د. ڤالا فەرید ئیبراهیم سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە دیمانەیەكی تایبەتی گوڵاندا: زۆربەی ئەو كێشانەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان بوونیان هەیە بە رێگەی دەستوور چارەسەر دەكرێت

د. ڤالا فەرید ئیبراهیم   سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە دیمانەیەكی تایبەتی گوڵاندا:  زۆربەی ئەو كێشانەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان بوونیان هەیە بە رێگەی دەستوور چارەسەر دەكرێت
هەڵبژاردنی ئافرەتێك بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، نەك هەر لە هەرێمی كوردستان و عێراق، بگرە لە ئاستی وڵاتانی ناوچەكەدا بە وەرچەرخان و دەستپێشخەرییەكی گەورە هەژمار دەكرێت، دوای ئەوەش كە د. ڤالا فەرید ئیبراهیم بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردرا، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ سازكرد و لەو دیدارەدا پرسی ئەولەوییاتی كارەكانی پەرلەمان، وردەكاریی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شێوازی راسپاردنی سەرۆك وەزیران بۆ پێكهێنانی كابینەكەی و كاری پێكەوەیی و پاراستنی سەقامگیری كوردستان و كەشی هێمنی ناو هۆڵی پەرلەمان و كارابوونی خولی نوێی پەرلەمان لە پەسەندكردنی یاسا و هەمواركردنەوەی یاساكان و هەروەها پرسی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور و چەندین تەوەری گرنگی دیكە تاوتوێ كران.
* سەرەتا پیرۆزباییت لێدەكەین بە بۆنەی متمانەوەرگرتنت وەك سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، هەروەها وەك خانمێكیش كە بۆ یەكەمین جارە لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە دەبێتە سەرۆكی پەرلەمان، لەم چوارچێوەیەدا دەمانەوێت باسی ئەوەمان بۆ بكەیت، ئایا وەك خانمێك كە ئێستا لەسەر كورسیی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دانیشتوویت، ئەم پۆستە چ مانایەكی بۆت هەیە؟ ئایا كاردانەوەی خەڵكی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی خانمێك بۆ ئەم پۆستە گرنگە چۆن بووە؟
- سەرەتا و پێش ئەوەی دیدوبۆچوونی خۆم وەك سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەرببڕم، دەخوازم لەو روانگەیەوە ئەم پرسە بخەمەڕوو كە تاچەند گرنگە بۆ قەوارەیەكی سیاسی وەك هەرێمی كوردستان و لەناو ئەو بارودۆخە ئاڵۆز و هەستیارەی ناوچەكەی پێدا تێدەپەڕێت، كاتێك حزبی سەرەكی لە ناو پرۆسەی سیاسیدا كە پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئافرەتێك بۆ پۆستێكی سەروەریی وەك پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كاندید بكات، بە تێڕوانینی من ئەم هەنگاوە بە وەرچەرخانێكی ئەرێنی و پێشكەوتن و پێگەیشتنی سیاسەتی حوكمڕانی دادەنرێت و هەنگاوێكی گرنگە بۆ بەشداریی ئافرەتان شان بە شانی پیاوان لە وەرگرتنی پۆستە سەروەرییەكان و بەشداری كردەییان لە پرۆسەی دروستكردنی بڕیاری سیاسی لە ئاستی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا، ئەوجا سەبارەت بە خۆیشم كە متمانەی پەرلەمانتارانی كوردستانم پێ دراوە و ئێستا لەسەر كورسیی پەرلەمان دانیشتووم، بێگومان من هەم سوپاسی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم كە منیان بۆ ئەم پۆستە گرنگە كاندید كردووە، لە هەمانكاتدا سوپاسی تێكڕای پەرلەمانتارانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دەكەم كە بۆ ئەم پۆستە گرنگە متمانەیان پێداین، بەڵام لە هەموو شت گرنگتر ئەوەیە كە چۆن دوای وەرگرتنی ئەم متمانە گەورەیە بە شێوەیەكی رێكوپێك و دەستەبژێرانە و بەرپرسیارانە كارەكانی خۆمان بەو شێوەیە ئەنجام بدەین كە جێگەی رەزامەندیی گەلی كوردستان بێت. لایەنێكی دیكەی ئەم رووداوە گرنگە كە زۆر دڵخۆشی كردین، كاردانەوە ئەرێنییەكانی خەڵكی كوردستان بوو لە ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و پێشوازیكردنیان لەم رووداوە گرنگە كە هەڵبژاردن و متمانەپێدان بوو بە ئافرەتێك كە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانی پێ دراوە، هەر بۆیە ئەم كاردانەوە ئەرێنییەی تێكرای خەڵكی كوردستان زۆر دڵخۆشی كردین، هەروەها ئەو پشتیوانییە جەماوەرییە بە هاندەرێكی گەورەی دەزانم بۆ ئەوەی باشتر لەم پۆستە هەستیار و گرنگەدا بە هاوكاریی هاوڕێیانم لە دەستەی سەرۆكایەتی و تێكڕای پەرلەمانتارانی كوردستان خزمەتی گەلەكەی خۆمان بكەین.
* لە یەكەم لێدوانت دوای متمانەوەرگرتنت وەك سەرۆكی پەرلەمان، بە شێوەیەكی گشتی ئەولەوییەتی كارەكانی پەرلەمانت راگەیاند و، ئاماژەت بەوە كرد كە پێویستە دەستبەجێ پەرلەمان پەلە بكات لە دانانی لیژنەكانی ناو پەرلەمان و دابەشكردنی بە سەر فراكسیۆنە جیاوازەكانی ناو پەرلەماندا، ئایا لە ماوەی ئەم چەند رۆژە لیژنەكانتان دەستنیشان كردووە؟ هەروەها ئایا گرنگیی ئەم لیژنەیانە بۆ سەرەتای كاری پەرلەمانی چییە؟
- لە یەكەم وتارمدا وەك سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، وێڕای ئەوەی دەستخۆشیمان لە ئەندامانی پەرلەمان كرد بۆ متمانەپێدانیان بە ئێمە، لە هەمانكاتدا راشكاوانە و بە شێوەیەكی راستەوخۆ داوامان لە هەموو فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان كرد، كە ئەندامەكانی خۆیان بە شێوەیەكی گشتی بۆ تێكڕای لیژنەكانی ناو پەرلەمان دەستنیشان بكەن، هەروەها بەتایبەتیش ئەندامەكانی خۆیان بۆ لیژنەی یاسایی دەستنیشان بكەن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە پێكهێنانی تێكڕای لیژنەكان بۆ پیادەكردنی كارەكانی پەرلەمان گرنگن، بەڵام لە هەموو لیژنەكان گرنگتر، لیژنەی یاسایی پەرلەمانە، لەبەر ئەوەی بێ پێكهێنانی خێرای لیژنەی یاسایی، پەرلەمان ناتوانێت هیچ هەنگاوێك هەڵبگرێت، هەر بۆیە لە یەكەم وتاریشماندا جەختمان لەسەر ئەوە كردەوە كە پەلە بكرێت لە پێكهێنانی لیژنەكانی پەرلەماندا، بۆ ئەمەش لە یەك دوو رۆژی دوای متمانەپێدانمانەوە، دوو كۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان ئەنجامداوە، فراكسیۆنەكان ئەندامەكانی خۆیانیان بۆ لیژنەكان دەستنیشان كردووە، ئەمەش كراوە بە راپۆرت و هەموو فراكسیۆنەكان ئیمزایان كردووە و داوایان كردووە كە چەند ئەندامیان لەناو لیژنەكاندا هەبێت، بەڵام بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، دابەشكردن و وەرگرتنی ئەندامەكانی ناو لیژنەكان بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردن دابەش دەكرێت، بۆیە ئێستا سەرقاڵی ئەوەین كە ناوەكان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان تاوتوێ بكەین و لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەماندا دەیخەینە ناو بەرنامەی كاری پەرلەمان و دەنگ لەسەر ئەندامانی لیژنەكان دەدرێت، دیارە پێش هەموو لیژنەكانیش، لیژنەی یاسایی پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدرێت.
* ئەوەی لە دانیشتنی رۆژی 18ی شوبات تێبینیمان كرد، ئەوە بوو، وێڕای ئەوەی فراكسیۆنی یەكێتی ئامادەی كۆبوونەوەكە نەبوو، هەروەها فراكسیۆنی كۆمەڵ و یەكگرتوو و شیوعی دەنگیان بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان نەدا، بەڵام پەرلەمان كەشوهەوایەكی سەقامگیری هەبوو، هەروەها هەر سێ كاندیدەكەش لە كەشوهەوایەكی دیموكراتیدا، بە رێژەیەكی پەسەند دەنگیان هێنا و پاشانیش كۆبوونەوەكەی پەرلەمان بە هێمنی كۆتایی هات، ئایا وەك سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، ئەم ژینگە سەقامگیرەی پەرلەمان چۆن دەخوێنیتەوە و جیاوازیی لەگەڵ خولی پێشتر چییە كە هەرگیز سەقامگیریی لەو جۆرەی بە خۆیەوە نەدەبینی؟
- وەك بە رێگەی شاشەی تەلەفزیۆنەكان تەواوی دانیشتنەكەی پەرلەمان بۆ هاووڵاتیان گوازرایەوەو هەموو لایەك بینیان، بێگومان دانیشتنەكە زۆر هێمنانە بەڕێوەچوو، هەروەها هەموو رێكارە یاساییەكانیش بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ساڵی 1992 و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان پیادەكران، سەبارەت بە ئامادەنەبوونی فراكسێۆنێك، یان دەنگنەدانی چەند فراكسیۆنێك بە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، بێگومان ئەمە ئیشكالیەتێك دروست ناكات و لە خولەكانی پێشتریشدا ئەوە هەبووە كە فراكسیۆنێك بەشداری نەكات، یان چەند فراكسیۆنێك دەنگ بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان نەدەن، ئەمەیان دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەت و بیروبۆچوونی خودی ئەو فراكسیۆنانە و لەناو پەرلەمانیشدا ئەمە بە كارێكی ئاسایی و سرووشتی لە قەڵەم دەدرێت. بەڵام ئەوەی گرنگە لە پرۆسەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەماندا، ئەوەیە كە وەك لە ماددەی 48ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا هاتووە، هەر كاندیدێك خۆی بۆ یەكێك لە پۆستەكانی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كاندید دەكات، دەبێت زۆرینەی رەهای دەنگەكانی پەرلەمان بەدەست بهێنێت، ئەوجا لەبەر ئەوەی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان 111 پەرلەمانتارە، ئەوا دەبێت هەر كاندێك متمانەی 56 ئەندام پەرلەمان بەدەست بهێنێت بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان.
* وەك ئاماژەت پێكرد، لیژنەی یاسایی پەرلەمان یەكێكە لە لیژنە گرنگەكانی ناو پەرلەمان، بەتایبەتی كە لەگەڵ دەستپێكی كاری پەرلەمان پێویستتان بە دەركردنی چەند یاسایەك و هەمواركردنەوەی چەند یاسای دیكە هەیە، ئایا گرنگترینی ئەو یاسایانە چین كە پێویستە لە سەرەتاوە دەربكرێن، یان هەموار بكرێنەوە؟
- گرنگترین پرۆژەی یاسا كە لە خولی پێشوو كاری لەسەر كراوە و گرنگە لەم خولەشدا جارێكی دیكە پەرلەمان كاری لەسەر بكاتەوە، یاسای چاكسازیی داراییە، ئەم یاسایە زۆر گرنگە لەبەر ئەوەی پەیوەندی بە مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران و خانەنشینانەوە هەیە، بۆیە یەكێكە لە گرنگترینی ئەو یاسانەی كە بۆ ئێستا زۆر پێویستە و دەبێت پەرلەمان لە ئەولەوییەتی كارەكانی بێت، دوای ئەم یاسایە، ئەو یاسایانە دێن كە پەیوەستن بە كەرتی تەندروستی، ئەمەش لەبەر ئەوەیە لە كەرتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك كێشە هەن و ئەو كێشانەش پێویستیان بە چارەسەری یاساییانە هەیە، هەروەها ئەو یاسایانەی پەیوەندییان بە كەرتی پەروەردە و وەزارەتی پەروەردەوە هەیە، یاسایەكی دیكەی گرنگ كە پێویستە هەموار بكرێتەوە، یاسای وەبەرهێنانە لە هەرێمی كوردستاندا و دەبێت ئەم یاسایە بە جۆرێك هەموار بكرێتەوە كە لە ئاستی ئەو پێشكەوتنانە بێت كە كۆمەڵگە پیایدا تێدەپەڕێت. ئەمانە كۆمەڵێك پرۆژە یاسان كاریان لەسەر كراوە و دەبێت لەم خولەی ئێستاشدا كاری لەسەر بكرێتەوە، بۆ ئەوەی بە زووترین كات ببنە یاسا و لەناو پەرلەماندا پەسەند بكرێن.
* سەبارەت بە یاسای چاكسازی دارایی، دیارە ئەم یاسایە لە خولی پێشووشدا كاری زۆری لەسەر كرابوو، بە جۆرێك كە تەنیا ئەوەی مابوو دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام نەتوانرا تێپەڕێندرێت، ئایا گرنگیی ئەم یاسایە بۆ سەركەوتنی كابینەی نۆیەم چەندە و ئایا لە ئەولەوییەتی كاری پەرلەمانە كە پێش پێكهێنانی ئەم كابینەیە ئەم یاسایە تێپەڕێندرێت؟
- گرنگترین لایەنی ئەرێنی یاسای چاكسازی دارایی ئەوەیە، ئەگەر ئەم یاسایە لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند بكرێت و حكومەت بتوانێت ئەم یاسایە جێبەجێ بكات، ئەوا وەك حكومەت خۆیشی بەڵێنی داوە، پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران هەڵدەگیرێت و كۆتایی دێت. بێگومان ئامانجی سەرەكیی ئێمە لەناو پەرلەمانی كوردستان بۆ ئەوەیە خەڵكی كوردستان خۆشگوزەران بن و باروگوزەرانی خەڵك بەرەو باشتر بڕوات و ئەو قەیرانە داراییە كۆتایی بێت كە چەندین ساڵە فەرمانبەرانی كوردستان بەدەستیەوە دەناڵێن، بۆیە بە دڵنیاییەوە ئەم یاسایە خزمەتێكی گەورە بە باری گوزەرانی فەرمانبەران و جووڵەی بازاڕ لە هەرێمی كوردستاندا دەكات.
* لەم خولەی پەرلەماندا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت، ئاشكراشە كە پێش راسپاردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران بۆ پێكهێنانی حكومەت، دەبێت یاسای سەرۆكایەتی هەرێم هەموار بكرێتەوە و سەرۆكی هەرێم لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، بۆ ئەوەی سەرۆكی هەرێم كاندیدی سەرۆك وەزیران راسپێرێت كە كابینەكەی پێكبهێنێت، ئایا وردەكاریی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و شێوازی راسپاردنی سەرۆك وەزیران بۆ پێكهێنانی كابینەكەی چۆن دەبێت؟
- رێكارە یاساییەكان بۆ ئەم پرسە بەو جۆرەیە كە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەو جۆرە هەموار دەكرێتەوە كە لایەنە سیاسییەكان لەسەری رێكدەكەون، پاش ئەوەی ئەم یاسایە هەموار دەكرێتەوە، بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەناو پەرلەماندا سوێندی یاسایی دەخوات و بەمجۆرە دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دەكەوێتە كار، دوای دەستنیشانكردنی كاندید بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لەلایەن پەرلەمانەوە، ئەوجا بەڕێز سەرۆكی هەرێم كاندیدی ناوزەدكراو رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم بۆ ئەوەی لە ماوەی 30 رۆژدا كابینەكەی خۆی پێكبهێنێت و پێشكەشی پەرلەمانی بكات بۆ ئەوەی متمانەی پێ بدرێت.
* پەلەكردن لە پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆتە هیوا و ئومێدی خەڵكی كوردستان، ئایا تاچەند هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نۆیەم ئاسانتر دەكات؟
- بێگومان هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بڕینی هەنگاوە قورسەكە بوو لە بەردەم پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، هەر بۆیە هەنگاوی دوای ئەمە پێویستە ئەوە بێت كە كاربكەین بۆ ئەوەی بە زووترین كات كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران ناوەكەی دیاری بكرێت و پاشان لەلایەن بەڕێز سەرۆكی هەرێمەوە راسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینەكەی، ئێمە وەك سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لە پەرۆشیی خەڵكی كوردستان تێدەگەین كە زۆر چاوەڕوانی ئەوەن بە زووترین كات كابینەی تازەی حكومەت پێكبهێندرێت، هەر بۆیە ئێمە زۆر پەلە دەكەین بۆ ئەوەی لە دانیشتنی دووەمی ئەم خولەی پەرلەماندا لیژنەی یاسایی پێكبهێندرێت و لەلایەن پەرلەمانەوە دەنگی لەسەر بدرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە پێكهێنانی لیژنەی یاسایی، كارە یاساییەكانی پێكهێنانی حكومەت خێراتر دەكات، بەڵام وێڕای ئەم لایەنە یاساییانە كە زۆر گرنگن، لای ئێمە سازانی نێوان لایەنە سیاسییەكان بە گرنگ دەزانین.
* وەك دەزانین دەستوور بۆ هەر دەوڵەت و كیانێكی سیاسی زۆر گرنگە، هەرێمی كوردستانیش وەك قەوارەیەكی سیاسی لەگەڵ ئەوەی هەوڵی زۆری داوە بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی دەستوور، بەڵام هێشتا نەبۆتە خاوەنی دەستووری خۆی، ئەمەش مانای ئەوەیە ئێمە هێشتا ناسنامەی دەستووریمان نییە بۆ ئەوەی ئەم ناسنامەیە ببێتە ناسنامەیەكی هاوبەشی كوردستانی كە هەموو لایەنەكان پێكەوە كۆبكاتەوە. ئایا تاچەند لەم خولەی پەرلەماندا گرنگی بە پرۆژەی دەستووری كوردستان دەدەن و پەلەی تێدا دەكەن بۆ ئەوەی گەلی كوردستان ببێتە خاوەنی ناسنامەی دەستووری خۆی؟
- خۆتان دەزانن ئێمە لە خولی پێشووی پەرلەمانیشدا لیژنەی نووسینەوەی دەستوورمان هەبوو، بەڵام ئەم لیژنەیە ماوەكەی بەسەرچووە، بۆیە دەبێت یەكێك لە ئەركە گرنگەكانی ئەم خولەی پەرلەمانیش ئەوە بێت كە دووبارە ماوەی یاسایی بداتەوە بە لیژنەی نووسینەوەی دەستوور، هەروەها دەبێت گۆڕانكاری لە ژمارەی ئەندامانی لیژنەكە بكات و لەوانەشە خودی یاساكە پێویستی بەوەبێت چەند گۆرانكاریەكی تێدا بكرێت و هەموار بكرێتەوە. ئەوجا لەبەر ئەوەی پرسی نووسینەوەی دەستوور زۆر گرنگە، ئەوا بە دڵنیاییەوە پەرلەمان لەم خولەدا زۆر بە زوویی كار لەسەر ئەم پرسە دەكات. دەستوور بە كۆڵەگەیەكی گرنگی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان لە قەڵەم دەدرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەگەر دەستوورمان هەبوو، ئەوا زۆربەی ئەو كێشانەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان بوونیان هەیە بە رێگەی دەستوور چارەسەر دەكرێت، ئەمەش لە بەر ئەوەی لە دەستووردا كۆمەڵێك پرەنسیپی بنەڕەتی و سەرەكی دادەڕێژدرێت و دەچەسپێندرێن، ئەم پرانسیپانە یاسادانەر و پەرلەمانیش سنوردار دەكات كە ناتواێت لەو چوارچێوەیە دەربچێت كە پرانسیپەكانی دەستوور بۆی دیاری كردووە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەو پرانسیپانەی ناو دەستوور دەبنە نەخشەی رێگە بۆ دارشتن و پەسەندكردنی یاساكان لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە، ئەم هۆكارەیە كە بوونی دەستوور دەكاتە پرسێكی گرنگ بۆ هەرێمی كوردستان و نەبوونی دەستووریش ئەو بۆشاییە دەستوورییە دروست دەكات كە ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا بوونی هەیە. لایەنێكی گرنگ بۆ نووسینەوەی دەستوور كە پێویستە رەچاو بكرێت، ئەویش دیسان سازانی نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستانە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئێمە دەستوور بۆ هەرێمی كوردستان دەنووسینەوە و دەبێت ئەو دەستوورە رەنگدانەوەی بۆچوونە جیاوازە سیاسییەكانی كوردستان بێت، لەگەڵ ئەوەی من خۆم ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور بووم لە خولی پێشوودا، بەڵام جارێ نازانرێت لیژنەی ئەمجارە بۆ نووسینەوەی دەستوور چۆن كارەكانی خۆی ئەنجام دەدات.
* وەك سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دیدوبۆچوونی خۆت بۆ سەركەوتن و كاری هاوبەشی ئەم خولەی پەرلەمان و كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان چۆن دەبینیت؟ ئایا پێتوایە لەم خولەدا پەرلەمان، پەرلەمان دەبێت و حكومەتیش حكومەت؟ مەبەستمان ئەوەیە ئایا پەرلەمان هاوكار و هەماهەنگ و چاودێری حكومەت دەبێت بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەكەی؟
- پێش هەموو شتێك دەبێت ئەوە بزانین كە هەردوو دامەزراوەی پەرلەمان و حكومەت، دوو دامەزراوەی تەواوكاری یەكترین و دەبێت هاوكاری و هەماهەنگی و هاوسەنگی لە نێوانیاندا هەبێت، ئەوەشی وایكرد كە لە خولی پێشوودا شێوازی كاركردنی پەرلەمان جێگەی رەزامەندیی خەڵكی كوردستان نەبێت، ئەوە بوو پەرلەمان لە بری ئەوەی هاوكار و هەماهەنگی حكومەت بێت بە شێوەیەكی هاوسەنگ، هات سەنگەری لە حكومەت گرت و ئاستەنگی بۆ كارەكانی حكومەت دروست كرد، هەر بۆیە هەركاتێك پەرلەمان و حكومەت نەیانتوانی بە شێوەیەك هاوسەنگ و هەماهەنگ بن و هاوكاری یەكتری بكەن، ئەوا هیچ لایەكیان سەركەوتوو نابن، بۆیە فاكتەری سەرەكی بۆ كاری هاوبەشی پەرلەمان و حكومەت ئەوەیە كە هاوكار و هەماهەنگی یەكتر بن، لایەنێكی دیكە كە پێویستە پەرلەمان زۆر هاوكارو هەماهەنگی حكومەت بێت، ئەوەیە كە پەرلەمان نابێت ئەو پرسانەی كە پەیوەندیان لەلایەنی داراییەوە هەیە تاكلایەنە بڕیاری لەسەر بدات، یان پرۆژە یاسای بۆ دەربكات، ئەمەش لەبەر ئەوەیە هەتا ئەگەر پەرلەمان بڕیار و یاساش بە تاكلایەنە لەو بوارانە دەربكات كە پەیوەستن بەلایەنی دارایی، بێگومان ئەگەر حكومەت ئیمكانیەتی نەبوو، ئەو بڕیار و یاسایانە جێبەجێ بكات، ئەوا ئەو بڕیار و یاسایانە هیچ بایەخێكیان نابێت، بۆیە ئێمە لەم خولەدا هەوڵی سەرەكیمان بۆ ئەوە دەبێت لەگەڵ حكومەتی خۆمان بە لەبەر چاوگرتنی هاوسەنگی نێوان پەرلەمان و حكومەت، هاوكار و هەماهەنگ بین لەگەڵ حكومەتدا بۆ ئەوەی بتوانین بەشێوەیەكی جددی و رێكوپێك چاودێری جێبەجێكردنی ئەو بڕیار و یاسایانە بكەین كە بە هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان پەرلەمان حكومەت دەدرێن، هەروەها ئێمە گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە پێویستە پەرلەمان كاتێك یاسایەك دەردەكات، دەبێت ئامانجی لە دەركردنی ئەو یاسایە ئەوە بێت كە بتوانرێت لەلایەن حكومەتەوە جێبەجێ بكرێت، خۆ ئەگەر نەتوانرا ئەو یاسایە جێبەجێ بكرێت، ئەوا بەهای ئەو یاسایە لە مەرەكەبی سەر كاغەزەكە زیاتر نابێت، لەمەش زیاتر دەبێتە ئاماژەیەك كە لاوازیی پەرلەمان پیشان دەدات، چونكە ئەگەر پەرلەمان یاسا دەربكات و یاساكانی جێبەجێ نەكرێت، ئەمە مانای ئەوەیە ئەو پەرلەمانە لاوازە، بەڵام ئەگەر پەرلەمان لەگەڵ حكومەت هاوكار و هەماهەنگ بوو، یاساكانی بەوجۆرە دەركرد كە حكومەت بتوانێت جێبەجێیان بكات، ئەوا پەرلەمان وەك پەرلەمانیكی بەهێز دەردەكەوێت و حكومەتیش وەك حكومەتێكی بەهێز دەردەكەوێت.
* بێگومان دوای تەواوبوونی كاندیدی سەرۆك وەزیران لە پێكهێنانی حكومەتەكەی و پێشكەشكردنی بە پەرلەمان، هەمان كات بەرنامەی حكومەتیش لەناو پەرلەمان دەخوێندرێتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە پەرلەمان بەرنامەی حكومەت پەسەند دەكات، بەم پەسەندكردنەش، چاودێریكردنی بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیە دەبێتە ئەركی سەرەكیی پەرلەمان، ئایا پەرلەمان تاچەند دەبێت چاودێری جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت بكات؟
- هەموو كات پێویستە پەرلەمان بەرنامەی حكومەت پەسەند بكات، ئەمەش لەبەر ئەوەیە پەرلەمان متمانە بەو بەرنامەیە دەدات، ئەو بەرنامەیەش سیاسەتی گشتی كابینەكە بۆ چوار ساڵی داهاتوو دیاری دەكات، هەر بۆیە كاتێك ئەو بەرنامەیە متمانەی پەرلەمانی وەرگرت، ئەوا راستەوخۆ دەكەوێتە ژێر چاودێریی پەرلەمانەوە بۆ ئەوەی حكومەت بتوانێت بەرنامەكەی خۆی جێبەجێ بكات، بەڵام وەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد، جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەتیش پێویستی بە هاوكاری و هەماهەنگی پەرلەمان هەیە و بەشی زۆری جێبەجێكردنی بەرنامەكەی پێویستی بە دەركردنی یاسا هەیە، بۆ ئەمەش پێویستە هاوكار و هەماهەنگ بن و لە هەمانكاتیشدا پەرلەمان چاودێر بێت بە سەر حكومەتەوە بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەكەی. لە دوماهیدا دەمەوێت ئەوە بڵێم، كە هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان حكومەت و پەرلەمان فاكتەرێكی گرنگە بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە گەلی كوردستان، بەڵام پەلەكردن لە پێكهێنانی حكومەت پەیوەستە بە هەنگاوەكانی داهاتوو بۆ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و سازانی نێوان لایەنە سیاسییەكان و پەلەكردن لە دیاریكردنی ناوی كاندیدی سەرۆك وەزیران و راسپاردنی لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە.
Top