فەریق جەمال سوپاسالاری هێزی پێشمەرگە بۆ گوڵان: ئومێدەوارین حكومەتی عێراق بۆ جێبەجێكردنی مافەكانی پێشمەرگە هەنگاوی كرداری هەڵبگرێت
March 5, 2019
دیمانەی تایبەت
دوای كۆبوونەوەی هەردوو وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگری عێراق لە هەولێر دووبارە پرسی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم قسەو باسێكی زۆری لەسەر دەكرێت؛ ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ چەندین پرسی دیكەی تایبەت بە شایستە داراییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و پرۆژە چاكسازییەكەی، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم تەوەرانە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ فەریق جەمال سوپاسالاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئەنجام دا.* وەك دەزانین بەم دواییە سەرۆكی ئەركانی سوپای عێراق سەردانی كوردستانی كرد، ئایا دوای كۆبوونەوەتان لەگەڵیدا هیچ هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی ناوچە جێناكۆكەكان بەهاوبەشی لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای عێراق بەڕێوە ببرێت؟
- سەرەتا دەبێت ئاماژە بەوە بدەین كە لە دوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، ئێمە هیچ پەیوەندی و دانوستاندنێكی راستەوخۆ و هیچ هەماهەنگییەكمان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان نەمابوو. بەڵام ماوەیەك پێش ئێستا سەرۆك ئەركانی سوپای عێراق هاتە هەولێر و سەردانی جەنابی سەرۆكی كرد و داوای لە جەنابیان كرد، دووبارە گفتوگۆ لە نێوان هێزی پێشمەگەر و وەزارەتی بەرگری عێراق و هەماهەنگی لە نێوانیاندا دەستپێبكاتەوە، چونكە ئێمە دەزانین كە جموجووڵەكانی داعش لەو ناوچانە زیاتر بووە. ئەوە بوو لە سەرەتای مانگی شوباتدا لیژنە باڵای وەزارەتی بەرگری عێراق لەگەڵ پێنج لیژنەی لاوەكی سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەیان كرد، بە هەمان شێوە ئێمەش بە لیژنەیەكی باڵا و پێنج لیژنەی لاوەكی بەشداریمان كرد، كە ئاساییە ئەمە یەكەم كۆبوونەوە بووە و ناكرێت رێككەوتن لەسەر هەموو شتێك بكرێت، بەڵكو پتر بۆ ئەوە بوو كە لیژنە لاوەكییەكان یەكتر بناسن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو خاڵەی رێككەوتنمان لەسەر كرد، بریتی بوو لە مەسحكردنی ناوچەكان – ئەوانەی پێشمەرگەی لێ جێگیر كراون و ئەو ناوچانەشی كە هێزە عێراقییەكانی لێن-، واتە هەر لە خانەقین تا رۆژهەڵاتی دیجلە. تا ئێستا تەنیا ئەم هەنگاوە هەڵگیراوە، كە ئەمەش خۆی بەرەوپێشچوونە، چونكە ئەوە نزیكەی دوو ساڵە دەرگای ئەم پەیوەندییانە بە داخراوی ماوەتەوە. هەرچۆنێك بێت تا ئێستا رێككەوتن نەكراوە لەسەر ئەوە هێزی پێشمەرگە بچێتە چ ناوچەیەك، چونكە ئەمە مەسەلەیەكە كاتی دەوێت و هێشتا زووە باسی لێوە بكەین. بەڵام ئاشكرایە كە رۆژ بە رۆژی دۆخی ئەو ناوچانە لە رووی ئەمنییەوە ئاڵۆزتر دەبێت، چالاكییەكانی داعش زیاتر دەبن و خەڵكێكی زیاتر ئاوارە دەبن، لە كاتێكدا پێشتر كە لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزی پێشمەرگەدا بوون، ناوچەیەكی ئارام و پارێزراو بوون.
* ئایا ئێوە ئاماژەی ئەوە بەدی دەكەن كە ئەم كۆبونەوانە بەرەوپێشچوونی زیاتریان لێ بكەوێتەوە؟
- ئێمە دەبێت لەم پرسەدا روون و راشكاو بین و دان بە واقیعی حاڵی خۆماندا بنێین، چونكە پێش ساڵی 2014 ناوچەكە لە خانەقینەوە تاوەكو شنگال لەژێر كۆنتڕۆڵی ئێمەدا بوو، ئێستا زۆربەی هەرە زۆری ئەو دەڤەرانە لەژێر دەسەڵاتی سوپای عێراقدان، بەتایبەتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان. كەواتە دووپاتی دەكەمەوە بەرەوپێشچون لەم مەسەلانەدا كاتی دەوێت و ئێمە لە كۆبوونەوەكانی داهاتوودا لەگەڵیاندا گفتوگۆ دەكەین و دەرئەنجامەكەی بەندە بە كۆبوونەوە و گفتوگۆی نێوان لیژنەكانەوە.
* بەڵام ئێمە دەزانین دوای سەردانەكەی جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا، گرژی و ئاڵۆزییەكان خاو بوونەتەوە و زەمینەی لەبار رەخساوە بۆ لێكتێگەیشتن و بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، ئایا ئەگەری دروستبوونەوەی هەماهەنگی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقیشدا یەكێك لە دەرئەنجامەكانی ئەو سەردانەیە؟
- بە دڵنیاییەوە سەردانەكەی جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا سەردانێكی مێژوویی بوو، ئێمە دەزانین حكومەتی پێشوی عێراق هەموو دەروازەیەكی لەسەر هەرێمی كوردستان داخستبوو، بەڵام ئەوە بوو دوای هەڵبژاردنەكان حكومەتێكی نوێ پێكهات، ئاشكراشە سەرۆكی حكومەتەكە، بەڕێز عادل عەبدولمەهدی پەیوەندی باشی لەگەڵ جەنابی سەرۆك هەیە. لێرەدا مەبەستم ئەوەیە بڵێم ئەو سەردانە دەرهاویشتەی باشی هەبوو، كە سەردانی سەرۆك ئەركانی سوپای عێراقیش بۆ لای بەڕێزیان یەكێك بوو لە دەرئەنجامەكانی ئەو سەردانە گرنگە. واتە لێرەدا من لە روانگەی سەربازی و ئەمنییەوە باس لەم مەسەلەیە دەكەم و بێگومان سەردانی جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا، رێگای خۆشكرد بۆ ئەوەی دووبارە لەگەڵ لایەنی سەربازیی عێراقییەكان كۆببینەوە و باسی هەماهەنگی لەگەڵ یەكتردا بكەین.
* ئەی چۆن لە دەرئەنجامەكانی ئەو سەردانە لەسەر جێگیركردنی مووچە و شایستە داراییەكانی هێزی پێشمەرگە لە بودجەی عێراقدا دەڕوانن؟
- لە راستیدا هەر سەردان و هەماهەنگییەك لەگەڵ بەغدا دەرئەنجامی باشی لێدەكەوێتەوە، بەتایبەتی كە ئێمە دەزانین سەرۆك بارزانی خاوەنی كەسایەتییەكی ئیقلیمی و نێودەوڵەتییە و عێراقییەكان و وڵاتانی ئیقلیمیش دەزانن قورسایی و سەنگی جەنابیان چەندە. ئەوەی پەیوەست بێت بە لایەنی دارایی و شایستەكانی هێزی پێشمەرگە، ئەوا هێشتا ئێمە نەچووینەتە نێو وردەكارییەكانیەوە.
* بەڵام ئێستا باس لەوە دەكرێت كە تێڕوانینی حكومەتی نوێی عێراق بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان جیاوازە، ئاماژە بەوە دەكات كە هێزی پێشمەرگە بەشێكە لە سیستمی بەرگریی عێراق، ئایا ئومێد دەكرێت ئەمە هەنگاوی عەمەلی بەدوادا بێت و پێشمەرگە لە مافەكانی خۆی بێبەش نەكرێت؟
- ئێمە دەزانین لە نێو حكومەتی عێراق و لە پەرلەمانی عێراقیشدا وەك بەشێك لە سیستمی بەرگریی عێراق باس لە پێشمەرگە دەكرێت، بەڵام كێشەكە ئەوەیە لە رووی عەمەلییەوە تا ئێستا هیچ بۆ پێشمەرگە نەكراوە و لە بودجە و چەك و تەقەمەنییەكان وەزارەتی بەرگریی عێراق بێبەش كراوە. ئومێدی ئێمەش ئەوەیە ئەمجارەیان حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی هەنگاوی كرداری هەڵبگرێت بۆ جێبەجێكردنی مافەكانی پێشمەرگە، وەك بەشێك لە سیستمی بەرگریی عێراق. بۆ ئەوەی ئەمەش ببێتە دەستپێكی گەڕاندنەوەی متمانە لە نێوان هەردوولادا.
* بەڵام وەك باس دەكرێت هێزە هاوپەیمانەكان، بەتایبەتی ئەمریكا دەیانەوێت ئەم پەیوەندی و هەماهەنگییە دروست بێت لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا، ئێوە رۆڵی هێزە هاوپەیمانەكان لەم رووەوە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
- زۆرجار هاوپەیمانەكان ئەم بابەتەیان لەگەڵ ئێمەدا باس كردووە، بە هەمان شێوە لەگەڵ عێراقیشدا تاوتوێیان كردووە و ئەوان گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە ئەگەر هەماهەنگی نەبێت لە نێوان هەردوولادا –هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق- ئەوا جموجووڵی داعش زیاتر دەبێت لەو ناوچانە. كەواتە ئەوان رۆڵیان هەبووە، بەڵام لە كۆبوونەوەكاندا بەشدار نەبوون، ئەگەرچی بەدواداچوون بۆ بەرەوپێشچوونی كۆبوونەوەكان دەكەن.
* ئەی هاوكارییەكانیان بۆ هێزی پێشمەرگە لە رووی دابینكردنی پێداویستی و مەشق و راهێنانەوە تا چەند بەردەوامە؟
- تا ئێستا هێزە هاوپەیمانەكان بوونیان هەیە و هەر دوو هەفتە جارێك كۆبوونەوەیەكمان لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی نێو هاوپەیمانێتییەكە هەیە كە لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجام دەدرێت. بەڵام لە دوای تەواوبوونی شەڕی داعش ئەوان هیچ هاوكارییەكیان نەكردووین لە رووی چەك و تەقەمەنییەوە، واتە هاوكارییەكانیان زیاتر هاوكاریی لۆژیستین، دابینكردنی خۆراك و سووتەمەنی و تەواوكردنی مووچەیە، چونكە مووچەی نزیكەی 36 هەزار پێشمەرگە لەلایەن ئەمریكییەكانەوە دابین دەكرێت و لە رووی مەشق و راهێنانیشەوە تاوەكو ئێستا ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی دیكە بەردەوامن لەسەر مەشقپێكردنی پێشمەرگە.
* ئەی پرسی چاكسازی لە نێو وەزارەتی پێشمەرگە بە كوێ گەیشتووە؟
- لە راستیدا تا ئێستا پێنج خاڵ لە 35 خاڵەكەی چاكسازی جێبەجێ كراوە، بەڵام خاڵی هەرە سەرەكی لەم پرۆسەیەدا یەكەكانی 70 و 80یە، هەرچەندە لە كاتی گفتوگۆكانمان لەگەڵ راوێژكارە ئەمریكی و بەریتانییەكان باس لەوە دەكرێت كە چاكسازییەكە لە نێو وەزارەتەوە دەستپێبكات و هەیكەلی وەزارەت بچووك بكەینەوە، بەتایبەت كە هەندێ بەڕێوبەرایەتی و بەش هەن، كە هیچ كارێكمان پێیان نییە، واتە سەرەتا لە نێو بارەگای وەزارەت دەستپێبكرێت، دوای ئەوە هەنگاو هەڵبگرین و یەك میلاك بۆ لیواكان دابنێین وەك لیوای 1 و 2 كە ئەمریكییەكان مەشقیان پێكرد، دوای تەواوبونی وەزارەت و لیواكانی ئینجا دەست بە یەكەكانی 70 و 80 بكەین و لەم رووەوە سەقفی زەمەنی دابنرێت بۆ ئەوەی چاكسازییان تێدا بكرێت، ئەمەش پرۆسەیەكی ئاسان نییە و كاتی دەوێت. هەروەها من دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە ئێمە توانیومانە ئەو لیوایانە دووبارە یەكبخەینەوە كە لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر لێكترازان.