مەیسەر عوبێد نهێلی سكرتێری یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان: هەوڵمانداوە ببینە نوێنەری راستەقینەی سەرجەم لاوان
February 18, 2019
دیمانەی تایبەت
یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان خاوەن پێگە و رۆڵی دیار و بەرچاوە لە پێگەیاندنی لاوان و برەودان بە توانا و بەهرەی گەنجان و مێژوو و ئەزموونەكانیش گەواهیدەری ئەم راستییەن، لە ساڵوەگەڕی دامەزراندنی ئەم یەكێتییەدا گوڵان بۆ تاوتوێكردنی دوایین كار و چالاكییەكانی ئەم رێكخراوە و پلان و پرۆژەكانی داهاتوویان دیمانەیەكی لەگەڵ مەیسەر عوبێد نهێلی سكرتێری یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان ئەنجامدا.* وەكو ئاشكرایە یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان لە قۆناغە جیاوازەكانی كوردستاندا رۆڵی تایبەتی لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی گەلی كوردستاندا هەبووە، ئایا لە ئێستادا دوای تێپەڕبوونی ئەو هەموو ساڵە تاچەند توانیوێتی پارێزگاری لە هەمان رێچكە و هزری دامەزراندنی بكات؟
- بوونی ئەم رێكخراوە لە كاتی شۆڕشدا پێویستییەكی بنەڕەتی بوو، هەر بۆیە دامەزراندنی ئەم رێكخراوەش لە گەرمەی شۆڕشدا بۆ ئەوە بووە تا تواناو وزەی ئەم توێژە گەورەو فراوانەی ناو كۆمەڵگەی كوردستان زیاتر كۆبكاتەوە و سوودیان لێ وەربگرێت بۆ گشت بوارەكانی ژیانی كۆمەڵگە و لە رێگەی لاوانەوە شەقامی كوردستان بۆ بزووتنەوەی ئازادیخواز و سەربەخۆیی بجوڵێنرێت، لەم روانگەیەوە دەتوانین بڵێین ئەم رێكخراوانە بەشێك بوون لە راپەڕینە مەزنەكەی گەلی كوردستان لە 1991دا و تەنانەت ئەندامانی ئەم رێكخراوە بە چەشنی پێشمەرگە رۆڵیان هەبوو. واتە ئەوانیش لەگەڵ پێشمەرگەدا هاتنە نێو شار و راپەڕینیان دروست كرد. لەدوای راپەڕینیش لە قۆناغی مەدەنییەت و دروستبوونی پەرلەمان و حكومەت و دامەزراوەكانی دیكە دووبارە رۆڵ و پێگەی لاوان دیارو لەبەرچاو بووە بەتایبەتی لەگەڵ بوونی ژمارەیەكی زۆری لاوان لە ناو كۆمەڵگاكە. كەواتە بە دڵنیاییەوە دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین كە قۆناغی شۆڕش گۆڕاوە و ئێستا قۆناغێكی نوێ دروست بووە كە دەبێت كار لەسەر ئەوە بكەین چۆن سوود لە وزە و توانای گەنجان وەربگرین و چۆن بە ماف و ئەرك و رۆڵ و بەرپرسیارێتییان لە كۆمەڵگەدا ئاشنایان بكەین.
* لەشەڕی داعش و پارێزگاری لە كوردستان لاوان رۆڵێكی بەرچاویان گێڕا؛ ئایا ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە لە داهاتوودا پێویستە لە بواری سەربازی و ئاسایش گرنگییەكی زیاتر بە گەنج و تواناكانیان بدرێت؟
- لە راستیدا هەمیشە لە شۆڕش و راپەڕین و ریفراندۆم و سەرجەم قۆناغەكاندا، قارەمانەكان كەسانی گەنج بوون، هەروەها ئێمە دەزانین زۆربەی ئەوانەی لە ناو حزبەكاندان پێشتر لە نێو یەكێتی لاواندا بوون، كەواتە زۆربەی ئەو كەسانەی خەباتیان كردو شۆڕشیان كرد بە سەركردایەتی مەلا مستەفای بارزانی و سەرۆك مسعود بارزانی، كەسانی گەنج بوون، بە هەمان شێوە ئەوانەی لە شەڕی داعش بەرگرییان لەكوردستان كرد لە توێژی لاوان بوون، واتە لە شەڕی داعش و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و داگیركارانیش گەنجەكان رۆڵی جوامێرانەیان بینی، بۆ نموونە: ئەو كەسەی ئاڵای عێراقی لەسەر هەمەری هێزەكانی حەشدی شەعبی هێنایە خوارەوە، كەسێكی گەنج بوو، ئەو پێشمەرگەیەی لە نێو جەرگەی شەڕدا گۆڕانی دەگوت گەنج بوو، ئەوەی بەری بە زریپۆش گرت بۆ ئەوەی رێگە نەدا بێت و لە نێو پێشمەرگەدا خۆی بتەقێنێتەوە، كەسێكی گەنج بوو، ئەوەی باوەشی بە تیرۆریستاندا كرد، تاوەكو قایشی بۆمبڕێژكراو هەڤاڵ و برا پێشمەرگەكانی شەهید نەكات، گەنج بوو.
* ئەمە بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆییش راست بوو؟
- بەڵێ، بە دڵنیاییەوە بزوێنەری سەرەكی بۆ كۆكردنەوە و قەناعەت پێ هێنان بە خەڵك و بۆ ئەنجامدانی گردبوونەوە لە پێناوی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كەسانی گەنج بوون، واتە ئەوان بوون بە گوڕ و تینێكی زۆرەوە كاریان دەكرد، بۆ ئەوەی خەڵكی بەشداری بكەن لە پرۆسەكەدا، بە هەمان شێوە كۆبوونەوە گەورەكان و رێكخستنی بۆنەكانیش هەر كەسانی گەنج بوون.
* بۆ ئەوەی ببنە مەرجەع پێویستە نوێنەرایەتی لاوان لە كوردستاندا بكەن، رێكخراوی لاوانی دیموكراتی كوردستان چی دەكات بۆ ئەوەی پارێزگاری لە سەرقافڵەیی و مەرجەعییەتی هەموو لاوانی كوردستان بكات؟
- ئەوە راستە كە ئامانجەكە ئەوەیە یەكێتی لاوان ببێتە مەرجەعی لاوان لەم وڵاتە، واتە رێكخراوی لاوان لە هەر شوێنێك كە گەنجی لێ بێت- ئیدی گرنگ نییە چ پیشەیەكی هەبێت، یان حەز و خواستەكانی چی بن و لە هەر كوێیەك بن-، ئەمەش چۆن دەكرێت، بەوە دەكرێت كە كادرێكمان هەبێت كە بە هەموو شێوەیەك بەرجەستەكاری ئەم رێكخراوە و مێژوەكەی بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت ببێتە نوێنەری راستەقینە و جێی متمانەی گەنجەكان بێت، تاوەكو ببێتە پردی نێوان گەنج و حكومەت، گەنج و كەرتی تایبەت و گەنج و سیاسەت، ئەمەش بە راددەیەكی باش بەدی هاتووە، هەرچەندە ناتوانین بڵێین كەموكوڕی نییە، بۆ نموونە بەشێكی كادر و ئەندامەكانمان لە ناو حكومەتدا و كاری باش دەكەن و هەندێكیان فێری كاركردن بوون و سەرقاڵی كاركردنن، هەرچەندە ئێمە تمووحی زیاترمان هەیە و لەم رووەوە كار و كۆششی زیاتر دەكەین بۆ ئەوەی چۆن ئەم رێكخراوە بە فیعلی بكەین نوێنەری راستەقینەی گەنج لەم وڵاتەدا.
* پەیوەندیتان لەگەڵ رێكخراوە جیهانییەكانی لاوان چۆنە؟ ئایا تاچەند توانیوتانە بەسەر ئاستەنگەكانی بواری سیاسەتدا زاڵ بن بۆ ئەوەی ئەو پەیوەندییانەتان لە پێناو پێشخستنی تواناكانی لاوان بەكار بهێنن؟
- رێكخراوەكەمان ئەندامی رێكخراوی یەكێتی لاوانی جیهانە و كاك فەلاح حەسەن كە كادیرێكی رێكخراوەكەمانە جێگری سەرۆكی ئەم رێكخراوەیە و نوێنەری یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستانیشە لەدەرەوە. بەشێوەیەكی گشتی رێكخراوی لاوانی دیموكراتی كوردستان نوێنەرایەتی لە زۆربەی وڵاتان هەیە لەوانە ( كەنەدا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و هەنگاریا و لوبنان و میسرو عێراق) و چەندین وڵاتی دیكەی عەرەبی و جیهانی. هەروەها دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە هەندێ مەسەلە گرێدراوی پرسە نیشتمانی و نەتەواییەتییەكانن و رەنگە نەتوانین پەیوەندیمان هەبێت لەگەڵ رێكخراوێك كە ئەم رێكخراوە هەڵوێستێكی نەرێنی لە ئاست ئەم پرسانەدا هەبێت.
* گلەیی و رەخنەیەكی زۆر لەسەر ئاستی لاوان و رۆڵی رێكخراوەكانی لاوان لە وڵاتانی جیهان بەتایبەتی ئەوروپا و ئەمریكا هەیە، كە ئەوان نەیانتوانیوە سوود لەو هەموو لاوانەی كۆچبەری ئەو وڵاتانە وەربگرن و لۆبیەكی كوردی لێ دروست بكەن، لەو بارەیەوە راتان چییە؟
- وردە وردە ئەو لۆبیە كوردییە لە وڵاتانی ئەوروپاو رۆژئاوا دروست بووە، هەر ئەمەشە وایكرد، لەساڵی 2010 لە كۆنگرەی 7ی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان سەرۆكی یەكێتی لاوانی جیهان سەردانی كوردستان بكات و میوانی ئێمە بوو، كە ئامانجەكە ئەوە بوو لە نزیكەوە بە دۆخی هەرێمی كوردستان ئاشنا بێت و راستییەكان بە چاوی خۆی ببینێت.
* سەبارەت بە كاروچالاكییەكانتان لە بواری كۆمەڵایەتی و وەرزشی ئایا رێكخراوی لاوانی دیموكراتی كوردستان چی ئەنجامداوەو بەنیازی چ پڕۆژەیەكی نوێن؟
-سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم كە بە خۆشحاڵییەوە دوای ئەنجامدانی كۆنگرەیەكی سەركەوتوو لە ژێر دروشمی پێشمەرگە و بە سەرپەرشتی سەرۆكی كوردستان – سەرۆك مسعود بارزانی- مەكتەبی سكرتاریەت و لیژنەكان توانییان لە ماوەی كەمتر لە 10 رۆژدا كۆنفرانسی سەرتاسەری بكەن و سەركەوتوو بن. ئەوەی زیاتر مایەی خۆشحاڵییە ئەوە بوو لە پرۆسەیەكی دیموكراسیدا ئافرەتان بە رێژەی لە 25-30% ی ئەندامانی رێكخراوەكە هاتنە پێشەوە – نەك بە شێوەی مەركەزی- و خۆشبەختانە دوو كچ بە دەنگدان بوونە بەرپرسی ناوەندی باڵا لە سۆران و رانیە. كە پێشتر هیچ كاتێك كچ نەبوونەتە بەرپرسی ناوەندی باڵا و ئەمەش گۆڕانكارییەكی ریشەییە لە پەیكەربەندی رێكخراوەكەدا. گۆڕانكارییەكی دیكە كە پەیوەستە بە پرسیارەكەتانەوە ئەوەیە كە ئێمە چالاكییەكانمان لە زاخۆوە تاوەكو سلێمانی گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، كە چالاكی گشتگیرن و پەیوەست بە بواری رۆشنبیری و هونەری و وەرزشییەوە. ئەوەی پەیوەندیدار بێت بە بواری وەرزشییەوە، ئەوا دەكرێت ئاماژە بە یاریگا بچووككراوەكان بدەین كە بە پشتیوانیی گەورەی سەرۆكی حكومەت توانرا كاریان تێدا بكرێت و ئێستاش بە پارەیەكی رەمزی زۆر كەم یارییان تێدا دەكرێت، كە ئەو پێنج هەزار دینارەی لەم یاریگایانەش وەردەگیرێت، تەنیا بۆ خزمەتكردنی یاریگاكە و بەڕێوەبردنی بەكار دەهێندرێت.
* یەكێك لە كێشەو گرفتەكانی لاوان بێكاری و نەبوونی هەلی كارە ئایا لەم رووەوە رێكخراوەكەتان چی كردووە و ئێوە وەكو نوێنەری توێژێكی گرنگ راسپاردەو بۆچوونتان لەم بوارەدا چییە؟
- لە بواری دۆزینەوەی هەلی كارو چارەسەركردنی كێشەی بێكاری لەناو گەنجاندا رێكخراوی یەكێتی لاوانی كوردستان لەم رووەوە كاری كردووە:
1- لە گەڵ حكومەتدا ئاراستەی فشاری ئێمە بە ئاقاری ئەوەدایە كە گەنجەكان لە دامودەزگاكانی حكومەت و كەرتی گشتی دابمەزرێن و بواری ژیان و هەلی كاریان بۆ بڕەخسێت و بەردەوامیش لەم رووەوە.
2- لەگەڵ كۆمپانیا گەورەكانی كوردستان سەرقاڵی كردنەوەی دەروازەی كاركردنین بۆ لاوان بەگشتی، بۆ نموونە ئەگەر كۆمپانیایەك، یان دامەزراوەیەكی كەرتی تایبەت پێویستی بە 10 كەس هەبێت كە شارەزای بوارێكی دیاریكراو بن، ئەوا هەوڵ دەدەین خولێك بكەینەوە كە بۆ نموونە 100 كەسی تێدا بەشدار بێت و 10 یەكەمەكە لەو كارە وەربگیرێن. بەشی پەیوەندیی رێكخراوەكەمان لەم رووەوە كارێكی زۆری ئەنجامداوە و هەوڵدەدەین لە نزیكترین كاتدا دەرئەنجامیان هەبێت. ئێمە بانگەشەی ئەوە ناكەین كە دەرئەنجامی هەوڵەكانمان دەبێتە هۆی ئەوەی بە یەكجاری بێكاری ناهێڵێت، بەڵام ئەگەر ئێمە بتوانین بە رێژەی 10%یش كاریگەریمان هەبێت، ئەوا وابزانم سەركەوتوو بووین.