رۆزێنتاڵ ئەلڤێز پڕۆفیسۆری رۆژنامەگەری بۆ گوڵان: رۆژنامەگەری بە دەست كێشە و قەیرانی متمانە و میسداقییەتەوە دەناڵێنێت

رۆزێنتاڵ ئەلڤێز پڕۆفیسۆری رۆژنامەگەری بۆ گوڵان:  رۆژنامەگەری بە دەست كێشە و قەیرانی متمانە و میسداقییەتەوە دەناڵێنێت
رۆزێنتاڵ ئەلڤێز رۆژنامەنووسێكی پڕۆفیشناڵە و خاوەنی 27 ساڵ ئەزمونی كاری رۆژنامەگەرییە لە وڵاتانی ئەمریكا و مەكسیك و بەڕازیل و ئەرجەنتین، لە هەمان كاتدا پڕۆفیسۆری بواری رۆژنامەگەرییە لە زانكۆی تێكساس لە ئۆستن و لەم رووەوە ئەزموونی 21 ساڵەی هەیە و پێشتریش وانەبێژی هەمان بوار بووە لە زانكۆكانی فلۆمێنەنسی فیدڕاڵی و گاما فیلهۆ لە ریودو جانیرۆ. بۆ شرۆڤەكردن و هەڵوەستەكردن لەسەر ئەو تەحەددی و دژوارییانەی لە رۆژگاری ئێستادا رووبەڕووی رۆژنامەگەری و راگەیاندنی تەقلیدی بۆتەوە، لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییانەی لە رۆڵی رۆژنامەگەریدا هاتوونەتەئاراوە، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامدا.
* وەك كەسێكی شارەزای بواری رۆژنامەگەری ئایا گرنگترین و دژوارترینی ئەو تەحەددییانە چین كە لە ئێستادا رووبەڕووی كاری رۆژنامەگەری دەبنەوە؟
- سەرەتا دەبێت ئەو راستییە لەبەرچاو بگرین كە ئێمە لە رۆژگاری شۆڕشی دیجیتاڵیدا دەژین، شۆڕشی دیجیتاڵیش-یان ئەوەی هەندێ كەس پێی دەڵێن شۆڕشی چوارەمی پیشەسازی- گۆڕانكاریی ریشەیی و بنەڕەتی بەسەر زۆرێك لە بوارەكانی ژیانی مرۆییدا هێناوە. ئەوەی پەیوەندی بە بواری رۆژنامەگەری و راگەیاندنیشەوە هەبێت، ئەوا ئەم شۆڕشە كاریگەریی بەهێزی دروست كردووە لەسەر ئەم بوارە. واتە ئێمە لە راگەیاندنی قۆناغی پیشەسازییەوە هەنگاو هەڵدەگرین و پێ دەنێینە نێو راگەیاندن و رۆژنامەگەری قۆناغی دیجتیاڵییەوە، مەبەستم ئەوەیە رۆژگاری ئێستا زۆر جیاواز لە سەردەمی پێش خۆی. لەم روانگەیەوە دەتوانم بڵێم ئێمە لە هەلومەرجێكدا دەژین كە ئاڵوگۆڕ و پشێوی باڵیان بەسەردا كێشاوە، ئەمە حاڵەتێكی ئاساییە، بەتایبەتی كە ئەم هەلومەرجە زادە و دەرهاویشتەی شۆڕشێكە كە لە پێشكەوتنی تەكنەلۆژییەوە سەرچاوەی گرتووە. كەواتە من پێموایە رۆژنامەگەری بەردەوام دەبێت و بگرە بەرەوپێشیش دەچێت، بەڵام بە شێواز و رێگایەكی جیاوازتر.
* تاچەند رۆڵی رۆژنامەگەریی تەقلیدی گۆڕانكارییەكی ریشەیی بەسەردا هاتووە؟
- رۆژنامەگەریی تەقلیدی لە گۆڕانكاریدایە، بەڵام تا ئێستا گۆڕانكارییەكی تەواوەتی بەسەردا نەهاتووە، دواتر پێموایە كێشەی بنەڕەتیی رۆژنامەگەریی تەقلیدی بریتییە لە لەناوچوونی مۆدێلە ئابوورییەكەی، واتە شێوازی دەستەبەركردنی دارایی بۆ رۆژنامەگەری لە قۆناغی پیشەسازیدا چیتر بۆ ئەم سەردەمە سەركەوتوو نییە. زۆرێك لە رۆژنامەگەری لە سەردەم و قۆناغی پیشەسازیدا لە رێی بانگەشە بازرگانییەكانەوە سەرچاوەی دارایی خۆیان دەستەبەر دەكرد. بەڵام ئێستا گوگڵ و فەیسبووك بە تەواوەتی بواری بانگەشەی بازرگانییان گۆڕیوە و ئێستا دۆخەكە پتر لە بەرژەوەندیی ئەم لایەنانەیە- فەیسبووك و گوگڵ و هتد- نەك دەزگاكانی راگەیاندن و رۆژنامەگەری، ئەمەش دەبێتەهۆی ئەوەی ئەم دەزگایانە داهاتێكی كەم بەدەست بهێنن لە رێی بانگەشەی بازرگانییەوە. زەقترین كاریگەریی ئەم حاڵەتەش لە ئەمریكا ئەوەیە كە رۆژنامەگەری لە سەرتاسەری وڵاتەكەدا بەرەو داكشان دەچێت.
* ئەی كاریگەریی ئەو شەپۆلە گەورەیەی زانیاری لە رێی تۆڕی ئەنتەرنێت، هەروەها بڵاوبوونەوەی زانیاریی ناڕاست و ساختە لەسەر بواری راگەیاندن و كاری رۆژنامەگەری چییە؟
- كێشەكە ئەوەیە كاتێك سەدەیەك پێش ئێستا ئێمە لە ئاسۆدا دەركەوتنی شۆڕشی دیجیتاڵیمان بەدی دەكرد، كە زۆربەمان گەشبین بووین و باوەڕمان وابوو كە شۆڕشی دیجیتاڵی دەبێتەهۆی تواناداركردنی هەمووان و لە بنەڕەتدا هەموو كەسێك دەتوانێت ببێتە خاوەنی دەزگای راگەیاندنی تایبەت بە خۆی و هەموو كەس دەتوانێت پیشەی رۆژنامەگەری مومارەسە بكات، كە پێمانوابوو ئەمەش دەرئەنجامێكی ئەرێنییە. بەڵام لە واقیعدا ئەمە لە زۆر رووەوە كاریگەریی خراپی لێكەوتەوە، وەك ئەو پڕوپاگەندە و زانیارییە ناڕاستانەی بڵاو دەبنەوە- بەهۆی ئەم دۆخە نوێیەوە- كە كێشەكەش ئەوەیە خەڵكی ئامادە نەكراوە بۆ ئەم حاڵەتە. كەواتە پێشكەوتن و بەرەوپێشچوونی تەكنەلۆژیا كێشە دروست دەكەن، بەڵام دواتر مرۆڤ دێت و تەكنەلۆژیا بەكار دەهێنێت بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە، كەواتە ئێستا ئێمە هۆشیارین بە سەرهەڵدانی ئەم كێشانە و لەسەر ئاستی جیهانیش كۆشش دەكرێت بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ئەم حاڵەتە. ئەمەش بەشێكە لەو دۆخی پشێوییەی كە پێشتر ئاماژەم پێكرد.
* كەواتە دەكرێت بڵێین ئێستا رۆژنامەگەریی تەقلیدی گرفتارە بە دەست تەنگژەی متمانە و میسداقییەتەوە، ئەگەر وایە ئایا كاریگەرییەكانی ئەم حاڵەتە لەسەر دیموكراسی چی دەبێت؟
- بەڵێ، بە دڵنیاییەوە، كێشە و قەیرانی متمانە و میسداقییەت لە ئارادایە كە رۆژنامەگەری بە دەستیەوە دەناڵێنێت. ئەمەش لە لایەكەوە بەشێكە لە پرۆسەیەكی مێژویی، بۆ نموونە بەشێكی هۆكارەكە دەگەڕێتەوە بۆ كاریگەریی ئەنتەرنێت. هەروەها لە ئێستادا ناكرێت ئێمە كاریگەریی هەڵمەتی بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناڕاست و ساختە نادیدە بگرین، كە ئەم هەڵمەتەش لەلایەن رژێمە خۆسەپێن و تاكڕەوەكانەوە ئەنجام دەدرێن كە سوود وەردەگرن لەو دەرفەتەی كە دەتوانن راستەوخۆ رووبكەنە خەڵك و پەیامی خۆیان بڵاو بكەنەوە بە ئامانجی ئەوەی بارێكی دوژمنایەتی لە نێوان خەڵك و راگەیاندندا دروست بكەن. ئەمەش دۆخێكی زۆر مەترسیدارە، چونكە لەنێو كۆمەڵگەیەكی كراوە و دیموكراتدا، رۆژنامەگەری رۆڵێكی زۆر گرنگ ئەدا دەكات، وەك رۆڵی چاودێریكردن، هەروەها سەرچاوەی زانیاریی متمانەپێكراوە بۆ خەڵكی. كەواتە كاتێك رۆژنامەگەری مۆدێلە ئابووریەكەی خۆی لەدەست دەدات، هاوشان بە ئەنجامدانی هەڵمەتی بڵاوكردنەوەی زانیاری ناڕاست و پڕوپاگەندە، لەگەڵ هێرشكردنەسەر رۆژنامەگەریدا، ئەوا ئەمە گەردەلوولێكی تەواو دروست دەكات كە رۆژنامەگەری رووبەڕووی بۆتەوە، كە ئەمەش دۆخێكی زۆر نەرێنی بۆ رۆژنامەگەری دروست كردووە.
* باشە كە ئەمە دۆخەكە بێت، یان با بڵێین كە رۆژنامەگەری رووبەڕووی ئەم دژوارییانە بووبێتەوە، دەكرێت بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییە خراپەكانی ئەم حاڵەتە چی بكرێت؟
- من پێموایە دەكرێت كار لەسەر هەڵمەتی هۆشیاركردنەوەی خەڵك بكەین بۆ ئەوەی بتوانن لە رۆڵ و گرنگی رۆژنامەگەریی ئازاد تێبگەن و بە شێوەیەكی گشتی لە رۆڵی رۆژنامەگەری لە كۆمەڵگەدا تێبگەن. كە لەم رووەوە پڕۆگرام و هەڵمەتی تایبەت خراونەتەگەڕ بۆ مەبەستی هۆشیاركردنەوە. دواتر من پێموایە دەبێت رۆژنامەگەری و رۆژنامەنووسانیش شەفاف بن، مەبەستم ئەوەیە دەبێت بۆ ئەوەی خەڵكی روون بكەنەوە كە چی دەكەن و چۆن كاری خۆیان ئەنجام دەدەن و دەبێت ئەوە بۆ خەڵكی بخەنەڕوو كە ئەوان زانیارییەكان ناشێوێنن و لەسەر بنەمای رێسای ئیتیكی كاری خۆیان ئەنجام دەدەن.
* ئێوە باسی ئەوەتان كرد كە هەندێ جار هێرش دەكرێتەسەر رۆژنامەگەری و رۆژنامەنووسان، كە دەكرێت ئێمە لەم رووەوە ئاماژە بە پەیوەندیی نێوان سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ راگەیاندندا بكەین كە دەبینن زۆرجار هێرشیان دەكاتەسەر و بە دوژمنی خەڵك ناویان دەبات، لێكدانەوەی ئێوە لەم روەوە چییە؟
- ئەمە جێی داخە و كارێكی قێزەونە كە ببینین سەرۆكی ئەمریكا دەستەواژەیەك بەكار بهێنێت كە كاتی خۆی ستالین بەكاری دەهێنا، ئەمە حاڵەتێكی بێ پێشینەیە لە مێژووی ئەمریكا، كاتێك دەبینین كە سەرۆكی ئەم وڵاتە ئەم تێڕوانین و بۆچوونەی بەرامبەر راگەیاندن و رۆژنامەنووسان هەبێت.
* بە لێكدانەوەی ئێوە بۆچی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بەم شێوەیە هەڵسوكەوت لەگەڵ راگەیاندنكاران و رۆژنامەنووساندا دەكات؟
- پێموایە ئەمە بەشێكە لە سیاسەت و ستراتیژیەتی دیماگۆجییەت كە پیادەی دەكات، چونكە ئەو خۆی دەزگاكانی راگەیاندن بەكار دەهێنێت وەك ئامرازێكی سیاسی، ئەوەتا دەرفەت بە راگەیاندنەكان دەدات بۆ ئەوەی چاوپێكەوتنی لەگەڵدا ئەنجام بدەن. بە شێوەیەكی گشتی پێموایە ئەم حاڵەتە جێی نیگەرانی و دڵتەنگییە و من خۆم رۆژێك لە رۆژان پێشبینی ئەوەم نەدەكرد كە ئەوەندە بژیم بۆ ئەوەی ببینم سەرۆكی ئەمریكا ئەم هەڵسوكەوتە بكات.
* ئەی چۆن لە كاردانەوەی راگەیاندن و رۆژنامەنووسان دەڕوانیت لە بەرامبەر ئەم هەڵسوكەوتەی دۆناڵد ترەمپدا؟
- من پێموایە كاردانەوەیەكی باشیان هەیە، دەكرێت بڵێین رۆژنامەگەری و راگەیاندن لە ئەمریكا ئازاد و پڕۆفیشناڵن و كاری بەدواداچوونی خۆیان دەكەن لە پەیوەندی بە چاودێریكردنی كارەكانی حكومەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوەی جێی داخە ئەوەیە كە لێدوانەكانی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لەبارەی راگەیاندنەوە یارمەتیدەر نین.
* كەواتە لە كۆی ئەو هەموو شیكارییانەدا ئایا لە ئێستادا ئێمە زیاتر پێویستمان بە چ جۆرە رۆژنامەگەرییەك هەیە؟
- هەروەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد پێویستە رۆژنامەنووسان پتر شەفاف بن لە ئەداكردنی ئەركەكانیاندا و چۆنیەتی ئەنجامدانی كارەكانیان بۆ خەڵكی رون بكەنەوە و بگرە سرووشتی كارەكانیشیان روون بكەنەوە. واتە لێرەدا من دەمەوێت جەخت لەسەر گرنگیی ئەوە بكەمەوە كە دەبێت هێندەی دەكرێت و مومكینە رۆژنامەنووسان كارەكانیان بە راستگۆیی و بابەتییانە ئەنجام بدەن و لە هەمان كاتدا كارەكانیشیان بۆ خەڵكی روون بكەنەوە، ئەمە پەرەسەندنێكی نوێیە، یان رۆڵ و ئەركێكی نوێیە رووبەڕووی رۆژنامەنووسان بۆتەوە، چونكە پێشتر ئەمە پێویست نەبوو.
* چۆن لە ئایندەی كاری رۆژنامەگەری و راگەیاندن دەڕوانیت؟ ئایا پێتوایە دەتوانێت رۆڵێكی كارا ببینێت لە ئایندەدا، ئەگەرچی گۆڕانكاری بەسەر ئەرك و رۆڵیشیدا هاتبێت، یان ئەم قەیرانی متمانە و میسداقییەتە یەخەی رۆژنامەگەری بەرنادات؟
- من دووپاتی دەكەمەوە كە رۆژنامەگەری بەردەوام دەبێت و بگرە بەرەوپێشیش دەچێت، مەسەلەكە تەنیا بەندە بە كاتەوە، چونكە ئێمە لە قۆناغی ئاڵوگۆڕی نێوان دوو جیهانی جیاوازداین، بەو پێیە هەندێ دەزگای راگەیاندن لە ناو دەچن و هەندێكی دیكەش دروست دەبن. دواتر ئێمە دەبێت ئەوە بزانین كە لە رووی مێژووییەوە هەمیشە لە هەموو خێڵێكدا كەسێك هەبووە چیرۆك و باسەكانی گێڕاوەتەوە. مەبەستم ئەوەیە هەمیشە دەبێت كەسێك رۆڵی رۆژنامەنووسی ببینیێت و زانیاری بدات بە خەڵكی لەبارەی جیهان و لەبارەی ئەوەی چی دەگوزەرێت لە وڵاتەكەی، یان لە وڵاتانی دراوسێ و شوێنەكانی دیكەدا. كەواتە راستە گۆڕانكاری بە سەر رۆڵی رۆژنامەگەریدا دێت، بەڵام هەروەك ئاماژەم پێكرد دۆخەكە هەرچۆنێك بێت، ئەوا دەبێت كەسێك رۆڵی رۆژنامەگەری ببینێت.
Top