رۆبەرت ستێوارت بەڕێوەبەری سكووڵی سكریپس لە بواری رۆژنامەگەری بۆ گوڵان: هەندێ جار تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بابەتی هاوشێوەی هەواڵ بڵاودەكەنەوە و ناڕوونییەكی زۆر دروست دەكەن

رۆبەرت ستێوارت بەڕێوەبەری سكووڵی سكریپس لە بواری رۆژنامەگەری بۆ گوڵان:  هەندێ جار تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بابەتی هاوشێوەی هەواڵ بڵاودەكەنەوە و ناڕوونییەكی زۆر دروست دەكەن
رۆبەرت ستێوارت بەڕێوەبەری سكووڵی سكریپسە بۆ رۆژنامەگەری لە زانكۆی ئۆهایۆ، شارەزا و تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگی رۆژنامەگەرییە، وەك هەواڵەكانی تەلەفزیۆن، پەروەردەی پەیوەست بە بواری رۆژنامەگەری، رۆژنامەگەریی ئەلیكترۆنی. پێشتریش وانەبێژی بواری رۆژنامەگەری بووە لە زانكۆی واشنتۆن و لیپزیگ و لە چەندین دەزگای راگەیاندن لەوانەش هەر دوو بواری (بینراو و بیستراو) كاری كردووە. سەبارەت بە پیشەی رۆژنامەگەری و ئەو دژواری و گۆڕانكارییانەی رووبەڕووی ئەم پیشەیە دەبنەوە و، چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار بەم بوارە، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامدا.
* وەك كەسێكی شارەزا و تایبەتمەند لە بواری رۆژنامەگەریدا، لە ئێستادا چۆن لە دۆخی كاری رۆژنامەگەری دەڕوانیت و چ هەڵسەنگاندنێكت بۆ ئەو دژواری و دەرفەتانەی هاتوونەتە بەردەم ئەم پیشەیە هەیە؟
- ئەگەر ئێمە لە تەحەددی و دژوارییەكانی بڕوانین، ئەوا بە دید و تێڕوانینی من، دەكرێت ئاماژە بە دوو تەحەددیی سەرەكی بدەین، یەكەمیان بریتییە لە بیروبۆچوونی خەڵكی، یان ئەوەی پێی دەوترێت رای گشتی لەبارەی رۆژنامەگەرییەوە، تەحەددی دووەمیان پەیوەستە بە ئاسایشی ئابووریی دەزگا و دامەزراوەكانی راگەیاندن و رۆژنامەگەرییەوە. ئەوەی پەیوەست بێت بە پرسی میسداقییەتەوە، ئەوا رەخنەیەكی زۆر دەگیرێت لە كاری رۆژنامەگەری، لەنێویاندا ئەو رەخنانەی كە سەرۆكی ئەمریكا لە كاری راگەیاندن و رۆژنامەگەریی دەگرێت، جگە لەوە كەسانێكی دیكەش هەن كە هاوڕان لەگەڵ ئەم رەخنانەدا. كەواتە لە ئێستادا دۆخێك هاتۆتەئاراوە كە بە ئاسانی بتوانرێت رەخنە لە رۆژنامەكان بگیرێت، بەتایبەتی ئەگەر هەواڵ و بابەتێك بڵاو بكەنەوە كە تۆ خوازیاری نەبیت. واتە ئەگەر رۆژنامەكان لەبارەی ئەو سیاسەتمەدارانەی تۆ پشتیوانییان لێ دەكەیت، بابەتێكی رەخنەییان بڵاوكردەوە، ئەوا بە ئاسانی دەتوانی رەخنەیان لێ بگریت
* ئاماژەت بەوە كرد كە ئێستا رۆژنامەگەری و راگەیاندن رووبەڕووی رەخنە و هێرشكردن دەبنەوە، بەتایبەتی لەلایەن سەرۆكی ئەمریكاوە، لێكدانەوەی ئێوە بۆ ئەم جۆرە مامەڵەكردنەی سەرۆك ترەمپ لەگەڵ رۆژنامەنووساندا چییە؟
- من پێموایە ترەمپ دەیەوێت لایەنگر و پشتیوانەكانی سەرنجی ئەو بابەتە رەخنەییانە نەدەن كە رۆژنامە و راگەیاندنەكان لەبارەی ئەوەوە بڵاوی دەكەنەوە، واتە دەیەوێت پشتیوانەكانی باوەڕ بە بابەتە رەخنەییەكان نەكەن، لە دەرئەنجامیشدا دەبینین زۆرێك لە لایەنگرەكانی باوەڕ بەوە دەكەن، كە ترەمپ خۆی بڵاوی دەكاتەوە و ئەو بابەتە رەخنەییانەش كە لەبارەی سەرۆكە خوازراوەكەیان (ترەمپ) بڵاو دەبنەوە، بە هەواڵی ساختە و ناڕاستیان دەزانن. بەڵام پرسیارە گەورەكە ئەوەیە، ئەگەر بەردەوام بابەتە رەخنەییەكانیان بخرێنە بەرەدەست، ئایا وردە وردە باوەڕیان پێدەكەن، یان بەردەوام پشتگوێیان دەخەن؟
* پێتوایە ئەم تەحەددی و دژوارییانە كاریگەرییان لەوەدا رەنگیداوەتەوە، كە چیتر رۆژنامەگەریی تەقلیدی نەتوانێت رۆڵی خۆی وەك چاودێرێك بەسەر كار و ئەدای لایەنە حكومییەكانەوە ببینێت؟
- پێموایە دەزگا رۆژنامەگەرییە گەورەكان وەك چاودێرێك دەتوانن بەردەوام بن لە بینینی رۆڵی خۆیان، سەرەڕای ئەوەی رووبەڕووی رەخنەی سیاسەتمەدارانیش بوونەتەوە. مەبەستم ئەوەیە ئەم دەزگا گەورانەی رۆژنامەگەری ژمارەیەك رۆژنامەنووسیان هەیە و متمانەی زۆریشیان بە خۆیان هەیە لەو كارەی ئەنجامی دەدەن. لەم رووەوە پێموایە دەزگا بچووكەكان پێگەیەكی پتر لاوازیان هەیە و ئەگەری ئەوە هەیە، رووبەڕووی هێرش و رەخنە ببنەوە.
* چۆن لە كاریگەریی بڵاوبوونەوەی زانیارییەكی زۆر لەسەر تۆڕەكانی ئەنتەرنێت دەڕوانیت، ئایا ئەم پرسە چ كاریگەرییەكی نەرێنی دەكاتەسەر كاری رۆژنامەگەریی تەقلیدی؟
- ئەنتەرنێت چەكێكی دووسەرەیە، چونكە لەلایەك دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن بۆچوون و پەیامی خۆیان بگەیەنن، كە ئەمە لە رۆژگاری پێش ئەنتەرنێتدا كارێكی قورس بوو. كەواتە لە ئێستادا هاووڵاتییان مایكرۆفۆنێكی گەورەیان هەیە، هەروەها ئەو دەزگایانەش كە رەخنە لە راگەیاندن دەگرن، ئەوانیش مایكرۆفۆنێكی گەورەیان هەیە، كە پێشتر تەنیا راگەیاندنەكان هەیانبوو.
* لە ئێستادا بۆ بڵاوكردنەوە و گەیاندنی بیروبۆچوونەكان، وەك تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان (سۆشیاڵ میدیا) ئامرازی دیكە دروست بوون، ئایا ئەم تۆڕانە دەتوانن هاوچەشنی رۆژنامەگەری تەقلیدی رۆڵ ببینن؟
-ئەوەی بەدی دەكرێت ئەوەیە، كە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەكار دەهێنرێن بۆ گفتوگۆ و مشتومڕ و هاواركردن بە دەنگێكی بڵند، واتە ئێستا هەمووان وەك یەك دەرفەتی یەكسانیان هەیە، ئەوەتا دەزگا گەورەكانی رۆژنامەگەری و راگەیاندن ئەم تۆڕانە بەكار دەهێنن، بە هەمان شێوە نەیار و رەخنەگرەكانی رۆژنامەگەرییش بەكاریان دەهێنن.
* حاڵەتێكی دیكە كە بەدی دەكرێت بریتییە لە چەمكی «فەیك نیوز»، یان بڵاوبوونەوەی هەواڵی ناڕاست و ساختەیە بە ئامانجی شێواندن و دروستكردنی دۆخێكی نادڵنیایی و بێ متمانەیی، سەرنجتان سەبارەت بەم پرسە چییە؟
- ئەوە راستە كە ئێستا چەمكی هەواڵی ساختە و ناڕاست بڵاو بۆتەوە، بەڵام پێویستە ئێمە ئەوە بزانین كە تەنانەت دەزگا راگەیاندنە گەورەكانیش هەڵە دەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان هەمیشە هەڵەكانی خۆیان راست دەكەنەوە، لێرەدا دەمەوێت ئەوە بڵێم كە ئەگەر دەزگاكانی رۆژنامەگەری و راگەیاندن هەڵەكانی خۆیان راست بكەنەوە، ئەوا چیدی ناتوانین بەم هەڵانە بڵێین هەواڵی ناڕاست و ساختە، چونكە هەڵەیەك كراوە و راست كراوەتەوە. بەڵام پێموایە مەترسییە گەورەكە لەوەدایە، كە كەسانێك هەن ئەم تۆڕانە بەكار دەهێنن بۆ بڵاوكردنەوەی ئەوەی لە هەواڵ دەچێت، یان هەندێ لە خەسڵەتەكانی هەواڵیان تێدایە، كە سەرلێشواندن و ناڕوونییەك دروست دەكات. ئێمەش دەزانین كە یەكێك لە تەحەددییەكانی پەیوەست بە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئەوەیە كە خەڵكانێكی زۆر ئەم هەواڵانە لای خۆیان بڵاودەكەنەوە، ئەگەر هات و هاوڕا بوون لەگەڵیدا، تەنانەت ئەگەر لە بنەڕەتیشدا هەواڵێكی راست نەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەیانەوێت باوەڕی پێ بكەن و بڵاوی دەكەنەوە و كەسانی دیكەش كە هاوڕان لەگەڵیدا، ئەوانیش بڵاوی دەكەنەوە.
* پێتوایە پێویستە لەم بارەیەوە چی بكرێت؟
- پێموایە دەبێت پتر جەخت لەسەر ئەنجامدانی ئەو رۆژنامەگەرییە بكەینەوە، كە بە دوای راستیی هەواڵەكانەوەیە، بەوشێوەیە دەتوانین متمانە بە دەست بهێنینەوە، بەڵام ئەگەر خەڵكی متمانەیان بە رۆژنامەكان نەكرد، تەنیا لەبەر ئەوەی كە رەخنە لەو سیاسەتمەدارانە دەگرن كە ئەمان پشتیوانییان لێ دەكەن، ئەوا خۆی لە خۆیدا ئەمە كێشەیەكی گەورەیە.
* ئایا دەكرێت بڵێین لە ئێستادا رۆژنامەگەریی تەقلیدی رووبەڕووی تەنگژەیەكی وا بۆتەوە، كە خەڵكی بە متمانەییەكی كەمترەوە لە كارەكانیان بڕوانن؟
- ئەگەر ئێمە باسی كۆمەڵگەی ئەمریكی بكەین، ئەوا ئەم كۆمەڵگەیە بەسەر سێ لایەندا دابەش بووە، لایەنێكیان زۆر دڵسۆزن بۆ سەرۆك دۆناڵد ترەمپ، كە نزیكەی لە سەتا 35ی خەڵكی وڵاتەكە دەبن، نزیكەی هەمان رێژەش لە ئاست ترەمپ دیدگایەكی زۆر رەخنەگرانەیان هەیە، لایەنی سێیەمیش لەو نێوەندەدان، كە هەر یەكێك لە دوو لایەنەكەی پێشوو هەوڵ دەدەن ئەم لایەنە بەلای خۆیاندا رابكێشن. لەم روانگەیەوە ئەوانەی كە پشتیوانی لە كاری رۆژنامەگەری دەكەن، لە ئاست ئەو هەڵانەی دەكرێن گیانی لێخۆشبوونیان هەیە، چونكە متمانەیەكی زۆریان بە راگەیاندن هەیە، ئەوانەی لە نێوەندیشدان پێیانوایە هەندێ جار راگەیاندنەكان بە لووتبەرزییەوە مامەڵە دەكەن و شایستەی ئەوەن جار بە جار رووبەڕووی تیری رەخنە ببنەوە، ئەوانەش كە پشتیوانیی ترەمپ دەكەن پێیانوایە راگەیاندن هیچ شتێكی راست بڵاو ناكاتەوە. كەواتە پێویستە راگەیاندن كار لەسەر گرووپی نێوەند بكات و قەناعەتیان پێ بكات، كە كاری ئەوان شایستەی متمانەپێكردنە و ئەوان پابەندن بە بڵاوكردنەوەی راستییەكانەوە. دواتر من دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە خەڵكی زیاتر خوازیاری ئەوەن هەواڵی خۆشیان پێ بدرێت، نەك هەواڵی ناخۆش، كە ئێمەش دەزانین رۆژنامەنووسان لەبەر ئەوەی بە زۆری هەواڵی ناخۆش بڵاو دەكەنەوە، جەماوەرێكی زۆریان نییە.
* ئەی چۆن لە كاریگەرییە نەرێنییەكانی دۆخی ئێستای رۆژنامەگەری و راگەیاندن، لەسەر دیموكراسی دەڕوانیت، بەتایبەتی لە وڵاتی ئەمریكا؟
- قسەیەك هەیە كە دەڵێت، ئەگەر هەقیقەتەكان بخرێنە بەردەستی خەڵك، ئەوا باوەڕیان پێ دەكەن، لەم روانگەیەوە پێموایە لە ئێستادا دەزگاكانی راگەیاندن سەرقاڵن بە كۆكردنەوەی راستییەكانەوە، راستە هەندێ جار هەڵە دەكەن، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی كۆششی زۆر سەخت دەكەن، بە تایبەتی ئەوەی پێی دەوترێت (رۆژنامەگەری لێكۆڵینەوە)، ئێمە دەزانین ئەم جۆرە رۆژنامەگەرییە سەرچاوە و داهاتێكی زۆری پێویستە و پرسیارەكەش ئەوەیە، ئایا ئەو داهاتە لەبەردەستدایە، بەتایبەتی كاتێك دەبینین داهاتی بانگەشە بازرگانییەكان دەچێت بۆ فەیسبووك، یان تویتەر، یان تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی دیكە.
* ئــــــــایــــــــــا هەلومەرجی ئێستـــا چ جۆرە رۆژنامەگەرییەكی پێویستە؟
- بە تێڕوانینی من هەلومەرجی ئێستا پێویستی بە رۆژنامە تەقیلدییەكە هەیە، كە رۆڵی چاودێریكردن ببینێت و پابەند بێت بەوەی كە هەواڵی تەواو راست و دروست بڵاو بكاتەوە، واتە زۆر پەرۆش و نیگەرانی ئەوە نەبن كە بەپەلە هەواڵەكە بڵاو بكەنەوە، بەڵكو پێویستە دڵنیابن لە راست و دروستیی ئەوەی بڵاوی دەكەنەوە. چونكە پێموایە هەڵە گەورەكە لەم رووەوە ئەوەیە، كە ئەم دەزگایانە زۆر خەمی ئەوەیان بێت كە پەلە لە بڵاوكردنەوەی هەواڵەكە بكەن، یان بیانەوێت یەكەم لایەن بن كە بڵاوی دەكەنەوە، لەم رووەوە ئەو مەترسییەش دروست دەبێت كە میسداقییەتی رۆژنامەگەری لە تێڕوانینی رای گشتیدا دابەزێ، كەواتە دەبێت رۆژنامەگەری زۆر وریا بێت. لەلایەكی دیكەوە بەهۆی زۆریی دەزگاكانی راگەیاندن و رۆژنامەگەرییەوە، ململانێ زیاتر بووە و ئەمەش دەبێتەهۆی ئەوەی لە ئەنجامی ئەو ململانێیەوە دەزگاكانی راگەیاندن هەڵەی زیاتر بكەن.
* كەواتە ئەگەر رۆژنامەگەری بەم ئاراستەیە كار بكات كە ئێوە ئاماژەی پێ دەكەن، ئایا دەتوانێت بەردەوام بێت و گەشە بكات؟
- دەكرێت ئێمە لەم رووەوە ئاماژە بە هەردو رۆژنامەی واشنتۆن پۆست و نیویۆرك تایمز بكەین، كە ئاشكرایە ئەم دوو رۆژنامەیە سەركەوتوون و داهاتێكی زۆر بەدەست دەهێنن، لەبەر ئەوە من پێشبینی دەكەم كە ئەوان نووسینگەی زیاتر لە وڵاتەكە و لە جیهانیشدا بكەنەوە، ئەگەر ئەم كارەش بكەن، ئەوا واشنتۆن پۆست هاوشێوە سی ساڵ پێش ئێستا دەبێت. كەواتە سەركەوتنی ئەم دوو رۆژنامە گەورەیە لە رووی بەدەستهێنانی داهاتەوە دەبێتەهۆی ئەوەی زیاتر بەهێز بن. بەڵام من نیگەرانم لەبارەی دەزگاكانی دیكەوە كە بچووكترن، كە نازانین پاشەڕۆژیان چی دەبێت.
Top