جۆناسان كۆتلار پڕۆفیسۆری رۆژنامەگەری بۆ گوڵان: كێشەكە ئەوەیە بێ وردبوونەوە لە راستی و دروستیی هەواڵەكان پەلە لە بڵاوكردنەوەیان دەكرێت
February 15, 2019
دیمانەی تایبەت
جۆناسان كۆتلار پڕۆفیسۆرە لە سكووڵی رۆژنامەگەری لە زانكۆی ساوز كالیفۆڕنیا، تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگە، وەك مافە دەستوورییەكان، مێژووی راگەیاندن، یاسای راگەیاندن و سیاسەتی گشتی. پێشتر كاری پارێزەرایەتی كردووە لە دادگاكانی ویلایەتەكانی ئەمریكا و دادگا فیدڕاڵییەكان بە دادگای باڵای ئەمریكاشەوە. بۆ شرۆڤەكردنی ئەو پەرەسەندن و گۆڕانكارییانەی بەسەر كاری رۆژنامەگەریدا هاتوون، هەروەها بۆ لێكدانەوەی ئاكام و دەرهاویشتەكانی ئەم گۆڕانكارییانە لە كاری رۆژنامەگەری و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامدا.* سەرەتا دەمانەوێت بزانین هەڵسەنگاندنی ئێوە چییە بۆ ئەو تەحەددی و گرفتانەی لە رۆژگاری ئێستادا رووبەڕووی كاری رۆژنامەگەری و راگەیاندن دەبنەوە، ئایا پێتانوایە بەهۆی ئەو گۆڕانكارییانەی روویانداوە چیتر رۆژنامەگەری رۆڵە تەقلیدییەكەی خۆی نابینێت و ئێمە پێمان ناوەتە قۆناغێكی نوێی كاری رۆژنامەگەرییەوە؟
- بە تێڕوانینی من دروست و سەرهەڵدان و بەكارهێنانی ئەوەی پێی دەوترێت تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان –سۆشیاڵ میدیا- و تۆڕی ئەنتەرنێت بوونەتەهۆی ئەوەی كاریگەرییان هەبێت لەسەر جەوهەری كاری رۆژنامەگەری تەقلیدی، ئەویش نەك لەبەر ئەوەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ئەنتەرنێت كارێكی باشتر دەكەن، بەراورد بە رۆژنامەگەری، چونكە ئەوان ئەم كارە ناكەن، بەڵكو لەبەر ئەوەی رۆژنامەگەری تەقلیدی چیتر توانای ئەوەی نەماوە لەنێو سۆشیاڵ میدیا یان ئەم بزنسەدا بمێنێتەوە، واتە چیتر توانای ئەوەی نەماوە درێژە بە خۆی بدات و بەردەوام بێت.
* دەكرێت مەبەستەكە زیاتر روون بكەنەوە كاتێك دەڵێن كێشەكە ئەوەیە كە رۆژنامەگەریی تەقلیدی چیتر توانای ئەوەی نییە درێژە بە ئەرك و كاری خۆی بدات؟
- مەبەستم ئەوەیە كاتێك تۆ نەتوانیت داهات پەیدا بكەیت و بەدەست بهێنیت بەهۆی كارە رۆژنامەگەرییەكەتەوە، ئەوا تۆ ناتوانیت سەرچاوەی پێویستت هەبێت بۆ ئەوەی رۆژنامەنووسەكان بخەیتەگەڕ تاوەكو كارەكەت بۆ ئەنجام بدەن، ئەمە یەكێكە لەو كێشانەی كە لە ئێستادا رۆژنامەگەریی تەقلیدی بەدەستیەوە دەناڵێنێت، بگرە ئەمە یەكێكە لە كێشە گەورەكانی، كە پێناچێت بتوانێت پلانێكی بزنسی هەبێت، واتە پێناچێت بتوانێت سەرچاوەی داهات بەدەست بهێنێت بۆ ئەوەی بەردەوام بێت.
* ئێوە ئاماژەتان بەوە كرد كە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان- سۆشیال میدیا- كاریگەرییان هەبووە لەسەر ئەوەی چیتر رۆژنامەگەری نەتوانێت رۆڵی چاوەڕوانكراوی خۆی بگێڕێت، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەتوانن ئەركی رۆژنامەگەری تەقلیدی ئەدا بكەن؟
- نەخێر، بە دڵنیاییەوە ناتوانن. دواتر من پێم وایە سەرەتا دەبێت ئەوە یەكلا بكەینەوە، ئایا مەبەستمان لە سۆشیال میدیا چییە، بۆ نموونە ئەگەر ئێمە باسی بەكارهێنانی ئەنتەرنێت بكەین لەلایەن رۆژنامەكانەوە، وەك نیویۆرك تایمز و لەندەن تایمز، ئەوا ئەمە كارێكی ئاساییە و هیچ گرفتێكی تێدا نییە، چونكە لێرەدا تەنیا ئامرازی كاركردنی رۆژنامەگەرییەكە گۆڕاوە، بە بێ ئەوەی كوالیتییەكەی هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا هاتبێت. بەڵام كاتێك ئێمە باسی ئەو رۆژنامەگەرییە دەكەین كە لەلایەن ئەو كەسانەوە ئەنجام دەدرێت كە پێیان دەوترێت هاووڵاتیی رۆژنامەنووس، لە رێی كاری سۆشیال میدیاییەوە، ئەوا ئەمە كارێكی ئاسایی نییە. چونكە لە بنەڕەتدا ئەم كەسانە رۆژنامەنووس نین، بەڵكو كەسانێكی ئاسایین و كۆمپیۆتەرێكیان پێیە و هەواڵ و زانیاری بڵاو دەكەنەوە.
* باشە دەقاودەق كێشە و مەترسیی ئەمە لە چیدایە، یان ئەمە چ دەرئەنجامێكی مەترسیداری لێدەكەوێتەوە؟
- لە راستیدا بەهۆی خێرایی بڵاوبوونەوەی هەواڵ و زانیارییەكانەوە، ئەوا بۆی هەیە هەواڵی ساختە و ناڕاست بە سەرتاسەری جیهاندا بڵاو ببێتەوە، بێ ئەوەی وردبینی تێدا كرابێت و یان بە بێ ساغكردنەوەی راست و دروستیی هەواڵەكە، ئەمەش مایەی مەترسییەكی گەورەیە، مەبەستم ئەوەیە كە مەترسییەكی گەورەیە لەسەر كاری رۆژنامەنووسی، لە هەمان كاتدا مەترسییەكەی گەورەیە لەسەر راستی و هەواڵی راست و دروست. با ئەمە بە نموونەیەك روون بكەمەوە، ئەگەر تۆ كێشەیەكی یاساییت هەبێت، ئەوا روو دەكەیتە پارێزەرێك بۆ ئەوەی لە دادگا بەرگریت لێ بكات، واتە روو ناكەیتە هاووڵاتییەكی ئاسایی، هەروەها ئەگەر كێشەیەكی تەندروستیت هەبوو، ئەوا ناچیتە لای هاووڵاتییەكی ئاسایی، بە هەمان شێوە زۆربەی ئەو كەسانەی سۆشیال میدیا بەكار دەهێنن بۆ بڵاوكردنەوەی هەواڵ و زانیارییەكان هاووڵاتییەكی ئاسایین، نەك رۆژنامەنووسێكی پیشەوەر. بەڵام كاتێك ئەم كەسانە دەست دەدەنە كارێك كە پیشەی رۆژنامەنووسانە، ئەوا زیانێكی گەورە بەم پیشەیە دەگەیەنن.
* ئێوە لە یەكێك لە وەڵامەكانتاندا ئاماژەتان بە هەواڵی ساختە كرد، هەروەك ئاشكرایە لە ئێستادا چەمكی هەواڵی ساختە- فەیك نیوز- بۆتە دەستەواژەیەكی باو و بەربڵاو، پرسیارەكە ئەوەیە تا چ راددەیەك ئامرازەكانی راگەیاندن بەكار دەهێنرێت بۆ بڵاوكردنەوەی هەواڵی ساختە و ناڕاست لە بری ئەوەی بەكاربهێنرێن بۆ ئەداكردنی رۆڵی سرووشتی و چاوەڕوانكراوی خۆیان؟
- من پێموایە ئەمە دەرئەنجامێكی نەخوازراوە كە لە كاری راگەیاندن و رۆژنامەگەری دروست بووە، مەبەستم ئەوەیە لەبەر ئەوەی دەزگاكانی راگەیاندن و رۆژنامەگەری پەرۆشن و پەلەیانە بۆ ئەوەی یەكەم دەزگا بن كە هەواڵەكە بڵاو دەكەنەوە، ئەگەرچی ئەمە لەسەر حیسابی راست و دروستیی هەواڵەكەش بێت، مەبەستم ئەوەیە رەنگە وەك پێویست رەچاوی ئەوە نەكەن كە تا چەند ئەو هەواڵە وردە، لەبری ئەوە ئەولەوییەت لای ئەوان خێرا بڵاوكردنەوەی هەواڵەكەیە، ئەمەش كاریگەریی زیانبەخشی لێدەكەوێتەوە، چونكە تۆ دەبێت بچیتە بنچ و بنەوانی راست و دروستیی هەواڵەكە، كەواتە ئەمە زیانی زیاتری لێ دەكەوێتەوە وەك لە قازانج، واتە رۆژنامەنووسان و راگەیاندنەكان دەیانەوێت یەكەم لایەن بن كە هەواڵ بڵاو بكەنەوە، نەك یەكەم لایەن بن كە هەواڵی راست بڵاو بكەنەوە. ئێوە بڕواننە فەیسبووك، كە هیچ كۆنتڕۆڵێكی لەسەر نییە، ئەوا گەورەترین هەڕەشە و مەترسی لە سەر راستی و دیموكراسی دروست كردووە، نەك تەنها لە سەر وڵاتێكی دیاریكراو، بەڵكو لە سەرتاسەری وڵاتەكاندا. واتە ئەم هەڕەشەیە لە ئایدیۆلۆژیایەكی دیاریكراوەوە سەرچاوەی نەگرتووە، بەڵكو لە فەیسبووكەوە بووە.
* ئایا دەتوانین بڵێین ئێستا ئێمە لە رۆژگاری دوای راستیدا دەژین – پۆست تروس- وەك ئەوەی هەندێ كەس ئاماژەی پێدەكەن؟
- نەخێر، من باوەڕم بەمە نییە، راستە من ئەم دەستەواژەیەم بیستووە، بەڵام هیچ كاتێك ئێمە ناتوانین لە رۆژگاری دوای راستدا بژین، دەستەواژەیەكی كۆن هەیە كە هەزاران ساڵە وتراوە، ئەویش ئەوەیە: راستی مایەی ئازادبوونە، كەواتە ئەگەر ئێمە بڵێین ئێمە لە رۆژگاری دوای راستیدا دەژین، ئەوا دەبێت ئەوەش بڵێین كە سەرجەم شارستانیەتییەكان كۆتاییان هاتووە.
* ئەی پێتوایە كاریگەریی ئەو بەرەوپێشچوونە تەكنەلۆژییە چییە كە روویداوە، بەتایبەتی ئێستا كە دەكرێت هەواڵ و زانیارییەكان زۆر بە خێرایی بە سەرتاسەری جیهاندا بڵاوببنەوە، مەبەستمان ئەوەیە ئایا كاریگەریی ئەم بەرەوپێشچوونە لەسەر كاری راگەیاندن و رۆژنامەگەری چی بووە؟
- لە راستیدا هەمیشە رۆژنامەگەری خۆی لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییانەدا گونجاندووە، ئیدی تەلەگراف بێت، یان كەشتی هەڵمی بێت، یاخود رادیۆ و تەلەفزیۆن بێت، واتە هەمیشە توانیویەتی خۆی بگونجێنێت لەگەڵ بەرەوپێشچوونی تەكنەلۆژیادا. دواتر ئێمە دەزانین تەكنەلۆژیا ئامرازێكی بێلایەنە لە خودی خۆیدا، مەبەستم ئەوەیە مەسەلەكە ئەوەیە چۆن ئێمە ئەم تەكنەلۆژیایە بەكار دەهێنین. لەم روانگەیەوە دەبێت تەكنەلۆژیا بەو شێوەیە بەكار بهێنرێت كە خزمەت بە بەرژەوەندییەكانمان بكات، نەك بە پێچەوانەوە.
* وەك شارەزایەكی بواری مافە دەستوورییەكان و یاسای راگەیاندن، ئایا چۆن داڕشتنی چوارچێوەیەكی یاسایی و جێگیركردنی بۆ نموونە لە دەستووردا لەسەر كاری رۆژنامەگەری و راگەیاندن كاریگەریی خوازراوی لێ دەكەوێتەوە؟
- لە راستیدا ئەمە كێشەیەكی راستەقینەیە، چونكە ئێمە سیستمی یاسایی جیاواز و جۆراوجۆرمان هەیە لە سەرتاسەری جیهاندا و هەر وڵاتێكیش پێیوایە دەبێت یاسای ئەو جێبەجێ بكرێت. بەڵام كێشەكە ئەوەیە ئەگەر من لێرەوە(لە كالیفۆڕنیاوە) دابنیشم و كۆمپیوتەرێكم لەبەردەست بێت، ئەوا دەتوانم دەستم بە زانیاری بگات لە هەموو بەشێكی جیهاندا و خۆ ئەگەر بێت و بڵاویان بكەمەوە، ئەوا پرسیارەكە ئەوەیە ئایا كام یاسا بەسەر مندا جێبەجێ دەبێت؟ ئایا یاسای ئەو شوێنەی كە منی لێم، یان یاسای ئەو شوێنەی كە زانیارییەكەم بۆ ناردووە و دابەزێندراوە؟ كەواتە تاوەكو نەتوانین لەم رووەوە بگەینە رێككەوتنێك- كە پێم وانییە بتوانین- ئەوا ئەو پشێوییە درێژە دەكێشێت كە باڵی بەسەر دۆخی ئێستادا كێشاوە.
* بەڵام ئەگەر ئەمە دۆخەكە بێت، ئایا پێویستە چی بكرێت، یان با پرسیارەكە بە شێوەیەكی دیكە بكەین، ئایا دەتوانرێت هیچ هەنگاوێكی بگیرێتەبەر بۆ كەمكردنەوەی ئەو پشێوییەی ئێوە ئاماژەی پێ دەكەن؟
- من پێموایە رۆژنامەگەری پیشەیە نەك بازرگانی، لەم رووەوە باوەڕم وایە پێویستە راهێنان بەو كەسانە بكرێت كە خۆیان سەرقاڵ دەكەن بە كاری رۆژنامەگەرییەوە، بەڵام كێشەكە لە ئێستادا ئەوەیە كە ئەنتەرنێت دەرفەتێكی دروست كردووە بۆ ئەوەی كەسانێك بێن و بانگەشەی ئەوە بكەن كە رۆژنامەنووسن، لە كاتێكدا ئەوان ئەو راهێنانەیان نەبینیوە كە پێویستە بۆ ئەوەی كەسێك بتوانێت كار و پیشەیی رۆژنامەنووسی ئەنجام بدات. چونكە ئێمە دەزانین رۆژنامەنووسی راستەقینە دەزانێت كە كارەكەی ئەوەی بەسەردا دەسەپێنێت كە وردبێت لە هەواڵەكانیدا و لە راستی و دروستی و بنج و بنەوانیان بكۆڵێتەوە، بەڵام ئەوەی ناومان ناوە رۆژنامەنووسی هاووڵاتی، ئەمانە رەچاو ناكات، ئەمەش مایەی مەترسییە، لەبەر ئەوەی لە ئێستادا دۆخێك دروست بووە كە ناتوانیت كەسی رۆژنامەنووسی راستەقینە لەو كەسانە جیا بكەیتەوە كە بانگەشەی رۆژنامەنووسی دەكەن.
* كەوابێت لە ئێستادا ئێمە پێویستمان بە چ جۆرە كارێكی رۆژنامەگەری و راگەیاندن هەیە؟
- من پێموایە ئەو ئامرازانەی بە هۆیانەوە هەوڵ و زانیاری بڵاو دەكرێنەوە، ئیدی ئەنتەرنێت بێت، یان پەخشی تەلەفزیۆنی بێت، یان ئامرازە تەقلیدییەكانی وەك رۆژنامە و گۆڤارەكان مەسەلە سەرەكییەكە نین لەم رووەوە، مەبەستم ئەوەیە رۆژنامەگەری هەر رۆژنامەگەرییە، ئیدی تۆ چ ئامرازێك بەكار بهێنیت بۆ ئەنجامدانی كارەكە، ئەوا گرفتێك نییە. بە گوزارشتێكی دیكە، خودی ئامرازەكە پەیوەندیی بەوەوە نییە ئایا رۆژنامەگەرییەكی باشمان هەیە یان نا. كەواتە مەسەلەكە پەیوەست نییە بە تەكنەلۆژیاوە، لەم روانگەیەوە من پێموایە پێویست بێت كاری رۆژنامەگەری رێكبخرێت، واتە پێویستە راهێنان بەو كەسانە بكرێت كە دەیانەوێت خۆیان سەرقاڵ بكەن بە ئەنجامدانی كاری رۆژنامەگەری و راگەیاندنەوە.
* باشە هەڵسەنگاندنت چییە بۆ پەیوەندیی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ رۆژنامەنووسان و راگەیاندنكاران، كە ئێمە دەبینن هەندێ جار سەرۆك ترەمپ هێرش دەكاتە سەریان لە كاتێكدا كە پرسیاری لێ دەكەن؟
* لە راستیدا سەرۆك دۆناڵد ترەمپ كەسێكی زۆر زیرەكە، چونكە ئەو دەزانێت كە رۆژنامەگەری واتە لەفلتەردانی هەواڵ و بابەتەكان، واتە ئەگەر تۆ رۆژنامەیەكی رۆژانە دەربكەیت، ئەوا كۆبوونەوەی رۆژانە دەكرێت بۆ ئەوەی بڕیار بدرێت چی بڵاو بكرێتەوە، واتە ئەوانن كە بڕیار دەدەن خەڵكی چی بخوێنێتەوە، یان لە حاڵەتەكانی دیكەدا ئەوان بڕیار دەدەن خەڵكی گوێ لە چی بگرن، یان چی ببینن. بەڵام كاتێك سەرۆك دۆناڵد ترەمپ دێت و سۆشیال میدیا، بەتایبەتی تویتەر بەكار دەهێنێت، ئەوا بە تەواوەتی خۆی لە رۆژنامەنووسان لادەدات و رێگایەكی راستەوخۆ دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی پەیامەكەی بە خەڵكی بگەیەنێت، واتە ئەو بۆی دەركەوتووە كە ئەو كەسانەی پشتیوانی لێدەكەن، پشتیوانی لە رۆژنامەگەری ناكەن، واتە ئەو كەسانە باوەڕ بە خودی سەرۆك ترەمپ خۆی دەكەن، هەر ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی رێگایەك بگرێتەبەر كە راستەوخۆ پەیامی خۆی بگەیەنێت.
* باشە كاریگەرییە خراپ و نەرێنییەكانی ئەم حاڵەتە چییە لەسەر دیموكراسی، بەتایبەتی لە وڵاتی ئەمریكا؟
- ئەوەی لە ئەمریكا بەدی دەكرێت شكستخواردنی رۆژنامەگەری و راگەیاندنی مەحەلییە لەم وڵاتەدا، ئەمەش كاریگەری هەیە لەسەر چاودێری نەكردن و ئاشكرا نەكردنی ئەو گەندەڵییانەی كە حكومەتە مەحەلییەكان تێوەی گلاون لەگەڵ ئەو كارە تاوانكارییانەی ئەنجام دەدرێن، مەبەستم ئەوەیە تیشك و تەركیزی كەمتر دەخرێتەسەر ئەم كێشانە. لەسەر ئاستی نیشتمانیش، هەمان كێشە بەدی دەكرێت لە پەیوەندی بە سەرۆك دۆناڵد ترەمپ. هەروەها من دەمەوێت لێرەدا ئاماژە بە دەستەواژە و گوزارشتێك بكەم لە ئەمریكا كە دەڵێت ئەگەر رۆژنامەگەری راستییەكانمان پێ نەڵێت، ئەی كێ پێمان دەڵێت. كەواتە لێرەدا مەسەلەكە ئەوەیە ئایا ئێمە متمانە بە تویتەكانی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بكەین، یان متمانە بە كاری رۆژنامەگەری و رۆژنامەكانی وەك نیویۆرك تایمز، یان واشنتۆن پۆست بكەین، كە ئەم رۆژنامانە كاری بەدواداچوون دەكەن بۆ ساغكردنەوەی بنج و بنەوانی هەواڵ و زانیارییەكان. كە ئێمە دەزانین سەرۆك دۆناڵد ترەمپ درۆ دەكات، ئەمە سەلمێنراوە و بە دۆكیۆمێنت كراوە، كەواتە جیاوازییەكە ئەوەیە ئەو كەسەی كاری رۆژنامەگەری دەكات، دڵنیا دەبێتەوە لە راست و دروستیی هەواڵەكان، لە كاتێكدا ئەو كەسەی تویت دەكات، ئەم كارە ناكات و هەر شتێكی بوێت دەتوانێت بیڵێت.
* لە روانگەی خوێندنەوەكانت بۆ كاری رۆژنامەگەری و راگەیاندن كە لە میانەی وەڵامەكانتدا ئاماژەت پێكردن، ئایا پێشبینی ئەوە دەكەیت كە رۆڵی تەقلیدیی رۆژنامەگەری بەرەو پووكانەوە بچێت، یان دەتوانێت متمانە و میسداقییەت بەدەست بهێنێتەوە؟
- ئەمە پرسیارێكی باش و بایەخدارە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێموانییە مەسەلەكە تەنیا پەیوەست بێت بە رۆژنامەگەرییەوە، بەڵكو پرسەكە پەیوەندیدارە بە خەڵكەكەوە، كە لە ئێستادا خەڵكەكە بەرەو دابەشبوونێكی زیاتر دەچێت لە نێوان ئەو كەسانەی كە دەخوێننەوە و ئەو كەسانەی ناخوێننەوە. بۆیە پێموایە ئەگەر بە تەنیا پشت بە تویتەر، یان فەیسبووك ببەستیت، ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە بكەوێتە ژێر كاریگەریی گەمەپێكردنتەوە، لە كاتێكدا ئەو كەسانەی كە دەخوێننەوە و نرخ بۆ هەواڵە رۆژنامەگەرییەكان دادەنێن دوچاری ئەم حاڵەتە نابنەوە. ئەم حاڵەتە نیگەرانم دەكات، چونكە مەسەلەكە پەیوەندیدار نییە بە یاساوە، لەبەر ئەوەی ئێمە چوارچێوەیەكی یاسایی پتەومان هەیە، هەمواركردنەوەی یەكەمی دەستوورمان هەیە كە ئازادییەكی تەواو بۆ كاری رۆژنامەگەری دەستەبەر دەكات، واتە توانای ئەوەمان هەیە هەر چییەك بڵێین كە دەمانەوێت، بەڵام كێشەكە دوو رەهەندی هەیە، یەكەمیان ئەوەیە كەسانێكی كەم لە ئێمە ئامادەین ئەم كارە بكەین، دووەمیان ئەوەیە كەسانێكی كەم هەن كە دەیانەوێت لەم سەرچاوەیەوە- رۆژنامەگەری- هەواڵ و زانیاری بەدەست بهێنن.