شاون شافێر پڕۆفیسۆری رۆژنامەگەری بۆ گوڵان: رۆژنامەگەری دەتوانێت متمانە بەدەست بهێنێت ئەگەر بابەتی دروست و پەیوەست بە ژیانی كۆمەڵگە بڵاو بكاتەوە

شاون شافێر  پڕۆفیسۆری رۆژنامەگەری بۆ گوڵان:   رۆژنامەگەری دەتوانێت متمانە بەدەست بهێنێت ئەگەر بابەتی دروست و پەیوەست بە ژیانی كۆمەڵگە بڵاو بكاتەوە
شاون شافێر پڕۆفیسۆر و سەرۆكی بەشی رۆژنامەگەرییە لە زانكۆی میترۆپۆلیتان ستەیت، جگە لەوە خاوەنی پتر لە 20 ساڵ ئەزموونە وەك رۆژنامەنووس و بەڕێوەبەری نووسینی چەندین رۆژنامە و گۆڤارە، هەروەها تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگە، وەك ئیتیكی رۆژنامەگەری، ئیتیكی راگەیاندن، تەوژمە كۆمەڵایەتییەكانی نێو میدیا، پێشتریش لە زانكۆی ئۆكلاهۆما سیتی وانەبێژی رۆژنامەگەری بووە. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا شرۆڤەكرد، كە پەیوەست بوون بە ئەو تەحەددی و دژوارییانەی لە ئێستادا رووبەڕووی رۆژنامەگەری دەبنەوە.
* زۆر باس لەوە دەكرێت كە رۆژنامەگەری و راگەیاندن بە گشتی رووبەڕووی ئاستەنگ بۆتەوە و بە ئاسانی ناتوانێت رۆڵی تەقلیدیی خۆی وەك چاودێرێك ببینێت، بە تێڕوانینی ئێوە گرنگترینی ئەو تەحەددییانە چین كە لە رۆژگاری ئێستادا دوچاری رۆژنامەگەری بۆتەوە؟
- بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین لە ئێستادا رۆژنامەگەری رووبەڕووی تەحەددییەكی زیاتر بۆتەوە، هەروەها پێموایە گەورەترین تەحەددی بریتییە لە داكشانی رۆژنامەگەریی تەقلیدیی چاپكراو، بە هەمان شێوە ئەوەی جێی سەرنجە رۆژنامەگەریی پەخشكردنیش لە داكشاندایە، كە دەرئەنجامەكانیشی لە كەمبوونەوەی كارد لە بواری رۆژنامەگەریدا دەركەوتووە. لێرەدا مەبەستم ئەوەیە، رۆژنامەگەری بە دەست چۆنێتیی گەیاندنی هەواڵ و بابەتەكانیەوە دەناڵێنێت، كە ئێستا خەڵكی لە رێی مۆبایلەكانیانەوە ئەو بابەت و هەواڵانە وەردەگرن. ئەوەی من و هاوەڵەكانم زۆر تەركیزی لەسەر دەكەین لەم رووەوە، بریتییە لەوەی، پێویستە چی بكەین بۆ ئەوەی رۆژنامەگەریی تەقلیدی بە شێوەیەكی كارا كارەكانی ئەنجام بدات. ئەوەی لەم رووەوە مایەی دڵنەواییە، ئەوەیە كە هێشتا گەیاندنی بابەت و هەواڵەكان جێی بایەخ و گرنگیپێدانە، واتە هێشتا گێڕانەوە و داڕشتنەوەی بابەت و هەواڵەكان بە شێوەیەكی كارا جێی بایەخە، بە هەمان شێوە وێنەش. ئەوەی ئێمە لە توێژینەوەكانماندا جەختی لەسەر دەكەینەوە، ئەوەیە كە دەبێت وێنە و مانشێتەكان یەك بگرنەوە، ئەگەرنا خوێنەر لەدەست دەدەیت. مەسەلەیەكی دیكە هەیە، پەیوەستە بەوەی ئێستا سۆشیاڵ میدیاش هاتۆتە گۆڕەپانەكە بۆ گەیاندنی هەواڵ و بڵاوكردنەوەی وێنە و راكێشانی سەرنجی خوێنەر و بینەر، كە پێموانییە لەم رووەوە ئەدایەكی باشیان هەبووبێت.
* كەواتە پێتوانییە بەرەوپێشچوونی تەكنەلۆژیا كە بۆتەهۆی گەیاندنی راستەوخۆی هەواڵ و بابەتەكان، هۆكارێك بن بۆ كەمبوونەوە و داكشانی رۆڵی رۆژنامەگەریی تەقلیدی؟
- نەخێر، لەبەر ئەوەی رەنگە تۆ بتوانیت مانشێتێكی سەرنجڕاكێش یان ورووژێنەر بڵاو بكەیتەوە و بۆ ماوەیەك هزر و سەرنجی خەڵك بەلای خۆتدا رابكێشیت، بەڵام ئەگەر بتەوێت خوێنەرت هەبێت، دەبێت بابەتەكانت ناوەڕۆكیان هەبێت بۆ ئەوەی جارێكی دیكە خەڵكی وەك سەرچاوە لێت بڕوانن.
* بە تێڕوانینی ئێوە دەكرێت سۆشیال میدیا وەك فەیسبوك و تویتەر بە ئامراز، یان دەزگایەكی راگەیاندنی تەقلیدی دابنرێت؟
- رەنگە بتوانێت ئەم رۆڵە ببینێت، بەڵام ئەوەی تا ئێستا بەدی كراوە، ئەوەیە كە ئەدایەكی باشی نەبووە لەم رووەوە، لەبەر ئەوەی نەمانبینیوە لە سۆشیال میدیادا پێش بڵاوكردنەوەی هەواڵ و بابەتەكان لێكۆڵینەوە و وردبوونەوە لە سەرچاوەكان بكرێت، یان هەواڵ و بابەتەكان لە چەند سەرچاوەیەكەوە دووپات بكرێتەوە، یان پشتڕاست بكرێتەوە، بەڵكو پتر بابەتی تاكسەرچاوەیین.
* ئێوە كەسێكی شارەزای بواری ئیتیكی رۆژنامەگەرین، پێتانوایە سۆشیال میدیا وەك (فەیسبووك و تویتەر) تا چ راددەیەك بە ئیتیكی رۆژنامەگەرییەوە پابەند بوون، یان تا چ راددەیەك رەچاویان كردووە؟
- من پێم ناخۆشە بەم راشكاوییە قسە دەكەم، بەڵام وەڵامەكەم نەخێرە، لەبەر ئەوەی خەمی فەیسبووك و ئینستیگرام و تویتەر ئەوە نییە ئەو بابەت و هەواڵانە بڵاو ببنەوە كە دەبنە هۆی پێدانی زانیاری بە هاووڵاتییان و بەرچاوڕوونییان، بەڵكو زیاتر مەبەستیان ئەوەیە چۆن خەڵكێكی زیاتر كلیك بكەن و لە حیسابی تویتەر، یان تویتەر بڕوانن، ئەمەش هەلومەرجێك نییە كە بە زەروورەت ببێتەهۆی هێنانەئارای بابەتێك كە بە راستی سوودبەخش بێت. كەواتە لە روانگەی ئیتیكی رۆژنامەگەرییەوە دەتوانین بڵێین ناكرێت لە رێی سۆشیاڵ میدیاوە كارێكی رۆژنامەگەری ئەنجام بدەیت كە رەچاوەی رێسا ئیتیكییەكانی تێدا بكرێت.
* ناكرێت ئێمە باسی تەحەددی و كێشەكانی ئێستای رۆژنامەگەری بكەین و ئاماژە بە دەستەواژەی هەواڵی ساختە نەكەین، كە ئێستا بۆتە دەستەواژەیەكی بەربڵاو بە تایبەتی لە ئەمریكا، تێگەیشتنی ئێوە بۆ هۆكارەكانی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی هەواڵی ساختە چییە؟
- پێموایە بەكارهێنانی دەستەواژەی هەواڵی ساختە ئامرازێكی بەهێزە، كە بەكار دەهێنرێت بۆ ئەوەی خەڵكی ئاگاداری هەواڵ و بابەت و زانیارییەكان نەبن و لە تاریكیدا بمێننەوە، جێی سەرنجە كە سەرۆكێكت هەبێت كە هەر راپۆرتێكی رۆژنامەگەری بە دڵی ئەو نەبێت، ئەوا بە هەواڵی هەڵبەستراو و ساختە وەسفی بكات و شوێنكەوتووەكانیشی هەمان رێچكەی ئەو بگرنەبەر، ئەمە لە كاتێكدا كە هیچ هەواڵێكی هەڵبەستراو لە ئارادا نەبێت. من هەمیشە ئەوە بە قوتابییەكانم دەڵێم كە ئەگەر هاتوو مانشێتێكتان خوێندەوە و تووڕەی كردن، ئەوا هەناسەیەكی قووڵ هەڵمژن و ئینجا بگەڕێن بە دوای سەرچاوەكەیدا.
* لە وەڵامەكەتدا ئاماژەت بەوە كرد كە ئەم دەستەواژەیە زیاتر لەلایەن سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپەوە بەكار دەهێنرێت، بە دیدی ئێوە سەرۆك بۆچی هێندە پەنا دەباتە بەر بەكارهێنانی ئەم دەستەواژەیە، ئایا دەتوانین بڵێین لە نێوان سەرۆكی ئەمریكا و راگەیاندنی ئەو وڵاتەدا پەیوەندییەكی دوژمنكارانە هەیە؟
- بە تێڕوانینی من سەرۆكی ئەمریكا گرنگە بە لایەوە كە ئەوەندەی دەكرێت ئەو پەیوەندییە دوژمنكارانە بێت، چونكە ئەمە دەبێتەهۆی كۆكردنەوەی پشتیوانیی زیاتری ئەو كەسانەی كە لایەنگرین، لەبەر ئەوەی هەر كاتێك كە راپۆرتێكی رۆژنامەوانی بڵاو ببێتەوە و باسی لایەنە باش و گەشەكانی سەرۆك نەكات، ئەوا بە ساختە و هەڵبەستراو ناوزەدیان دەكات، لێرەوە بۆمان دەردەكەوێت كە ئەمە ستراتیژییەتێكی سەركەوتووە كە سەرۆك سەبارەت بە چۆنێتی هەڵسوكەوتكردن لەگەڵ راگەیاندندا گرتوویەتەبەر. كەواتە من لە هۆكارەكانی هێرشەكانی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بۆ سەر راگەیاندن تێدەگەم، چونكە ئەمە خزمەتێكی زۆر بەو دەكات، هەرچەندە ئەمە خزمەت بە دیموكراسی لە وڵاتەكەدا ناكات، و بگرە مایەی نائومێدییە كە سەرۆكێكت هەبێت كە هەوڵدەدات كارێك بكات ئەو كەسانەی رووماڵی هەواڵەكانی دەكەن، وەك كەسانی بێ متمانە و بێ میسداقیەت دەربكەون، هەر لەم روانگەیەشەوە بە دوژمنی خەڵكی وەسفیان دەكات، ئەمەش مایەی نیگەرانییەكی جیددییە و كارێكی بێ مانایە.
* سەرۆك ترامپ زیاتر تویتەر بەكار دەهێنێت بۆ گەیاندنی پەیامەكانی، هۆكاری ئەمە بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟
- بەڵێ، ئەمە وایە و هۆكارەكەشی ئەوەیە كە لەگەڵ خەڵكیدا لە پەیوەندییەكی راستەوخۆدا بێت، دواتر ئەگەر تۆ ئامرازێكت هەبێت كە لە رێیەوە خەڵكی راستەوخۆ پەیامەكانت لێ وەربگرن، ئەوا بۆچی ئەم ئامرازە بە شێوەیەكی كارا بەكار نەهێنیت؟ ئێستا توێژینەوەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە چۆن لای نەوەی ئێستا مانشێت بۆتە هەواڵ و بابەت، كەواتە كاتێك چەند وشەیەكی كەم جێی تەواوی بابەت و هەواڵەكان بگرێتەوە، ئەوا ئەمە لەبارەی ئەو واقیعەی كە ئێستا لە ئارادایە شتێكی زۆرمان پێدەڵێت.
* پێتوایە لە ئێستادا خەڵكی بە گشتی و خەڵكی ئەمریكا بەتایبەتی، بە كەمترین متمانەوە لە كار و ئەدای رۆژنامەگەری دەڕوانێت؟
- ئەمە پرسیارێكی باشە، چونكە بەردەوام هێرش دەكرێتەسەر میسداقیەت و متمانەی رۆژنامەگەری، بە چاوپۆشین لەوەی چەند بە باشی كارەكەی خۆی ئەنجام دەدات. لەگەڵ ئەوەشدا تەحەددی گەورەی رۆژنامەگەری ئەوەیە كە بەردوامی بدات بە كاری چاودێریكردن و ئەوەندەی دەكرێت لەم ئەركەدا سەركەوتوو بێت.
* كەواتە لە ئێستادا ئێمە زیاتر پێویستمان بە چ جۆرە رۆژنامەگەرییەك هەیە؟
- ئەوەی لە ئێستادا زیاتر مایەی نیگەرانییە، ئەوەیە كە پتر رۆژنامەگەری جەخت لەسەر كەسایەتییەكان دەكاتەوە، بۆ نموونە، لە كۆبوونەوەی حزبی دیموكراتی لە ئەمریكا ئەوانەی رووماڵی گردبوونەوەكە دەكەن، زیاتر تەركیز لەسەر كەسایەتییەكان دەكەنەوە، نەك لەسەر پلان و بەرنامەی ئەو كەسایەتییانە، ئەمە نیگەرانیی منە بۆ رووماڵ و راپۆرتەكانی پەیوەست بە گردبوونەوە سیاسییەكان، بۆ نموونە، سەبارەت بە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ، دەبێت تەركیز لەسەر ئەوە بێت، ئایا سیاسەتەكانی چ كاریگەرییەكیان لێدەكەوێتەوە، نەك ئەوەی كەسایەتیی ئەو چۆنە.
* چۆن لە ئایندەی كاری رۆژنامەگەری دەڕوانیت؟ ئایا دەتوانێت متمانە بەدەست بهێنێتەوە؟
بە تێڕوانینی من رۆژنامەگەری دەتوانێت متمانە بەدەست بهێنێت كاتێك هەواڵ و بابەتەكانی راست و دروست و بنەڕەتی دەبن، مەبەستم ئەوەیە نیگەرانییەكە پەیوەستە بەوەی ئایا ئەم بابەتانەی بڵاوی دەكەیتەوە، ئیدی چاپكراو بێت، یان پەخشكراو، یان ئۆنلاین بێت، تا چ راددەیەك زانیاریی گرنگ و بنەڕەتی و راست و دروست لە بارەی ژیانی كۆمەڵگەكەوە لەخۆدەگرن، واتە ئەگەر ئەم كارە بكەیت، ئەوا ئەركی خۆت وەك رۆژنامەنووس بەجێهێناوە و خزمەت بە بیرۆكەی رۆژنامەگەریی ئازاد دەكەیت.
Top