەڵ چیندا زۆر باش نییە، بەڵام كەس باسی ئەگەری روودانی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی ناكات و من ئومێد دەكەم دۆخەكە بەم شێوەیە بمێنێتەوە و پێشموایە بەم شێوەیە دەمێنێتەوە.
* بەڵام ئەگەر دووبارە بگەڕێینەوە بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئایا پێتوایە لە ئێستادا ئەم ناوچەیە گرنگییەكی كەمتری هەیە بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و پێویستە ئەمریكا كەمتر دەستێوەردان لەم ناوچەیە بكات؟
- بەڵێ، ئەگەر بە شێوەیەكی گشتی قسە بكەین، من هاوڕام لەگەڵ ئەمەدا، چونكە پێموانییە ئێمە چارەسەرمان بۆ كێشەكانی ئەو ناوچەیە پێ بێت و باوەڕم وایە خەڵكی ناوچەكە خۆیان باشتر دەتوانن ئیدارەی كێشەكانیان بكەن و تاوەكو ئێمە باوەڕمان وابێت كە بە دەستتێوەردانەكانمان كێشەكان چارەسەر دەكەین، لەو بوارەدا پێموایە كێشەی زیاتر دەخوڵقێنین و دۆخی ناوچەكەش خراپتر دەكەین. هەروەها دەبێت ئەوە بڵێین كە هیچ كەسێك لە ناوچەكەدا ئەمریكا بە هێزێكی بێلایەن نازانێت، نە لە پرسی پەیوەندیدار بە كێشەكانی كەنداو و نە لە پرسی پەیوەست بە ئیسرائیلدا.
Top