تیم گلێسۆن پسپۆڕی بواری رۆژنامەگەری بۆ گوڵان: سەرەڕای دژوارییەكان كاری رۆژنامەگەری لە بواری چاودێریكردندا گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە

تیم گلێسۆن  پسپۆڕی بواری رۆژنامەگەری بۆ گوڵان:  سەرەڕای دژوارییەكان كاری رۆژنامەگەری لە بواری چاودێریكردندا گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە
تیم گلێسۆن پڕۆفیسۆری ئیتیكی رۆژنامەگەریییە لە زانكۆی ئۆریگۆن، بە شێوەیەكی تایبەتی شارەزا و پسپۆڕی پەیوەندیی ستانداردە ئیتیكییەكانە بە پارێزگاری یاسایی دەستەبەركراو بۆ رۆژنامەنووسان، پێشتریش لە هەمان زانكۆ راگری سكووڵی رۆژنامەگەری و پەیوەندییەكان بووە لە نێوان ساڵانی 1997 بۆ 2013. لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە چەند پرسێكی گرنگی بواری رۆژنامەگەری دەدات، وەك مێژوو و تیۆر و پراكتیزەكردنی ئازادیی رۆژنامەگەری و، پێناسەی یاسایی رۆژنامەنووسان. لە میانەی دیمانەیەكدا گوڵان چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێكرد، كە پەیوەست بوون بە ئەرك و رۆڵی رۆژنامەگەری و راگەیاندن لە رۆژگاری هاوچەرخدا لەگەڵ ئەو تەنگژە و تەحەددییانەی رووبەڕووی رۆژنامەگەریی تەقلیدی دەبنەوە، ئەمانە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار تەوەری ئەم دیمانەیە پێكدەهێنن.
* بە شێوەیەكی گشتی لە رۆژگاری هاوچەرخدا چۆن لە رۆڵی رۆژنامەگەری و راگەیاندن دەڕوانیت، پێتوایە توانیویەتی رۆڵی چاوەڕوانكراوی خۆی بگێڕێت، یان كێشە و تەحەددیی راستەقینەی بۆ دروست بووە؟
- لە راستیدا زەحمەتە بتوانین یەك لێكدانەوە و شرۆڤەكاری بۆ هەموو شوێنێك بكەین، چونكە ئێمە لەم رووەوە جگە لەوەی راگەیاندن و رۆژنامەگەریی جیاوازمان هەیە، ئەوا لە هەمان كاتدا هەلومەرجی جیاوازی كاركردنی رۆژنامەگەریشمان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی پەیوەست بێت بە كاری رۆژنامەگەری لە ئەمریكادا، ئەوا بۆ ئەداكردنی رۆڵی چاوەڕوانكراو و قورسایی و دژواریی زیاتر رووبەڕووی رۆژنامەگەری بۆتەوە.
* باشە پێتوایە چ گۆڕانكارییەك روویداوە لە كاری رۆژنامەگەری و راگەیاندندا، بەتایبەتی لە دوای هاتنەئارای بەرەوپێشچوونێكی گەورەی تەكنەلۆژیا و دروستبوونی سۆشیال میدیا، وەك فەیسبووك و تویتەر؟
- بە تێڕوانینی من رۆڵی راگەیاندن و رۆژنامەگەری هەروەك خۆی ماوەتەوە، كە بریتییە لە پێدانی راستییەكان بە هاووڵاتییان، بەڵام رەنگە گۆڕانكارییەكە لە چۆنێتی ئەنجامدانی كاری رۆژنامەگەریدا رووی دابێت، لەگەڵ بڕی ئەو زانیارییە زۆرەی كە لە ئارادایە و فلتەر نەكراون، هەموو ئەمانەش دەبنە هۆی ئەوەی كارەكە ئاڵۆزتر بێت.
* لە روی خێرا بڵاوكردنەوەی هەواڵ و زانیارییەكان لەسەر چۆنیەتی ئەنجامدانی كاری رۆژنامەگەری و راگەیاندن، پێشكەوتن و بەرەوپێشچوونە تەكنەلۆژییەكانی بواری گەیاندن چ كاریگەری و دەرئەنجامێكیان هەبووە؟
- بە دڵنیاییەوە دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرین كە لە ئێستادا هەرچییەك بڵاو بكەیتەوە، ئەوا لەسەرتاسەری جیهاندا بڵاو دەبێتەوە. لە هەمان كاتدا خێرایی بڵاوبوونەوەی زانیاری و هەواڵەكانیش بۆتە هۆی ئەوەی زەحمەتتر و دژوارتر بتوانیت زانیاریی ورد و راست و دروست بڵاو بكەیتەوە، لەبەر ئەوەی زانیارییەكی زۆر لە ئارادان و بە رەوتێكی زۆر خێراش بڵاو دەبنەوە.
* كەواتە دژوارترین و سەختترینی ئەو تەحەددییانە چین كە رۆژنامەگەری بە دەستیانەوە گرفتارە و بوونەتە گرفت بۆ ئەوەی نەتوانن رۆڵی چاوەڕوانكراوی خۆیان ئەدا بكەن؟
- تەحەددییەكە ئەوەیە بتوانن روماڵی جیهانێك بكەن كە رۆژ بە رۆژ ئاڵۆزیی زیاتر باڵی بەسەردا دەكێشێت، هەروەها لە ئێستادا زانیاریی زۆر بۆ خەڵكی لە سەرتاسەری جیهاندا دەستەبەر دەكرێت، واتە كاتێكی كەمیان لە بەردەمدایە بۆ ئەوەی ئیستیعابی ئەو هەموو زانیارییانە بكەن، لە هەمان كاتدا دەتوانین بڵێین كە تەحەددییە ئابوورییەكان و فشارە ئابوورییەكان بوونەتە تەحەددیەكی سەخت بۆ كاری رۆژنامەگەری. مەبەستم ئەوەیە لە ئێستادا كاری رۆژنامەگەری بەدەست ئەوەوە دەناڵێنێت كە ناتوانێت لە رووی ئابوورییەوە بەردەوامی بە خۆی بدات. هەروەك ئاماژەم پێكرد ئەمە بۆتە تەحەددییەكی جددی و راستەقینە.
* وەك كەسێكی شارەزای بواری ئیتیكی رۆژنامەگەری و راگەیاندن، ئایا راگەیاندنە كۆمەڵایەتییەكان، یان ئەوەی پێی دەڵێن سۆشیال میدیا توانیویانە بە ئیتیكە رۆژنامەوانییەكانەوە پابەند بن؟
- لە راستیدا من پێموانییە فەیسبووك، یان ئامرازەكانی دیكەی سۆشیال میدیا بچنە چوارچێوەی كاری رۆژنامەگەرییەوە، لەم روانگەیەشەوە باوەڕم وایە ئەمە بەشێكی دیكەی ئاڵۆزییەكانی ئەو تەحەدییەیە كە لە ئێستادا رووبەڕووی كاری رۆژنامەگەری بۆتەوە.
* بۆچی ئێوە پێتانوانییە سۆشیال میدیا دەچێتە چوارچێوەی كاری رۆژنامەگەرییەوە؟
- ئەوەی بەدی دەكرێت ئەوەیە كە سۆشیال میدیا خۆی ناكاتە خاوەنی ئەو بابەتانەی لەم رێیەوە بڵاو دەبنەوە، وەك ئەوەی رۆژنامەگەریی بەرپرس ئەنجامی دەدات، بە دەربڕین و گوزارشتێكی دیكە ئەوان بەدواداچوون ناكەن بۆ راست و دروستیی ئەو هەواڵ و بابەتانەی بڵاوی دەكەنەوە و بنج و بنەوانی زانیارییەكان ساغ ناكەنەوە، بەڵكو ئەركی ئەوان لەوەدا كۆتایی دێت، كە ئامرازێك دەستەبەر دەكەن بۆ ئەو زانیارییانەی كە بڵاو دەكرێنەوە. هەر ئەمەش هۆكار بوو بۆ ئەوەی لە سەرەتادا ئاماژەم بەوە كرد، كە من ئەوەی فەیسبووك، یان تویتەر دەیكات بە كاری رۆژنامەگەری دانانێم.
* ئەگەر لە روانگەی ئەو تەحەددی و دژوارییانەوە بڕوانین كە رووبەڕووی كاری رۆژنامەگەری بوونەتەوە، ئایا دەتوانین بڵێین كە رۆژگاری رۆژنامەگەری تەقلیدی كۆتایی هاتووەو چیتر ناتوانێت رۆڵە تەقیلیدییەكەی خۆی ببینێت؟
- ئەمە پرسیارێكی جێی بایەخە، من باوەڕم وانییە بە هیچ شێوەیەك رۆژنامەگەریی تەقلیدی رۆڵی بەسەرچووبێت، یان كۆتایی هاتبێت، بەڵكو ئەداكردنی ئەركەكانی لە سەروەختی نادڵنیایی ئابووری و كەمبونەوەی سەرچاوەكانی داهات و بوونی ژینگەیەكی جەنجاڵی قەرەباڵغی راگەیاندن، بۆتە هۆی ئەوەی رووبەڕووی چەندین تەحەددی ببێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە هیچ شێوەیەك باوەڕم بەوە نییە كە رۆڵی راگەیاندن و رۆژنامەگەری لە بواری چاودێریكردندا هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا هاتبێت.
* لە ئێستادا یەكێك لەو كێشە و تەحەددییانەی دیكە كە رووبەڕووی كاری رۆژنامەگەری و راگەیاندن دەبێتەوە، ئەوەیە كە زۆر جاری هێرشی دەكرێتەسەر بەوەی كە هەواڵی ناڕاست و ساختە بڵاو دەكرێتەوە، بەتایبەتی ئێمە زۆر جار دەبینین كە لە ئەمریكا سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بەم شێوەیە وەسفی راگەیاندن دەكات، خوێندنەوەی ئێوە بۆ ئەم مەسەلەیە چییە؟
- بە تێڕوانینی من بڵاوبوونەوەی چەمكی هەواڵی ساختە و چۆنێتی بەكارهێنانی ئەم دەستەواژەیە لەلایەن سەرۆك دۆناڵد ترەمپ و كەسانی دیكە، مایەی بەدبەختییەكی گەورەیە، كە پێموایە نەك تەنیا مایەی لاوازكردنی كاری رۆژنامەگەرییە، بەڵكو لە هەمان كاتدا مایەی شێواندن و تێكدانی ئەو گفتوگۆ نیشتمانییەشە كە لە وڵاتی ئێمەدا دەكرێت. چونكە ئێمە دەزانین كاتێك سەرۆك دۆناڵد ترەمپ راگەیاندن و رۆژنامەگەری بە دوژمنی خەڵكی وەسف دەكات، ئەوا ئەمە دەبێتەهۆی لاوازكردن و لەناوبردنی متمانە بە كۆمەڵگە دیموكراسییەكە، ئەمە سەرباری ئەوەی ئەم وەسفكردنەی دۆناڵد ترەمپ بە تەواوەتی هەڵەیە و ناڕاستە. لەلایەكی دیكەوە، ئێمە دەزانین كە پێشتر دەستەواژەی ئەوە بەكار دەهێنرا كە ئەمریكا هەڵگری مەشخەڵی گوزارشتكردن و ئازادیی رادەربڕینە، واتە ئەو خەڵكانەی لە سەرتاسەری جیهاندا لەم ئازادییە بێبەش بوون، بەم شێوەیە لە ئەمریكایان دەڕوانی، بەڵام ئەگەر ئێستا دۆخەكە پێچەوانە بووبێتەوە و هەوڵی ئەوە بدرێت كە ئازادیی رادەربڕین لە سەرتاسەری جیهاندا لاواز بكرێت، ئەوا ئەمە نەك هەر جێی داخە، بەڵكو بە راددەیەكی گەورە كاریگەری زیانبەخشی لێدەكەوێتەوە.
Top