نێچیرڤان حوسێن كەلاری سكرتێری یەكێتی قوتابیانی كوردستان بۆ گوڵان: هەنگاوی كرداریمان گرتۆتەبەر بۆ خزمەتكردنی توێژی قوتابیان

نێچیرڤان حوسێن كەلاری سكرتێری یەكێتی قوتابیانی كوردستان بۆ گوڵان:  هەنگاوی كرداریمان گرتۆتەبەر بۆ خزمەتكردنی توێژی قوتابیان
یەكێتی قوتابیانی كوردستان خاوەن كاروان و مێژوییەكی دوورو درێژە و بۆتە ناوەندی پێگەیاندنی دەیان كەسایەتی و كادیری بەتوانا و بەهرەمەند و رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە خزمەتكردنی توێژی قوتابیان، ئەمەو چەند پرسێكی دیكە بوونە تەوەری گفتوگۆیەكی گوڵان لەگەڵ نێچیرڤان حوسێن كەلاری سكرتێری یەكێتی قوتابیانی كوردستان لە 66ەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئەم رێكخراوەدا.
* لە ساڵی 1953 كاتێك جەنابی بارزانی رێكخراوی یەكێتی قوتابیانی كوردستانی دامەزراند، بۆ ئەوە بوو، ئەو توێژە گرنگەی ناو كۆمەڵگە رۆڵیان لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی كوردستاندا هەبێت، ئەمڕۆش كە ساڵیادی رێكخراوەكەتانە ئایا تاچەند توانیوتانە ئەو پەیامە جێبەجێ بكەن؟
- لەساڵی 1953 و لە كۆنگرەی 3ی پارتی دیموكراتی كوردستاندا بە فەرمان و بڕیاری جەنابی بارزانی-ی نەمر هەردوو رێكخراوی (یەكێتی قوتابیانی كوردستان و یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستانی) دامەزران، هەڵبەتە بۆ ئەو قۆناغە دامەزراندنی هەردوو رێكخراوەكە پێداویستییەكی نەتەوەیی و نیشتمانی بوو، تاوەكو قوتابیان و لاوان وەكو هەموو چین و توێژەكانی دیكەی كۆمەڵگە بەرگری لە مافەكانی گەلی كوردستان بكەن، هەر بۆیە ئەندامان و لایەنگرانی هەردوو رێكخراوی قوتابیان و لاوان بە درێژایی 66 ساڵی تەمەنیان گەنجینەیەك لە بەرهەم و دەستكەوتیان بۆ توێژی قوتابیان و لاوان بەدەست هێناوە. لە شۆڕشەكانی ئەیلوول و گوڵان و دواتر لە راپەرینەكەی بەهاری 1991دا هەردوو رێكخراو رۆڵێكی جوامێرانەیان بینی، رۆڵی ئەوان چ لە شاخ، چ لە رێكخستنە نهێنییەكانی ناو شارەكانی كوردستاندا پڕیەتی لە داستان و قارەمانێتیی گەورە، لەم پێناوەشدا یەكێتی قوتابیانی كوردستان پۆلێك لە شەهید و قوربانی داوە كە دیارترینیان لەیلا قاسم بووە كە نموونەیەكی بەرزی ئافرەتانی كورد و ئەندامی رێكخراوەكەمان بووە، لە شەڕەكانی داعش و لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و دەوڵەتی بەناو خەلافەتدا قوتابیان شان بە شانی لاوان رۆڵ و پێگەیان لەناو سەنگەرەكانی بەرگری و ریزەكانی هێزی پێشمەرگە دیار و لەبەرچاو بووە و لە بەرگریكردنیش لە خاكی پیرۆزی كوردستان بەردەوامن. لە قۆناخی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كە خواست و هیوای هەموو كەسێكی نیشتمانپەروەر و دڵسۆزە، قوتابیان رۆڵی بەرچاویان گێڕاوە لە هەموو ناوەندەكانی خوێندندا قوتابیان بەشدارییەكی بەرچاویان لە ریفراندۆمەكە و سەرخستنی دەنگدان بۆ سەربەخۆیی كوردستان هەبوو.
* هەڵبەتە رۆڵ و پێگەی قوتابیان بەپێی قۆناغە مێژووییەكان و وێستگەكانی نەتەوەی كورد جیاوازە، بەتایبەتی لە قۆناغی دیموكراتی و بونیاتنانی كوردستاندا، ئایا ئەم قۆناغەی دوای شەڕی داعش زۆر لە ئەركە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان گۆڕانكاری بەسەردا نەهێناوە؟
- هەر ئەو كاتەی جەنابی سەرۆك بارزانی لە شاری كۆیە داوایكرد بە دیموكراتی و هەڵبژاردن كار بۆ بونیاتنانی كوردستان بكەین و خەبات لەپێناو دامەزراندنی حكومەتێكی هاوچەرخ و پەرلەمانێكی دامەزراوەیی بكەین، رێكخراوی یەكێتی قوتابیانی كوردستان بە پاڵپشتی بە داواكارییەكەی سەرۆك بارزانی كاری بۆ وەرچەرخانێكی نەوعی كرد لە ئەرك و پەیامی رێكخراوەییماندا، قوتابیان لە هەڵبژاردنەكان و دامەزراندنی پەرلەمان و حكومەتدا بەشدارییەكی كارایان هەبووە، گۆڕانكاری لە ئەركی خەباتگێڕی و بەشداریكردنیان لە شۆڕشی شاخ و راپەرین و شەڕی داعش بۆ سەرخستنی ئەركی پیشەیی و رێكخراوەیی كارێكی ئاسان نەبووە، بەڵام پشت ئەستوور بەو دوو ئامانجەی كە مەلا مستەفا بارزانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە شاخ دامەزراند، ئێمە دەستمان كرد بە جێبەجێكردنی ئەركی پیشەیی و مەدەنییانەی رێكخراوەكەمان، كە داكۆكیكردن بووە لە مافەكانی قوتابیان و بەدەستهێنانی خواست و ویستەكانیان، یەكێتی قوتابیانی كوردستان هەمیشە كاری بۆ ئەوە كردووە وەكو پردێك بێت لەنێوان قوتابیان و ناوەندەكانی خوێندن، لەمەشدا ئەركی ئێمە وەكو یەكێتی قوتابیانی كوردستان تەنیا دەستنیشانكردنی هۆكار و چارەسەری كێشەكانی قوتابیان نەبووە لە ناوەندەكانی خوێندن، بەڵكو هەوڵمانداوە بەشدار و هەماهەنگ و پاڵپشتی چارەسەرەكانیش بین، ئەمەش رێكخراوی یەكێتی قوتابیانی كوردستان لە رێكخراوەكانی دیكەی قوتابیان جیا دەكاتەوە، كە پەیام و قسەكانمان تەنیا مەرەكەبی سەر كاغە نەبووە، بەڵكو لە رووی كردارەوە جێبەجێمان كردووە. رێكخراوەكەمان لە هەوڵدانی بەردەوامدایە بۆ ئەوەی پرۆسەی پەروەردەو خوێندن و زانكۆ و پەیمانگاكان لە رووی زانستی و ئەكادیمییەوە بەرەوپێش بچێت و لە خزمەتی قوتابیاندا بێت، چونكە قوتابی چەقی پرۆسەی پەروەردە و خوێندنە. یەكێك لە دروشمەكانی یەكێتی قوتابیانی كوردستان نوێبوونەوەیە لەكاری پیشەیی و رێكخراوەیی، بەڵگەش بۆ ئەمە لە 66 ساڵەی تەمەنی رێكخراوەكەماندا 14 كۆنگرەو شەش كۆنفرانسمان بەستووە، تاوەكو رێكخراوی یەكێتی قوتابیان بەردەوام بێت و خۆی بگونجێنێت لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی ناوخۆ و ناوچەكە و جیهان و بەپێی ئەو گۆڕانكارییانەش لە ئاست خواست و ویستەكانی قوتابیاندا بێت. هەر لەم روانگەیەوە كارنامەی یەكێتی قوتابیانی كوردستان زۆر گشتگیرە و بوارێكی فراوان دەگرێتەوە، ئەوە بوو بە پاڵپشتی جەنابی سەرۆك بارزانی لە ساڵی رابردوو كۆمەڵێك چالاكیمان لە پاڵ بەشداریكردنمان لە بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەكاندا ئەنجام دا، لە 8/3 دا لە رۆژی جیهانی ئافرەتان چەند چالاكییەكمان ئەنجامدا وەكو داكۆكیكردن و پاڵپشتییەك بۆ قوتابیانی ئافرەت، هەروەكو چۆن جیاوازی لە نێوان نەتەوەو ئایین نییە، بە هەمانشێوە لەنێوان قوتابی كوڕ و كچیش جیاوازی نییە، تەنانەت لە زیادكردنی ئەندام و كادیرانی قوتابی ئافرەتدا لەناو رێكخراوەكەمان سەركەوتوو بووین.
* لە دنیای پێشكەوتوودا قوتابیان لە چالاكی و كارە خۆبەخشییەكاندا بەشدارییەكی باشیان هەیە، ئایا یەكێتی قوتابیانی كوردستان تاچەند توانیوێتی لەم رووەوە لە ئاست خواست و ویستەكانی قوتابیاندا بێت؟
- یەكێك لە نهێنی و كلیلی سەركەوتووەكانی گەلان و وڵاتانی پێشكەوتوو پەرەپێدانی تواناكانی قوتابیان و بەشداریكردنیانە لەكاری خۆبەخش و وەرزشی و هونەری و زانستی، هەربۆیە كار بۆ ئەوە دەكەین، گیانی خۆبەخشی لەناو تاك و قوتابیانماندا پەرەی پێ بدەین و لە خزمەتی نەتەوە و نیشتمانەكەماندا بێت، ئێمە بڕوامان وایە نابێت قوتابی لەناو قوتابخانە و پەیمانگا و زانكۆكان تواناكانیان لە چوارچێوە بدرێت، قوتابیان دەبێت زیاتر لە بواری رۆشنبیری و هونەری و وەرزشی و مرۆییدا جێگە پەنجەیان دیار بێت و بێنە ناو كۆمەڵگە و لە رووی كردارییەوە لە چالاكی و كاری جۆراوجۆر بەشداریی بكەن، هەر بۆیە ئێمە وەكو رێكخراوی یەكێتی قوتابیانی كوردستان پاڵپشتی و هاوكاری هەموو قوتابیانین بۆ بەشداریكردن لە كاری خۆبەخشیدا، هەندێك جاریش كاری خۆبەخشانەمان رێگری لێكراوە، هەروەكو چۆن لە 5/2/2019 سەردانی قوتابخانەیەكمان كرد، كە گڕی تێ بەر ببوو، تاوەكو بە ئێمە و هیممەتی چەند كەسێكی دی هۆڵە سووتاوەكە نۆژەن بكەینەوە، كەچی پەروەردەی سلێمانی رێگری لە ئێمە كرد.
* بێكاری و بەدەستهێنانی هەلی كار بە یەكێك لەو كێشە گەورانە دادەنرێت كە ئاستەنگ لە بەردەم سوودوەرگرتن لە تواناو بەهرەكانی قوتابیان دادەنێت، ئایا لەمبارەیەوە یەكێتی قوتابیانی كوردستان هیچ توێژینەوە و پڕۆژەیەكیان لەبەردەستدایە؟
- قوتابیان بەگشتی و دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكانی كوردستان بەتایبەتی یەكێك لە گرفتە سەرەكی و بنەڕەتیەكانیان ئەوەیە، گەنجێك بڕوانامەی دەدەنێ، نە لە رووی زانستی و كردارییەوە لە ئاست ویستی بازاڕی كارە، نە بازاڕی كار رێز لە بەهرەو تواناكانی ئەو گەنجە دەگرێت و ئامادەیە دایبمەزرێنێت، نە حكومەتیش لە توانایدا هەیە ئەو هەموو دەرچووانەی زانكۆ دابمەزرێنێت، ئەمە كێشەیەكی گەورەو ئاڵۆزە، چونكە پێش قەیرانی دارایی بەشێكی زۆری دەرچووانی زانكۆكانی كوردستان لە كەرتی گشتی حكومەت دادەمەزران، بەڵام ئێستا ئەو توانایە نەماوە. سەرەتا ئێمە دەبێت كار بۆ ئەوە بكەین پێش ئەوەی بڕوانامە بدرێتە قوتابیان، توانا و ئاستی زانستی و پراكتیكی بۆ بازاڕی كار لەبار بێت، دواتر پێویستە لایەنی پەیوەندیدار كە حكومەت و كەرتی تایبەتە بەرنامە و كاری خۆیان بە شێوەیەك بگۆڕن كە لە توانایاندا بێت لە بری كادیر و كارمەندی بیانی، دەرچووانی وڵاتەكەی خۆمان دابمەزرێنن و هەلی كاریان بۆ بدۆزرێتەوە، هەروەها گرنگی بە پڕۆژەی بچووك و كارگە و بە پیشەییكردنی كشتوكاڵ و ئەو بوارانە بدەین كە زۆرترین هەلی كاری تێدا دەستەبەرە، واتا رێكخستنی یاسایی و دامەزراوەیی دامودەزگاكانی حكومەت و كەرتی تایبەت بە شێوەیەك بێت كە بە هاوشێوەی وڵاتانی بیانی ساڵانە هەلی كاری نوێ بۆ گەنجەكانمان دەستەبەر بێت. لە هەر كوێیەك قوتابی پێویستی بە ئێمە بێت، بێ گوێدانە لایەنی حزبی و ئایدیۆلۆژیا و نەتەوە و ئایین بە دەنگیەوە هاتووین، چونكە ئەوان قوتابی كوردستانن و ئەركی سەرشانمانە نوێنەرایەتییان بكەین.
* بەرنامەی داهاتووی یەكێتی قوتابیانی كوردستان چییە، بەتایبەتی كە ئێمە لە سەروبەندی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانین كە پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێت حكومەتێكی بەهێز دابمەزرێنێت و زۆربەی كێشەو گرفتەكان لەم كابینەیەدا چارەسەر بكرێت؟
- جگە لەو كارنامەیەی رێكخراوەكەمان كە وەكو هێڵێكی گشتی لە سەری دەڕۆین، كار لەسەر ئەوە دەكەین هەموو ئەو كێشەو گرفتانەی لە سیستەمی پەروەردەو خوێندن هەیە دەستنیشانی بكەین و بكرێتە پڕۆژەیەك و پێشكەشی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی بكەین، پەروەردە و خوێندنی باڵا واتا ئامادەكردنی نەوەیەكی نوێ و تەندروست كە حكومەتێكی بەهێزی لەسەر بونیات دەنرێت. ئێستاكەش سەرقاڵی خۆئامادەكرنین بۆ بەستنی كۆنفرانسێكی زانستی و ئەكادیمی كە قوتابیانی تێدا بەشدار بن و گوێ لە خواست و داواكارییەكانیان بگیرێت و قوتابی ببێتە ناوەندێكی گرنگ و زیاتر كار لە بەرژەوەندیی قوتابی و پەروەردە و لایەنی زانستی بنرێت، هەروەها لە رووی سیاسیشەوە كار بۆ ئەوە دەكەین كچان زیاتر رۆڵیان پێ بدرێت و هەروەكو چۆن لە رابردوودا لەم رێكخراوەی ئێمەوە دەیان سەركردە و كادیر و كەسایەتیی بەتوانای بەرهەم هێنا، بە هەمان شێوە سەركردەی نوێ و بەتوانا بەرهەم بهێنین، بەداخەوە بۆ كاركردنی كچان ئەو زەمینەیە لە كوردستان لەبار نییە، ئێمە لە یەكێتی قوتابیانی كوردستانەوە ئەو زەمینەیە لەبار دەكەین هەتا رۆڵ و پێگەی كچان لە ناو رێكخراوەكە و دامەزراوەكاندا زیاتر بێت و رێگری و ئاستەنگەكان هەڵبگیرێن.
Top