مونا نەبی قەهوەچی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بۆ گوڵان: پێدانی پۆستێكی سیادی بە پێكهاتەیەكی رەسەن لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستانەو دەیسەلمێنێت ئەم هەرێمە شوێنی پێكەوەژیانە

مونا نەبی قەهوەچی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بۆ گوڵان:  پێدانی پۆستێكی سیادی بە پێكهاتەیەكی رەسەن لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستانەو دەیسەلمێنێت ئەم هەرێمە شوێنی پێكەوەژیانە
هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان پەرەسەندن و وەرچەرخانێكی گەورەی بەخۆوە بینی، كە ئومێد دەكرێت ئاماژە و سەرەتایەك بێت، بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتر و كاریگەریی ئەرێنیی هەبێت لەسەر رۆڵی پەرلەمان و ئەو ئەدایەی لێی چاوەڕوان دەكرێت. ئەم پرسە و چەند بابەتێكی دیكە، بوونە تەوەری دیدارێكی گوڵان لەگەڵ مونا نەبی قەهوەچی، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان.
* هەڵبژاردنتان وەك نوێنەری توركمان بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بۆ بەرەوپێشەوەچوونی پرۆسەی سیاسی لە كوردستاندا وەرچەرخانێكی دیكەیە، هەروەها جۆرێك لە پشتگیریی سەرۆك بارزانی بۆ مافی نەتەوەكانی دیكەی لە كوردستاندا لێ دەخوێندرێتەوە، وەك نوێنەری توركمان، هەروەها نەتەوەی كلد و ئاشووریش، بەو حیسابەی ئەم پۆستە هەر دوو ساڵ جارێك بۆ لایەكتان دەبێت، ئایا بوونتان بە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، بۆ پێكهاتەكان چ مانایەكی هەیە؟
- بۆ یەكەمجارە پێكهاتەی توركمان لە كوردستاندا پۆستێكی سیادی وەك جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانی پێ بدرێت، ئەمەش وەكو ئیستحقاقێكی نەتەوەی توركمانە لە هەرێمدا، وەرگرتنی ئەم پۆستەش بۆ پێكهاتەیەكی رەسەنی ئەم وڵاتە و لە سایەی پاڵپشتیی هەمیشەیی جەنابی سەرۆك بارزانی چاوەڕوانكراو بوو، جەنابی سەرۆك بارزانی پشتگیریی هەموو پێكهاتەكانی كوردستان دەكات، هەر لە توركمان و كلد و ئاشووری و سریانی و ئەرمەنی، نەتەوەی توركمانیش بەهەمان شێوە مافی خۆیەتی لە پۆستە باڵاكاندا نوێنەری تایبەت بەخۆیان هەبێت، تاوەكو ئەمە ببێتە رەنگدانەوەی پێكەوەژیان لە كوردستاندا. ئەمە بۆ یەكەمجارە لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق و ناوچەكە وەكو پێكهاتەی توركمان و ئافرەتێك ئەو پۆستە وەربگرین، ئەمە لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستانە و دەیسەلمێنێت كە كوردستان شوێنی پێكەوەژیان و لێبووردەییە، لە سێی ئەیلوول و لەپاش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كەناڵەكانی راگەیاندن و دانوستانەكانیشەوە گفتوگۆ و داوامان كردووە، كە پێكهاتەی توركمان لە هەرێمی كوردستان لە پۆستە باڵاكاندا پشكی خۆیان هەبێت، كاتێكیش شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان هاتنە لامان پێمان گوتن بە پێویستی دەزانین جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بۆ پێكهاتەی توركمان بێت، تاوەكو ئێمەش وەكو پێكهاتەی توركمانی رۆڵێكی راستەوخۆمان لە پرۆسەی یاساداناندا هەبێت. ئێمە داواكارین و ئومێدمان زۆرە لە پۆست و پایەكانی دیكەدا زیاتر گرنگی بە پێكهاتەكان بدرێت، پێكهاتەكانی توركمان و كلدو ئاشوور و سریان و ئەرمەنی، چەندین ساڵە لەگەڵ گەلی كورد لەسەر ئەم خاكە پێكەوە دەژین و لە خۆشی و ناخۆشییەكاندا بە درێژایی مێژووی خەبات بەشدارن، پێكهاتەكان رۆڵێكی باشیان هەبووە، بەشداریی پێكهاتەكانیش لە هەرسێ دەسەڵاتی كوردستاندا بۆ دنیا دەیسەلمێنێت، كە كورد و كوردستان بڕوایان بە پێكەوەژیانی راستەقینە لەنێوان هەموو پێكهاتەكاندا هەیە. هەروەها ئەمە بۆ یەكەمینجارە پۆستێكی باڵا بە ئافرەتێك دەدرێت و سەرپەرشتیی ئەم پلە باڵایە دەكات، ئەمە وێڕای ئەوەی دەنگدان بە ئێمەی توركمان متمانەدانە بە خەڵكی توركمان و ئەم پێكهاتە گرنگەی كوردستان، لە هەمان كاتدا خەبات بۆ زامنكردنی تەواوی ماف و ئامانجەكانی سەرجەم پێكهاتەكانی دیكەی كوردستانیش دەكەین.
* بەردەوام نەتەوەكانی دیكەی كوردستان گلەیی ئەوەیان لە برا كوردەكانیان هەبوو كە لە پرۆسەی بڕیاردانی سیاسیدا بوونیان نییە، بەڵام ئێستا لەگەڵ بوونی ئێوە بە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، نەتەوەكانی دیكە لە پرۆسەی بڕیاردانی سیاسیدا رۆڵیان دەبێت و هاوبەش دەبن، ئایا تاچەند بوونی نەتەوەكانی دیكە لە سەرۆكایەتیی پەرلەماندا پێناسەیەكی دیكە بە ناسنامەی كوردستانیبوونی هاووڵاتیانی كوردستان دەدات و تاچەند دەبێتە هۆكاری ئەوەی نەتەوەكانی دیكەش وەك توركمان و ئاشوور و كلد و سریان ئەم كوردستانە بە نیشتمانی خۆیان بزانن؟
- وەكو لە وەڵامی پرسیارەكانی پێشوودا ئاماژەم پێدا، دەنگدان بە ئافرەتێكی توركمانی متمانەدانە بەخەڵكی توركمان و پێناسەیەكی دیكە بە كوردستانیبوونی هاووڵاتیانی كوردستان دەدات، پۆستی جێگری دووەمی پەرلەمان بەشێوەیەكی فەرمی دراوە بە پێكهاتەی توركمان، بەڵام من وەكو نوێنەرایەتی 11 كورسیی هەموو پێكهاتەكانی توركمان و كلدو ئاشوور و سریان و ئەرمەن مامەڵە دەكەم، لەسەر بنەمای باوەڕبوونمان بە پێكەوەژیان و كولتووری لێبووردەیی بەشانازییەوە نوێنەرایەتیی ئەو پێكهاتانە دەكەم. هەربۆیە من لە سەرۆكایەتی پەرلەمان دەبمە پارێزەری سەرجەم پێكهاتەكان، بێگومان نابێت ئەوەشمان لە یاد بچێت كە من وەكو جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان نوێنەرایەتیی سەرجەم فراكسیۆنەكانی بەشداربوو لە پەرلەمانی كوردستان دەكەم بە بێ جیاوازی.
* بەپێی ژمارەی ئەو ئەندامانەی دەنگیان بە هەرسێ كاندیدەكەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانداوە، تێبینی ئەوە دەكرێت كە فراكسێۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان كە گەورەترین فراكسیۆنە و خاوەنی 45 كورسیی پەرلەمانە، هۆكاری سەرەكییە بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم پۆستە بۆ پێكهاتەی توركمان لە پەرلەماندا، پرسیاری ئێمە ئەوەیە بڕوابوونی پارتی و بارزانی بە شەراكەتی راستەقینەی نێوان تەواوی نەتەوەكانی كوردستان لە لای ئێوەوە چۆن دەخوێندرێتەوە؟ ئایا هەست ناكەن بێجگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، لایەنەكانی دیكە لە پەرلەماندا ئەم مافە شەرعییە بە پێكهاتەكانی دیكە رەوا نابینن، بەتایبەتی كە چەند فراكسیۆنێك ئامادە نەبوون دەنگ بە كاندیدانی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بدەن؟
-بە ناوی پێكهاتەی توركمان لە كوردستان سوپاسی پاڵپشتی و رۆڵی جەنابی سەرۆك بارزانی دەكەم، كە هەمیشە پێداگری كردووە لە پێدانی پۆستی سیادی بۆ پێكهاتەی توركمان و كلدو ئاشوورو سریان و ئەرمەن، لە دوای هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستاندا جەنابی سەرۆك بارزانی بەڵێنی بە پێكهاتەكانی توركمان و كلدو ئاشوور و سریان و ئەرمەنی داوە، كە وەكو پێكهاتەیەكی رەسەنی ئەم كوردستانە سەیریان دەكرێت و رێز لە ویست و داواكارییەكانیان دەگیرێت. ئەم متمانە و پاڵپشتیەی جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ ئێمە و هەموو پێكهاتەكان زۆر گرنگەو دڵخۆشكەر بوو، بەتایبەتی بۆ ئێمەی پێكهاتەی توركمانی لە كوردستاندا كە ئێستا پۆستی سیادیمان لە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان هەیە. سەبارەت بە تەوەری دووەمی پرسیارەكەتان جێگای داخە تا ئێستاش بەشێك لە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان ناتوانن قبووڵی ئەو بارودۆخەی ئێستا بكەن كە لە پەرلەماندا دەگوزەرێت، بەتایبەتی پێدانی پۆستی جێگری دووەمی پەرلەمانی كوردستان بە پێكهاتەیەكی رەسەنی كوردستان، بگرە بەمەشەوە رانەوەستاون و لێكدانەوەی جیاجیا و سەیری بۆ دەكەن و چەواشەكاری لەناو خەڵكیدا بڵاودەكەنەوە، گوایە پێكهاتەكانی كوردستان هیچ كاتێك خاوەنی بیروبۆچوونی تایبەتی خۆیان نەبوون، لەكاتێكدا پێچەوانەیە و پێكهاتەی توركمان لە سەرەتای پرۆسەی هەڵبژاردنەكانەوە ئەو داواكارییەی نەك تەنیا لە پەرلەمان هەیە، بەڵكو لەناو هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم و كابینە وەزارییەكەی حكومەتیش هەیە. بەڵام بەداخەوە بەشێك لە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و فراكسیۆنەكانی دیكە دەنگیان بە ئێمە نەدا، چونكە ئەگەر دەنگدانەكە بەراورد بكەین لە نێوان سەرۆكی پەرلەمان و جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان ئەوان بە شێوازو دەنگی زیاتر متمانەیان پێداون، بە بەراورد بە دەنگەكان بۆ جێگری دووەمی سەرۆك پەرلەمان، ئێمەش پێمان خۆش بوو بە هەمان دەنگ، نەك دەنگ بە ئێمە بدەن، بەڵكو دەنگ بەو مافەی پێكهاتەی توركمان بدرێت. هەرچۆنێك بێت ئومێدەوارم بە خێرایی كارەكانی پەرلەمان دەست پێ بكات. كە ئێستا ئێمە بە نیازی خۆئامادەكردنین بۆ دانانی لێژنەی یاسایی لەناو پەرلەمان، كارەكانی ئەم لێژنەیە زۆر گرنگە و بە هیچ شێوەیەك نابێت ئەندامانی لێژنەكە بێ پێكهاتەی توركمان و ئاشووری و كلدان و ئەرمەن بێت، نەك تەنیا لە لێژنەی یاسایی، بەڵكو ئێمە وەكو پێكهاتەكانی كوردستان كار بۆ ئەوە دەكەین لەناو هەموو لێژنەكانی پەرلەماندا ئەندام و نوێنەرمان هەبێت، بەتایبەتی داوا دەكەین لە لێژنە سیادییەكان بەشدارییەكی كارامان هەبێت، چونكە هەرچی پرۆژە یاسایەك دێتە ناو ئەم لێژنانەوە گوزارشت لە چارەنووسی هەموو خەڵكی كوردستان بە پێكهاتەكانیەوە دەكات.
* لەبەر ئەوەی بەشدارن لە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستاندا، لە حكومەتیشدا بەشدارییەكی كاراتان دەبێت، ئایا دیدوبۆچوونی ئێوە سەبارەت بە شداربوونتان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان چۆنە؟
- ئێمە وەكو پێكهاتەی توركمان دەبێت بەشدارییەكی كارا بكەین لە كابینەی داهاتووی حكومەتی كوردستاندا، چونكە دید و تێڕوانینی ئێمە ئەوەیە كە لە هەرێمی كوردستاندا، بەتایبەتی لە خولی ئەمجارەی پەرلەماندا دەركەوت یەكسانی و پێكەوەژیان لەنێوان پێكهاتەكانی كوردستاندا بەرجەستەیە و دەبێت ئەو پڕۆسەیە بگوازینەوە بۆ دەسەڵاتی جێبەجێكردن و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، پێویستە لەم دوو دەستەی سەرۆكایەتییەش بەشداری و رۆڵی پێكهاتەكانی توركمان و كلدو ئاشووری و سریانی و ئەرمەنیش رەچاو بكرێت، بەدڵنیاییەوە هەرواش دەبێت، هەر بۆیە بە تێڕوانینی ئێمە ئەو كابینە تازەیەی حكومەتی كوردستان زۆر بەهێز دەبێت لەبەر ئەوەی پاڵپشتی پەرلەمانی كوردستان بۆ حكومەتی داهاتووی كوردستان هەر لە ئێستاوە رەنگدانەوەكەی دیارە و پێویستە پەرلەمان بە هەناسە و شێوازێكی باش هاوكاریی تەواوی حكومەتی كوردستان بكات، تاوەكو بارودۆخ و گوزەرانی خەڵكی كوردستان باش ببێتەوە، ئەو پڕۆژە یاسایانەشی كە پەیوەستە بە ژیان و گوزەرانی خەڵكەوە دەبێت بە زووترین كات لە پەرلەماندا كاری جددییان لەسەر بكرێت، ئێمە پاش دەستبەكاربوونمان وەكو دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان، یەكەم كار و هەنگاومان دامەزراندنی لێژنەی یاسایی پەرلەمانە، چونكە هەموو پرۆژە یاسایەكان و هەمواركردنی یاساكان لە سەرەتادا دەبێت بچێتە لیژنەی یاسایی و هەر لەوێ كاری لەسەر بكرێت، پاشان پەسند بكرێت. یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم بە یەكێك لەو یاسا گرنگانە دادەنرێت كە ئەركی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستانە و دەبێت كاری جددی لەسەر بكرێت و ئەو یاسایە تێپەڕێندرێت، دوای ئەوەی ئەم پرسە تەواو بوو لەناو پەرلەماندا متمانە بە سەرۆكی هەرێم درا، ئەو كات سەرۆكی هەرێم سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رادەسپێرێت بۆ دامەزراندنی كابینەكەی، كە بە تەئكید لەم كابینەیەدا پێكهاتەكانی توركمان و كلدان و ئاشوورو سریان و ئەرمەنیش پۆست و پایەیان دەبێت.
* لەم خولەی پەرلەماندا یەكێك لە ئەولەوییاتەكان دەستووری كوردستانە، ئایا دەستوور بۆ مافەكانی ئێوە وەك نەتەوەیەكی سەرەكی لە كوردستان چەند گرنگە، تاچەند هەوڵەكانتان یەكدەخەن بۆ ئەوەی مافەكانی خۆتان لە دەستووری كوردستاندا بچەسپێنن و پەلە لە دەستووری كوردستان بكرێت؟
- ئەگەر كوردستان خاوەنی دەستووری خۆی بێت، ئەوا هیچ پێكهاتەیەك لە هەرێمی كوردستان كێشەو گرفتی نامێنێت، چونكە دەستوور دەبێتە بنەما و سەرچاوەی سەرەكی بۆ پاراستنی هەموو مافەكانی پێكهاتەكان و ئێمە وەكو پێكهاتەی توركمان بوونی ئەو دەستوورە زۆر بە گرنگی دەزانین، دەبێت لەم خولەدا پەرلەمان كارا بێت لەسەر پەسەندكردنی دەستوور، تا وەكو ببینە خاوەن دەستووری خۆمان لە كوردستان، لە دەستوورەكەشدا پێویستە مافی هەموو پێكهاتەكان دیاریكراو و جێگیر بكرێت و پارێزراو بێت، لەو كاتەدا بەهیچ جۆرێك لە دیاریكردن و دەستەی سەرۆكایەتییەكانی پەرلەمان و حكومەت و سەرۆكایەتیی هەرێمدا تووشی كێشەو گرفت نابین، چونكە لەو كاتەدا پشت بە دەستوور دەبەستین، ئەو كاتە دەتوانین زۆر بە ئاسانی و ئاسایی مافەكانمان دەستەبەر بكەین.
Top